شەوی دیبەیتە درێژەكە

بۆچوون / بیروڕا :: 28/09/2016

دواڕۆژ
سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

 وەك ئەو ملیۆنەها كەسەی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان، منیش دوێنێ‌ شەو هەتا سەعات سێی بەیانی بێداربووم بەدیار یەكەم دیبەیتی نێوان یەكەم ژنی كاندیدی سەرۆكایەتی ئەمریكا و دۆناڵد ترامپ-ی دیاردە میلـلییەكەدا. هیچ شتێك چاوەڕوانكراو نەبوو. نە هەڵهاتن و دەركەوتنی هیلاری كلینتۆن بەو جۆرە باشە و نە ئاوابوونی ترامپ-یش بەو ئاستە خراپە. لە چوارچێوەی هۆڵێكدا و لەبەردەم جەماوەرێكی هەڵبژێردراودا، ترامپ توانای ئامادەكاری و كاریگەریدروستكردنی لەدەستدا. دەبوایە وەڵامی پرسیاری دیاریكراو و دۆزی دیاریكراو و هەڵوێستی دیاری كراو بداتەوە. لە دۆخێكی ئاوا جددی و ورددا دروشمە دووبارەكانی سوودێكیان نابێت، هەروەها رستە گشتییەكانی و گوزارشتە بێ‌ سەروبەرەكانیشی. بەڵام خاتوو كلینتۆن-ی سوورپۆش، تەواو پێچەوانەی ئەو بوو. 


هێمنیەكی نیوە رەها و وردیەكی تەواو رەها و قسەی بەرپرسانە و هاوسەنگ و ئامادەبوونێكی نەشڵەژاو و دڵنیا. بەدرێژایی كاتەكە من گوێمگرتبوو و بیرم لەخۆمان دەكردەوە نەك لە ئەمریكا. ئەوە كام سەرۆكی عەرەبە كە لەسەر بنەمای ئەرك و ئابوری و دۆخی چینی ناوەند، دەچێتە شەڕی هەڵبژاردنیەوە و لەبری ئەوانە نامانگێڕێتەوە بۆ شكۆی رابردوو و رووخاندنی ئیمپریالیزم و رەوانەكردنی  (ئەمریكا) بۆ مەرگ؟ ئەی كام سەرۆكە كە دەیەوێت دەستی كاری نیشتمانی لە كێبڕكێ‌ بپارێزێت، یان كرێكاران بە مەسەلەیەكی گەورەی وادابنێت كە شیاوی سەرۆكایەتیە مێژوویەكەی بێت؟. كلنتۆن وەڵامی دایەوە و ترامپ-یش هەر وەڵامی دایەوە، وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەیان دایەوە كە ئاراستەیان كرا. ئەمەیش ئاماژەی ئەوەبوو كە هەردووكیان كۆششیان كردووە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ پۆستەكە ئامادە بكەن. ئەگەرچی ئەویان بە زمانە ئەدەبیەكەی و زاراوەگەلە دیاریكراوەكانی و وەڵامە قەناعەتپێهێنەرەكانی بەسەر ئەوی دیكەیاندا زاڵبوو، ئەمە بێجگە لە شێوازە زۆرداریانەكەی بۆ بردنی گفتوگۆكان بە لای خۆیدا. 


من لایخۆمەوە بە نائومێدی و ناخۆشییەوە بیرم لە ئەدەبیاتی شەڕەكەی سەرۆكایەتی لوبنان دەكردەوە كە لە چ ئاستێكدا دەكرێت و چ مەسەلەیەكی وروژێنەری تێدایە. لەكاتێكدا كلینتۆن و ترامپ لەبەردەم خەڵكیدا زۆرانبازیی دەكەن، كەچی ژەنراڵ میشال عۆن بە یەك دروشمەوە دەچێتە شەڕەكەیەوە، ئەویش: یان خۆم یان هیچ كەس.


جاران لوبنان شانازیی بەوەوە دەكرد تاقە دەوڵەتێكە كە سەرۆكەكانی پێشووی بەزیندوویی ماونەتەوە و تێیدا دەژین، كەچی ئێستا چواریان لە سەنیگال-ن. 
لەكاتێكدا ترامپ دەیەوێت دیوارێك بەدرێژایی لەگەڵ سنووری مەكسیكدا دروست بكات، كاندیدەكەی سەرۆكایەتی پێشنیاری نەكرد بۆ پاراستنی سنوور لە چەك و لە هەردوولاوە،  چونكە یەكسەر مافی خۆپاڵاوتنی لەدەستدەدات. كلینتۆن خۆی بە ژنێكی داهێنەر بۆ كورسییەكە دەرخست كە لە داڕشتنی گوتاری سیاسییدا ئاگاداری بووە. ترامپ هەر تووڕە بوو، جوانییش لە تووڕەبووندا نییە، وەك گۆتە دەڵێت. خەڵكی لە كەسە توند و توڕەكان دەترسن و نابنە مایەی دڵنیایی بۆیان. 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure