فرانسوا میته‌ران-ى عاشق

بۆچوون / بیروڕا :: 10/10/2016

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

فرانسوا هۆڵاند-ى سوسیالیست و سه‌رۆكى ئێستاى فره‌نسا، گه‌له‌كه‌ى خۆیى تووشى سه‌رسوڕمان كرد به‌هۆى ئه‌و وێنانه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ماتۆڕسكیلێك و به‌ شه‌بقه‌یه‌كه‌وه‌ وه‌ك هه‌رزه‌كاره‌كان، گیراون، له‌ شه‌وێكدا كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ جۆلى غایى دولبه‌ریدا به‌سه‌رى بردبوو. به‌ڵام ئه‌مڕۆ خانه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى گالیمارد(Gallimard) ى فره‌نسى ئاماده‌كاریى ده‌كات بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى نامه‌ عاشقانه‌كانى سه‌رۆكى كۆچكردوو فرانسوا میته‌ران بۆ ئان بینجۆ-ى دولبه‌رى، كه‌ مازارین-ى كچیى لێى هه‌یه‌. جیاوازیه‌كى زۆر ده‌بینین له‌ شێوازى ئه‌م دوو سه‌رۆكه‌دا: هۆڵاند كه‌ ده‌یه‌وێت وه‌ك سه‌رۆكێكى ئاسایى ده‌ركه‌وێت و میته‌ران-یش كه‌ له‌هه‌موو شتێكدا دانسقه‌یه‌.  
له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌ى خانه‌ى گالیماردا كه‌ 1200 نامه‌ى عاشقانه‌ى میته‌ران-ى تێدایه‌، ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئان بینجۆ (هێشتا له‌ژیاندا ماوه‌) چه‌ند خۆڕاگربووه‌ له‌ هێشتنه‌وه‌ى نهێنیى مازارین-ى كچیاندا هه‌تا دواى سه‌رده‌مى میته‌ران و پێش مردنى به‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م. ئه‌وه‌ى له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى میته‌ران-دا ژیابێت خۆشه‌ویستیى ئه‌وى بۆ ژنان زانیوه‌ هه‌روه‌ها سه‌ركێشیه‌ زۆره‌كانیشى زانیوه‌ كه‌ هه‌یبووه‌ له‌گه‌ڵ ژنانى ده‌ورووبه‌ریدا، له‌ میدیاكار و رۆشنبیره‌كانیان.    
دانیاڵ-ى هاوسه‌ریشى له‌گه‌ڵیدا مایه‌وه‌ هه‌تا كۆچى دوایى كرد. ئه‌و دایكى سێ كوڕه‌كه‌ى بوو، جێلیبێر و جان كریستۆف و باسكال، ئه‌مه‌ى دواییان هه‌ر به‌ منداڵى مرد. هه‌موو كه‌سێك ئاگای له‌ سه‌ركێشیه‌كانى میته‌ران بوو له‌گه‌ڵ كچه‌ هاوڕێ جیاجیاكانیدا و فره‌نسیه‌كان چیرۆكى خۆشه‌ویستیى ئه‌ویان بۆ ئان ده‌زانى كه‌ به‌شى رۆشنبیریى مۆزه‌خانه‌یه‌كى دێرینى پاریسى به‌ڕێوه‌ده‌برد كه‌ مۆزه‌خانه‌ى ئۆرسێ بوو. ئه‌وكاتانه‌ باس له‌وه‌ده‌كرا، كچێكى نهێنیى له‌ میته‌ران هه‌یه‌ و ماڵێكى بۆ دابینكردوون له‌و ناوچه‌یه‌ى كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ گه‌وره‌ فه‌رمانبه‌رانى سه‌رۆكایه‌تیى فره‌نسا له‌ ناوچه‌یه‌كى نزیكى تاوه‌رى ئیڤڵ كه‌ به‌ quai branly ناسراوه‌ و راوێژكارێكى میته‌ران به‌رپرسبووه‌ له‌ پاراستنیان. 
میته‌ران له‌ سه‌ره‌تاى سه‌شته‌كاندا كه‌ له‌ ته‌مه‌نى 46 ساڵیدابوو، كاتێك چه‌ند پۆستێكى وه‌زاریى له‌ حكومه‌ته‌ سوسیالیستیه‌كاندا به‌ڕێوه‌ده‌برد، دولبه‌ره‌كه‌یى ناسى. ئه‌وكاته‌ بینجۆ له‌ ته‌مه‌نى 19 ساڵاندا بوو. ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ى ده‌به‌ستنه‌وه‌ خۆشه‌ویستییان بوو بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین، كاره‌ سیاسیه‌كه‌ى لێى دوور بوو. كیژۆڵه‌یه‌كى جوانكیله‌ بوو له‌ سه‌ره‌تاى گه‌نجایه‌تیدا. ئه‌میش له‌گه‌ڵ دانیاڵ هاوسه‌رگیریى كردبوو و دوو كوڕه‌كه‌یشى له‌ ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كاریدا بوون. سه‌ره‌تا نامه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌گۆڕییه‌وه‌ ده‌رباره‌ى سوكرات و بابه‌تگه‌لى ئه‌ده‌بى، كه‌ ده‌یشیبینى له‌گه‌ڵیدا باسى ده‌كرد. بینجۆ خۆشه‌ویست و دولبه‌رى ژیانى بوو ئه‌مه‌یشى به‌ڕاشكاوى له‌ یه‌كێك له‌ نامه‌كانیدا پێ وتووه‌ كه‌ تووشى نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌ بوبوو. هه‌روه‌ها داخى ئه‌وه‌یش ده‌رده‌بڕێت كه‌ سى ساڵى ته‌مه‌نى ون بووه‌ به‌ شاردنه‌وه‌ى عه‌شقى خۆى بۆ ئه‌و. له‌هه‌مانكاتدا پێیشى ده‌ڵێت كه‌ ئه‌و به‌ختى بووه‌ چونكه‌ خۆى دوورگرتووه‌ له‌ زه‌حمه‌ت و گرانیى پرۆتۆكۆڵ و بارگرانیى به‌رپرسیارێتى سه‌رۆكایه‌تى. گۆڕینه‌وه‌ى نامه‌ له‌ نێوانیاندا له‌ 22 ى ئه‌یلولى 1995 دا كۆتایى دێت له‌كاتێكدا ئه‌م له‌ مردن نزیكده‌بێته‌وه‌ و پێى ده‌ڵێت كه‌ ئه‌و هه‌ل و ده‌رفه‌تى ژیانى بووه‌ و ده‌پرسێت "چۆن زیاترم خۆشنه‌وێیت؟". 
گۆڤارى (لۆ نۆڤێل ئۆبزێرڤاتۆرLe Nouvel Observateur) له‌ زارى هۆبێر فیدرین وه‌زیرى پێشووى ده‌ره‌وه‌ى فره‌نساوه‌، كه‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌یمانگه‌ى میته‌ران ده‌كات و له‌گه‌ڵ مازارین-ى كچى خۆشه‌ویستیه‌كه‌ى نێوان میته‌ران و بینجۆ-دا ئه‌نجومه‌نى په‌یمانگه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ده‌ڵێت ئه‌و خۆى پێشنیارى بۆ كچه‌كه‌ى كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م نامانه‌ بڵاوبكاته‌وه‌، چونكه‌ لایه‌نێكى كه‌سێتیى میته‌ران ئاشكرا ده‌كات كه‌ كه‌س نه‌یزانیوون.
عه‌شقى ئه‌و له‌م نامانه‌دا قووڵایى سۆزى سه‌رۆكێك ده‌رده‌خات كه‌ هه‌ندێك كه‌س رقیان لێ بوو و هه‌ندێكیش خۆشیانده‌ویست، به‌ڵام هه‌موان رێزى كه‌سێتى گه‌وره‌یى و ناوداریى ئه‌ویان گرتووه‌ وه‌ك سه‌رۆكێك كه‌ رۆڵى زۆرى بینیوه‌ له‌ فره‌نسادا.
بینجۆ-یش لایخۆیه‌وه‌ و له‌ هه‌ندێك له‌ نامه‌كانیدا گوزارشتى له‌و ناخۆشییانه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌یچێژێت به‌هۆى مانه‌وه‌ى له‌و ژیانه‌ په‌نهان و نهێنیه‌دا كه‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌یگوزه‌رێنێت و پێده‌ڵێت كه‌ خۆشیده‌وێت به‌بێ ئه‌وه‌ى عه‌شقه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ كه‌سى دیكه‌دا دابه‌ش بكات. 
 میته‌ران له‌ كۆتایى سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى و نزیكبوونه‌وه‌ى له‌ مه‌رگ، حه‌زى ده‌كرد نهێنیى بوونى كچه‌كه‌ى ئاشكرا بكات. كاتێك نه‌خۆشیه‌كه‌ى لاوازى كردبوو، پێش ئه‌وه‌ى دنیا جێبهێڵێت له‌ ئه‌سوان-ى میسر كاتێك له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ى و بینجۆ-دا له‌ دوا گه‌شتى ژیانیدابوو، ئه‌و گه‌شته‌ى كه‌ حوسنى موباره‌ك-ى سه‌رۆكى پێشووترى میسر بۆ ئه‌سوان بۆى رێكخستبوو. فرانسوا ئومێدى ده‌خواست هه‌ر له‌وێ ، له‌ ئه‌سوان ژیانى كۆتایى بێت و بمرێت. 
ئێستا پرسیارگه‌لێكى زۆر ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ بۆچى ئه‌م نامانه‌ له‌م كاته‌دا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوسه‌رى ره‌سمیى میته‌ران (دانیاڵ) چه‌ند ساڵێكى كه‌مه‌ كۆچى دوایى كردووه‌ و هیچ ئیحراجبوونێك له‌ بڵاوكردنه‌وه‌یاندا نابێت. جگه‌ له‌مه‌یش مێژووى میته‌ران له‌ پارتى سۆسیالیست-دا دانسقه‌ بوو به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و سه‌ركردانه‌ى پارته‌كه‌ى كه‌ دواى خۆى سه‌رۆكایه‌تییان كرد، بێگومان له‌ ناویشیاندا سه‌رۆك هۆڵاند، كه‌ زۆر شتى له‌ده‌ستدا. 
ئێستا، كه‌ پێشبڕكێى سه‌رۆكایه‌تى نزیكده‌بێته‌وه‌ و راپرسییه‌كان له‌ ناو چه‌په‌كانى فره‌نسا و له‌ ناو كۆى گشتیى گه‌لدا لاوازیى جه‌ماوه‌رێتیى هۆڵاند ده‌رده‌خه‌ن، ئه‌م نامانه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، ره‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ هه‌ندێك ره‌ونه‌ق بداته‌وه‌ به‌ پارتى سۆسیالیست له‌ڕێى بیرهێنانه‌وه‌ى میته‌ران و ده‌رخستنى قه‌ڵه‌مه‌ دره‌وشاوه‌كه‌ى و ئه‌ده‌ب و رۆشنبیرییه‌ فراوانه‌كه‌ى، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ لایه‌نه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ مرۆڤایه‌تیه‌كه‌ى. له‌ڕێى ئه‌م عه‌شقه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌وه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure