ئایا موسڵ بەرلینە و ئەبوبەکر بەغدادی هیتلەرە؟

بۆچوون / بیروڕا :: 01/10/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

لە عێراق و لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا دژی داعش، کۆدەنگییەک هەیە لەسەر نزیکبوونەوەی شەڕی ئازادکردنی موسڵ و کۆتاییهاتنی ئەو شەڕە بە سەرکەوتنێکی مسۆگەر. ئامادەکارییەکانیش لەڕووی سیاسی و سەربازیی و فریاگوزارییەوە بەردەوامن. یەکێک لەو ئامادەکارییە سیاسییانە سەردانەکەی مەسعود بارزانی-یە بۆ بەغدا پاش سێ ساڵ دابڕان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک حەیدەر عەبادی و سەرکردە سیاسییەکاندا بێجگە لە نوری مالیکی. سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی هاوئاهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپا و نەخشەیەکی مەحکەمی کرد بۆ ئازادکردنی موسڵ. دانیشتوانەکەشی دڵنیاکردەوە کە سەلامەت دەبن و ئایندەیان پارێزراوە. لەبواری سەربازیشدا ئامادەکارییەکان خەریکن تەواو دەبن بەتایبەت لەگەڵ بەشداریکردنی ٦٠٠ سەربازی تازەی ئەمریکادا. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەرپەرشتی ئامادەکارییەکان دەکات بۆ پێشوازیکردن لە سەدان هەزار موسڵاوی کە پێشبینی دەکرێت لە بەرەکانی شەڕ هەڵبێن.
ئێستا عێراق لە دۆخێکدایە نزیکە لە دۆخی ڕزگارکردنی شاری بەرلین کە کۆتایی هێنا بە جەنگی دووەمی جیهانی لە ئەوروپادا. هاوپەیمانەکان لێرەدا عێراقییە عەرەبەکانن کە بریتیین لە سوپا و حەشدی عەشایەریی دانیشتوانی نەینەوا و سەڵاحەدین، پاش ئەوەی کە ڕێککەوتن لەسەر ڕێگەنەدان بە حەشدی شەعبی بەشداری بکات لە شەڕەکەدا. هەروەها کوردە عێراقییەکانیش هەن کە پێشەنگەکەیان هێزی پێشمەرگەیە جگە لە چەند ڕێکخراوێکی دیکەی کوردی، لەوانە پارتی کرێکارانی کوردستان، هەرچەندە بە ئاشکرا باسی ناکرێت. هەروەها هاوپەیمانی نێودەوڵەتییش هەیە کە سەربازە ئەمریکییەکان بەرجەستەی دەکەن و نیشانەی ئەوەیە ئامادەکارییەکانی ئەو جەنگە ئەمریکای لە پشتە و هاوئاهەنگییش دەگرێتەوە بۆ قۆناغی پاش ڕزگارکردنی موسڵ. شیاوی باسە سوپای تورکیا کە ئێستا بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوە (تیرۆری کورد) هاتووەتە نزیک موسڵ، لەم شەڕەدا بێلایەن دەکرێت بۆ ڕازییکردنی سەرەکوەزیرانی عێراق، ئەو عێراقەی کە ناوەندە سیاسییەکانی دەڵێن تورکیا ئەندام نییە لە هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکەدا و تەماعەکانیشی لە موسڵدا شاردراوە نین. بۆیە تورکیا بەشێکە لە کێشەکە نەک لە چارەسەر، بەتایبەت کە تاقمەکەی نجێفی هاوپەیمانێتیی بەستووە لەگەڵ تورکەکاندا بۆئەوەی پاش داعش ئەو ببێت بە دەسەڵاتداری موسڵ، لەکاتێکدا کە تاقمەکەی نجێفی وەک حکومەتی نوری مالیکی هۆکارێک بوو لە دەرپەڕینی دێوەکەی داعشدا.
عەرەب و کورد و ئەمریکی (تورکیش کە ڕێگەی چەکدارە کوردەکان دەدات بە ئازادی هاتوچۆ بکەن) هەروەها هێزی ئاسمانی وڵاتانی دیکەی ناو هاوپەیمانێتییەکە گەمارۆی موسڵ دەدەن وەک چۆن هاوپەیمانەکان لە ساڵی ١٩٤٥دا گەمارۆی بەرلینیان دا و هەر تاقمێک چووە ناو گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی پایتەختی ئەڵمانیاوە، سۆڤیەتییەکان پێش هەموویان کەوتن بە خۆگەیاندن بە بارەگاکەی ئەدۆڵف هیتلەر کە بینییان خۆی کوشتووە. ئەبوبەکری بەغدادی خۆی ناکوژێت و ڕەنگە ئێستا لە شاری ڕەققە پاڵی لێدابێتەوە چونکە ئەوانەی یاری دەکەن بە خوێنی سوریا پێویستیان بە کاتێکی زۆرە بۆ ڕێکكەوتن لەسەر ڕزگارکردنی ئەو وڵاتە لە چنگی داعش.
چەندین ڕێگر هەن هەواڵەکانی موسڵ دەشارنەوە و نازانین ئاخۆ سەربازەکانی بەغدادی لە دۆخی خۆئامادەکردندا بن یان بە ئیسراحەت پاڵیان لێدابێتەوە. زانیارییەکان دەربارەی نزیکبوونەوەی وادەی شەڕەکە، یەک سەرچاوەی هەیە کە ئەویش عێراق و ئەو لێدوانانەی ئەمریکایە کە دەڵێن بەغدادی چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە و بەم نزیکانە خۆی و گەورە هاوکارەکانی لەناو دەبەین. کێ بڕوا بە ئەمریکییەکان دەکات؟ ئایا دیاریکراوە کێ سوودمەند دەبێت لە ئازادکردنی موسڵ، بێگومان بێجگە لە دانیشتوانەکەی ئەو شارە کە ڕێکخراوە دواکەوتووەکەی داعش دیلی کردوون؟
هەیە گومان دەکات لەم هەموو ئامادەکارییە سیاسی و سەربازی و فریاگوزارییانە بۆ شەڕەکە و پێیوایە هێزە کۆکراوەکان نە بەشی ئەو شەڕە دەکەن و نە توانای بردنەوەی شەڕەکەیشیان هەیە، جگەلەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان تا ئێستاش سوودمەندە لە مانەوەی موسڵ بە دیلێتی لەژێر دەستی داعشدا و ڕێگە نادات بەڕاستی ئازادبکرێت پێش ئەوەی مەرجەکانی خۆی نەسەپێنێت بەسەر هەردوو ڕژێمی ئێرانی و سوریدا کە سوودمەند دەبن لە کەوتنی ئەو شارە و بگرە تەنانەت لە گەڕانەوەیدا بۆ باوەشی بەغدا. چاودێران دەڵێن واشنتۆن ئەزموونەکەی ڕووخاندنی ئەوکاتی بێ مەرجی سەدام حسێن دووبارە ناکاتەوە و ڕێگە نادات ئەو دوو ڕژێمە دوژمنەی واشنتۆن سوود لە کەوتنی موسڵ ببینن و بیکەنە سروودی سەرکەوتن و بوغزاندنی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
ڕزگارکردنی موسڵ لە دیلایەتی داعشییەکان دوو خوێندنەوەی هەیە: خوێندنەوەیەکی گەشبین و خوێندنەوەیەکی ڕەشبین کە زۆر لە ساتەوەختی ئازادکردنی بەرلین دەچێت لە چنگی هیتلەر. لەوێ لە پایتەختی ڕایخی سێیەمدا بێژەرێکی عێراقی هەبوو لە بەشی عەرەبی ڕادیۆی نازییەکاندا هەموو ڕۆژێک هاواری دەکرد:(ئێرە بەرلینە گەڕەکی عەرەب). ئەو بێژەرە کە بە یونس ئەلبەحری ناسرابوو، لەدایکبووی شاری موسڵ بوو، بەڵام ئەبوبەکر بەغدادی پێویستی بە بێژەر نییە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەسە کە لە ڕێگەیانەوە ئایینی ئیسلام دەشێوێنێت و شێواندنەکە بە هەموو ناوچەکانی جیهاندا بڵاو دەکاتەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure