با سەرنجی پۆتین ڕابکێشین

بۆچوون / بیروڕا :: 05/10/2016

وەرگێڕان: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
ڕەنگە ئێوە ئەم چیرۆکەتان نەبیستبێت، لەبەرئەوە من وەک خزمەتێکی گشتی جارێکی دیکە دەیگێڕمەوە:


مۆسکۆ، تایبەت بۆ نیۆیۆرک تایمز، ١ی تشرینی یەکەم- گروپێک کە لەوەو پێش کەس ناوی نەبیستبوون و بەخۆیان دەڵێن هاککەرەکان لەپێناو ڕوسیایەکی ئازاددا ئەمڕۆ زانیارییەکی بەنرخیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە تۆمارە داراییەکانی ناو ئینتەرنێت کە دەڵێن سەرۆک ڤلادیمیر پۆتین خاوەنی نزیکەی ٣٠ ملیار دۆلارە لە موڵک و ماڵ و ئوتێل و کارخانەی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری ڕوسیا و ئەوروپادا لەژێر ناوی ڕێکخراو و دەزگای ژمێریاری جۆراوجۆردا شاردراونەتەوە.

بەڵگەنامەکان کە لە باوەڕپێکراو دەچن، وردەکاری تۆماری دارایی و چەندین ئیمەیڵی نێوان نوسینگەکەی پۆتین لە کریملن و ژمارەیەک لە دۆستە ڕوسییەکان و بانقەکانی سویسرایان لە خۆگرتووە. ئەمانە گەورەترین هاککردنن کە تا ئێستا پۆتین بەخۆیەوە بینیبێتی. چاودێرە ڕوسییەکان پەلەیانە لە داخستنی تویتەردا لەناو وڵاتدا و دەیانەوێت ئیمەیلەکان نەگەنە ئەو میدیایانەی کە زمانی ڕوسی بەکاردەهێنن.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن پرسیار کرا لە جۆن برینانی سەرۆکی دەزگای سی ئای ئەی کە ئاخۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ دەستی هەیە لە دزەپێکردنی ئەو بەڵگەنامانەی کە ناویان لێنراوە (فایلەکانی پۆتین). برینان بە جۆرە توڕەییەکەیەوە گوتی :(حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەرگیز دەستوەرناداتە کاروباری سیاسی ڕوسیاوە، هەروەک چۆن سەرۆک پۆتین هەرگیز دەستوەرناداتە  هیچ هەڵبژاردنێکی ئەمریکاوە. کاری لەوجۆرە هەڵەیە). برینان ئەمەی لەکاتێکدا وت کە سەکۆی کۆنفرانسەکەی بەجێهێشت، هەرچەندە دایە قاقای پێکەنین.

ڕاستت دەوێت تۆ ئەو چیرۆکەت لەکیس نەچووە چونکە چیرۆکی وا لە گۆڕێدا نییە و خۆم دروستم کردووە. بەڵام ئایا ئێستا کاتی ئەمجۆرە چیرۆکانە نییە؟ ئایا ئێستا کاتی ئەوە نییە ژەمێک لە دەرمانەکەی خۆی دەرخواردی پۆتین بدەینەوە نەک لەبەر هۆکاری هەرزەکارانە و نەک لەپێناو خوڵقاندنی ناکۆکییەکدا بەڵکو ڕێک لەپێناو ڕێگرتن لە دروستبوونی ناکۆکیدایە - بۆ گەڕاندنەوەی پۆتین لەسەر ئەو ڕێگایەی تا دێت فێڵاویتر دەبێت و نەریتە شارستانییەکان پێشێل دەکات و هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییە گرنگەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دروست دەکات.

جۆزێف جۆزی، سەرنوسەری هەفتەنامەیەکی ئەڵمانی و بیرمەندێکی گەورەی ستراتیجی ئەوروپا دەڵێت :(پۆتین لە شەڕدایە لەگەڵ ئێمەدا، بەڵام ئێمە لە شەڕدا نین لەگەڵیدا- ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەڵمانیا هەردوولامان بەتوندی هەوڵدەدەین پابەندبین بە پەیوەندییەکی جوامێرانەوە. هیچ کەسێک نابێت هەوڵبدات یەکەم تەقەکەر بێت لە شەڕی نێوان گەورە هێزەکاندا لەژێر سایەی چەکە ئەتۆمییەکاندا).

بەڵام ئێمە ناشتوانین ڕومەتی ئەملای تێبکەین کە پۆتین کێشای بە ڕومەتی ئەولاماندا. ڕەفتاری پۆتین لە سوریا و ئۆکرانیادا گەیشتووەتە سنووری تاوانەکانی جەنگ و هەڵمەتە ئەلەکترۆنییەکانیشی بۆ سەر سیستمی سیاسی ئەمریکا هەڕەشەیە بۆ سەر شەرعیەتی هەڵبژاردنی داهاتوومان.

تەنها ڕۆژنامەکان بخوێننەوە. هەفتەی ڕابردوو لێکۆڵینەوەیەک کە بە ڕێبەرایەتی هۆڵەندا ئەنجامدرا بەڵگەنامەی نکۆڵیلێکراوی ڤیدیۆیی دەردەخات کە حکومەتەکەی پۆتین نەک هەر بە ترێلە ئەو سیستمە موشەکییەی گواستووەتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٤دا تەقەی لە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی مالیزیا کرد و هەر ٢٨٩ سەرنشینە مەدەنیەکەی کوشت بەڵکو هەر ئەو شەوە سیستمەکەی گەڕاندەوە بۆ ڕوسیا و ئینجا خۆی سەرقاڵکرد بە شاردنەوەی مەسەلەکە. ئەوەی لێپرسراوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە ١٩ی ئەیلولدا گوتیان ئەوە بوو کە دڵنیان فڕۆکەیەکی جەنگی ڕوسیا لە جۆری SU/24 بۆردوومانی کاروانێکی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەەکانی کردووە کە پێویستییە فریاگوزارییەکانی هەڵگرتبوو بۆخەڵکی مەدەنی.ڕێکخراوی خاچی سوور گوتی لانی کەم ٢٠ کەس لەو بۆردوومانەدا کوژران. بان کی مۆنی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو هێرشەی بە دڕندانە و کارێکی ئەنقەست لە قەڵەمدا.

هەتا ماوەیەکی دورودرێژ، دەستدرێژییەکانی پۆتین تەنها هەر کارەسات بوون بۆ خەڵکی ڕوسیا و بۆ زۆر کەسی دیکە لە ئۆکرانیا و سوریادا، لەبەرئەوە سەرۆک ئۆباما هەقی بوو بڵێت کاردانەوەی ڕاست بریتییە لە ئابڵوقەی ئابووری و دروستکردنی دیواری سەربازییە لە خۆرهەڵاتی ئەوروپادا. بەڵام لە ٩ مانگی ڕابردوودا، شتێک گۆڕاوە.

هەوڵە شێلگیرەکانی پۆتین بۆ وردوخاشکردنی ئۆپۆزسیۆنە دیموکراسییەکەش و ئۆپۆزسیۆنە ئیسلامییەکەش لەپێناو سەرۆک بەشار ئەسەد-دا هەروەها ڕەتکردنەوەی هەموو بەشداریکردنێکی ڕاستەقینە لە دەسەڵاتدا و چوونە ڕیزی ئەسەدەوە لە بۆردوومانکردنی بێ بەزەییانەی خەڵکی مەدەنی لە شاری حەڵەب نەک تەنیا تۆقێنەرن، بەڵکو لە هەمان کاتیشدا پەنابەری زیاتر پاڵ پێوە دەنێن بۆ یەکێتی ئەوروپا. ئەمە دەبێتە مایەی بەهێزبوونی کاردانەوەی توندی دژە کۆچبەران لە ئەوروپادا کە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی حیزبە نەتەوە پەرستەکان و تێکشکاندنی یەکێتی ئەوروپا.

لە هەمان کاتدا هاککردنی پارتی دیموکراتی ئەمریکا- هەروەها ئەو نیشانانەی کە گوایە ڕوسیا یان چەتە ئەلەکترۆنییەکانی دیکە هەوڵیان داوە دزە بکەنە ناو سیستمی تۆمارکردنی دەنگدەرانی ئەمریکاوە- نیشانەی ئەوەن کە پۆتین یاخود تێکدەرە ئەلەکترۆنییەکانی دیکە هەوڵدەدەن شەرعییەتی هەڵبژاردنی داهاتوومان لەناو ببەن. ئەم کردەوانە پێکەوە هەڕەشەن بۆ سەر دوو کۆڵەکەی ئەساسی دیموکراسی جیهانی و بازاڕی ئازاد- ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا- زیاتر لە هەر هەڕەشەیەک کە لە دەوڵەتی ئیسلامی یان لە قاعیدەوە بێت.

یەکێتی سۆڤیەت دەوڵەتێکی شۆڕشگێڕ بوو کە دەیویست نەزمی نێودەوڵەتی بە گشتی بگۆڕێت بەڵام دەردی ڕۆبێرت لیتواک، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە ئاسایشییەکان لە سەنتەری ویڵسۆن دەڵێت پۆتین بە ڕواڵەت بەدوای بەرپاکردنی شٶڕشدا ناگەڕێت لە نەزمی نێودەوڵەتیدا، بەڵام دابڕانی لە کێبڕکێ کلاسیکییەکەی نێوان گەورە هێزەکان- هاندانی شەپۆلی پەنابەران و هێرشکردنە سەر شەرعیەتی سیستمی هەڵبژاردنمان- دەبێتە هۆی وەرچەرخان لە سیاسەتی جیهانیدا کە ڕەنگە دەرەنجامی شۆڕشگێڕانەی هەبێت تەنانەت ئەگەر پاڵنەرەکەی پۆتین ئایدۆلۆجیایەکی شۆڕشگێڕانەش نەبێت.

ئۆباما پێی وابوو پێکەوە گرێدانی گوشار و بەشدراکردنی دەتوانن ڕەفتاری پۆتین بکەنە ڕەفتارێکی میانڕەو. ئەمە لە تیۆریدا میتۆدێکی ڕاستە، بەڵام ئێستا ڕوون بووەتەوە کە ئێمە گوشارە پێویستەکەمان بەو ڕادەیە بەکارنەهێناوە و پێویستە بەرزی بکەینەوە. مەسەلەکە چیتر تەنیا هەر سەبارەت بە بابەتە سیاسییەکانی سوریا و ئۆکرانیا نین. ئێستا مەسەلەکە لەپێناوی ئەمریکا و ئەوروپا و پێوەرە شارستانییەکان و یەکپارچەیی دامەزراوە دیموکراسییەکانماندایە.
سەرچاوە: نیویۆرک تایمز

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure