شەڕی ئەتۆمی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان دووجەمسەرەكەی جیهان رودەدات؟

بۆچوون / بیروڕا :: 08/10/2016

نووسینی: ئەحمەد عەبدولموتەڵب
سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی ئەمدواییەی ناكۆكیە سیاسیەكانی نێوان روسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان لەسەر قەیرانی سوریا، ئەو دەنگانەیش بەرزبوونەتەوە كە هۆشداریی دەدەن لە بەرپابوونی جەنگی ئەتۆمی كە رەنگە لە نێوان دوو هێزە گەورە سەربازیەكەی جیهاندا رووبدات و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش گۆڕەپانی دەبێت.
هەفتەی رابردوو واشنتۆن هەڵپەساردنی گفتوگۆكانی ئێستای لەگەڵ مۆسكۆ دەربارەی قەیرانی سوریا راگەیاند و روسیای بەوە تۆمەتباركرد كە "وەفای بۆ بەڵێنەكانی خۆی نییە" سەبارەت بە راگرتنی تەقە لە سوریادا. هەروەها ویلایەتە یەكگرتووەكان هەر یەكە لە مۆسكۆ و رژێمی سوریای تۆمەتبار كرد بە زیادكردنی هێرشەكانیان بۆ سەر خەڵكانی سڤیل.
روسیایش لایخۆیەوە نیگەرانیی لە جموجۆڵی ئەمریكا دەربڕی و ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا هەڵپەساردنی رێككەوتننامەی كۆتاییهێنان بە پلاتینیۆمی چاككراوی بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆم، راگەیاند، كە لەگەڵ واشنتۆندا هەیانە.
هەر لەوبارەیەوە، ئیدارەی نیشتمانی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، رۆژی هەینی رایگەیاند كە بە هاوكاریی هێزی هەوایی ئەمریكا، دوو تاقیكردنەوەی دوو بۆمبی ئەتۆمیی ئاراستەكراوی لە جۆرەكانی (B61-7 و BO61-11) بە سەركەوتوویی ئەنجامداوە.
ترسی روسیا لە جەنگی ئەتۆمیی كە واشنتۆن بەرپای بكات لە هەڵكشاندایە و كەناڵە میدیا ناوخۆییەكانی روسیا، لە ناویاندا كەناڵی (زڤیدا) كە وەزارەتی بەرگریی بەڕێوەی دەبات، دەڵێن ویلایەتە یەكگرتووەكان چەكی ئەتۆمی ساز و ئامادە دەكات بۆ هێرشكردنە سەر مۆسكۆ. پێشتریش بەرپرسانی روس رایانگەیاندبوو حەشارگەی گەورەیان لە ژێر زەویدا دروستكردووە كە جێگەی 12 ملیۆن كەسیان تێدا دەبێتەوە و ئەمەیش دەكاتە هەموو ژمارەی دانیشتوانی مۆسكۆ بەتەواوی. ئەمە پێش تەنیا رۆژێك بووە لەو مەشق و راهێنانەی كە لە نێوان 2 بۆ 7 ی ئەم مانگی تشرینی یەكەمەدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی جەنگی ئەتۆمی كردوویانە. ئەو مەشقكردنە، وەك رۆژنامەی (سەن)ی بریتانی دەڵێت، 40 ملیۆن كەس بەشدارییان تێدا كردووە. 
رۆژی چوارشەممەیش كەشتیگەلی روسیا لە دەریای رەش-ەوە بە دوو سەكۆی موشەكەوە لە بنكەكانی خۆیانەوە لە سیڤاستۆبۆڵ، رەوانەی ئاوە گەرمەكان كران بە ئامانجی (یارمەتیدانی كەشتییە جەنگییەكانی مۆسكۆ لە دەریای ناوەڕاستدا) وەك ئەوەی ئاژانسی راگەیاندنی روسیا لەزاری وتەبێژی كەشتیگەلەكەوە رایگەیاند.
نایشكرێت لێدوانەكانی مانگی ئەیلولی رابردووی ئاشتۆن كارتەر وەزیری بەرگری ئەمریكا نادیدە بگیرێن كە تێدا ترسی خۆی لە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمیی لەلایەن روسیاوە، دەربڕی، وەك ئەوەی لە پێگەی (سكای نیوز)دا هاتووە. 
لەناو گومانی ئەوەدا كە مۆسكۆ مووشەكێكی بالیستیی تاقیكردبێتەوە، كارتەر وتی:"بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی ناچێتە چوارچێوەی جەنگێكی سەرتاسەرییەوە" هەروەها هێرشێكی"ترسناكی پێشتر نەكراویش كە بۆ نموونە روسیا یان كۆریای باكور ئەنجامی بدات وەك هەوڵێك بۆ ناچاركردنی نەیارێكی زاڵ لە رووی چەكی تەقلیدییەوە، بۆ ئەوەی دەستبەرداری یەكێك لە هاوپەیمانەكانی بێت" لە قەیرانێكدا.
رابیتەی سنوورداركردنی چەك، جەختی لەوە كردووەتەوە كە هێشتا ویلایەتە یەكگرتووەكان و روسیا، زیاتر لە 1500 كڵاوەی ستراتیژیی (ئەتۆمی)یان بەسەر سەدان فڕۆكەی هێرشبەر و مووشەكەوە هەیە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure