پۆتین و ئۆباما و ئێمە

بۆچوون / بیروڕا :: 06/10/2016

دواڕۆژ

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

 
قەیرانەکەی ئۆکرانیا، سەرەڕای هەستیاربوونیشی بەلای ڕوسیا و بەلای پەیمانی ناتۆ-يشەوە، ئەزموونێکی تازەی سیاسی و سەربازیی مۆسکۆ نییە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، چونکە نیوەدوورگەی قرم بەشێک بووە لە ڕوسیا و لە سەردەمی خرۆچۆفدا خرایە سەر ئۆکرانیا، ڕەنگە لەبەرئەوەی کە ئەو سەرکردە سۆڤیەتییە بە ڕەچەڵەک ئۆکرانی بووە. ناکۆکییەکەش لەگەڵ پەیمانی ناتۆدا لە ئەوروپای خۆرهەڵات بەشێکە لەو نیگەرانییەی کە لەگەڵ دیاریکردنی سنووری تازەی دەسەڵاتدا دێت پاش هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت.

لەڕاستیدا قەیرانەکەی سوریا یەکەمین ئەزموونی پەلهاویشتنی ڕوسیای فیدراڵە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، بەڵام سەرەڕای پەیوەندییە گەرمەکانی نێوان مۆسکۆ و دیمەشق کەچی سوپای ڕوسیا چوار ساڵ پاش دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا ئینجا چەک و کەرەستەی جەنگی لە کەنارەکانی سوریادا جێگیرکرد، ئەو شۆڕشەی کە لەگەڵ دەستوەردانەکاندا بوو بە شەڕێکی ناوخۆ و ئینجا شەڕێکی ئیقلیمی کە دواتر لەگەڵ ئامادەبوونی سەربازیی ڕوسیا و ئەمریکادا خەریکە بەرەو جەنگێکی نێودەوڵەتی دەڕوات.

چاودێرە کۆنەکانی ناو بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆریک تێبینی ئەوە دەکەن کە ئەمریکا و ڕوسیا لە خراپترین قەیرانەکانی جەنگی ساردی سەردەمی سۆڤیەتیشدا هێندە ناکۆک و تووڕە نەبوون بەرامبەر یەکتری. لەم کەش و هەوا بارگاوییەدا هەندێک هەن پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاودەکەنەوە کە کۆبوونەوەکەی هاوڕێیانی سوریا لە پاریس چەند بڕیارێکی نهێنيی لێدەکەوێتەوە سەبارەت بە هێرشێکی سەربازیی پەیمانی ناتۆ بۆ داگیرکردنی سوریا. هاوکات لەگەڵ ئەمەدا مۆسکۆ جێگیرکردنی موشەکی S300 ی لە تەڕتوس ڕاگەیاند سەرباری موشەکەکانی دیکە لە بنکەی حومەیمیم. ئەمەش مانای وایە خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر سوپای سوریا و بە هێرشکردنە سەر سوپای ڕوسیای هاوپەیمانی لەقەڵەمدەدات. هەر لەم چوارچێوەیەدا دەنگوباسی گەیشتنی دوو بەلەمی مووشەکيی ڕوسیی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبووەوە کە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگریش بەدوایانەوەية بۆ بەهێزکردنی خۆئامادەکارییەکان بۆ هەر جەنگێکی چاوەڕواننەکراو.

ئەوەی کە لێدەدرێت دەهۆڵی جەنگ نییە بەڵکو شکستهێنانی گفتگۆ سیاسییە درێژ و خاو و خلیچکەکانی هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ڕوسیایە، بەتایبەت پاش ئەوەی گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەست و یارمەتییە فریاگوزارییەکان کە هەموو بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە بڵاوکرانەوە و هەروەها دوو لایەنەکە ئەو کۆمیتە هاوبەشەیان دروستنەکرد کە بڕیار بوو چاودێريی ئاگربەستەکە بکات بەپێی ڕێککەوتنەکە.
واشنتۆن خۆی پێڕانەگیرا لە ئاست ئەو هەموو کوشتن و وێرانکارییە بەردەوامەی ناو حەڵەب، بۆیە گفتوگۆکانی لەگەڵ مۆسکۆدا وەستاند و مەسەلەکەی بەجێهێشت بۆ هەڵۆکانی پێنتاگۆن کە بڕیارەکە بدەن. بەڵام ئایا ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە ئارادایە؟ یاخود پێنتاگۆن بڕیاری واذؤکردنی جەنگەکە ناخاتە بەردەمی ئۆباما و هەر بەوەندە وازدەهێنێت کە دوو گەورەهێزەکە بگەنە لێواری جەنگ، بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەسەر چەند بناغەیەکی ڕوونتر سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی دۆخی سوریا هەم لەلایەن ڕژێمەوە و هەم لەلایەن ئۆپۆزيسیۆنە چەکدارەکە و هەم لەلایەن هاوکارەکانی هەردوولاوە.

ئێمە کاتێک دەڵێین دوو گەورەهێزەکە، لەوە دەچێت ڕوسیا شایستەی ئەو نازناوە نەبێت، چونکە تێڕوانینە نیمچە فاشیستییەکەی ڤلادیمیر پۆتین دەیگەیەنێتە کۆمەڵە شەڕێک کە نەتوانێت بیانوەستێنێت. وا پێدەچێت پۆتین دەسەڵات تەنیا بە کۆنترۆڵی ئەمنی و سەربازی تێگەیشتبێت و ئەمەش خەسڵەتێکی جیهانی سێيەمە کە ئێمە لە هەردوو ڕژێمەکەی عەبدولناسر و سەدام حسێن-دا بینیمان. هەژموون و دەسەڵات لە ڕوانگەی دیموکراسییەوە کۆمەڵە شێوەیەکی کەلتوری و زانستی وەردەگرێت، بە دیاریکراویش ڕێزگرتنی دەستوور و دەوڵەتی یاسا کە بە یەکسانی بەسەر هاووڵاتیاندا جێبەجێ بکرێت. پۆتین دەمانگەڕێنێتەوە بۆ قۆناغەکانی دیکتاتۆری و ستەمکاری، لەبەرئەوە دەبینین هەر لە یەکەم دەرچوونیدا هەوڵی دامەزراندنی ناوەندی دەسەڵات و جەختکردنەوە دەدات وەک جەمسەرێکی جیهانی. بە چاوی سوک وەک ستەمکارێکی بەهێز تەماشای دەورووبەر دەکات و پەیوەنديی ئاڵۆز گرێدەدات لەگەڵ ئێران و سوریادا کە لەڕووی سیاسییەوە لێوەی نزیکن و هەروەها لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا کە هەمان هەڵوێستی سیاسيی ئەویان نییە. ئەم ئاڵۆزییانە وادەکەن پۆتین نەتوانێت کۆتاییەکان لە سەرەتاکان جیابکاتەوە و پرەنسیپەکانی پەیوەنديی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابوری و کەلتووری تەنانەت سەربازییش پەیڕەو بکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.
گومانی تێدانییە، هەتا سەرەتاکەی مانگی کانونی دووەمی داهاتوو و دەرکەوتنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا، سوریا هەر لەناو ئاگردا دەبێت. ئێمەی عەرەبیش بەردەوام دەبین لە هەڵساندنەوەی گوتاری بێبەرهەم کە دەمانگەیەنێتە خوێن و کاولکاری و قەیرانە سیاسییەکان دەقۆزینەوە بۆ پاکتاوکردنی حساباتە تازە و کۆنەکان. ئەرکی بنیاتکردنەوەی وڵاتیش بەجێدەهێڵین بۆ نەوەکانی داهاتوو، دوای ئەوانیش نەوەیەک دێن دیسان دەیڕوخێننەوە و تا دوایی.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure