ماركس و بیتاقە

بۆچوون / بیروڕا :: 07/04/2016

دواڕۆژ

+ پیشە؟
- شاعیر قوربان.
+ رۆڵە گیان شاعیریی كەی پیشەیە پیشە یەعنی ئەو كار و كاسپی یەی كە ئەیكەیت و دوو پولت لێ‌ دەست ئەكەوێ‌.
- بەسەری تۆ پیشەكەم شاعیرە.
+ ئەمەیە ئاخر زەمان. یەعنی جەناب عالی بە شیعر ئەژیت؟!.
- بە شیعر نا قوربان. بە دەستخۆشانەی شیعر.
+ ئاخر كوڕە شیرینەكەم ئەم نەوعە بەرهەمە فیكرییانە بەپێ ی تەعریفەكەی ماركس....
- نەكەی بەقوربانی جەددت بم. باسی ماركس نەكەی ئاممان.
+ وەڵـڵا ئەیكەم. ماركس گەورەترین ئەقڵ بوو كە سیستمە بۆگەنەكەی سەرمایەداریی بۆ تەحلیل كردین.
- چیتر؟
+ وەك هێلكەی پاككراو خستی یە بەردەستمان و  وتی ئەم نیزامە دڕندەیە یەك خوا ئەپەرستێت ناوی قازانجە.
- چیتر؟
+ چەكێكی فیكریی وای دایە دەست چەوساوەكان بە حەیاتی باوكیان خەویان پێوە نەبینیوە.
- ئاخری خێربێ‌ ئیشەڵــڵا.
+ تەبعەن ئاخری خێر ئەبێ‌ و هاكا بینیت ئەم سیستمە سەرمایەداری یە رزیوەی تەفر و تونا كرد.
- یاخوا قسەی تۆ بێت گەورەم. بەڵام ئەم سیستمەی كە تۆ بەڕزیوی ئەزانی
+ ئێ‌ ؟!
- ماڵت بە قوڕنەگیرێ‌ كارێكی كردووە خەڵك كە بیەوێ‌ بچێت بۆ سەر قەبرەكەی ماركس...
+ ئێ‌ ؟!
- ئەبێ‌ بیتاقە ببڕێ‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure