شەفاف

بۆچوون / بیروڕا :: 06/10/2016



ئای كە ڕقم لەم كوردی یەی ئێستای دەستگاكانی ڕاگەیاندنە. وەك بڵێیت بە ئەنقەست دەیانەوێ‌ كوردی تێك بدەن. لە چاوپێكەوتنی لێپرسراوێك یا (مەسئوول یا مەسئوولێكدا) ژماردم لە چەند خولەكێكدا حەوت جار ووشەی (شەفاف)ی بەكارهێنا.
(دەبێ‌ بە شەفاف)ی قسە بكەین یان دەبێ‌ ئەم مەسەلەیە بە (شەفاف)ی باس بكرێ‌. بە یادەوەریی خۆمدا لەگەڵ ووشەی كوردیدا چوومەوەو لە بیری سیاسیشمدا بەم مەسەلەی (شەفاف)ەدا چوومەوە كە ئێستا بە دەستكەوتی سیاسی دەزانرێ‌‌و ئەوەی لە چەند خولەكدا حەوت جار بەكاری دەهێنێ‌ وا دەزانێ‌ لە زمان و سیاسەتدا هەنگی لە كۆڵەداردا یان كۆڵەكەدارا دۆزیوەتەوە. من پێم ناخۆش نیە پیاو یان حیزبێك لە سیاسەتدا (شەفاف) بێ‌ . بەڵام ئەم دۆزینەوەی عەرەبییەم لا ناخۆشە.
چونكە دەتوانین لەو حەوت جار (شەفاف) بەكارهێنانەدا نیوەی بەكوردی بڵێین هەرچەندە نیوەی حەوت وات لێ‌ دەكات چواری بە عەرەبی بڵێیت‌و سێ‌ یانەكەیتری بە كوردی كە لە جیاتی ووشەی (شەفاف) چەند ووشەمان هەیە. چی دەبێ‌ ئەگەر بڵێین- بە رۆشنی یا بە رووناكی یا بە روونی یا بە ئاشكرا ووشەی تریش هەیە.
جاران لە دەرسی (فیزیا)دا دەمانخوێند. كە (شەفاف) بەو شووشەیە دەوترێ‌ كە ئەودیوی دیارە- یا با هەر بڵێین "شووشە"یە. من ناڵێم ئەم (شەفاف)ە باوەی ئێستا ناوبنێین "شووشە"- بەڵام دەتوانین یەكێك لەو ووشانە لە  جێی دانێین كە ووتمان- یا ووشەیتر بەڵام گرنگ ئەوەیە كە كارمان لە ئەدەبدا لە سیاسەتدا (شەفاف) بێ‌‌و شتی گەورە لە گەل نەشارینەوە. واتە:لە ئێمە نەشارێتەوە. هەرچەند منیشم ئەو هەقەم هەیە لە هەندێ‌ شتی (ناكوردی) پەست ببم‌و وەك كەسێك كە بە كوردی یەوە خەریكم هەڵبدەمێ‌- ئیتر خەڵك لایان ڕاست بێ‌ یا نا. جاریكیتر دەنووسمەوە (كوردینە كوردی، كوردینە كوردی).
لە گۆشەی (ئەم كونەش)ی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌-وە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure