سەردانەکەی بارزانی... ڕێک لەکاتی خۆیدا

بۆچوون / بیروڕا :: 02/10/2016

وەرگێڕان: دواڕۆژ
سەردانەکە زۆر دواکەوتبێ یان کەم دواکەوتبێت، ڕێک لە گونجاوترین کاتدا هات و مێزەکەی هەڵگێڕایەوە بەسەر ئەوانه‌دا کە وایاندەزانی مەسەلەکانیان بێ کەم و کوڕیی بەئەنجامگەیاندووە و قابیلی تێکدانەوە نییە. سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ بەغدا بە دەرئەنجامە باشەکانییەوە زەبرێکی شارەزایانە بوو هەم لەلایەن بارزانی و هەم لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانەوە. دیارە هەردووکیان شارەزایانە کاریان کردووە، بەتایبەت عەبادی بۆ ئامادەکردنی کەش و هەوای بەغدا بۆ سەردانی بەغدا لەلایەن شاندێکی باڵای کوردستانییەوە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستپێکردنی کردەوە سەربازییە گەورەکان بۆ ئازادکردنی موسڵ. دیارە بارزانیش لەلایەن خۆیەوە هەمان کاری کردووە بە کۆکردنەوەی نوێنەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حیزبە کوردستانییەکانی دیکە لە پێکهاتەی ئەو شاندەی کە سەرۆکایەتی کرد.


ڕاگەیاندنی خێرای ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن، ڕەنگدانەوەی کارێکی هێمنی درێژخایەنە لەنێوان بەغدا و هەولێردا بۆ بەدیهێنانی ئەو ئەنجامە چاکانەی کە سەردانەکە هەر لە یەکەم ڕۆژییەوە بەدەستیهێنان. ئێستا هەموو ڕێگاکان کراوەن بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان لەنێوان پایتەختی فیدراڵی و پایتەختەکەی هەرێمدا و تێکڕای ئەو گیروگرفتانەش بەشێکن لەو کێشانەی کە حکومەتی ئێستای عێراق لە حکومەتەکەی پێشووەوە بۆی ماوەتەوە، لە کاتێکدا کە ڕێگای ئازادکردنی موسڵیش گیراوەتەبەر و بگرە بۆ قۆناغی پاش ئازادکردنی موسڵ کە قۆناغێکی پڕ لە کێشەی قورسە. هەردوو وتارەکەی عەبادی و بارزانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەییە هاوبەشەکەدا نیشانەی دڵنیایی بوون لە نزیکبوونەوەی چرکەساتی ڕزگارکردن و پابەندبوون بە دەرئەنجامەکانی پاش ئازادکردنەوە.

بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو و بگرە زیاتریش، هەوڵی گەورە درا بۆ وێرانکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمدا، وەک بەشێک لەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ لاوازکردن و شکستپێهێنانی حکومەتەکەی عەبادی، بەتایبەت لە مەسەلەی جێبەجێکردنی ڕیفۆرمی سیاسی و ئیداری کە حکومەت بەڵێنی بەئەنجامگەیاندنی دا. ئەمەش بەشێکە لەو هەوڵانەی کە دەدرێن بۆ ڕزگارنەکردنی موسڵ لە سەردەمی ئەم حکومەتەی ئێستادا. هەر لەم چوارچێوەیەدا هەوڵدرا بۆ دروستکردنی کۆسپ و ڕێگر لەبەردەم هەموارکردنەوەی حکومەتەکەی عەبادی و بەدیهێنانی سەقامگیریدا. هەر لەم چوارچێوەیەشدا بوو دۆسیەی بانگهێشتکردنی وەزیرەکانی دەستپێکرد و بە دوو وەزیری هەرە زەحمەت لەم قۆناغەدا دەستیپێکرد کە بریتیین لە وەزیرانی بەرگری و دارایی. چونکە ئامانجە بنەڕەتییەکە لێرەدا پەکخستنی کردەوە سەربازییەکانە بۆ ئازادکردنی موسڵ و لاوازکردنی متمانەی دامودەزگا داراییەکان بە حکومەتەکەی عەبادی و ڕاگرتنی گفتوگۆ لەگەڵیدا بە مەبەستی بەخشینی قەرز و کۆمەکی دارایی کە لەم چرکەساتە مێژووییە چارەنووسەدا پێویستی پێیەتی.

لەکاتێكدا بارزانی و ئەندامانی وەفدەکەی کۆبوونەوەیان دەکرد لەگەڵ عەبادی و دەستەکەیدا لە حکومەت و هەروەها لەگەڵ سەرکردایەتییە سیاسییەکانی دیکەدا و لەکاتێکدا کە هەواڵی خۆش بۆ خەڵکی بڵاودەکرایەوە، بەرەکەی دیکە لەبواری ئاژاوەنانەوە و چاڵهەڵکەندن لەبەرپێی حکومەتەکەی عەبادیدا سوپایەکی دیعایەچی و نەریتی و ئەلەکترۆنیی خستەگەڕ بۆ تەپوتۆزاویکردنی کەش و هەوای بەغدا بە گوتاری خراپ لە ترسی ئەنجامە بەدەستهاتووەکان.

ڕەنگە سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا لە وادەی خۆی دواکەوتبێت و پێویست بوو زووتر هەوڵی خەمخۆرانەی بۆ بدرایە لە بەغدادیش و لە هەولێریشەوە، بەڵام دەرئەنجامەکانی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنیان وا پێویست دەکەن هەردوولا ڕێگەی نێوان بەغدا و هەولێر بکەن بە ڕێگەیەکی کراوەی دوو ساید. چونکە لە بەرژەوەندیی کورد-دا نییە، تەنانەت ئەگەر پاش ماوەیەکی دیکەش سەربەخۆیی بەدەستبهێنن پەیوەندییەکی خراپیان هەبێ لەگەڵ عەرەبی عێراق و بەغدای پایتەختیاندا، هەروەها ئێمەش عەرەبی عێراق، هیچ بەرژەوەندییەکمان نییە لە قەیراناویبوونی پەیوەندی لەگەڵ کورد-دا تەنانەت پاش سەربەخۆبوونیشیان، چونکە لانیکەم هەریەکەمان قووڵایی ستراتیژیین  بۆ ئەوی دیکە. 

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمه‌دا

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە