هاوپه‌یمانه‌كه‌ى سعودیه‌ بوو به‌ دوژمنى

بۆچوون / بیروڕا :: 29/09/2016

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ده‌نگدانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كه‌ى هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نى پیران و نوێنه‌ران سه‌رسامى نه‌كردین كه‌ ڤیتۆكه‌ى باراك ئۆباما سه‌رۆكى ئه‌مریكاى پێهه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ له‌دژى ده‌ركردنى یاسایه‌ك كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ كه‌سوكارى قوربانیانى هێرشه‌كانى یازده‌ى سێپته‌مبه‌رى ساڵى 2001 بتوانن سكاڵاى یاسایى به‌رز بكه‌نه‌وه‌ دژى حكومه‌تى سعودیه‌ و داواى قه‌ره‌بووى لێ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى سه‌رسامى كردین، یه‌كه‌م: خێرایى ده‌نگدانه‌كه‌ بوو بۆ له‌باربردنى ئه‌و ڤیتۆیه‌ و دووه‌میش: ئه‌و زۆرینه‌ زۆره‌ بێوێنه‌یه‌ى ده‌نگه‌كان بوو له‌دژى. 


بۆ نموونه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پیراندا كه‌س ده‌نگى له‌گه‌ڵ ڤیتۆكه‌دا نه‌بوو ته‌نیا یه‌ك كه‌س نه‌بێت له‌نێوان 97 كه‌سدا، ئه‌مه‌یش ئاست و قه‌باره‌ى ئه‌و رق و ناحه‌زییه‌ ده‌رده‌خات كه‌ له‌دژى سعودیه‌ هه‌یانه‌، سعودیه‌ى متمانه‌پێكراوترین هاوپه‌یمانى واشنتۆن له‌ ناوچه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جیهاندا به‌درێژایى زیانر له‌ حه‌فتا ساڵ. ئایا ده‌چێته‌ ئه‌قڵه‌وه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانه‌ كه‌ به‌شداریى هه‌موو جه‌نگه‌كانى ئه‌مریكاى كردووه‌، هیچ لایه‌نگرێكى له‌ ئه‌نجومه‌نى پیراندا نه‌بێت تاقه‌ یه‌ك كه‌س نه‌بێت؟.


ئه‌مه‌ یاساى (دادوه‌رى دژى پشتیوانانى تیرۆر) نییه‌ وه‌ك وا ناونراوه‌، به‌ڵكو یاساى تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ له‌م هاوپه‌یمانه‌ى كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانى لجنه‌ى كۆنگرێس ئه‌ستۆپاكى كردووه‌ له‌ بوونى هه‌ر رۆڵێكى ره‌سمیى راسته‌خۆ و ناڕاسته‌خۆ له‌هێرشه‌كاندا، چونكه‌ رۆڵه‌كه‌ى ته‌واو بووه‌ و چیدى هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵیدا سوودى نه‌ماوه‌.


په‌یوه‌ندیى ستراتیژیى نێوان شانشینى عه‌ره‌بستانى سعودى و ئه‌مریكا كه‌ یه‌كه‌م بناغه‌ى له‌لایه‌ن شا عه‌بدولعه‌زیز بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سعود پاشاى سعودیه‌ و رۆزڤێڵت-ى سه‌رۆكى ئه‌مریكاوه‌ له‌سه‌ر پشتى كه‌شتیه‌ جه‌نگیه‌كه‌ى ناو نۆكه‌ندى سوه‌یس له‌ ساڵى 1945 دا دانرا، كۆتایى هات، یان له‌لایه‌نى ئه‌مریكاوه‌ كۆتایى پێهێنرا، چونكه‌ سعودیه‌ى مانگا شیرده‌ره‌كه‌ نه‌ما و گوانه‌ داراییه‌كانى وشك بوون. ئیتر نه‌وته‌كه‌ى وه‌ك پێویستیه‌كى ئه‌مریكى نه‌مایه‌وه‌.


ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ستراتیژیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ پێكهێنرابوو كه‌ ده‌بوایه‌ پته‌وبێت و بریتى بوو له‌ (پاراستنى ئه‌مریكایى به‌رانبه‌ر نه‌وتى سعودى). ئێستایش پێویستیى ئه‌مریكا به‌ نه‌وت كۆتاییهات، به‌هۆى نه‌وتى به‌ردینه‌وه‌ (ده‌ هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه‌) و دۆزینه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى جێگره‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌مه‌ پارێزگارییه‌كه‌یش كۆتایى هات و هاوپه‌یمانه‌كه‌ له‌چاوتروكانێكدا گۆڕا و بووه‌ دوژمن.


ئێستا سعودیه‌ له‌ كه‌نارى پرۆسه‌یه‌كى (ته‌نگپێهه‌ڵچنراوى) دارایى و سیاسیى بێ وێنه‌دا وه‌ستاوه‌ و له‌كاتێكدا كه‌ یه‌ده‌كه‌ داراییه‌كه‌ى له‌كورتییداوه‌ و چووه‌ته‌وه‌یه‌ك، ده‌ستیداوه‌ته‌ سه‌پاندنى باج و په‌یڕه‌وكردنى سیاسه‌تى سكهه‌ڵگوشین به‌سه‌ر هاووڵایه‌كانیه‌وه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى كورتهێنانه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ى له‌ بوجه‌كه‌یدا. 750 ملیار دۆلارى وه‌به‌رهێنان و دانراو و كۆمپیاله‌ى سعودیه‌ له‌ ئه‌مریكادایه‌ و له‌وه‌یش 119 ملیارى كۆمپیاله‌ى خه‌زێنه‌یه‌، كه‌ ده‌كرێت ده‌ستى به‌سه‌ردا بگیرێت و بلۆك بكرێت، له‌وانه‌یشه‌ وه‌ك گوڕى یه‌كه‌م بكرێته‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى قوربانیانى هێرشه‌كان. شاره‌زایان بڕى قه‌ره‌بووه‌كه‌ به‌ 3،3 ترلیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنن، ئه‌مه‌یش ماناى وایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌مڵاندنانه‌ راست بن ئه‌وا ده‌بێت بۆ ده‌یان ساڵ نه‌وتى سعودیه‌ بۆ ئه‌مریكا بێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ى به‌هاى قه‌ره‌بووه‌ داواكراوه‌كان.


ئه‌مریكا، ده‌سه‌ڵاتدارانى سعودیه‌ى ئاڵانده‌ شه‌ڕێكه‌وه‌ له‌ سوریا و شه‌ڕێكى دیكه‌ له‌ یه‌مه‌ن و شه‌ڕى سێیه‌میش له‌ لیبیا و پێش هه‌موو ئه‌مه‌ و ئه‌وانه‌یش له‌ئه‌فغانستان، دواییش ده‌ستبه‌رداریان بوو و لێیانهه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ و وازى لێهێنان هه‌رخۆیان رووبه‌ڕووى چاره‌نووسى خۆیان ببنه‌وه‌، ئه‌مه‌یش له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و نه‌خشه‌ى تۆڵه‌لێكردنه‌وه‌یه‌یدا كه‌ له‌ ژووره‌ ره‌ش و تاریكه‌كاندا و پێش چه‌ندین ساڵ دایڕشتووه‌.


ئه‌مریكا گوێى نه‌دا به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانى به‌ڕێز عادل ئه‌لجوبه‌یر وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سعودیه‌ به‌ كشانه‌وه‌ى وه‌به‌رهێنانه‌كان و هه‌روه‌ك هه‌ڵوێستیشى نه‌گۆڕا به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌رى ئه‌میر محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینى جێنشینى سعودیه‌. هیچ بایه‌خێكیشى به‌ ده‌رخسته‌كانى كڕینى چه‌ك نه‌دا. ده‌ستیدایه‌ وه‌به‌رهێنانى نوێ بۆ بوژاندنه‌وه‌ى ئابوریه‌كه‌ى، چونكه‌ (دامه‌زراوه‌ى) ئه‌مریكا بڕیارى هه‌ڵكێشانى شمشێرى دوژمنایه‌تى و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ى داوه‌ و هیچیش بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كانى نوێنه‌ران و پیران نه‌ماوه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌ جێبه‌جێكردن. ڤیتۆكه‌ى ئۆباما-یش بۆ خۆڵكردنه‌چاو بووه‌.


رۆژانى داهاتووى ده‌سه‌ڵاتدارانى سعودیه‌، له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا زۆر قوس و زه‌حمه‌ت ده‌بن دواى ئه‌وه‌ى هاوپه‌یمانه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ى، له‌كاتێكى زۆر هه‌ستیارى مێژووى نوێیدا، له‌ سنگ و پشت و گیرفانیشه‌وه‌، له‌یه‌ككاتدا، چه‌قۆى لێدا و زۆر به‌توندییش.


پارێزبه‌ندى بۆ ده‌وڵه‌تان نییه‌..و پارێزبه‌ندى بۆ هاوپه‌یمانان نییه‌...و دۆستایه‌تیى له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا ناكرێت....هه‌موو ئه‌م گوزارشتانه‌ ده‌كه‌ون كاتێك (دامه‌زراوه‌ى) ده‌سه‌ڵاتدارى ئه‌مریكا بڕیارى كه‌وتنیانیدا، ئیتر به‌بێ هیچ ئیعتیبارێك بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ كێ له‌ كۆشكى سپى داده‌نیشێت.


به‌ عێراق ده‌ستیان پێكرد..و پاشان لیبیا.. دوایى به‌كه‌ره‌سته‌كانیانه‌وه‌ چوونه‌ سوریا.. و عه‌ره‌ب و كۆمكاره‌كه‌یان و پاره‌كانیان خستنه‌ وێرانكردنى ئه‌مه‌وه‌. ئێستا ئیتر كاتى هاوپه‌یمانه‌ سعودیه‌كه‌ هاتووه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌م جه‌نگانه‌ى بۆكردن به‌بێ سڵه‌مینه‌وه‌ و به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌.


هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا نه‌بووین و قه‌ت له‌ سه‌نگه‌رى ئه‌ودا نه‌بووین و بڕوامان به‌ نییه‌ت و نیازه‌كانى نه‌بووه‌ و به‌ به‌ڵێنه‌ هه‌نگوینیه‌كانى سه‌باره‌ت به‌ دادوه‌رى و دیموكراسى، نه‌خه‌ڵه‌تاوین. هه‌میشه‌ له‌سه‌نگه‌ره‌كه‌ى تردا بووین، له‌به‌ر ئه‌مه‌ هه‌ست به‌ ئاسووده‌یى ویژدان ده‌كه‌ین. 
سه‌ركردایه‌تیى سعودیه‌ ده‌توانێت چى بكات له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م لاساریه‌ى هاوپه‌یمانه‌كه‌یدا؟


باوه‌ڕناكه‌ین پشتبه‌ستن به‌ هه‌ندێك زایۆنیى ئه‌مریكى، وه‌ك ئێستا ده‌یبینین، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ (لۆبیه‌كان) دابنرێن هه‌تا به‌رگرییان لێ بكات، كارێكى شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ بێت. نزیكبوونه‌وه‌یش له‌ ئیسرائیل، وه‌ك ئه‌و ئامۆژگارییانه‌ى ده‌بینین هه‌ندێك له‌ ئاساییكه‌ره‌وه‌كان ده‌یكه‌ن، به‌ چاره‌سه‌ر نازانین. مه‌سه‌له‌كه‌ پێویستى به‌ (كوده‌تا) یه‌ به‌سه‌ر هه‌موو سیاسه‌ته‌كانى پێشوودا كه‌ بوونه‌ته‌ هۆى ئه‌م ده‌ره‌نجامانه‌، به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌یشدا نین كه‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ى سعودیه‌ حه‌زیان له‌ كوده‌تا بێت، مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى سنووره‌كانى خۆیاندا ده‌كرێن یان له‌و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیانه‌ كه‌ هاوسه‌نگه‌ریان نین.
رۆژانى داهاتوو زۆر شت ده‌رده‌خه‌ن.. و ئێمه‌یش هیچمان له‌سه‌ر نییه‌ چاوه‌ڕوانى نه‌بێت.  
سه‌رچاوه‌: ره‌ئیولیه‌وم

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure