مێژووی ئیسلامیی لەبیركراوی ئینگلتەرا

بۆچوون / بیروڕا :: 21/09/2016

دواڕۆژ 
نووسینی: جێری پرۆتۆن
سەرچاوە: هاڤینگتۆن پۆست
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

ئەمڕۆ بریتانیا لەهەموو كاتێكی رابردوو، زیاتر دابەشبووە. وڵاتەكە رووی لە ئەوروپا وەرگێڕاوە و پشتی تێكردووە، شاژنەكەی دەیەوێت پەیوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ خۆرهەڵاتدا پەرەپێبدات. ئەم وەسفكردنە لەگەڵ دۆخی ئێستایدا دێتەوە و هەروەها بۆ وەسفكردنی وڵاتەكەیش لە سەدەی شازدەدا دەگونجێت كە سەردەمی زێڕینی شاژنە ئێلیزابێسی یەكەم بوو.
یەكێك لە شتە سەیرەكانی سەردەمی ئێلیزابێس ئەوەبوو كە سیاسەتی دەرەكی و ئابوریی ئینگلتەرا پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ جیهانی ئیسلامیدا هەبوو، ئەمە ئەو راستیەیە ئەمڕۆ لەلایەن هەموو ئەو كەسانەوە رەتدەكرێتەوە كە گوتاری پۆپۆلیستیان هەیە بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی.
هەر لەو ساتەوەی كە لە ساڵی 1558 دا گەیشتە عەرش، ئێلیزابێس هەوڵیدا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماتی و بازرگانی و سەربازییەكانی لەگەڵ دەسەڵاتدارە موسڵمانەكان لە ئێران و توركیا و مەراكیش، ئەمەیش هۆكاری راستییان لە پشتەوە بوو. ئەوەبوو لە 1570 دا كاتێك دەركەوت كە ئینگلتەرای پرۆتستانتی ناگەڕێتەوە بۆ كاسۆلیكی، پاپا، ئێلیزابێسی لە كەنیسە دەركرد و داوایكرد نازناوەكەی لێ‌ بسێنرێتەوە. یەكسەر ئیسپانیای كاسۆلیك بووە دوژمنی و لەوەدابوو پەلاماری بدات. بازرگانە ئینگلیزەكان رێگرییان لێكرا بۆ بازرگانیكردن لەگەڵ بازاڕە دەوڵەمەندەكانی هۆڵەندای ئیسپانیدا. ئیتر دابڕان و گۆشەگیریی ئابوری و سیاسی بووە هەڕەشەی وێرانبوونی ئەو وڵاتە كە تازە چووبووە سەر ئایینی پرۆتستانتی.
كاردانەوەی ئێلیزابێس نزیكبوونەوەی بوو لە جیهانی ئیسلامی. چونكە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی كە لەژێر فەرمانڕەوای سوڵتان مورادی سێیەمدا دەسڵاتی درێژدەبووەوە هەر لە باكوری ئەفریقاوە هەتا ئەوروپای خۆرهەڵات و هەتا ئۆقیانوسی ئارام، تاقە ركەبەری ئیسپانیا بوو. عوسمانیەكان بەدرێژایی چەندین دەیە شەڕی ئال هابسبۆرگ-یان دەكرد و چەند بەشێكی هەنگاریا-یان داگیركردبوو. ئێلیزابێس-یش ئومێدی ئەوەی هەبوو كە بە هاوپەیمانێتیی لەگەڵ سوڵتان موراد-دا ئەو پارێزگاریەی دەستكەوێت كە لە دوژمنایەتییە سەربازییەكەی ئیسپانیا بیپارێزێت و بازرگانە ئینگلیزەكانیش بتوانن سوودمەندبن لە بازاڕە پڕ و دەوڵەمەندەكانی خۆرهەڵات. لەگەڵ ئەوەیشدا دەستبەرداری نزیكبوونەوەی لە هەردوو ركەبەرەكەی عوسمانیەكان نەبوو كە شای فارس و فەرمانڕەوای مەراكیش بوون.
كێشەكە لەوەدابوو كە ئیمپراتۆریە ئیسلامیەكان زۆر لە دوورگە بچوكەكەی بەهێزتربوون كە لە تەمومژی تەنیشت ئەوروپادا نوقم بوبوو. ئێلیزابێس ویستی هاوپەیمانێتیی تازەی بازرگانی بدۆزێتەوە بەڵام نەیتوانی پاڵپشتی دارایی بكات، بۆیە كەوتە قۆستنەوەی داهێنانی بازرگانیی شاراوە - كۆمپانیای پشكدار- كە بیرۆكەی ماری تۆدۆر-ی خوشكی بوو.
كۆمپانیاكان برینی بوون لە گروپگەلی بازرگانیی كە پشكدارەكان خاوەنیان بوون، سەرمایەیان بۆ تێچوونی گەشتە بازرگانیەكان بەكاردەهێنا و قازانج و زیانیش بۆ هەموان بوو. ئێلیزابێس بە پەرۆشەوە پشتگیریی (كۆمپانیای مسكۆفی) كرد كە بازرگانیی لەگەڵ وڵاتی فارس-دا دەكرد و داوای دامەزراندنی (كۆمپانیای توركیا)ی كرد بۆ بازرگانی لەگەڵ عوسمانیەكان و هەروەها (كۆمپانیای هندی خۆرهەڵات) كە لەكۆتاییدا بەشداریكرد لە داگیركردنی هند-دا.
لەساڵی 1580 یشدا ئێلیزابێس چەند رێككەوتننامەیەكی بازرگانیی لەگەڵ عوسمانیەكاندا واژۆكرد كە بۆ زیاتر لە 300 ساڵ درێژەیان كێشا و بەهۆیانەوە بازرگانە ئینگلیزەكان ئازادیی چوونە ناو خاكی عوسمانییان پێدرا. هاوپەیمانێتیەكی هاوشێوەیشی لەگەڵ مەراكیشدا بەست لەگەڵ بەڵێنێكی شاراوە بە پشتیوانیكردنی سەربازییانە لەدژی ئیسپانیا.
لەگەڵ زۆربوونی پارەدا، ئێلیزابێس دەستیكرد بە نامەگۆڕینەوە لەگەڵ هاوتا موسڵمانەكانیدا كە ستایشی چاكیەكانی بازرگانی ئاڵووێری دەكرد. سوڵتان موراد-ی وا وەسفكردووە كە (بەهێزترین و تاك و تەنیاترین فەرمانڕەوای مەملەكەتی توركیا و پاشای ئیمپراتۆریەتی خۆرهەڵاتە).  هەرەوەها یارییەكی وردی كرد لەسەر ژێی دوژمنایەتیی هاوبەشیان بۆ كاسۆلیكی و خۆی وا وەسف دەكرد ( مەزنترین بەرگریكارێكی نەبەزیووی مەسیحیەتە لەدژی بتپەرستی). وەك ئیسلام، پروتستانتیش پەرستنی ئایكۆنەكانی رەتدەكردەوە و بڕوایان بە پەیوەندگیریی لەگەڵ خودا هەبوو بەبێ‌ نێوەندگیرێك، لەكاتێكدا كاسۆلیك شەفاعەتی كاهنۆتیەتی بەرز دەنرخاند. بە شێوەیەكی لێوەشاوانە تێڕوانینی كاسۆلیكی بۆ پرۆتستانت و موسڵمانەكان قۆستەوە بەو ئیعتیبارەی كە دوو رووی یەك دراوی تاریكیین.
فێڵەكە سەریگرت. هەزاران بازرگانی ئینگلیز پەڕینەوە بۆ چەندین لەو شوێنانەی كە ئەمڕۆ ناتوانن بۆی بچن، وەك حەڵەب لە سوریا و موسڵ لە عێراق. زۆر پارێزراوتربوون لەو حاڵەتەی كە ئێستا لە گەشتی هاوشێوەدا بۆ ئەوروپای كاسۆلیكی دەیكەن و مەترسی ئەوەیان لەسەرە بكەونە دەستی ناوەندەكانی پشكنینەوە. 
دەسەڵاتدارانی عوسمانی توانای خۆیانیان بۆ لەخۆگرتنی خەڵكی هەموو ئایینەكان بە ئاماژەیەك بۆ بەهێزیی دادەنا نەك لاوازییان، عوسمانیەكان چاودێریی ململانێی ئەوكاتەی پرۆتستانت و كاسۆلیك-یان زۆر بە سەرسوڕمانەوە دەكرد. هەندێك لە ئینگلیزەكان بوونە ئیسلام، بەڵام هەندێكیان -لەچەند حاڵەتێكی دەگمەندا- بەزۆر كران بە موسڵمان، وەك سامسۆن راولی ئەو بازرگانەی كە لە نۆرفۆلك-ەوە هاتبوو و ناوەكەی كرایە حەسەن ئاغا. بەڵام ئەوانی دیكە بەڕەزامەندیی خۆیان بوونە ئیسلام، رەنگە ئیسلامیان بە باشتر زانیبێت لەچاو باوەڕبوون بە پرۆتستانتی تازەی شلۆق.
ئەرۆستۆكراتە ئینگلیزەكان خۆشحاڵبوون بەو ئاوریشم و داودەرمانە بەهاراتییانەی كە لە خۆرهەڵاتەوە بۆیان دەچوو، بەڵام توركەكان و مەراكیشیەكان كەمتر بایەخیان دەدا بە خوری-ی ئینگلیز، ئەوان زیاتر پێویستیان بە چەك بوو. لە حاڵەتێكی توندی سزای ئایینیدا ئێلیزابێس كانزای كەنیسە ناپیرۆزە كاسۆلیكیەكانی هەموو تاڵانكرد و زەنگ-ەكانیانی هەموو توانەوە و كردنیە تفاقی جەنگیی و دوایی ناردی بۆ توركیا. ئەمەیش ئەوە دەسەلمێنێت كە فرۆشتنی چەكی گوماناوی، بۆ مێژوویەكی زۆر دوورتر لە مەسەلەی ئێران كۆنترا دەگەڕێتەوە. شاژن رێككەوتنی هاوشێوەی لەگەڵ مەراكیشیشدا هەبوو بۆ فرۆشتنی چەك و كڕینی خوێی بارود (نیتراتی سۆدیۆم KNO3) ی پێكهاتەی سەرەكیی بارود، هەروەها شەكریش كە خۆشترین خواردنەكانی ئێلیزابێس بوو و بووە هۆی كلۆربوونی ددانەكانی.
بێجگە لە شەكر و ئاوریشم و فەرش و داوودەرمانی چێشت و شێوازەكانی رازاندنەوەی ماڵەكانیان و پۆشینی جلوبەرگ، وشەگەلی وەك (candy) و (turquoise) لە (Turkish stone) یش بڵاوبوونەوە. تەنانەت شكسپیر-یش كەوتە ژێر كاریگەریی ئەو دۆخە باوەوە و ئەوەبوو لەدوای ماوەیەكی كەم لە سەردانی یەكەم باڵیۆزی مەراكیش كە شەش مانگی خایاند، شانۆگەریی (Othello)ی نووسی. 
بەڵام سەرەڕای سەركەوتنە بازرگانییەكانی كۆمپانیا پشكدارەكان، ئابوریی بریتانیا نەیتوانی بۆ ماوەیەكی زۆر پشت بە بازرگانیی دوور ببەستێت. ئیتر هەر لەگەڵ مردنی ئێلیزابێس لە ساڵی 1603 دا، جێمسی یەكەم، پاشای نوێ‌، پەیماننامەی ئاشتیی لەگەڵ ئیسپانیادا واژۆكرد و بەمەیش گۆشەگیرییەكەی ئینگلتەرا كۆتاییهات.
سیاسەتە ئیسلامیەكەی ئێلیزابێس بەرپەرچی داگیركاریەكەی كاسۆلیكی دایەوە و زەوقی ئینگلیزی گۆڕی، هەروەك نموونەیەكی تازەی بۆ وەبەرهێنانیش دامەزراند ئەویش كۆمپانیا پشكدارەكان بوو كە دواتر پشتگیریی دارایی (كۆمپانیای فرجینیا)ی كرد كە یەكەم كۆمپانیای دامەزرێنەری ئۆردوگا هەمیشەیەكان بوو لە ئەمریكای باكوردا.
ئەوەیش روونە كە ئیسلام، بە هەموو لایەنە -ئیمپریالی و سەربازی و بازرگانیەكانیەوە- رۆڵێكی گرنگی لە مێژووی ئینگلتەرادا بینیوە، بۆیە لەم كاتەدا كە نەیارانی ئیسلام وتاری سیاسی دەدەن، پێویستە بیرخۆمانی بێنینەوە كە رابردوومان زۆر لەوە ئاڵۆزتر بووە كە ئێستا زۆركەس باسی دەكەن.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە