هه‌رده‌بوو ئاهه‌نگى رۆژى نیشتمانیى عێراق بگێڕدرێت

بۆچوون / بیروڕا :: 06/10/2016

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
هه‌موو ستایش و پێزانین و سوپاسگوزارییه‌ك بۆ فه‌خامه‌تى سه‌ركۆمار له‌پاى ئه‌و سه‌ردانه‌ى كه‌ رۆژى 3/10/2016 كردى بۆ گۆڕستانى پاشایه‌تى و دانانى تاجه‌ گوڵینه‌ له‌سه‌ر گۆڕى خوالێخۆشبووى گه‌وره‌مان شافه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م و فاتیحا بۆ خوێندنى و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و په‌یامى پیرۆزباییه‌ى كه‌ فه‌خامه‌تیان ئاراسته‌ى گه‌لى عێراقى كرد له‌ رۆژى 2/10 به‌بۆنه‌ى رۆژى سه‌ربه‌خۆیى عێراقه‌وه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 3/10/1932، رۆژى جه‌ژنى نیشتمانیى و جه‌ژنى عێراق و جه‌ژنى سه‌ربه‌خۆیى كه‌ یاساى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراقى دیاریكرد، ده‌سه‌ڵاتى یاسادانانى نێوده‌وڵه‌تى، كه‌ خۆى له‌ ئه‌نجومه‌نى كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان-دا ده‌نواند و له‌ ئاستى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تیى ئێستادا بوو، بڕیارى ده‌ركرد و دانینا به‌ ده‌وڵه‌تێكى نوێى سه‌ر گۆى زه‌وى و ده‌وڵه‌تێكى جیهاندا كه‌ ناوى عێراق بوو. 

زنجیره‌ى ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌، 57 بوو له‌ ریزبه‌ندیى وڵاتانى سه‌ربه‌خۆى جیهاندا كه‌ یاساى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ك ده‌وڵه‌ت دانیپێدانابوون، كۆمه‌ڵه‌ى گشتیى عوسبه‌تولئومه‌میش ره‌زامه‌ندیى ده‌ربڕى بۆ ئه‌وه‌ى عێراق وه‌ك ئه‌ندامێك بچێته‌ ریزى ئه‌م رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ كه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئێستا وابوو. به‌مه‌یش عێراق له‌ چه‌ند ویلایه‌تێكى سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تى عوسمانی و هه‌رێمى ژێر ئینتیدابى ئینگلیزه‌وه‌ و به‌پێى رێككه‌وتننامه‌ى (سایكس-پیكۆ) گۆڕا بۆ ده‌وڵه‌ت، و عوسبه‌تیش ره‌زامه‌ندیى ده‌ربڕى له‌سه‌ر كۆتاییهاتنى ئینتیدابى بریتانى و سه‌ربه‌خۆبوونى عێراق. ئه‌مانه‌ له‌ رۆژى 3/10 دا بوون كه‌ رۆژى نیشتمانى و رۆژى عێراق و رۆژى سه‌ربه‌خۆییه‌. به‌ڵام ئه‌و گۆڕستانى پاشایه‌تیه‌ى كه‌ فه‌خامه‌تى سه‌ركۆمار سه‌ردانى كرد، ئه‌وه‌ ئه‌و گۆڕستانه‌یه‌ كه‌ شافه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م بڕیارى دروستكردنى دا و مسته‌ر (هوك) ئه‌ندازیارى ئینگلیز-ى راسپارد سه‌رپه‌رشتیى دروستكردنى بكات. گۆڕستانه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌و شه‌قامه‌وه‌ كه‌ هه‌ر هه‌مان ناوى هه‌ڵگرتووه‌ له‌ ناوچه‌ى (راس الحواش) له‌ ئه‌عزه‌میه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ زانكۆى ئالولبه‌یت. 

ئه‌م گۆڕستانه‌، ده‌ گۆڕى تێدایه‌ كه‌ هه‌شت-یان گۆڕى خێزانى پاشایه‌تین، چواریان گۆڕه‌كانى شافه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م و غازى پاشا و شافه‌یسه‌ڵى دووه‌م و عه‌لى پاشاى براى شافه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌من. چواره‌كه‌ى دیكه‌یشیان گۆڕه‌كانى شازاده‌ ره‌فیعه‌-ى كچى شافه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م و شاژنه‌ حه‌زیمه‌-ى هاوسه‌رى شافه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م و شاژنه‌ عالیه‌-ى كچى عه‌لى پاشا و هاوسه‌رى غازى پاشا و دایكى شافه‌یسه‌ڵى دووه‌م و شازاده‌ جه‌لیله‌-ى كچى عه‌لى پاشا-ن. به‌ڵام دوو گۆڕه‌كه‌ى تر كه‌ گۆڕى خێزانى پاشایه‌تى نین، بریتین له‌ گۆڕه‌كانى فه‌ریق- جه‌عفه‌ر پاشا كه‌ له‌ كوده‌تاكه‌ى 1936 دا كوژرا و پێشتر زیاد له‌جارێك پۆستى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى وه‌رگرتووه‌، هه‌روه‌ها گۆڕى رۆسته‌م حه‌یده‌ر كه‌ ئه‌میش زیاد له‌ جارێك وه‌زیر و سه‌رۆكى دیوانى پاشایه‌تیى بوو، به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك لوبنانى و شیعه‌مه‌زهه‌ب بووه‌. به‌ڵام زانكۆى ئه‌هلولبه‌یت كه‌ شوێنى گۆڕستانى پاشایه‌تى بووه‌، یه‌كه‌م زانكۆ بوو كه‌ شافه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م دایمه‌زراندووه‌ بۆ دوو مه‌به‌ست، یه‌كه‌میان خوێندنى باڵا و دووه‌میش لێكنزیكخستنه‌وه‌ى مه‌زهه‌به‌كان. به‌جۆرێك یه‌كه‌م په‌یمانگه‌ى فێركارى بووه‌ له‌ عێراقدا كه‌ راهێنانى به‌ هه‌موو مه‌زهه‌به‌ ئیسلامیه‌كانى تێداكراوه‌ به‌ مه‌زهه‌بى حه‌نه‌فى و مه‌زهه‌بى ئیمامی-شه‌وه‌. یه‌كه‌م به‌ردى بناغه‌كه‌ى له‌ 8/4/1922 له‌ سه‌رده‌مى حكومته‌كه‌ى عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌لنه‌قیب دانراوه‌، له‌و كاته‌دا كه‌ وه‌زاره‌تى مه‌عاریف به‌ده‌ست هبه‌دین ئه‌لشه‌هرستانى-یه‌وه‌ بووه‌ و به‌رپرسى خوێندن بووه‌ و هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شافه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م زۆر هۆگرى ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ بووه‌ بۆیه‌ به‌شێك له‌ زه‌وییه‌كه‌ى دابڕیووه‌ و ئه‌م گۆڕستانى پاشایه‌تییه‌ى تێدا دروستكردووه‌ و وه‌سێتى كردووه‌ خێزانى پاشایه‌تیى تێدا بنێژن. 

شا له‌ گۆڕستانى (الخیزران ام خلیفه‌)، یان گۆرستانى ئه‌عزه‌میه‌ نه‌نێژراوه‌، چه‌ند حه‌زمان ده‌كرد ئاهه‌نگه‌كانى ئه‌م رۆژه‌ له‌وێ بوونایه‌ و پیرۆزباییه‌كان له‌وێ بكرانایه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند حه‌زمان ده‌كرد كه‌ فه‌خامه‌تى سه‌ركۆمار فاتیحاى بخوێندایه‌ له‌سه‌ر گیانى دروستكه‌رى سه‌ربه‌خۆیى عێراق خوالێخۆشبوو نورى پاشا-ى خاوه‌نى په‌یامه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ بۆ عوسبه‌تولئومه‌م  بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئینتیداب و راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى كه‌ سێر فره‌نسیس همفریس-ى به‌رپرسى بریتانیى له‌ عێراق، پابه‌ندكرد كه‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ واژۆ بكات و بینێرێت بۆ عوسبه‌تولئومه‌م.

سه‌رچاوه‌: سه‌باحولجه‌دید

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure