دوو جاسوسی کۆن و دۆناڵد ترامپ

بۆچوون / بیروڕا :: 22/09/2016

دواڕۆژ

سەرچاوە: نیویۆرک تایمز
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

لە مەسەلەی هەڵسەنگاندنی پێشبڕکێی سەرۆکایەتیدا، من ئەوەم پێ باشترە گوێ لە جاسوسەکان بگرم. جاسوس بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە ڕێکوڕاست مەسەلەکە باس دەکات و ناماقوڵییەکە دەبینێت و دەدات لە بنی هەمانەکە. حاڵی حازریش دوو گەورە جاسوسی پێشین نامەی ئاشکرا دەنێرن سەبارەت بەوەی ئەگەر دۆناڵد ترامپ بە سەرۆک هەڵببژێردرێت چ واتایەکی دەبێت بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانە خۆرئاواییەکان.


خانمان- ئاغایان، من سەرۆکی پێشووتری دەزگای سی ئای ئەی(ڕۆبەرت گەیتس) و دوژمنە دێرینەکەی و عەمیلی پێشووی کەی. جی. بی، سەرۆک ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆکی ڕوسیا-تان پێشەکەش دەکەم. پۆتین دەنگ بە ترامپ دەدات. گەیتس دەنگی پێنادات.


لە نووسینێکدا لە وۆڵ ستریت جۆرناڵ، گەیتس، کە هەروەها وەزیری بەرگری بوو لە حکومەتەکانی بوش-ی کوڕ و باراک ئۆبامادا، ڕەخنەی گرتووە لە هیلاری کلینتۆن و دۆناڵد ترامپیش چونکە نەیانتوانیوە هەڕەشەکانی ڕوسیای سەردەمی پۆتین بەجدی وەربگرن. گەیتس دەڵێت بەڵام ترامپ لەگەڵ پۆتیندا هێندە دوور ڕۆیشتووە کە نابێ هیچ کەسێک هێندە بڕوات ئەگەر بەتەمابێت ببێتە سەرۆکی ئەمریکا:[ستایشکردنەکانی پۆتین و ڕژێمە دیکتاتۆرەکەی لەلایەن ترامپەوە ساویلکە و نابەرپرسیارانەن].


(گەیتس دەڵێت؛ بەڵێ کلینتۆن بیروبۆچوونی تایبەتی خۆی هەیە لەسەر مەسەلەی ئاسایشی نەتەوەیی و بیروبۆچوونەکانیشی ڕستگۆیانەن بەڵام ئەوانەی دۆناڵد ترامپ مەگەر هەر خۆی پەسەندیان بکات. ئەو پشتگیریی ڕاگەیاندووە بۆ دروستکردنی دیوارێک لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و مەکسیکدا؛ هەروەها پشتیوانی دەکات لە کوشتنی تیرۆریستی گومانلێکراو و خێزانەکانیان؛ پشتیوانی دەکات لە سەرکردایەتییە دیکتاتۆرییەکەی پۆتین و لە سیاسەتی سەدام حسێن دژی تیرۆریزم کە گوایە سیاسەتێکی سەرکەوتوو بووە. هەروەها ترامپ گوتویەتی لایەنگری ئەوەیە کە چاوبخشێنرێتەوە بە بەشدارییە داراییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پەیمانی ناتۆدا و هەروەها کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆریای باشور و ژاپۆن و هەروەها بەرامبەر ئەو دوو وڵاتەیش کە برەو بە چەکە ئەتۆمییەکانیان دەدەن- و ئەمانە تێڕوانینێکن کە بە توندی ئاسایشی جیهان دەشێوێنن.)


گەیتس دەڵێت هیلاری کلینتۆن هێشتا کاتی بەدەستەوە ماوە بڕیار و سیاسەتە گشتییەکانی ڕابگەیەنێت و دەنگی خەڵکی وەکو گەیتس بەدەستبێنێت. بەڵام دەربارەی ترامپ دەڵێت:(لە مەسەلەی ئاسایشی نەتەوەییدا من پێموایە ترامپ بە کەڵکی چاککردن نایەت و تەواو بێئاگایە لە جیهان و نازانێت چۆن حکومەتەکەمان و وڵاتەکەمان بەڕێوەببات و لەڕووی مەزاجیشەوە گونجاو نییە سەرکردایەتی هێزە سەربازییەکانمان بکات. ئەو توانا و شایستەیی ئەوەی نییە ببێتە سەرکردەی باڵای هێزە چەکدارەکان).


من سوپاسی گەیتس دەکەم سەبارەت بەم ڕاشکاوییەی. چونکە تا ئێستا بایەخی تەواو نەدراوە بە تێڕوانینەکانی ترامپ سەبارەت بە ئاسایشی نەتەوەیی.
من دڵنیام ئەگەر ترامپ فەرمان بە ئەفسەرەکانی سوپا و کارمەندەکانی حکومەت بکات تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان سەرببڕن، یاخود ماڵ بە ماڵ بگەڕێن بۆ دەرکردنی پەنابەرە نایاساییەکان، یاخود جەنگی بازرگانی لەگەڵ چین و مەکسیکدا دەستپێبکات یاخود ئابڵوقە بخاتە سەر موسڵمانەکان، ئەوا سەربازەکان و کارمەندەکان دەست لەکاردەکێشنەوە. ترامپی گێرەشێوێن بووە یەکەمین پاڵێوراو و پاشان بوو بە یەکەمین دەستنیشانکراوی گێرەشێوێنی سەرۆکایەتی و ئەگەر ڕێگەشی پێبدرێت دەبێتە سەرۆکە گێرەشێوێنەکە.


خەسڵەتێکی باشە بۆ سەرکردە کە نەزانرێت هەنگاوی داهاتووی چییە بە مەرجێک سەرۆکەکە بزانێت بەرەو کوێ دەڕوات و بزانێت ئەو پۆستە ئامڕازێکە بۆ ناهاوسەنگکردنی دوژمنان. بەڵام ئەگەر غافڵگیرییەکە بەهۆی ئەوەوە بێت کە کابرا هیچ دیسپلینێکی نییە؛ پێیوایە بابەتەکانی وەک داعش تەنیا بۆ تاقیکردنەوەی پیاوەتیین؛ یان لەبەرئەوەی هەرچی بەدەمتدا بێ بیڵێی چونکە مەسەلەکەت شرۆڤە نەکردووە؛ یان بەهۆی ئەوەوەبێت کە نەزانیت ئەگەر بە وڵاتانی وەکو ژاپۆن و کۆریای باشور و بە هاوپەیمانەکانی ناتۆ بڵێین کە ئیتر ناتانپارێزم لە ڕوسیا و چین ئەوا دەڕۆن و چەکی ئەتۆمی خۆیان بەدەستدێنن و جیهان لەم دۆخەی ئێستا نائارامتر دەکەن، لەڕاستیدا ئەمجۆرە غافڵگیرییەیە کە هاوپەیمانێتییەکان تێکدەشکێنێت و بێسەروبەری دروست دەکات و دەبێتە مایەی هەڵگیرسانی شەڕ.
هەر لەبەرئەمەیە پۆتین هێندە خۆشحاڵە. بەڕێکەوت نییە پۆتین ستایشی ترامپ بکات و بڵێت (بێ هیچ دوودڵییەک ترامپ بەڕاستی کەسێکی بلیمەت و بەهرەدارە). هەروەها ڕێکەوتیش نییە کە سیخوڕە ئەلەکترۆنییەکانی پۆتین هەڵمەتەکەی کلینتۆن و تۆمارەکانی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی ئەمریکایان هاک کرد- مەبەست لەم کارە دزەپێکردنی زانیاری وابوو کە ببێتە مایەی تەنگەتاوکردنی کلینتۆن- کەچی دەستنەبەن بۆ هەڵمەتەکەی ترامپ و تۆماری کۆماریخوازەکان. لەڕاستیدا مەسەلەکە ئەوەیە پۆتین هەمان ئەو شتە دەزانێت کە گەیتس دەیزانێت: ترامپ ئەگەر ببێت بە سەرۆکی ئەمریکا واشنتۆن و هاوپەیمانانی خۆرئاوا دەخاتە گێژاوەوە.


جگە لەمانەش، لەساڵی ڕابردوودا ترامپ هێندە درۆی گەورەی کردووە، من نازانم چ ڕێگرێک هەیە کە ئەمریکا تووشی شەڕ نەکات؟ کێ بڕوا دەکات بەو قسانەی کە کردوونی و دەیانکات؟.
هەروەها ترامپ هێندە سوکایەتی کردووە بە هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆدا، مەحاڵە بتوانم بیهێنمە بەرچاوی خۆم ئەو ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتییەکە بکات، بەتایبەت ئەگەر بمانەوێت ڕێگریی بکەین لە بەرفراوانبوونی زیاتری ڕوسیا. هەروەها ترامپ چۆن دەتوانێت گەلانی کەنداوی عەرەبی دژی داعش و لەبەرامبەر ئێراندا ڕێکبخات لەکاتێکدا کە ئەو دەڵێت عەرەب نابێ ڕێی پێ بدرێت داخڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان ببێت. کێ دەیەوێت هاوکاریی لەگەڵدا بکات؟
ترامپ بەردەوام قسەی توندڕەوانە دەکات و پاشان لێیان پاشگەز دەبێتەوە یاخود دەڵێت لێکدانەوەی خراپ بۆ قسەکانم کراوە. بیهێنەرە بەرچاوی خۆت ئەمە چ بێسەروبەرییەک لە دیپلۆماسی ئەمریکادا دروست دەکات.


لەبەرئەمەیە پۆتینی شەڕانی ستایشی ترامپ دەکات. ترامپ، وەک کەسێکی نەرجسی، پێیوایە پۆتین بەڕاستی ستایشی خەسڵەتە قیادییەکانی دەکات. نەخێر دۆناڵد. مەسەلەکە ئەوەیە پۆتین هەر بە تەماشاکردن مرۆڤی گێرەشێوێن دەناسێت و پێیوایە ئەگەر ئەمریکا بکەوێتە دەستی پیاوێکەوە کە هاوکات لە ئەوروپا و پەکین و مەکسیک و ئەمریکای باشور و جیهانی ئیسلامیدا زۆر بێزراوە، ئەوا خەونێکی پۆتین دێتەدی. خەونێکی وا کە دەزگای کەی. جی. بی جارانیش هەرگیز نەیدەتوانی بەدییبهێنێت.


کەواتە ئەی گەنجانی وڵات گوێبگرن: هیلاری وەجاخی ئێوە ڕوون ناکاتەوە؟ زۆرباشە. لەگەڵتاندام. هیلاری پاڵیوراوێکی ناتەواوە. بەڵام بەرپرسیارانە دەتوانێت کاروبارەکانی دەوڵەت بەڕێوە ببات. ترامپ کەڵکی چاککردنی پێوەنییە و نەک هەر وەجاخەکە ڕوون ناکاتەوە بەڵکو هەموو ماڵەکەش دەسوتێنێت. لە جاسوسە کۆنەکان بپرسن. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure