كودەتاكان لە جیهاندا و بەشی عەرەب تێیاندا

بۆچوون / بیروڕا :: 25/09/2016

دواڕۆژ

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


هەندێك ئاماری راستم دەربارەی مێژووی كودەتاكان لە هەموو جیهاندا دەستكەوت، وامدەزانی لەم رووەوە لە ریزی پێشەوەین كەچی سەرم لەوەسوڕما كە لەمیشدا هەر لەدواوەین.

ئیسپانیا پێش جیهان كەوتووە لە ژمارەی كودەتا سەركەوتوو و سەرنەكەوتووەكاندا، 36 كودەتای تێداكراوە. دوای ئەو هایتی دێت بە 25 كودەتا كە دواترینیان لە ساڵی 1991 دا بووە كاتێك جان بێرنار ئەریستید-ی پێ‌ لابرا. ئینجا تایلەند كە 21 كودەتای تێدا كراوە. پاشان یۆنان بە 16 كودەتا و پۆلیڤیا بە 14 كودەتا و سویسرا (بەڵێ‌ سویسرا) بە 12 كودەتا كە دواترینیان لە ساڵی 1839 دا بووە و یۆگۆسلاڤیا بە 11 كودەتا و توركیا بە 10 دانە كودەتا و بەدوایدا هەردوو وڵات فلیپین و بۆركینافاسۆ بە نۆ كودەتا و دواتریش بەدوای یەكدا هەریەك لە لاوس و ئەرژەنتین و نێجیریا و بەنگلادش و ڤەنزویلا و سیرالیۆن و ئێران و لیسۆتۆ دێن. 


دوا كودەتای یۆگۆسلاڤیا لە ساڵی 2000 دا بوو كە گەل هەستا و سەرۆك سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ-ی لادا. بەڵام لە توركیا دوا كودەتا ئەوەی 15/7 ی ئەم ساڵ بوو كە ژەنراڵ و كۆڵۆنێڵەكان هەوڵیاندا دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕووخێنن و شكستیانهێنا. دنیای پێشكەوتوو لە ژمارەی كودەتاكانیشدا هەر لەپێش ئێمەوەن، چین 15 و ژاپۆن هەشت كودەتایان تێداكراوە. فرەنسایش لەساڵی 1958 دا دیگۆل-یان بەكودەتایەك هێنایەوە دەسەڵات و لە ساڵی 1961 دا كودەتایەكی سەرنەكەوتووی لە دژ كرا. شانشینی یەكگرتوو (بریتانیا) دوو هەوڵی كودەتای تێدا ئەنجامدراوە كە بەشایانی ئەوەیان نازانم تۆمار بكرێن، بەڵام ئینگلتەرا چوار كودەتای هەیە كە دواترینیان لە ساڵی 1688 دا بووە. ئەڵمانیایش سێ‌ كودەتای بەخۆیەوە بینیوە، دواترینیان هەوڵە شكستخواردووەكەی ساڵی 1944 بوو كە ژەنراڵەكان رێكیانخستبوو بۆ كوشتنی هیتلەر، فیلمێكیشم لەسەر ئەم بابەتە بینیوە. ویلایەتە یەكگرتووەكانیش چوار هەوڵی كودەتای تێداكراوە كە دواترینیان ساڵی 1933 بووە و وایدەبینم كە زیادەڕۆییە ئەگەر بە هەوڵی كودەتای دابنێم. 


ئەمەی سەرەوە كە درێژەی كێشا، پێشەكی بوو پێش ئەوەی بگەمە دەوڵەتە عەرەبییەكان. وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاریی هیچ كودەتا یان هەوڵێكی كودەتاییان تێدا رووینەداوە. لەگەڵ ئەوەیشدا تۆماری ئەوە هەیە كە سوڵتان قابوس لەساڵی 1970 دا چووە جێگەی سوڵتان سەعید بن تەیمور-ی باوكی.
سوریا بە هەشت كودەتاوە كەوتووەتە ریزی پێشەوەی وڵاتە عەرەبیەكانەوە، یەكەمیان ئەوەی حوسنی زەعیم بوو كە ساڵی 1949 بەسەر شوكری قوەتلی-دا كردی و دواترینیشیان ئەوەی ساڵی 1970 ی حافز ئەسەد بوو بەسەر سەلاح جەدید-دا. دوای ئەو عێراق دێت بە شەش كودەتا كە دواترینیان لابردنی سەرۆك عەبدولڕەحمان عارف بوو لەلایەن ئەحمەد حەسەن بەكر-ەوە لەساڵی 1968 دا. كودەتاكەی سەر مەلەكی-م لە ساڵی 1958 دا لە بیرە كە هەرزەكارێك بووم و بەیانیەكەی میلی رادیۆكەم دەگێڕا و بەدوای كودەتای سوریادا دەگەڕام، لەپڕ كەوتم بەسەر كودەتا خوێناویەكەی بەغدا-دا.


جوزرولقەمەر-یش كە ئەندامی كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەبە، پێنج كودەتای هەیە. بەڵام تونس سێ‌ كودەتای هەیە كە یەكێكیان دەسەڵاتگرتنەدەستەكەی حەبیب بۆرقێبە بوو لە ساڵی 1958. مەغریب-یش دوو هەوڵی شكستخواردووی هەیە لە دژی شاحەسەنی دووەم لە ساڵەكانی 1971 و 1972 دا، ئەمەی دووەمیان محەمەد ئەوفەقیر كردی و باجی پیلانەكەی دا. هەر لەو ئامارانەدا ئەوەیشم بینی كە میسر چوار كودەتای تێدا كراوە، بەڵام من وایدەبینم كە هەندێكیان لەڕاستی لایانداوە، چونكە تۆمارەكە دەڵێت ئەلموشیر محەمەد تەنتاوی لەساڵی 2011 دا سەرۆك حوسنی موبارەك-ی لابردووە، ئەمەیش بەهیچ جۆرێك راست نییە، چونكە سەرۆك موبارەك دەستی لەكاركێشایەوە و نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەوە لەلایەن لیوا عەمەر سلێمان-ەوە خوێنراوە، خوا لەویش و لە ئێمەیش خۆش بێت. هەروەها قسەی ئەوەیش هەیە كە عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگریی كاتی خۆی، سەرۆك محەمەد مورسی-ی لابردووە، بەڵام ئەوەی هەیە ئەوەبوو كە خۆپیشاندانی ملیۆنیی دژی مورسی بەرپاكرا و سوپایش چووەناوەوە بۆ پاراستنی وڵات لە هەرەس و داڕووخان.  


لە لیبیایش تەنیا یەك كودەتا كراوە، ئەویش ئەوەی (ئەلفاتح)ە لە (یەك)ی سێپتەمبەری 1970 دا كە سەرهەنگ موعەمەر قەزافی بەسەر شائیدریس سنوسی-دا كردی. پێش رووخانی قەزافی و دوای رووخانیشی نەچوومەتە لیبیا، بەڵام جارێكیان قەزافی فەرمانی بە برام موسا كوسە كردبوو كە بمكوژێت، ئەویش پەنای بردووە بەر برام عەبدولڕەحمان شلقم و فەرمانەكەی جێبەجێ‌ نەكرد.
من وامدەزانی لە هەموو شتێكدا لەدوای جیهانەوەین بێجگە لە كودەتا سەربازیەكان، كەچی سەیر دەكەم لەویشدا دوانەفەرین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure