عەرەب و چادر

بۆچوون / بیروڕا :: 26/09/2016

دواڕۆژ

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

ویستم هەڵبێم لە دیمەنەکانی حەڵەب. لەم بەشە لکێنراوە بە جەنگی دووەمی جیهانییەوە. هەڵبێم لە تەرمە بچووکەکان و لە بۆنی گۆشتی سووتاو. هەڵبێم لە درۆکانی لاڤرۆڤ و لە بۆمبە زیرەکەکان ئەم ناولێنانەم بەلاوە جوانە. بۆمبی زیرەک. ئەو بۆمبانەی کە هەڵدەکوتنە سەر تونێل و پەناگاکان. بۆمبی خێزانی کە خێزانەکان لە حەشارگاکانیاندا ڕاودەکەن. سەردەمەکەش سەردەمی پسپۆڕییە. ئەمەیان بۆمبێکە ئەو منداڵانە دەکاتە ئامانج کە لە کڕۆمۆسۆمەکانیاندا ئارەزووە تەکفیرییەکانیان شاردووەتەوە. ئەمەشیان بۆمبێکە بۆ پزیشک و فریاگوزارەکان. ئەوی دیکە بۆ ئەو یارمەتییە مرۆییانەیە کە ناگەن. ویستم هەڵبێم و ڕێگای باشورم گرتەبەر. ڕەنگە بۆئەوەی سەردەمێکم بێتەوە بیر کە تیایدا عەرەب بووین. عەبای عروبە خەنجەرەکانمان و ڕقیەکانمانی دادەپۆشی. کە شەودادێت بەسەر کەمپەکەدا محەمەد هەست بە تەنگە نەفەسی دەکات. لەبەرئەوە نا کە هەژارە چونکە هەژاری لەو کەمپەدا نیشتەجێیەکی دێرینە. لەبەر کەمبوونەوەی یارمەتییەکان و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و قەرەباڵغبوونی ژوورە بچکۆلە هەڵتۆقیوەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری، نییە. ئەو هەستە خەریکە دەیخنکێنێت کە ئەو لە کەمپەکەدا لەدایکبووە و هەر لەوێشدا دەمرێت. ڕێک وەک باپیری کە لە خاکەکەی خۆی دەرکرا و وەکو باوکی کە وێنەیەکی یاسر عەرەفاتی بە دیوارە داڕووخاوەکەدا هەڵواسی بوو.


محەمەد هەست بە تەنگەنەفەسی دەکات چونکە ساڵەکان وەکو لێدانی خەنجەر بەدوای یەکدا دێن. کوێرەوەرییەکە چەند بەرابەر دەبێت و هیوا و ئومێدەکانیش دەپوکێنەوە. یاسر تێپەڕی و چرای خەونی گەڕانەوەی داگیرساند. جۆرج حەبەش و ئەبوجیهاد و وەدیع حەداد تێپەڕین. تێپەڕین و ڕۆیشتن. هەوڵیاندا ویژدانی جیهان بێدار بکەنەوە و نەیانتوانی. ئۆردوگا زۆرەملێکان لەوێ زاووزێیان کرد و کەمپەکان لێرە ڕەگیان داکوتا.


هەوڵمدەدا سەرەداوەکانی چیرۆکی (تیرۆریستێکی بریقەدار) کۆبکەمەوە کە تاڵێک دۆستایەتی پێکییەوە دەبەستینەوە. پێش وادەکەی خۆم، گەیشتمە دەورووبەری کەمپی(عەین ئەلحلوە). لە شاری صەیدا و چوومە چایخانەیەکی میللی نزیک کەمپەکە. محەمەد پیاڵەیەک چای نەعنای بۆ هێنام. کەمی موشتەری گفتوگۆکەی نێوانمانی خێراکرد.


گوتی فەڵەستینییەکان وازیان لە مەسەلەکەیان نەهێناوە و وازیشی لێناهێنن. بەڵام تێپەڕبوونی کات داری بێهیوایی ئاو دەدات. گوتی ئەو هیلاک بووە بەدەست دروشم و کۆبوونەوەکانەوە و بەدەست گیروگرفتە ئەمنییەکان و ئەنجومەنەکانی ئاساییکردنەوەوە. هیلاک بووە بەدەست ڕووداوە تاکە کەسییەکان و کۆبوونەوەی گروپەکانەوە.
ڕەتیکردەوە کە کەمپەکە ئەنبارێک بێت بۆ تیرۆریستان هەرچەندە نکۆڵی نەکرد لەوەی خەڵکی لەخشتەبراوی تێدایە. گوتی کەمپەکە وەک ئەم جیهانی عەرەبییە وایە و توندڕەوەکان سوود لە لاوان وەردەگرن کە تووڕە و هیوابڕاون و ڕێگەی کورتکراوەی بەهەشتیان دەخەنە بەردەم. بەڵام جەختیکردەوە کە توندڕەوەکان کەمن.


ئەو پێیوابوو ئیسرائیل لەم ساڵانەی دواییدا بەبێ شەڕ سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە. هەروەها گوتی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل بە ئەمریکا و ڕوسیا و چین و وڵاتانی دیکەوە نیشانەی ئەوەن کە بە کردەوە ئاسۆ لەبەردەم فەڵەستینییەکاندا داخراوە.


باسی بەسەرهاتەکانی عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و لیبیای کرد، باسی ئەو کارەساتانەی کە بەسەر سوپاکانیان و گەلەکانیاندا هاتوون. ئەوەم پێ سەیر بوو کە گوتی نایەوێت زۆر بکڕوزێتەوە و لە ڕاستیدا ڕەنگە حاڵی دانیشتوانی گوندەکە باشتر بێت لە حاڵی ملیۆنەها عێراقی و سوریی. ترسی ئەوەی هەبوو کارەساتە سورییەکە کارێک بکات لاپەڕەی کارەساتە فەڵەستینییەکە بە یەکجاری بپێچرێتەوە. پێی لەوە نا کە فەڵەستینییەکان وەکو ئەوانەیان بەسەر نەهاتووە کە سواری بەلەمەکانی مەرگ بوون یان شاڵاوەکانی قەتلوعامکردن  و پاکتاوکردن پەلاماریان دابوو.
گوتی:(شەرم دەکەم کوێرەوەرییەکانی خەڵکی کەمپەکەت بۆ باس بکەم. ڕەنگە حاڵیان زۆر باشتر بێت لە حاڵی ڕاگوێزراوەکانی فەلوجە. بە دڵنیاییەوە چارەنووسیان باشترە لە چارەنووسی ئەوانەی کە خەڵکی (داریا) بوون. حاڵیان زۆر باشترە لە حاڵی گەڕەکە نەگبەتەکانی حەڵەب. لەوە دەچێت ئێمە تەنیا هەر فەڵەستینمان لەکیسنەچووە. زۆر دەوڵەت لەکیسچوون و زۆر پایتەخت مردن. منداڵەکانمان هیچ نەبێت هەر دەچن بۆ قوتابخانە ئەگەر چی ئاستی خوێندن نزم بێت. ئێستا ملیۆنەها منداڵی بچکۆلەی سوری و عێراقی تەمەنیان لە ئۆردوگاکاندا بەفیڕۆ دەڕوات. دەترسم مەینەتییەکەی ئێمە کەمتر بێت لە مەینەتییەکانی ئێستا و داهاتووی عەرەب).
محەمەد بە تەوسەوە گوتی:(ئەگەر هەموو ئەم بەسەرهاتانەی فەڵەستین و نەتەوەی عەرەب بەس نەبن بۆ ڕازیکردنی مەحمود عەباس و خالید موشعیل کە کۆببنەوە، ئیتر چاوەڕێیت ورەی خەڵکی کەمپەکە چۆن بێت؟ ئەگەر جۆن کیری نەتوانێت یارمەتییەکان بگەیەنێتە خۆرهەڵاتی عەرەب، ئیتر چۆن دەتوانێت نەتانیاهۆ ڕازی بکات مافی فەڵەستینیەکان بگێڕێتەوە؟).


چایخانەکەم بەجێهێشت و چووم بەسەروەختی کارەکەی خۆمەوە. لە ڕێگای گەڕانەوەمدا بۆ بەیروت قسەکانی محەمەد لە مێشکمدا دەنگیاندەدایەوە. ئێمە خەونمان بەوەوە دەبینی کە دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینی دروست ببێت و ڕێگە بدرێت بە دانیشتوانی کەمپەکان یاخود بە بەشێکیان کە بگەڕێنەوە بۆ سەر زەمینی باووباپیرانیان. نەماندەزانی ملیۆنەها عەرەب دەچنە پاڵ دانیشتوانی کەمپ و ئۆردوگاکان.
ئۆردوگا... ئۆردوگا.
هەموو کەمپێکی تازەش لەوەی پێش خۆی دژوارتر و ناخۆشترە. شارەکانیشمان پەیوەندییان بە ئێستا و ئایندەوە نەماوە و بوون بە ئۆردوگا و کەمپ. تەنانەت چەندین دەوڵەتیش بوون بە ئۆردوگا. نەبوونی دامودەزگا دەوڵەت دەکاتە کەمپێکی گەورە کە هەر کەمپی لێ بەرهەمدێت. بەمشێوەیە دەوڵەتەکان دابەشبوون بەسەر میلیشیا و کەمپ و حەڵاڵکردنەکاندا.
تەکفیر تەنیا هەر کەمپی دەبێت. توندڕەویی لە ئۆردوگا زیاتر هیچی دیکەی لێ چاوەڕوان ناکرێت. سەرکوتگەرایی کورتترین ڕێگایە بۆ بڵاوکردنەوەی کوێرەوەری و کەمپەکان. دابڕان لەگەڵ سەردەمدا شارە ڕەسەنەکانی دەکاتە ئۆردوگای کوشندە. نەکرانەوە زانکۆکان دەکات بە کەمپی تاریک. لەم تاریکییەشدا میلیشیاکان لەدایکدەبن و نەشونما دەکەن و درێژە دەکێشن. مافەکانی مرۆڤ و دەستورەکان و ڕۆحی پایتەخت و شارەکانیش هەڵدەلووشرێن. لەم سەردەمی ئۆردوگا و میلیشیایەدا واوەیلا بە حاڵی نەوەکانمان.   





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure