پۆتین یان بەغدادی

بۆچوون / بیروڕا :: 10/10/2016

نووسینی: غەسان شەربل
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
چیرۆکەکە لە حەڵەب ترسناکترە سەرەڕای ئەو ڕووداوانەی کە تیایدا و کە لە دەوروبەریدا ڕوودەدەن چەند ترسناک و قێزەونن. چیرۆکەکە لە موسڵیش گەورەترە سەرەڕای بایەخی ئەو شارە بۆ پێکهاتەکەی و بۆ هاوسەنگییە ئێرانی و تورکییەکان لەسەر خاکی عێراقی نەخۆش. چیرۆکەکە گەورەترە لە لەتوپەتبوونی دەوڵەتێک لێرە و دەوڵەتێک لەوێ. گەورەتریشە لە ناکۆکییە سونییە شیعییە پڕ مەترسییەکە هەروەها لە شەپۆلی کوژراو و پەنابەران. چیرۆکەکە گەورەترە لە داعش. ئێمە لە سەرەتاکانی زۆرانبازییەکی ڕوسی- خۆرئاواییداین کە ئاسایش و سەقامگیری و ئابووری جیهانی لەلا مەبەستە. بەراوردکردن هیچ سوودێکی نییە لەگەڵ قەیرانەکانی پێشوودا کە جیهانی ئەو دوو ئۆردوگایە بە خۆیانەوە بینیوە و لەوانەش قەیرانی موشەکەکانی (کوبا) چونکە ئێمە ئەمڕۆ لە جیهانێکی تەواو جیاوازدا دەژین.
ئێمە پەلە ناکەین لە دەرکردنی حوکم و بانگەشەکردن بۆ سیناریۆی سەرنجڕاکێش. تەنیا سەرنج لە قسەکانی پیاوێکی بەرپرسیار دەدەین کە بەوە نەناسراوە توندڕەو و سەرچڵ و بێباک بێت. مەبەستمان وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیایە، فرانک ڤاڵتەر شتاینمایەر. ئەو دەڵێت:(هەڵەیەکی گەورەیە گەر وابزانین ئێمە لەبەردەم جەنگی ساردی پێشووداین. قۆناغەکەی ئێستا جیاواز و ترسناکترە). ئەڵمانییەکی دیکە کە لە قەیرانەکەی ئۆکرانیادا نوێنەری ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری ئەوروپا بوو دەڵێت:(ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی مەترسییەکی گەورەیە. دەیان ساڵە مەترسییەکە هێندەی ئێستا گەورە نییە و متمانەش لەنێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵاتدا هەرگیز بەمشێوەیەی ئێستا لاواز نەبووە).
ئەوەی کە هۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایش بەخۆیەوە بینی لەکاتی تاوتوێکردنی هەردوو پرۆژە بڕیارەکەی فرەنسا و ڕوسیا لەبارەی شاری حەڵەبەوە، بایەخێکی زیاتر دەبەخشێت بەم لێدوانە ئەڵمانییانە. مەسەلەیەکی ئاسان نییە دەوڵەتیكی گەورەی خۆرئاوایی ڕوسیا تۆمەتبار بکات بە ئەنجامدانی (تاوانی جەنگ) لە شاری حەڵەبدا. ڕوسیاش لە وەڵامدا بڵێت پرۆژە فەرەنسییەکە لەباریدایە تیرۆریست و تەکفیرییەکان بپارێزێت.
ڕوسیا ڕێگە نادات هێڵی سور دابنرێت بۆ جموجۆڵەکانی لە حەڵەب و سوریادا. نوێنەرەکەی مۆسکۆ بە شمشێری ڤیتۆ ملی پرۆژە فەرەنسییەکەی پەڕاند. ئەو نوێنەرە پەنجەی هەڵبڕی و شکستی هێنا بە هەوڵە خۆرئاواییەکە. وڵاتە خۆرئاواییەکان بیریان کەوتەوە ئەمە پێنجەمین جارە ئەو نوێنەرە دەست هەڵدەبڕێت دژی پرۆژە بڕیاری پەیوەست بە سوریاوە. یەکەمین ڤیتۆ زوو بوو، لە ساڵی ٢٠١١دا. پەنجەی ئەم نوێنەرەش بوو بەو پەنجەیەی پۆتین کە هەڕەشە لە خۆرئاوا دەکات بەڵام وا خۆی نیشان دەدات کە ئامۆژگاری دەکات یان تەنیا هەر ڕەخنەی لێ دەگرێت.
هەڵبڕینی پێنجەمین جاری پەنجەی پۆتین وای لە دەوڵەتە خۆرئاواییەکان کرد دەفتەرەکانیان بکەنەوە. کاتێک پۆتین دەستوەردانێکی سەربازیی لە سوریادا کرد خۆرئاوا توڕە نەبوو. بگرە ڕەنگە هەندێک پایتەختی خۆرئاوا سوریایەکی سەر بە ڕوسیای پێ باشتر بوبێت لە بینینی سوریایەکی ئێرانی یاخود داعشی. هەندێکیشیان بە هەڵە وایان دەزانی کە پۆتین ڕژێمەکە لە کەوتن ڕزگار دەکات بۆئەوەی ڕۆژی دواتر ناچاری بکات بە چارەسەرێکی سیاسی لە چوارچێوەی بەیاننامەکەی جنێڤدا یان شتێکی هاوشێوەی. بڕیارەکەی ئۆباما سەبارەت بە سوریا ڕوون و یەکلاکەرەوە بوو. ناخلیسکێتە ناو زۆنگاوە سورییەکە. وای لێکدایەوە کە سوریا شایستەی خوێن و پارەی ئەمریکییەکان نییە کە دواتریش بەرپرسیاریەتی ئاوەدانکردنەوەی بگرێتە ئەستۆ. ئەو دەرفەتەی قۆستەوە کە ڕژێمی سوریا دەستبەرداری ئەنبارە کیمیاوییەکەی بوو، یەکسەر دوورکەوتەوە. ئەمڕۆ خۆرئاوا هەست دەکات فێڵەکەی ڕوسیا فێڵێکی گەورە بوو.
ئەمڕۆ خۆرئاوا دەفتەرەکانی سیاسەتە دوژمنکارییەکەی پۆتین هەڵدەدەنەوە. لە ناوچەی (قرم)ەوە بۆ ئۆکرانیا و بۆ سوریا. لە فڕۆکە مالیزییەکەوە بۆ توڕەکردنی دەوڵەتە ئەتڵەسییەکان لەلایەن فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی مۆسکۆوە. ترس لە ڕوسیا گەیشتووەتە ئەوەی ئەمریکا نیگەران بێت لە دزەکردنی چەتە ئەلیکترۆنییەکانی ڕوسیا و دەستوەردان لە ڕەوتی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکان لە ئەمریکادا.
دیارە خۆرئاوا بە حساباتی خۆیدا دەچێتەوە. لە بازنەکانی بڕیاردا کەسانێک هەن باوەڕیان وایە بەرزبوونەوەی پەنجەی پۆتین لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا بۆ ئەوە بووە کە جەنگەکەی سوریا درێژە بکێشێت تا ئەو کاتەی بارودۆخی دەستوەردانە سەربازییەکە دێتە ئاراوە. پۆتین بە هەرەمی لاشەکانی سوریادا سەردەکەوێت و بەدوای سەرکەوتنێکدا دەگەڕێت نەک بەدوای چارەسەرێکدا. ئەو دەیەوێت وەرزی زەلیلکردنی خۆرئاوا و نغرۆکردنی ئەوروپا بە پەنابەر و شڵەژاندنی یەکێتی ئەوروپا و پەیمانی ناتۆ درێژ بکاتەوە . هەروەها دەیەوێت سەرۆکە تازەکەی ئەمریکا هیچ ڕێگەیەکی بۆ نەمێنێتەوە جگە لە قبوڵکردنی سەرکەوتنەکەی ڕوسیا لە سوریادا و هەموارکردنەوەیەکی جدیی لە پارسەنگەکانی هێز لەنێوان دوو زلهێزەکەدا.
یەکەمین دوژمنی خۆرئاوا کێیە؟ پۆتینە یان ئەبوبەکری بەغدادی؟ بە ڕواڵەت پرسیارەکە پرسیارێکی سەیرە بەڵام ڕووداوەکان ناچارمان دەکات بیکەین.
ئەوەی بەغدادی کردی کارێکی پڕ مەترسی بوو. لە ئەشکەوتەکانی مێژوو دابەزی و موسلی داگیرکرد. سنوورەکانی نێوان سوریا و عێراقی سڕییەوە و کودەتایەکی خوێناوی بەرپاکرد بەسەر ڕێککەوتنەکانی سایکس- پیکۆدا. کوردەکانی داعش تیشکیان بە هەموو ئاراستەکاندا بڵاوکردەوە. ژەهرەکانیشی سنوورەکانی کیشوەر و دەوڵەتەکانی تێپەڕاند. پێشێلکاری گەورە. زەبری تۆقێنەر و شانەی نوستوو. گورگی تەنیا. گڕی بەردا لە پەیوەندییەکانی نێوان سوننە و شیعە. نەوتی کرد بەسەر ئاگری کەمایەتییەکان و برینەکانی پێکەوە ژیاندا.
بەغدادی هەموو جیهانی نیگەران کرد و خێرا چووە پێگەی دوژمنی یەکەمینەوە. ئەمڕۆ لە پایتەختەکانی خۆرئاوادا کەسانێک هەن دەپرسن ئاخۆ کامیان ترسناکترە پۆتین یان بەغدادی؟. پۆتین دەرکەوتنی بەغدادی قۆستەوە و دەستبەسەراگرتنی شۆڕشەکەی سوریای لەلایەن توندڕەوەکانەوە کرد بە دەرفەتێک بۆ دەستپێکردنی بەرنامەی تۆڵە گەورەکە. تۆڵە سەندنەوە لەو خۆرئاوایەی کە بێ ئەوەی یەک گولـلە بتەقێنێت، یەکێتی سۆڤیەتی وێران کرد. تۆڵە سەندەوە لە پەیمانی ناتۆ کە هەوڵدەدات ڕوسیا گەمارۆ بدات و چەکەکەی و وێنەکەی زەلیل بکات. ئەگەر خۆرئاوا گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە ئیتر کاتی نینۆککردنی قەیسەر هاتووە ئەوا سوریا و لەگەڵیشیدا ناوچەکە شتی سەیرتر دەبینن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure