ئوسترالییه‌ كۆنه‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: 27/09/2016

سه‌رچاوه‌: شه‌رقولئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

گاردیان ده‌ڵێت گروپێك له‌ زاناكانى دانیمارك له‌ توێژینه‌وه‌كانیاندا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌وه‌ى كه‌ بڵێن كۆنترین شارستانێتى سه‌رزه‌وى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دانیشتوانه‌ ره‌سه‌نه‌كانى ئوسترالیا (Aboriginal Australians) و پشكنینه‌ (دى ئێن ئه‌ى)یه‌كانیش جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌م گه‌له‌  ماوه‌ى 50 هه‌زار ساڵ ژیاون، به‌بێ ره‌چاوكردنى راى تۆ له‌ مه‌عالم و شارستانیه‌ته‌كه‌ى.
ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه‌ سه‌لمێنرا، ماناى وایه‌ پێشینه‌ مێژووییه‌كه‌مان له‌ عێراق و له‌ میسر له‌ده‌ستدا، ئه‌گه‌رچى پێگه‌ى ئه‌و دوو شارستانێتیه‌ و كاریگه‌رییه‌كانیان له‌ده‌ستناده‌ین. 
له‌ رابردوودا، زانایانى مێژوو رامابوون له‌نێوان ئه‌وه‌ى كه‌ ئاخۆ بابل له‌ پێشتره‌ یان نه‌ینه‌وا، هه‌م لاى میسر و هه‌م لاى ئه‌وانى دیكه‌یش. وڵاتى نێوان دوو رووبار سێ شارستانیه‌تیى مه‌زنى ناسیوه‌، ئه‌وانیش سۆمه‌رى و بابلى و ئاشورى-ن. پێشتر وا باوبوو كه‌ میسرییه‌كان یه‌كه‌مین كه‌سانێك بوون ئه‌و پێكهاتانه‌یان هه‌بووبێت كه‌ بتوانرێت به‌ شارستانى ناوببرێن، وه‌ك شار و بازرگانى و پاشا و ئه‌شراف و په‌رستگا و كاهین و ئیدارى و هونه‌رمه‌ند و نووسین و توانا ته‌كنیكیه‌كان.
به‌ڵام ئى ئێچ گۆمبریچ-ى مێژوونووس ده‌ڵێت دۆزراوه‌ تازه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ سۆمه‌ریه‌كان له‌ پێش میسریه‌كانه‌وه‌ بوون، چونكه‌ هه‌ندێك ئاسه‌وار و په‌رستگایان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ 3100 ساڵ پێش زایین. له‌ناو یه‌كێك له‌و ئاسه‌وارانه‌دا نه‌خشه‌یه‌كى شارى ئور دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ زێدى باوكى پێغه‌مبه‌ران ئیبراهیم-ه‌. هه‌روه‌ك ژماره‌یه‌كى زۆر گۆڕ-یش دۆزراونه‌ته‌وه‌ كه‌ پێده‌چێت له‌ زه‌مانى دروستكردنى هه‌ره‌مه‌كاندا نێژرابن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ره‌مى ئیمحۆتپ (Imhotep) خاڵى بووبێت، ئه‌وا ئه‌م گۆڕ-انه‌ پڕ بوون له‌ كه‌ره‌سته‌گه‌لى سه‌رسوڕهێنى له‌ زێڕ دروستكراوى وه‌ك كڵاو و خه‌نجه‌ر و قاپوقاچاخ و به‌ردى به‌نرخ. هه‌روه‌ها و هه‌ر له‌ناویاندا ئامێرى زه‌به‌لاحى موسیقا دۆزراونه‌ته‌ كه‌ سه‌ره‌گا-یان پێوه‌بووه‌. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ ته‌خته‌ى یاریى تاوڵه‌. بۆ خۆشبه‌ختیش، ئه‌م دۆزراوانه‌ گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ مۆزه‌خانه‌ى بریتانیا و زانكۆى په‌نسلڤانیا، به‌ڵام نازانین ئه‌وانه‌یان چییان به‌سه‌ردا هاتووه‌ كه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌ى به‌غدا فرۆشران و له‌ یه‌كه‌م رۆژه‌كانى داگیركارییه‌كه‌ى ئه‌مریكادا تاڵانكران.
له‌ بریى ئه‌و كتێبانه‌ى كه‌ میسرییه‌كان له‌ گه‌ڵاى قامیش دروستیان كردووه‌، له‌ عێراق چه‌ندین له‌وح/پلێتى هه‌ڵكۆڵراو دۆزراونه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ رێككه‌وتننامه‌ بازرگانیه‌كان و لستیى هه‌ندێك كاڵایان له‌سه‌ر نووسراوه‌.
له‌وه‌ده‌چێت، سۆمه‌ریه‌كان له‌ پێش بابلییه‌كان و ئاشوریه‌كانه‌وه‌ بازرگانى گه‌وره‌ بووبن و بازرگانه‌كانیان حساباتیان زانیبێت و شتى یاسایى و نایاساییان له‌یه‌كتر جیاكردبێته‌وه‌. به‌ڵام بابلیه‌كان و ئاشوریه‌كانى دواى ئه‌وان لێوه‌شاوه‌ و كۆڵنه‌ده‌ر بوون، ئه‌گه‌رچى ئه‌وان وه‌ك میسریه‌كان وێنه‌ى كامه‌رانییان نه‌كێشاوه‌.
په‌یكه‌ره‌كان و هه‌ڵكۆڵراوه‌كانیان، پاشاكانیان نیشانده‌ده‌ن كه‌ له‌ده‌شتوده‌ردا راوده‌كه‌ن، یان خێڵه‌ نامۆكان كه‌ له‌ده‌ستى چه‌كداره‌كانیان به‌ گالیستگه‌ هه‌ڵدێن و راده‌كه‌ن، یاخود چه‌كداره‌كانیان نیشانده‌ده‌ن كه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر قه‌ڵا و ناوچه‌ پاوانكراوه‌كان. وادیاره‌ بابلیه‌كان و ئاشوریه‌كان خۆر و مانگ و ئه‌ستێره‌كانیان په‌رستبێت و ناوى دیاریكراویان له‌ مه‌جه‌ڕه‌كان نابێت وه‌ك چۆن ئێستا ئێمه‌ ده‌یكه‌ین و ده‌ڵێین ورچه‌ گه‌وره‌كه‌. به‌ڵام پێوانه‌ى ئه‌وان بۆ جوڵه‌كانى فه‌له‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ زه‌وى رووته‌خته‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure