ترامپ خۆی بە دۆڕاندن دەدات

بۆچوون / بیروڕا :: 21/09/2016

سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
لە ڕووی بەرنامە و هەڵسوکەوتەوە پاڵێوراوە کۆمارییەکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، بووەتە بابەتی سەرەکی توێژەران و کۆمێنتنووسان و پسپۆڕانی ڕاپرسییەکان. ئەوەی زۆر کەسی سەرقاڵکردووە ئەوەیە کە ترامپ نامەی دژ بەیەک بۆ لایەنە جیاجیاکان دەنێرێت کە ئەنجامەکانی ئەم کێبڕکێیەیان بەلاوە گرنگە و هەروەها خەڵکەکە لەوە تێناگەن کە بۆچی لە هەموو شوێنێک دوژمن بۆ خۆی دروستدەکات، یەکێک لەوانە ئیسلام و موسڵمانەکانن بەوەی کە دەیەوێت ڕێگریی بکات لە کۆچکردنی موسڵمانان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و توندکردنی ڕێوشوێنەکانی چاودێریکردنی مزگەوت و شوێنە تایبەتەکانی موسڵمانان. هەروەها ئاماژەش دەکات بەوەی کە دەیەوێت موسڵمانە ئەمریکاییەکان بکاتە هاووڵاتیی پلە دوو بەوەی کە نیشانەیەکی وا هەڵبگرن جیایان بکاتەوە لە هاووڵاتییە ناموسڵمانەکان. هەروەها ترامپ دەیەوێت گەمە بە فاکتەرە ڕووسییەکە بکات و نامەی دۆستانە بۆ مۆسکۆ دەنێرێت و ستایشی سەرۆک پۆتین دەکات و بە کەسێکی چاکتری دەزانێت لە (باراک ئۆباما)ی سەرۆکی وڵاتەکەی خۆی. لەکاتێکدا کە زۆر کەس دەبینن ترامپ سەری لێشێواوە و خەریکە خۆی بە دۆڕاندن دەدات، ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەو پرسیارە گەورەتر دەبێت کە بۆچی ترامپ هەڵوێستێکی ڕەگەزپەرستانە دژی هیسپانییەکان وەردەگرێت کە ڕەچەڵەکی لاتینییان هەیە و ئەمەش تەحەداکردنی دەستووری ئەمریکایە کە هەمەچەشنی ئایینی و کەلتووری لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەپارێزێت و خراپەکردن دەرهەق بە هەریەکێک لەم پێکهێنەرانەی وڵات بە پێشێلکردنی یاسا و بانگەوازی ڕەگەزپەرستانە لە قەڵەم دەدات. لەڕاستیدا هەرکاتێک هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دێتەئاراوە تەوژمی ڕاگەیاندن لە ناوچەکەماندا دەمانخاتە ژێر گوشاری ئەو لێکدانەوە دووبارەبووە پێشوەختەی کە دەڵێت پێویست ناکات گرەو بکەین لەسەر هیچ کام لە پاڵێوراوەکان چونکە ململانێ لەنێوان دوو نوێنەرەکەی دیموکراتخواز و کۆماریخوازەکان هەر لەناو ئەو دامەزراوەیەدایە کە سیاسەتەکان بەڕێوەدەبات و بڕیارەکان دەدات و پێکهاتووە لە خاوەنی کۆمپانیا ستراتیجییە مەدەنی و سەربازییەکان. ئێمە هەموو جارێک دەکەوینە ئەم وەهم و لێکدانەوە ساکارانەوە و باش وردنابینەوە لە کاریگەریی سەرۆکە تازەکە لەسەر بارودۆخی ناوچەکە بەو پێیەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان جەمسەرێکی سەرەکی ناو جەمسەرەکانی ململانێکەیە کە لە شێوەی شەڕێکی ڕۆژانەی کراوەدایە، ئەگەرچی شەڕەکە چوارچێوەداریش بێت.
با لە گۆشەیەکی نزیکەوە تەماشای ڕاستییەکە بکەین و دان بەوەدابنێین کە ئەنجامەکانی پێشبڕکێ سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر ناوچەکەمان.. ئایا کە ئۆبامای دیموکراتخواز هاتە شوێنی جۆرج بوشی کۆماریخواز، ناوچەکەمان کاریگەریی لەسەر دروست نەبوو؟ دیارە ئەم خوێندنەوەیە هیچ شتێک کەمناکاتەوە لە رۆڵی (دامودەزگای حوکمداری) و لە پابەندبوونی بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی ئەمریکا، هەروەها هیچ زیادەڕەوییەکیش ناکات لە توانا ئەقڵی و ڕۆشنبیرییەکانی ترامپ و لە بازنەی زانیارییە عەرەبییەکانی ئەو پاڵێوراوە. ڕەنگە ئەو قسەیە ڕاست بێت کە نووسەرێکی ئەمریکی بە هاوڕێ عەرەبەکانی خۆی گوت: هێواش، ئەم پیاوە ڕەنگە نەزانێت کە لەسەر گۆی زەوی شتێک هەیە پێی دەڵێن عەرەب.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure