ئەردۆغان ئاواتە دیموکراسییەکانی تورکیا لەناودەبات

بۆچوون / بیروڕا :: 27/09/2016

سەرچاوە: زە فیسکەڵ تایمز
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
ئەو خاڵە نایاساییانەی کە سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەرۆغان لە کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموزدا بەدەستیهێنان بەخێرایی دەچنە ڕیزی هەڵمەتە پاکتاوییەکانی ستالین  و شۆڕشە ڕۆشنبیرییەکەی چین-ەوە.
ئەمانە و داواکارییەکانی تورکیا بۆ ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵا گولەن کە لە ئەمریکادا لە مەنفا دەژی و دادگاییکردنی لەسەر کۆمەڵە تۆمەتێک کە تیرۆریش دەگرێتەوە، هێندەی تر پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن  و ئەنقەرە دژوار دەکەن. کاربەدەستانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ئاشکرا ڕایانگەیاند کە ئەمە شەپۆلی سەرکوتکارییە و لە دوورمەودادا ئاسایشی ئەردۆغان لاواز دەکەن.
دەستگیرکردن و زیندانیکردنی دادوەران و مامۆستایان و سەرۆکی شارەوانییەکان و کارمەندی دەوڵەت و ڕۆژنامەنووس و ڕکابەری سیاسی، نەک تەنیا درزە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی تورکیا قووڵتر دەکەنەوە بەڵکو ئەو درز و قڵیشانەش گەورەتر دەکەن کە تورکیا جیادەکەنەوە لە خۆرئاوا و تا چەند ساڵێکی دیکەش سیاسەتی ئەمنی خۆرئاوا دەشێوێنن. تورکیا یەکێکە لەو دوو نەتەوەیەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە زۆرینەیان موسڵمانن و ڕژێمەکەیان نزیکە لە دیموکراسی خۆرئاواوە، بۆیە رۆڵێکی گەوهەریی هەیە لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ڕەنگە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا بێت چارەنووسی ڕژێمی تورکیا دیاری بکات و بنکەیەکی سەربازیی لەو وڵاتەدا هەبێت و دەستی بگاتە هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا و لەوێوە چاودێری جموجۆڵەکانی ڕوسیا بکات لە دەریای ناوەڕاستدا. بەڵام بڕیاردەرەکە ویلایەتە یەکگرتووەکان نییە. ئەوە رۆڵی ئەوروپایە. لەڕاستیدا هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پەلهاویشتن لە تورکیادا لە باشترین حاڵەتدا ڕەنگە بێئاکام بن. ئەردۆغان یەکمجار وەک سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ لە ساڵی ٢٠٠٢دا هاتە سەر دەسەڵات و پاشان لە ساڵی ٢٠٠٧دا وەک سەرۆکی ئەکەپە. ئەو ڕیفۆرمستێکی ئابووری بوو لەکاتێکدا کە تورکیا پاڵێوراو بوو بچێتە ناو یەکێتی ئەوروپاوە. ئەو لە هەڵمەتەکانیدا زیاتر بایەخی بە کەرتی تەندروستی و نیشتەجێکردنی کۆمەڵانی خەڵک و پتەوکردنی ژێرخانی وڵات و گواستنەوە و گەیاندن دەدا. هێزی دەوڵەتی بەکارهێنا بۆ ڕاکێشانی متمانەی ئەو دەنگدەرە زۆرانەی نیشتەجێی شوێنە دووردەستەکان بوون و خرابوونە پەراوێزەوە و ئەم زیاتر بەشداری کردن لە ئابوورییە جیهانییەکەدا.
لەساڵی ١٩٩٩دا تورکیا بوو بە یەکێک لەو کاندیدانەی کە چاوەڕوان دەکرا ببنە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا، بەڵام لە مانگی تشرینی ٢٠٠٥دا دانوستانەکان پەکیان کەوت و خاو بوونەوە. ترسە ئەوروپییەکە لە دوو ڕەهەندەوە بوو: یەکەم، قەیرانی قەرزی سیادی کە لەناو ئەوروپادا سەری هەڵدا کارێکی وایکرد کە وەرگرتنی وڵاتێکی دراوسێی گەورە و هەژار لەو یەکێتییەدا ڕێگەی پێنەدرێت بەتایبەت لەلایەن فرەنسا و ئەڵمانیا و شانشینی یەکگرتووەوە. خاڵی دووهەم ئەوەبوو کە کۆمیتەی ئەوروپا نیگەران بوو لەوەی تورکیا نەیتوانیبوو ڕەچاوی پێوەرەکانی ئەوروپا بکات لە مەسەلەکانی شەفافبوونی بودجە و توانای دارایی هاوڵاتی.
لەساڵی ٢٠١١دا کۆمیساریای ئەوروپا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە تورکیا شکستی هێناوە لە مەسەلەکانی دادوەری و کۆنترۆڵکردنی گەندەڵی و داوای ڕیفۆرمی زیاتری کرد لە دامەزراوە سیاسییەکانی تورکیادا. سەرچاوە تورکییەکان ئۆباڵی بەبنبەستگەیشتنی گفتوگۆکانیان خستە ئەستۆی هەوڵەکانی ئەوروپا کە گوایە دەیەوێت یەکێتی ئەوروپا بگۆڕێت بە یەکێتییەکی ناسنامەیی. هەستی نەرێنی جەماوەر لە ئەوروپا و تورکیادا کاری کردە سەر لێکدانەوە سیاسییەکانی سەرکردەکانی هەردوولا و خولێکی خراپی بێزاریی دروستکرد لە تورکیادا دژی بەئەوروپاییبوون و هێندەی تر خەڵکەکەی لە ئەوروپا یاخی کرد.
لە هەمان کاتدا داکشانی ئابووری ئەوروپا وایکرد خەڵکی تورکیا چیتر وەکو جاران مەبەستیان نەبێت بەخێرایی ببنە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا. کارەساتەکە لەوەدایە کە نەمانی مەیلی ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا لە هەمان کاتدا مەیلی چاکسازی زیاتریشی لە تورکیادا لەناو برد.
لە کۆتایی ٢٠١٣دا ڕسواییەکی گەورەی گەندەڵی حکومەتەکەی ئەردۆغانی گەمارۆ دا. کاتێک کە لێکۆڵینەوەکان نزیک بوونەوە لە سەرۆکی دەوڵەت و ئەندامانی خودی خێزانەکەی ئەویشی گرتەوە، ئەردۆغان دژە هێرشی دەستپیکرد بەرامبەر بە هاوپەیمانی پێشووی لە دروستکردنی بزووتنەوە موحافیزکارییەکەدا کە بزووتنەوەی گولەن بوو، ئەو بزووتنەوەیەی کە محەمەد فەتحوڵا گولەن دایمەزراند.
گولەن وەک سەرۆکی گەورەترین و کاریگەرترین ڕێکخراوی ئایینی لە تورکیادا، مسۆگەرکردنی لەلایەن ئەردۆغانەوە زۆر پێویست بوو بۆئەوەی بە پەیژەی دەسەڵاتدا سەربکەوێت. بەڵام ئەردۆغان لێی هەڵگەڕایەوە و کەوتە لۆمەکردنی لەسەر ئەوەی کە گولەن لەپشت وروژاندنی ئەو ڕسواییە و هاندانی لێکۆڵینەوەکانەوەیە و بەڵێنی دا تۆڵە لە لایەنگرەکانی گولەن بکاتەوە.
ئێستا کە حکومەتەکەی ئەردۆغان و پارتەکەی، پارتی داد و گەشەپێدان بەبێ ئەو ڕەوایەتییە دینییە کە پێشتر بەدەستیان هێنابوو بەهۆی هاوپەیمانێتییان لەگەڵ بانگخوازە جەماوەرییەکەدا کە فەتحوڵا گولەنە، گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە باشتر وایە حیزبەکەی وەک پارێزەری دین وێنا بکات. تازەترین ستراتیجی حکومەتەکە بریتییە لە بەهێزکردنی شەرعییەتە کەلتورییەکەی لەڕێی جەختکردنەوە سەر جیاوازییەکانی لەگەڵ خۆرئاوادا.
زۆر گرنگە سیاسییەکانی خۆرئاوا بەم سیاسەتە دەستخەڕۆ نەبن و سەرنجیان لەسەر ئەو گەندەڵییە لانەدەن کە شەرعییەتی حکومەتەکەی ئەردۆغانی داڕزاندووە. ئەردۆغان ڕایدەگەیەنێت کە دەوڵەتەکە عەلمانییە بەڵام تاک تیایدا ئیماندارە. ئەو دەزانێت چ بێئەقڵییەکە هەوڵبدات خەلافەتێکی نوێ دروستبکات لەسەر کەنارەکانی بۆسفۆڕ. ئەگەر ئەردٶغان هیچ خەسڵەتێکی ڕاستەقینە و بەردەوامی هەبێت ئەوەیە کە دەیەوێت پشتیوانی جەماوەری لەگەڵدا بێت ئەگینا پابەندی هیچ ئایدۆلۆجیایەک نییە. لە تورکیای ژێر سایەی ئەردۆغاندا، بوژاندنەوەی دەرفەتەکانی بازاڕ و زۆربوونی گرێبەستە حکومەتییەکان لەڕێی ئەو کەناڵانەوە دەبوون کە لەژێر چاودێری و دەسەڵاتی سەرکردایەتی سیاسییدا بوون. ئەمەش وایکردووە کە دەستەبژێرە سیاسییەکەی تورکیا پشت ببەستێت بە دەسەڵاتی ناوەندی بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و بەشداریکردنی ئابووری، بەڵام ئەمە لە هەمان کاتدا بوار دەڕەخسێنێت بۆ دەوڵەمەندبوونی کاربەدەستانی حکومەت و کەسانی تایبەت. چاودێرە بیانییەکان نیگەرانی ئەوەن کە ئەم سیاسەتە پاکتاوکارییەی ئەردۆغان سەربەخۆیی پەرلەمان و دەزگای دادوەری لاواز دەکات و هێندەی تر تورکیا لە ئەوروپا دووردەخاتەوە. بەڵام  ڕاستییەکە لەوەدایە کە لە تورکیادا هەرگیز دەزگای دادوەری و یاسادانان هێندە سەربەخۆ نەبوون کە بەهەند وەربگیرێت و یاسا نەیتوانیوە خۆی خۆی ڕێکبخات.
بەردەوامبوونی گەندەڵی لە ئاستە بەرزەکاندا ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ ئەو قەیرانە سیاسییەی کە ئێستا تورکیا خۆی تێدا دەبینێتەوە. گەندەڵی هەم سەرچاوەی قەیرانەکەی تورکیایە و هەم هۆکاریشە بۆ دوورکەوتنەوەی تورکیا لە دراوسێ خۆرئاواییەکانی.
تورکیایەکی شکستخواردوو کە خۆی لەت و پەت بکات باشترین سەرەنجام نییە نە بۆ ئەردۆغان و نە بۆ تورکیا و نە بۆ خۆرئاوا. تەنها دەست ڕاگەیشتن بە یەکێتی ئەوروپادا دەتوانێت کۆتایی بهێنێت بەو گفتوگۆیەی کە چۆن تورکیا چارەنووسی خۆی لە جیهاندا دەبینێت.ئەردۆغان زیان بە تورکیا دەگەیەنێت کاتێک کە دەڵێت تورکیا پێویستی بە ئەوروپا نییە یاخود کاتێک کە شەپۆلی کۆچبەران بەکاریدەهێنێت وەک کارتێکی سازشکردن.
لەڕاستیدا گەورەترین ڕێگر لەبەردەم دیموکراسی ڕاستەقینەدا لە تورکیادا شەرعیەتدانە بە دەوڵەتیكی بەهێز و ئەمەش بنەڕەتیترین جیاوازی تورکیایە لەگەڵ خۆرئاوادا.





 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure