چله‌كه‌ى له‌ سلێمانى یه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 25/09/2016

 + ئه‌رێ ئوستاز!
-گیانى ئوستاز.
+ تێم ناگه‌یه‌نى ماڵى كاكه‌ حه‌مه‌ى ئه‌وبه‌رمان بۆچى تا ئێستا مه‌ڕه‌كه‌یان سه‌رنه‌بڕیوه‌؟
-سه‌ریان نه‌بڕیوه‌؟
+ نه‌خێر نه‌وه‌ڵـڵا.. به‌حساب بۆ قوربانیى كڕییان كه‌چى ئێستاش هه‌ر باعه‌ى دێت.. سه‌ریان نه‌بڕیوه‌.
-ده‌ ئه‌وه‌ ره‌نگه‌ ته‌حقیقى ته‌واو نه‌بووبێ.
+ ئه‌وه‌ بۆچى تۆ هه‌موو شتێ ئه‌كه‌ى به‌ گاڵته‌!؟.
-هه‌تیو ئه‌ى من چووزانم مه‌ڕه‌كه‌ بۆ سه‌رنابڕن؟!. عیلمى غه‌یبم پێ یه‌؟ ئۆبامام؟
+ یه‌عنى تۆ ئۆباما به‌ موهیم ئه‌زانى؟!
-چۆن موهیم نى یه‌ رۆڵه‌! ره‌ئیسى ئه‌و ئه‌مریكا زل و زه‌به‌لاحه‌یه‌. ئاره‌زووى لێ بێ به‌ ئیشاره‌تێك دنیا ژێره‌وزه‌به‌ر ئه‌كات. ئیتر چۆن موهیم نى یه‌؟! موهیمه‌ و ئه‌ولاتریش.
+ وه‌ڵـڵا نه‌ موهیمه‌ و نه‌ ته‌ڕه‌ماش. ئه‌ویش عه‌ینه‌ن من و تۆ وایه‌.
-چۆن عه‌ینه‌ن من و تۆ وایه‌ هه‌تیو؟
+ چاك. با پرسیارێكت لێ بكه‌م، ئایا ئه‌ویش كه‌ به‌یانیان هه‌ڵئه‌سێ؟
-ئێ؟
+ میزى دێ یان نا؟ كه‌واته‌ كه‌س له‌ كه‌س موهیمتر نى یه‌.
-كه‌س له‌ كه‌س موهیمتر نى یه‌؟
+ نه‌‌و.
-ئه‌ى قه‌نات؟.. هیچ قه‌ناتێكیش له‌ هیچ قه‌ناتێك موهیمتر نى یه‌؟
+ مه‌وزوعه‌كه‌ به‌ملاولادا مه‌به‌ به‌گم. با تووشى رووداوێكى ناخۆش نه‌بم. من باسى ئینسان ئه‌كه‌م، ئه‌ڵێم كه‌س له‌ كه‌س موهیمتر نى یه‌.
-ئه‌ى وه‌زاره‌ت؟
+ با.. وه‌زاره‌ت هه‌یه‌ سه‌د ئه‌وه‌نده‌ى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى به‌رامبه‌رى حه‌كیمتر و موهیمتره‌.
-مه‌سه‌له‌ن كام وه‌زاره‌ت؟
+ وه‌زاره‌تى شه‌هیدان. ئه‌زانى بۆ... كابرا له‌ دهۆك شه‌هید بووه‌.
-ئێ؟
+كه‌چى وه‌زاره‌ت ئه‌چێ له‌ سلێمانى چله‌كه‌ى بۆ دائه‌نێ.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure