ئه‌وروپا ترسى هه‌یه‌ لێشاوى هه‌ڵاتوان له‌ میسره‌وه‌ رووی تێبكات

بۆچوون / بیروڕا :: 02/10/2016

سه‌رچاوه‌: DW
وه‌رگێران: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

میسر بووه‌ته‌ ده‌رچه‌ى كۆچكردن به‌ ده‌ریاى سپى ناوه‌ڕاستدا. ئه‌گه‌رچى ئه‌و كۆچبه‌ره‌ عه‌ره‌ب و ئه‌فریقی-یانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت بگه‌نه‌ ئه‌وروپا خاكى میسر به‌كاردێنن، به‌ڵام ژماره‌ى ئه‌و میسری-یانه‌یش كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ده‌ستى سه‌ركوتكردن هه‌ڵێن و به‌ره‌و ژیانێكى باشتر رابكه‌ن، تادێ له‌ زیادبووندان.
دواى چه‌ند رۆژێكى كه‌م له‌ كاره‌ساتى نوقمبوونى یه‌خته‌كه‌ى نزیك كه‌ناراوى ئه‌لڕه‌شید كه‌ بووه‌ هۆى گیانله‌ده‌ستدانى زیاتر له‌ 200 كه‌س، عه‌بدولفه‌تاح سیسى سه‌رۆكى میسر له‌ وته‌یكیدا وتى " ئه‌مجۆره‌ كاره‌ساتانه‌ هیچ بیانوویه‌كى نییه‌". قاچاخچییان 450 كه‌سیان خزاندبووه‌ یه‌ختێكه‌وه‌ كه‌ ده‌یانویست به‌ كۆچى نامه‌شروع بچنه‌ ئه‌وروپاوه‌، پێش ئه‌وه‌ى له‌ دووریى ته‌نیا چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌ كه‌ناراوه‌كانى میسردا به‌ یه‌خته‌كه‌وه‌ نوقمیان بكه‌ن. ئه‌گه‌رچى سوپاى میسر 163 كه‌سیان رزگاركرد به‌ڵام كاته‌كه‌ دره‌نگ بوو بۆ باقى نه‌فه‌ره‌كانى تر كه‌ له‌ناو یه‌خته‌كه‌دا گیریانخواردبوو.
سیسى له‌ میانه‌ى ئاهه‌نگى ده‌ستپێكردنى پرۆژه‌یه‌كى نیشته‌جێبوون له‌ نزیك شارى ئه‌سكه‌نده‌ریه‌ كه‌ جێگه‌ى حه‌وانه‌وه‌ نزیكه‌ى 1600 خێزانى تێدا ده‌بێته‌وه‌ و زۆربه‌یشیان له‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كانى شاره‌كه‌ن، وتى"ناكرێت رێگه‌ بدرێت میسر ببێته‌ وڵاتى هه‌نارده‌كردنى كۆچبه‌ران". جه‌ختیشى كرده‌وه‌"حكومه‌ت گه‌ل جێناهێڵێت تا به‌ته‌نیا رووبه‌ڕووى بارودۆخه‌كه‌ ببێته‌وه‌". سه‌رۆك روو له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت میسر جێبهێڵن، پرسیارى ئه‌وه‌ى كرد "بۆچى ده‌تانه‌وێت وڵاته‌كه‌تان جێبهێڵن؟ له‌به‌ر بێكارى؟ نه‌خێر كار هه‌یه‌". به‌ڵام سیسى له‌ قسه‌كانیدا ئه‌وه‌ى رووننه‌كرده‌وه‌ ئه‌و كار و ئیشه‌ له‌كوێیه‌ كه‌ ئه‌و باسى ده‌كات. چونكه‌ ئاماره‌ ره‌سمیه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تێكڕاى بێكاریى ده‌گاته‌ 13% و ئه‌م رێژه‌یه‌ له‌ناو گه‌نجاندا زیاد ده‌كات بۆ 40%.  
سه‌رۆكى میسر به‌ شێوه‌یه‌كى ناڕاسته‌خۆ دانى به‌وه‌دانا كه‌ زۆربه‌ى میسریه‌كان ده‌یانه‌وێت به‌ره‌و ئه‌وروپا كۆچ بكه‌ن و رزگاریان بێت له‌و سه‌ركوتكردنه‌ى كه‌ له‌وڵاته‌كه‌یاندا رووبه‌ڕووى ده‌بنه‌وه‌. سیسى به‌ هه‌ڕه‌شه‌وه‌ وتى"ده‌وڵه‌ت رێوشوێن ده‌گرێته‌به‌ر دژى هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ڕێگه‌ى نا مه‌شروع وڵات جێبێڵن". به‌ڵام بایدایه‌وه‌ و وتى ده‌وڵه‌ت كاریش ده‌كات بۆ گۆڕینى ئه‌و بارودۆخه‌ى كه‌ میسریه‌كانى تێدا ده‌ژین.
له‌ وته‌یه‌كیشیدا كه‌ ئاراسته‌ى ده‌ره‌وه‌ى كرد، سیسى وتى میسر حاڵى حازر نزیكه‌ى پێنج ملیۆن كۆچبه‌رى وڵاتانى ئه‌فریقى و عه‌ره‌بیى داڵه‌داوه‌. ئه‌م وته‌یه‌ى له‌میانه‌ى كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بوو له‌گه‌ڵ پارله‌مانتاره‌ ئیتالییه‌كان له‌سه‌ره‌تاى مانگى ئه‌یلولدا. له‌ قسه‌كانیدا سه‌رۆكى میسر وتیشى ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ هه‌مان ئه‌و خزمه‌ته‌ ته‌ندروستى و خوێندنه‌یان بۆ دابینده‌كرێت كه‌ بۆ هاووڵاتیى میسرى ده‌سه‌به‌ركراوه‌، بێ ره‌چاوكردنى بارى ئابوریى وڵات. 
به‌ڵام كۆمسیۆنى باڵاى كاروبارى په‌نابه‌رانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (UNHCR) ژماره‌یه‌كى ته‌واو جیاوازى له‌وه‌ى سیسى راگه‌یاندووه‌ و ده‌ڵێت نزیكه‌ى 250 هه‌زار په‌نابه‌رێك چوونه‌ته‌ میسره‌وه‌ و له‌م كاته‌یشدا ئه‌و ژماره‌یه‌یش كه‌مبووه‌ته‌وه‌ بۆ 117 هه‌زار كه‌س كه‌ زۆربه‌یان سوریین.
جگه‌ له‌مانه‌یش دامه‌زراوه‌ى میسرى بۆ پشتیوانى له‌ په‌نابه‌ران (EFRR) وێنه‌یه‌كى درامیى له‌سه‌ر بارودۆخى میسر بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاڵۆزى و په‌شێویه‌ سیاسیه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆى ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى رق و كینه‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكانى بیانى، وه‌ك دامه‌زراوه‌ میسریه‌كه‌ باسى ده‌كات. هه‌مان ئه‌و دامه‌زراوه‌ میسریه‌ باس له‌زیادبوونى كاره‌ توندوتیژه‌كان ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر په‌نابه‌ران و هه‌روه‌ها زۆربوونى ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ لێیان ده‌ستگیرده‌كرێت و گوێپێنه‌دانى حكومه‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا كه‌ گومانده‌كرێت ده‌ستدرێژى بكه‌نه‌ سه‌ر په‌نابه‌ران. دامه‌زراوه‌كه‌  له‌سه‌ر پێگه‌ى خۆى له‌ ئینته‌رنێتدا ده‌ڵێت:"هه‌ڵمه‌تى به‌زۆر ده‌ستگیركردنیان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت منداڵانیشیان لێ ده‌ستگیرده‌كه‌ن، چونكه‌ زۆربه‌یان ناسنامه‌ و كارتى فه‌رمییان نییه‌ و نه‌ته‌وه‌ و لایه‌نگیرى و ئایینیشیان دیار نین و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان زمانى عه‌ره‌بییش نازانن، هه‌موو ئه‌مانه‌ واده‌كه‌ن كه‌ پێشلكاریى مافه‌كانیان به‌رامبه‌ر ئه‌نجام بدرێت".

پێگه‌ى(Middle east Monitor) نزیك له‌ ئیخوان موسلمینیشه‌وه‌ چه‌ندین تۆمه‌تى دژى حكومه‌ته‌كه‌ى سیسى ده‌ركردووه‌ به‌وه‌ى كه‌ مافه‌كانى مرۆڤ پێشێل ده‌كات و ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ خه‌ڵكێكى زۆرى میسرى هه‌ڵبێن و كۆچ بكه‌ن. پێگه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كه‌ ده‌ڵێت"سه‌ركوتگه‌ریى دڕندانه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى سیسى له‌ دژى ئازادیى راده‌ربڕین، بووه‌ته‌ هۆى سه‌رهه‌ڵدانى دیارده‌ى ونبوون و دیارنه‌مانى به‌شێكى زۆرى ئه‌و میسرییانه‌ى كه‌ ده‌ستگیركراون و چاره‌نووسیان نادیاره‌، جگه‌ له‌مه‌یش رژێم تاوانى ئه‌شكه‌نجه‌دان و ده‌ستدرێژیى سێكسى بۆ سه‌ر ده‌ستگیركراوه‌كان ئه‌نجامده‌دات. هه‌موو ئه‌مانه‌ وایانكردووه‌ میسر بگاته‌ ریزى ئه‌و ده‌ یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌ته‌ى كه‌ هاووڵاتیه‌كانیان راده‌كه‌ن و به‌دواى ژیانێكى باشتردا وێڵن".
لایخۆیه‌وه‌ رێكخراوى ئه‌منستی-یش حكومه‌تى میسرى به‌ پێشێلكردنى ترسناكى مافه‌كانى مرۆڤ تۆمه‌تبار كردووه‌. رێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ڵێت"میسر ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیرده‌كات كه‌ ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌ت ده‌گرن، هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌ هه‌ڵسوڕاو و چالاكوانه‌ نه‌یاره‌كان و سیاسیه‌كانیش ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كات و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان بێسه‌روشوێن كراون" وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ راپۆرتى ساڵانه‌ى رێكخراوه‌كه‌دا و له‌ ساڵى 2016دا هاتووه‌.
له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌، كۆمسیۆنى باڵاى په‌نابه‌ران ده‌ڵێت له‌ نیوه‌ى یه‌كه‌مى ساڵى 2016 دا نزیكه‌ى 115000 كه‌س تۆماركراون كه‌ له‌ ده‌ریاى سپیى ناوه‌ڕاسته‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئیتاڵیا، ئه‌گه‌رچى ژماره‌كه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵى رابردوودا تۆزێك كه‌متره‌ به‌ڵام رێژه‌ى میسریه‌ هه‌ڵاتووه‌كانى ئه‌م ساڵ له‌ چاو ساڵى پاردا زیادى كردووه‌ و گویشتووه‌ته‌ 9%  له‌كاتێكدا ساڵى رابردوو ته‌نیا 5% بووه‌، كۆمسیۆنى باڵاى په‌نابه‌ران تێبینى ئه‌وه‌یشى تۆماركردووه‌ كه‌ ژماره‌ى مێردمناڵه‌ هه‌ڵاتووه‌ میسریه‌كان زیادى كردووه‌.
 ئێستا یه‌كێتى ئه‌وروپا پلانى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ میسردا بكات هاوشێوه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ بۆ په‌نابه‌ران له‌گه‌ڵ توركیادا كردى. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن مارتن شۆڵتز سه‌رۆكى پارله‌مانى ئه‌وروپاوه‌ به‌ رۆژنامه‌ى (زۆد دۆیچه‌ تسایتۆنگ) راگه‌یه‌نراوه‌ و وتوویه‌تى:"هاتنى ژماره‌یه‌كى زۆرى په‌نابه‌ران له‌ باكورى ئه‌فریقا و به‌ده‌ریاى سپیى ناوه‌ڕاستدا راستییه‌كه‌ و ده‌بێت حسابى بۆ بكرێت".
ئامانجێكى ترى رێككه‌وتنه‌كه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌ماوه‌یه‌كى دوور و درێژدا كۆچ ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى رۆدریچ كیزڤیته‌ر به‌رپرس له‌ كاروبارى ده‌ره‌وه‌ و به‌رگرى له‌ پارتى دیموكرات مه‌سیحى به‌ DWى راگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئامانجمان دابینكرنى سه‌قامگیرییه‌ بۆ وڵاتانى وه‌ك میسر و تونس و هه‌روه‌ها دواییش لیبیا". ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ ئه‌ڵمانیه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ڕێى پێشكه‌شكردنى رێنمایى و ئامۆژگارى و مه‌شقكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كرێت هه‌روه‌ها كردنه‌وه‌ى ئاسۆیه‌كى نوێ بۆ خه‌ڵك و دابینكردنى لانیكه‌مى ژیانێكى شایسته‌ بۆیان وه‌ك ئاوى پاك و چاودێریى ته‌ندروستى و خۆراكى باش. به‌ڵام سیاسه‌تمه‌داره‌ ئه‌ڵمانیه‌كه‌ جه‌خت له‌وه‌یش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ر رێككه‌وتنێك ده‌بێت گشتگیربێت و جێبه‌جێكردنى مافه‌كانى مرۆڤیشى تێدا جێگیر و په‌یڕه‌و بكرێت نه‌ك ته‌نیا ئابورى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure