ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌تى تاك حزبى

بۆچوون / بیروڕا :: 22/09/2016

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
رۆژ دواى رۆژ توركیا به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات كه‌ ببێته‌ وڵاتى تاكه‌ حزب، چونكه‌ كوده‌تا سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كه‌ى 15 ى ته‌موز، بیانووى دایه‌ سه‌رۆك ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان بۆ له‌ناوبردنى هه‌موو ركه‌به‌ره‌كانى. بۆچوونه‌كان ده‌ڵێن سه‌رۆك ده‌یزانى كه‌ كوده‌تاكه‌ ده‌كرێت به‌ڵام وازى لێهێنا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى پاساوێك بێت بۆ سیاسه‌ته‌كانى دواترى. ئایا ئه‌وه‌ به‌ عه‌قڵدا ده‌چێت كه‌ سه‌دان ئه‌فسه‌رى باڵا پیلانگێڕیى بكه‌ن و ده‌وڵه‌ت هیچ ئاگایه‌كى لێیان نه‌بێت؟. به‌ڵكو پیلانده‌گێڕن و سه‌رۆك و سه‌ره‌ك وه‌زیرانه‌كه‌ى وازلێدێنن، شوێنى هه‌ردووكیشیان ده‌زانرێت، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌ڵمه‌تى دژى كوده‌تاچییه‌كان بكه‌ن. یان هه‌وڵدان بۆ كوده‌تاكردن سه‌ره‌تا به‌ده‌ستگیركردنى سه‌ره‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌ستپێده‌كات. كه‌چى ئه‌ردوغان ده‌خرێته‌لاوه‌ و (مۆبایل) به‌كاردێنێت له‌دژى كوده‌تاچییه‌كان.


ئه‌نجامه‌كه‌ ده‌ستگیركردنى 40 هه‌زار كه‌س و ده‌ركردنى زیاتر له‌ سه‌د هه‌زار كه‌سى تره‌ له‌ سوپا و پۆلیس و دادگا. پێش ئه‌وه‌یش پزیشكان و پسپۆرانى نه‌خۆشخانه‌كان تۆمه‌تباركران به‌وه‌ى كه‌ ژنانى سۆزانى به‌كاردێنن بۆ سیخوڕیكردن به‌سه‌ر ئه‌فسه‌رانى سوپاوه‌، ئه‌وه‌بوو دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ 336 كه‌سیانى بێتاوان ناساند.

پێشتریش عه‌بدوڵـڵا گویل پارتى داد و گه‌شه‌پێدانى دامه‌زراند نه‌ك ئه‌ردۆغان. كاتێك كه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ بوو ناسیم، پیاوێكى میانڕه‌و بوو، له‌داڤۆس له‌گه‌ڵیدا دانیشتم و پێكه‌وه‌ قسه‌ و باسمان كرد. دواتر بووه‌ سه‌ركۆمار، به‌ڵام لایه‌نگرانى ئه‌ردۆغان دژایه‌تییان كرد چونكه‌ له‌وه‌ ده‌ترسان ببێته‌ ركه‌به‌رى ئه‌ردۆغان و ئه‌وه‌بوو ئیتر لایانبرد. 

له‌به‌ر كاره‌كه‌ى خۆم ئاگام له‌ دۆخى رۆژنامه‌وانیى توركیا هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌یش كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى ئه‌وێ به‌ڕێگه‌ى مه‌راسیم وڵات به‌ڕێوه‌ده‌بات، بۆیه‌ زیاتر له‌ سه‌د رۆژنامه‌نووسى ده‌ستگیركردووه‌ و 45 رۆژنامه‌ و 16 كه‌ناڵى ته‌له‌فزیۆن و 23 ئێستگه‌ى رادیۆ و سێ ئاژانسى هه‌واڵ و 15 گۆڤار و 29 خانه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى داخستووه‌. ده‌ڵێم وڵاتانى پێشووى سیستمى شیوعییش كارى وایان نه‌كردووه‌. هه‌وڵى حكومه‌تى توركیا له‌ دژى میدیا و راگه‌یاندن گه‌یشته‌ بریتانیایش، له‌وێیش رۆژنامه‌ لۆكاڵه‌كه‌ى (زه‌مان)ى داخست و ئه‌وه‌یشم خوێندووه‌ته‌وه‌ كه‌ لایه‌نه‌كانى سه‌ر به‌ حكومه‌تى توركیا داوا له‌ توركه‌كانى دانیشتووى بریتانیا ده‌كه‌ن سیخوڕیى به‌سه‌ر یه‌كترییه‌وه‌ بكه‌ن.

لایه‌نگرانى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان تا ئه‌مڕۆیش ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن له‌پشت ئه‌و هه‌وڵى كوده‌تایه‌وه‌ بووه‌ كه‌ فه‌تحوڵـڵا گویله‌ن-ى بانگخواز له‌ تاراوگه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كه‌ى خۆیه‌وه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان،  سه‌ركردایه‌تى كردووه‌. نوعمان كورتولمۆس جێگرى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى توركیا، سه‌ره‌نجام وتى كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌پشت هه‌وڵه‌ كوده‌تاییه‌كه‌وه‌ نییه‌. حكومه‌تى ئه‌مریكایش ده‌ڵێت ته‌ماشاى داواكاریه‌كه‌ى توركیا بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ى گویله‌ن ده‌كات. هه‌ر بۆ زانیارییش، په‌یوه‌نیه‌كانى ئه‌مریكا-توركیا ئاڵۆزه‌ و رێككه‌وتننامه‌كه‌ى توركیا و ئه‌وروپایش ده‌رباره‌ى په‌نابه‌ران، به‌باچوو.

گویله‌ن لایه‌نگرى له‌ توركیادا و چالاكیى له‌ هه‌موو لایه‌كى جیهاندا هه‌یه‌ له‌ شێوه‌ى كۆمه‌ڵه‌ى خێرخواز و قوتابخانه‌دا. نكۆڵى له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هیچ رۆڵێكى بووبێت له‌ هه‌وڵى كوده‌تاكه‌دا و ده‌رباره‌ى هه‌ڵوێستى ئێستاى توركیایش ده‌ڵێت (رۆژێكى ره‌شه‌ له‌ مێژووى جیهاندا). بنالى یه‌ڵدرم سه‌ره‌ك وه‌زیرانیش ده‌ڵێت ده‌ستگیركراوه‌كان دانیان به‌وه‌داناوه‌ كه‌ گویله‌ن رۆڵى هه‌بووه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ له‌ژێر  هه‌ڕه‌شه‌دا بووبێت یاخود دواى ئه‌وه‌ بووبێت كه‌ به‌ڵێن به‌وانه‌ درابێت كه‌ ئه‌گه‌ر ئیعتراف بكه‌ن ئازاد ده‌كرێن.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌م نزیكانه‌ گویله‌ن راده‌ست ناكاته‌وه‌ و داواكاریى گێڕانه‌وه‌ى چه‌ندین مانگ لێكۆڵینه‌وه‌ى پێویسته‌ پێش ئه‌وه‌ى بڕیارى له‌باره‌وه‌ بدرێت. باراك ئۆباما-یش چوار مانگێكى له‌ كۆشكى سپیدا ماوه‌ و بڕوا ناكه‌م بیه‌وێت له‌ تۆمارى سیاسیى خۆیدا ئه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ پیاوێكى راده‌ستكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ بێ تاوان بێت. 

ئێستا هه‌ڕه‌شه‌ى چه‌وساندنه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌لاحه‌دین ده‌یمیرتاش-ى  سه‌ركرده‌ى پارتى گه‌لى دیموكراتى لایه‌نگرى كورد هه‌یه‌ كه‌ له‌ دواهه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌ى به‌ده‌ستهێنا. داواكارى گشتیى توركیا ده‌یه‌وێت لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا بكات كه‌ گوایه‌ لایه‌نگریى تیرۆرى كوردى و به‌ دیاریكراوییش پارتى كرێكارانى كوردستانه‌، یان گروپه‌كه‌ى عه‌بدوڵـڵا ئۆجه‌لان. ده‌میرتاش ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ بچێته‌ به‌رده‌م لێكۆڵه‌ران و له‌ نوسینگه‌ زانراوه‌كه‌ى خۆى له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌وامى خۆى ده‌كات. هه‌ندێك هه‌ن پێیانوایه‌ كه‌ خۆى ده‌یه‌وێت ده‌ستگیربكرێت بۆ ئه‌وه‌ى سۆزى خه‌ڵكى به‌لاى خۆیدا رابكێشێت. هه‌ر بۆ بیرهێنانه‌وه‌، ئه‌ردۆغان خۆیشى له‌ساڵى 1999دا ده‌ستگیركراوه‌ و چوار مانگ له‌ به‌ندیخانه‌دا بووه‌، دوایى ده‌ركراوه‌ و پارتى داد و گه‌شه‌پێدان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2002 دا سه‌ركه‌وت و ئابوریى توركیاى هه‌ستانه‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ى له‌ موماره‌سه‌كردنى دیموكراتیدا بكه‌وێت. ئه‌ردۆغان لایه‌نگرى زۆرى هه‌یه‌ و ره‌نگه‌ زۆرینه‌ى گه‌لى توركیاى له‌گه‌ڵدا بێت، به‌ڵام (وه‌ك شاعیره‌كه‌ ده‌ڵێت) موڵكێكى پێ به‌خشراوه‌ و نازانێت به‌ڕێوه‌ى ببات.
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure