جێبه‌جێكردنى یاساى (تیرۆر)ى ئه‌مریكى به‌مزوانه‌ ده‌ست پێده‌كات

بۆچوون / بیروڕا :: 05/10/2016

نووسینى: عه‌بدولبارى عه‌توان
سه‌رچاوه‌: ره‌ئیولیه‌وم
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

گه‌وره‌ كۆمپانیا پارێزه‌رییه‌كان له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، پێش دوو مانگ ده‌ستیانداوه‌ته‌ ئاماده‌كاریى ئه‌و سكاڵانامانه‌ى كه‌ پێشكه‌ش به‌ دادگاكانى ئه‌مریكا ده‌كرێن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى داواى قه‌ره‌بوو له‌ دژى حكومه‌تى سعودیه‌ و ئه‌میره‌كانى خێزانى ده‌سه‌ڵاتدار و پیاوانى خاوه‌نكار و له‌وانه‌یشه‌ شێخه‌كانى ده‌وڵه‌ته‌كانى ترى كه‌نداویش، ئه‌مه‌یش وه‌ك جێبه‌جێكردنى یاساى (دادوه‌ریى بۆ پاڵپشتانى تیرۆر) كه‌ هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ى نوێنه‌ران و پیران پێش هه‌فته‌یه‌ك په‌سه‌ندیان كرد و رێگه‌ به‌ كه‌سوكارى قوربانیانى هێرشه‌كانى یازده‌ى سێپته‌مبه‌ر ده‌دات په‌نا ببه‌نه‌به‌ر دادگاى ئه‌مریكا بۆ داواكردنى قه‌ره‌بوو.

له‌جیهاندا هیچ شتێك نییه‌ هێنده‌ى زۆربه‌ى كۆمپانیا پارێزه‌ریه‌كانى ئه‌مریكا چاوچنۆك و هه‌لپه‌رست بن، ئه‌وانه‌ به‌دواى هه‌لێكدا ده‌گه‌ڕێن بۆ دادگاییكردنى هه‌ر لایه‌نێك كه‌ بكه‌وێته‌ چنگیانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئیبتیزاز و ئیفلاسى بكه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب یان موسڵمانى ده‌وڵه‌مه‌ند یاخود سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تێكى ده‌وڵه‌مه‌ند بێت. 

له‌ ئه‌مریكا كۆمه‌ڵێكى پارێزه‌ران هه‌ن كه‌ پێیان ده‌وترێت Class Action Lawyers و نوسینگه‌یان له‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌یه‌كدا هه‌یه‌. رۆژانه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانیان ده‌رباره‌ى به‌رزكردنه‌وه‌ى داواى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نن. هاووڵاتیان هانده‌ده‌ن، ئیتر چه‌ندێك به‌ركه‌وتبن، سه‌ردانیان بكه‌ن، بێ ئه‌وه‌ى یه‌ك دۆلاریش بده‌ن، له‌سه‌ر بنه‌ماى (No Win No Fee) دوایى حه‌قده‌سته‌كه‌یان له‌و قه‌ره‌بووه‌ لێوه‌رده‌گرنه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنى دۆیسه‌كه‌یاندا ده‌یاندرێتێ. ئه‌م بنه‌مایه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ بریتانیا و وڵاتانى دیكه‌ى ئه‌وروپایش. 

مه‌سه‌له‌ى قه‌ره‌بووى قوربانیانى یازده‌ى سێپته‌مبه‌ر نێچیرێكى به‌نرخ ده‌بێت بۆ ئه‌و(الهوامیر-به‌ وه‌سفى كه‌نداویه‌كان) و (گورگه‌كان) به‌ وه‌سفى جیهانى. به‌دووریشى نابینین كه‌ سبه‌ینێ به‌سه‌ر سه‌دان مه‌سه‌له‌دا به‌خه‌به‌ربێین كه‌ دژى شانشین و پاشا و ئه‌میره‌كانى به‌رز كرابنه‌وه‌ له‌ زیاد له‌ ویلایه‌تێكى ئه‌مریكاوه‌.
 
ترسناكترین شتێك كه‌ له‌م (به‌ڵا/كاره‌سات)ه‌  ئاشكرابووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ (لوبى عه‌ره‌بى) یان (لوبى سعودى) له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا نییه‌، ئه‌گه‌رچى عه‌ره‌ب به‌تایبه‌تییش  كه‌نداوییه‌كانیان ده‌وڵه‌مه‌ندترینى جیهانن، وه‌به‌رهێنانیان له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا له‌ 2,5 ترلیۆن دۆلار زیاتره‌ و له‌وه‌یش نزیكه‌ى سێیه‌كى به‌ر ته‌نیا سعودییه‌ ده‌كه‌وێت. كه‌واته‌ ئایا ده‌چێته‌ عه‌قڵه‌وه‌ كه‌ له‌ كۆى سه‌د سیناتۆرى ئه‌نجومه‌نى پیراندا هیچیان له‌ دژى پرۆژه‌ یاساى ناوبراو ده‌نگنه‌ده‌ن ته‌نیا یه‌ك كه‌سیان نه‌بێت؟ و ئه‌ى ده‌كرێت بڕوا به‌وه‌ بكه‌ین سه‌رۆك ئۆباما كه‌ ڤیتۆى له‌دژى به‌كارهێنا، به‌ڕاستى دژى بووه‌ و نفوز و حزبه‌كه‌یى له‌ هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا به‌كارهێنابێت  و نوێنه‌ران و پیرانى دیموكراتى گردكردبێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پشتیوانیى نه‌كه‌ن؟ بڕوا به‌مه‌ ناكه‌ین. ئه‌و ئه‌كته‌رێكى لێزان بووه‌ و ئێستایش هه‌ر لێزانه‌.

سعودیه‌كان، وه‌ك روونبووه‌وه‌، له‌ لێكدانه‌وه‌یه‌كى هه‌ڵه‌دا ژیاون ده‌رباره‌ى قه‌باره‌ى قورسایى و پێگه‌ى خۆیان و هێزى نفوزیان و قووڵایى هاوپه‌یانییان له‌گه‌ڵ (هاوڕێ) ئه‌مریكیه‌كه‌یاندا. هه‌روه‌ها له‌وه‌یشدا كه‌ خاوه‌نى چه‌ك و ئامرازگه‌لى كارتێكردنى دارایى و ئابوورین له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان. ئه‌وه‌تا خۆیان به‌ (ته‌نیا) ده‌بیننه‌وه‌، بێ دۆست و هاوڕێ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌وره‌ترین كرده‌وه‌ى (ئیبتیزاز)ى دارایى له‌ مێژوویاندا و به‌ڵكو له‌ مێژووى هه‌موو جیهانیشدا.

كاردانه‌وه‌كانى سعودیه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ره‌فتاره‌ له‌سه‌ره‌تادا به‌ زمانى هه‌ڕه‌شه‌ و به‌ڵێندان بوو، ئه‌وه‌بوو گوێمان له‌ به‌ڕێز عادل ئه‌لجوبه‌یر بوو هه‌ڕه‌شه‌ى كشانه‌وه‌ى ملیاره‌ها دۆلارى وه‌به‌رهێنانى كرد ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه‌ په‌سه‌ند بكرێت، به‌ڵام ئه‌م زمانه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ په‌سه‌ندكردنى یاساكه‌دا كشایه‌وه‌ و به‌ڕێز جوبه‌یر-یش به‌ یه‌كجاره‌كى له‌ شانۆكه‌ ون بوو و ئیتر له‌دوو هه‌فته‌ى رابردوودا نه‌ك له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ڵكو له‌باره‌ى مه‌سه‌له‌كانى تریشه‌وه‌ هیچمان لێ نه‌بیست، ئیشێكى باشى كرد.

ئێستا ده‌سه‌ڵاتدارانى سعودی كه‌وتوونه‌ته‌ گردكردنه‌وه‌ى چه‌ندین وه‌زیر و نوێنه‌ر و سه‌ركرده‌ى ئه‌منیی خانه‌نشینى ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ (لوبى) ى به‌رگریلێكردنى به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرشه‌ قانونییه‌ ئیبتیزازیه‌، ئه‌وانیش به‌ تاك و به‌ كۆمه‌ڵ به‌ره‌و ریاز ده‌چن بۆ قۆستنه‌وه‌ى ده‌رفه‌ته‌كه‌ و فرۆشتنى كاڵاكانیان به‌ گرانترین نرخ، به‌ڵام له‌وه‌ده‌چێت كاته‌كه‌ تێپه‌ڕیبێت.

ئه‌وه‌ى جێى سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌، به‌رپرسانى سعودیه‌ هه‌ندێك زانیاریى كرچ و كاڵیان دزه‌پێكردووه‌ بۆ رۆژنامه‌ و ئامرازه‌ میدیا ده‌هۆڵینه‌كانیان، دیارترینیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت ئامانجى ئه‌م یاسایه‌ سعودیه‌ نییه‌ به‌ڵكو ئێرانه‌، ئیتر ئه‌وان ئه‌وه‌ له‌بیرخۆیان ده‌به‌نه‌وه‌ كه‌ ئێران ماوه‌ى سێ گرێیه‌ له‌ لیستى تیرۆرى ئه‌مریكیدایه‌ و دادگاییكردنى پێویست به‌ ده‌ركردنى ئه‌م جۆره‌ یاسایه‌ ناكات، چونكه‌ ئێران خراوه‌ته‌ به‌رده‌م دادگاى ئه‌مریكا و چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌ست به‌سه‌ر كۆمپیاله‌ و دانراوه‌كانیدا گیراوه‌.

لستى سكاڵاكان ره‌نگه‌ درێژ بێت و لیستى داواكارانیش له‌وه‌ده‌چێت چه‌ند میلێك درێژتر بێت، چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك كه‌ له‌ هێرشه‌كانى سێپته‌مبه‌ردا زیانى به‌ركه‌وتبێت دانه‌جیڕه‌یه‌تى و چه‌قۆى تیژكردووه‌ته‌وه‌، ئیتر هه‌ر له‌ كۆمپانیاكانى خانووبه‌ره‌وه‌ هه‌تا كه‌سوكارى قوربانیه‌كان و كۆمپانیاكانى بیمه‌ و هه‌ر شتێك كه‌ له‌ ئه‌مریكادا بیمه‌ و دڵنیایى بۆ كرابێت و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ى كه‌ به‌هۆى ته‌پوتۆزى ته‌قینه‌وه‌كانیشه‌وه‌ زیانى به‌ركه‌وتووه‌ یان له‌رووى ده‌روونییه‌وه‌ كاریگه‌ربووه‌، داواى قه‌ره‌بوو ده‌كات.

با مه‌سه‌له‌كه‌ى یاسین قازى-ى وه‌ربگرین، ئه‌و هاووڵاتییه‌ سعودیه‌ى كه‌ دادگاكانى ئه‌مریكا به‌ تۆمه‌تى پشتیوانیى بۆ تیرۆر و پێشكه‌شكردنى كۆمه‌ك به‌ رێكخراوى ئه‌لقاعیده‌ په‌لكێشیانكرد. ئه‌مه‌ پێش 13 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستى پێكردووه‌ و هێشتایش ته‌واو نه‌بووه‌ و كابرا ده‌یان ملیۆن دۆلارى تێدا سه‌رفكردووه‌، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ گوشارێكى ده‌روونى كه‌ به‌ پاره‌ ناخه‌مڵێنرێت، هه‌موویشى به‌هۆى چاوچنۆكیى پارێزه‌ره‌كان و زیانه‌خۆرییانه‌وه‌ بووه‌. ره‌فتاریان بریتیه‌ له‌ به‌كارهێنانى هه‌رچى له‌ هه‌گبه‌یاندایه‌ له‌ (تۆپ)ى قورسى یاسایى و ده‌تخه‌نه‌ به‌رده‌م دووڕیانێك: یان مایه‌پووچى و هه‌ڵكردنى ئاڵاى سپى كه‌ له‌م حاڵه‌ته‌یاندا ئه‌و سزایه‌ ده‌سه‌پێنن یان ده‌رده‌كه‌ن كه‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت. یان نوقم ده‌بیت له‌ نه‌زیفێكى داراییدا ئه‌گه‌ر سووربیت و خۆت به‌ده‌سته‌وه‌نه‌ده‌یت.    

ئێستا با رێكاره‌ یاساییه‌كان، لانیكه‌م له‌م كاته‌دا بخه‌ینه‌ ئه‌ولاوه‌ و پرسیار له‌و هه‌نگاوانه‌ بكه‌ین كه‌ ده‌كرێت سعودیه‌ بیانگرێته‌به‌ر  بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م هێرشه‌ى كه‌ چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا هێنده‌ توند بێت له‌لایه‌ن ئه‌مریكاى هاوپه‌یمانى (پێشوو) وه‌وه‌ كه‌ خراپترین جۆرى فێڵ و غه‌درى له‌دژ به‌كارهێناوه‌.

پێش ئه‌وه‌ى وه‌ڵام بده‌ینه‌وه‌، ده‌ڵێین ئه‌مه‌ شه‌ڕه‌ و به‌ڵكو (دایكى شه‌ڕه‌كان)یشه‌ و پێویسته‌ به‌ هێز و تواناوه‌ به‌ره‌نگارى ببنه‌وه‌. چیدى دیپلۆماسیه‌ت ئه‌و سووده‌ زۆره‌ى نه‌ما، دواى ئه‌وه‌ى مه‌سه‌له‌كه‌ بووه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى یاسایى كه‌ شێوه‌یه‌كى سیاسى ئیبنیزازیى وه‌رگرتووه‌. لێره‌دا ئه‌م هه‌نگاوانه‌ى خواره‌وه‌ پێشنیار ده‌كه‌ین:  

• یه‌كه‌م: سه‌ركردایه‌تى سعودیه‌ ئاشته‌وایى له‌گه‌ڵ (دوژمنه‌كان)یدا بكات و به‌ خێرایى و به‌ كه‌مترین زیان له‌ جه‌نگى یه‌مه‌ن ده‌رچێت و دانبنێت به‌ هه‌ڵه‌ و تاوانه‌ كاره‌ساتاویه‌كانیدا و هه‌روه‌ها به‌هه‌ڵوێسته‌كانیدا بچێته‌وه‌ له‌ قه‌یرانى سوریادا و به‌سه‌ر عێراق و ئێراندا بكرێته‌وه‌.
• دووه‌م: سعویه‌ پێویستى به‌ (لوبى)یه‌كه‌ كه‌ پێش ئه‌مریكا عه‌ره‌ب راكێشێت، ئه‌ویش له‌ڕێى هه‌ڵوێستى تازه‌ى نیشتمانییه‌وه‌ كه‌ گه‌ل-ه‌كان پێش حكومه‌ته‌كان به‌لاى خۆیدا راكێشێت، چونكه‌ وێنه‌ى سعودیه‌ له‌ جیهانى عه‌ره‌بیدا ناشیرینه‌ و بگره‌ زۆر ناشیرنتره‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌ جیهانى خۆرئاوادا هه‌یه‌تى, ئه‌وه‌ى بڵێت ئه‌مه‌ وانییه‌ خۆى ده‌خه‌ڵه‌تێنێت. 
• سێیه‌م: وڵاتانى كه‌نداو بخاته‌ دواى خۆى و هه‌موویان په‌یوه‌ندییه‌ دراوه‌كانیان به‌ دۆلاره‌وه‌، هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌ و نرخى به‌رمیلى نه‌وت له‌سه‌ر بنه‌ماى دراوێكى دیكه‌ى غه‌یرى دۆلار دابنێن.
• چواره‌م: هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌ك به‌ دۆلارى ئه‌مریكى رابگرێت، ئه‌مه‌یش بۆ دوورخستنه‌وه‌ى سه‌نته‌رى پاكتاوه‌كانى ئه‌مریكا كه‌ باره‌گاكه‌ى له‌ نیویۆرك-ه‌ و هه‌موو ئه‌م مامه‌ڵه‌ و ئاڵووێرانه‌ى پێدا تێده‌په‌ڕێت.
• پێنجه‌م: ورده‌ ورده‌ هه‌موو وه‌به‌رهێنان و بنه‌ما دارایى و بازرگانییه‌كانى له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بكێشێته‌وه‌.
• شه‌شه‌م: خستنه‌كارى پارێزه‌ریى نێوده‌وڵه‌تى به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئه‌و حكومه‌ته‌ عه‌ره‌بییانه‌ى كه‌ هاووڵاتیه‌كانیان زه‌ره‌رمه‌ندبوون و ژێرخانى ئابورییان وێران بووه‌ به‌هۆى ده‌ستوه‌ردانه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ ، له‌ نموونه‌كانى لیبیا و عێراق و یه‌مه‌ن و سوریا، هه‌روه‌ها ئه‌فغانستان. دادگاییكردنى ئیداره‌ى ئه‌مریكا و داوالێكردنى هه‌زاران ملیار دۆلار وه‌ك قه‌ره‌بووى كه‌سوكارى قوربانیه‌كان و وێرانكاریى مادیى كه‌ به‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ كه‌وتووه‌.

• حه‌وته‌م: راگرتنى هه‌موو هاوئاهه‌نگییه‌ك له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى ئه‌مریكا ده‌رباره‌ى به‌رهه‌مهێنان و دانانى نرخى نه‌وت. وه‌ك چۆن به‌ درێژایى چل ساڵى رابردوو وابووه‌.

• هه‌شته‌م: داخستنى بنكه‌ و باره‌گاكانى ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا و راگرتنى هه‌موو جۆره‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كى ئه‌منى و كارێكى له‌ناوبردنى تیرۆر، له‌گه‌ڵ واشنتۆن.
 
پێشنیاركردنى ئه‌م خاڵانه‌ ماناى ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى سعودیه‌ كارى پێده‌كه‌ن یان ده‌توانن كارى له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام ته‌نیا (نه‌خشه‌ رێگایه‌كه‌) له‌ناو كێڵگه‌ى مینى ئه‌مركا و خۆرئاوادا كه‌ ده‌كرێت هه‌مووى یان هه‌ندێكى په‌یڕه‌و بكرێن یاخود هه‌رهه‌مووى به‌جارێك پشتگوێ بخرێن. ئه‌وه‌ى ئه‌ركى ئێمه‌یه‌ شیكردنه‌وه‌ و هه‌وڵدانه‌ چونكه‌ به‌رپرسیارین له‌به‌رده‌م خوێنه‌راندا كه‌ كه‌سى خۆمان و برامانن و هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌رى ئه‌وانداین.

سعودیه‌ له‌به‌رده‌م شه‌ڕێكى قورسدایه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌دژیى راگه‌یاندووه‌. دواتریش كاره‌كه‌ واده‌خوازێت و به‌حوكمى یاسایش كه‌ ده‌بێت هه‌موو گه‌نجینه‌ هه‌واڵگریه‌كانى و وه‌زاره‌تى ناوخۆیشى له‌ به‌رده‌م پارێزه‌ره‌كان و لێكۆڵه‌ره‌وه‌كاندا، بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ واڵا بكات، بۆ پێشكه‌شكردنى به‌ڵگه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ تیرۆر و هێرشه‌كانى سێپته‌مبه‌ر و ئه‌وانه‌ى كه‌ تێوه‌یگلاون. چونكه‌ ئه‌م یاسایه‌ شوێن هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ پشتگیریى دارایى كردوون و ئه‌وانه‌ى جێبه‌جێیان كردووه‌ و ئه‌وانه‌ى به‌شداربوون له‌ پاره‌پێدانیان و ئه‌وانه‌ى هانیانداون، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌یش كه‌ به‌ڕێگه‌یه‌كى راسته‌خۆ یان ناڕاسته‌وخۆ یارمه‌تییانداون و هه‌ر خزمه‌نێكیان دابێته‌ جێبه‌جێكاران.

بڕواناكه‌ین ده‌سه‌ڵاتدارانى سعودیه‌ گوێمان لێ بگرن یان گوێ له‌ خه‌ڵكانى عه‌ره‌بى وه‌ك ئێمه‌ بگرن، ئه‌مه‌یش زیان به‌ ئێمه‌ ناگه‌یه‌نێت و هه‌وڵیشى بۆ ناده‌ین. ئه‌وان گوێ له‌ (ئامۆژگارییه‌كانى) كه‌سانى وه‌ك دێنیس رۆس و مارتن ئیندیك و چاس فریدمان و راوێژه‌كانیان و رێنماییه‌كانیان ده‌گرن، پیرۆزى هه‌ردوولایان بێت. ده‌بینین به‌ره‌و كوێى ده‌به‌ن. رۆژان له‌پێشمانه‌ و هیوادارم ئه‌وه‌نده‌ بژیین كه‌ ئه‌نجامه‌كان ببینین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure