بۆچی دەوڵەتە عەرەبییەکان شکستیانهێناوە

بۆچوون / بیروڕا :: 20/09/2016

سەرچاوە: زە ناشناڵ ئینترێست
وەرگێڕان: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
کوشتنی ئەم دواییەی لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەبو محەمەد ئەلعەدنانی وەک سەرکەوتنێکی گەورە ڕيکلامی بۆکرا لەلایەن ئەو وڵاتانەوە کە دەیانەوێت تواناکانی دەوڵەتی ئیسلامی لەناوببەن. کارەکە بە دەستکەوتێکی هێندە مەزن ئەژمارکراوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕوسیا هەریەکە بەجیا لافی ئەوە لێدەدات کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە بەرپرسیاری کوشتنیەتی. هەموو ئەو ‌‌هێزانەی لە یەک ڕیزدا دژی داعش کۆبوونەتەوە- واتە ویلایەتە یەکگرتووەکان، تورکیا، حکومەتی عێراق، میلیشیاکانی شیعە، کوردەکانی سوریا، ئێران و ڕوسیا- لەو ناوچانەدا بڵاوبوونەتەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی ئیسلامیدا بوون سەرەڕای ناکۆکی و دوژمنایەتی نێوانیشیان. بەپێی یەکێک لە خەمڵاندنەکان دەوڵەتی ئیسلامی یەک لەسەر چواری ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵدا نەماوە کە پێشتر لە لوتکەی سەرکەوتنەکانیدا بەدەستییەوە بوون.
بەهەرحاڵ کەمکردنەوەی تواناکانی دەوڵەتی ئیسلامی و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە لەدەستچووەکان لە سوریا و عێراقدا کێشەی بێسەروبەری و توندوتیژيی لەم وڵاتانەدا چارەسەر ناکات. لەڕاستیدا هۆکاری پشت سەرهەڵدانی توندوتیژی و دەرکەوتنی هێزە فرەنەتەوەییە جیهادییەکان، بریتییە لە نەبوونی تواناکانی دەوڵەت لەو وڵاتانەدا. بە واتایەکی دیکە، ئەوە شکسستهێنانی دەوڵەتە لە دابینکردنی ئاسایش بۆ دانیشتوانەکەی و بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان کەرتە جیاجیاکانی کۆمەڵگة بەشێوازێکی پێشبینیکراو کە بواری ڕەخساندووە بۆ گروپەکانی وەک قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی تا لە عێراق و لیبیا و سووریادا نەشونما بکەن. ئەم گروپانە سۆزی خەڵکەکە بەوە ڕادەکێشن کە دوژمنایەتيی ئایینی تیژبکەنەوە و ئەمە یەکێکە لە شێوەکانی کارکردنیان. جگەلەوەش، وەک نموونەکانی دەوڵەتی ئیسلامی دەریدەخەن، نموونەی ئەڵتەرناتیڤی پێکهاتەی دەوڵەت دادەمەزرێنن کە دەتوانن ئاستێک لە ئەمن و ئاسایش بۆ ئەو خەڵکە دابین بکەن کە لەبەرامبەر پاراستنیاندا چەکدار و پارەیان دەدەنێ.
زیادبوونی دوژمنایەتییە ئیتنی و مەزهەبییەکان و ناکۆکییەکان لەم دەوڵەتانەدا، هەمان هۆکار و سەرچاوەیان هەیە. چونکە، کاتێک دەوڵەت ناتوانێت پێویستییە بنەڕەتییەکان دابین بکات - واتا ئاسایش بۆ دانیشتوان دابین بکات - تاکەکان و گروپەکان بەدوای ئەو کەس و لایەنە ئەڵتەرناتیڤانەدا دەگەڕێن کە دەتوانن بیانپارێزن. دەڵاڵە مەزهەبی و ئیتنیەکان ئەرکی دامودەزگاکانی دەوڵەت دەگرنەئەستۆ و بەشێکی هاووڵاتیان ئیتر خۆیان بە لایەنگر و هەواداری ئەوان دەزانن نەک بە هەوادار و لایەنگری دەوڵەت لەبەرامبەر پاراستن و ئاسایشیاندا. هەر ئەمەشە هۆکاری کێبڕکێ و ناکۆکی نێوان گروپە مەزهەبی و ئیتنیەکان لەسەر ئەو سەرچاوە کەمەی کە دێتە بەردەستیان و دواجاریش دەبێتە هۆی توندوتیژی نێوان یەک گروپ و یەک مەزهەب.
پرۆسەی شکستهێنانی دەوڵەت لە جیهانی عەرەبیدا، بەشێوازە هەرە هاوچەرخەکەی، نە لە لێکدانەوەی جیاوازی قورئانەوە هەیە لەلایەن جیهادییەکانەوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ توندوتیژی، نە لە ناکۆکییە ١٤٠٠ ساڵییەکەی نێوان سوننە و شیعەدایە کە سەرکردە مەزهەبییەکان بەکاریاندەهێنن بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دژایەتیکردنی لایەنی بەرامبەر. ڕەگ و ڕیشەی ئەم شکستە لە پەلاماردانی عێراقەوەیە لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا کە شانبەشانی ئەو داگیرکارییە بەرنامەیەکی ئەنقەست هەبوو بۆ لەناوبردنی سوپا و دەزگا مەدەنییەکانی ئەو دەوڵەتە لە پرۆژەیەکدا کە ناوی لێنرا ڕیشەکێشکردنی بەعس.
پەلامارەکەی ئەمریکا بەلاوازکردنی دەوڵەتی عێراق هەروەها کارێکی وایکرد کە هێزە شل وشێواوە ڕادیکاڵەکان و جیهادییەکان و توندڕەوەکان بضنە ناو عێراقەوە - کە ئەم زاراوانە هەموویان هاوواتای یەکترین لە قامووسی سیاسیدا و ئێستا کراونەتە بەرپرسیاری ئاژاوەکان و شەڕ و پێکدادان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەمەش بۆیە وایلێهات چونکە داگیرکارییەکەی ئەمریکا بۆشاییەکی سیاسیی وای دروستکرد کە هێزە توندڕەوەکان ڕوویان تێکرد، ئەو هێزانەی کە هەندێکیان لە ئەفغانستان هەڵهاتبوون. بەمشێوەیە قاعیدە لە عێراقدا خوڵقێندرا کە ئەبومەسعەب ئەلزەرقاوی ڕابەرایەتی کرد و دوای مردنی ئەو، بوو بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامدا. ئەو بۆشاییەی کە بەوێرانکردنی دەوڵەتی عێراق دروستکرا گروپە مەزهەبییەکان پێکەوە پڕیانکردەوە و ئەمەش بووە هۆی توندوتیژکردنی ناکۆکییەکانی نێوان شیعە و سوننە کە دەیان ساڵ بوو، ئەگەر نەڵێین چەندین سەدە بوو، خامۆش بوو. کێشەکە گەورەتر بوو لە ئاکامی شکستهێنانی حکومەتی عێراق پاش داگیرکارییەکە کە نەیتوانی بێلایەن بێت لەنێوان گروپە مەزهەبییە ناکۆکەکاندا و لەوکاتەوە حکومەتەکان زیاتر لەلایەن گروپە مەزهەبی و شیعەکانەوە بەڕێوەدەبرێن کە لەناو خۆیشیاندا ڕکابەرایەتییان هەیە. سەرەنجام بەشێکی زۆری سوننەکان بەتەواوی هەموو بڕوایەکیان لەدەستداوە لەوەی کە دەوڵەت بتوانێت بیانپارێزێت، ئەمە نەک تەنیا دوژمنایەتيی میلیشیا و سوننەکانی خوڵقاند، بەڵکو پاشماوەکانی حیزبی بەعسی پەرش و بڵاوکراویشی بەجۆرێکی دیکە زیندووکردەوە. لە هەمووی گرنگتر، ئەمە بووە هۆی ئەوەی سوننەکان پشتیوانی لە گروپە توندڕەوەکانی وەکو قاعیدە بکەن لە عێراقدا و دواتریش بۆ داعش کە جێگەی گرتەوە.
بە کەوتنی ڕژێمەکەی قەزافى- یش، هەمان شێواز لە لیبیادا دەرکەوت و سوریايش هەمان ڕووداوی تێدا دووبارە بووەوە پاش ئەوەی کە ڕژێمەکەی ئەسەد کۆنترۆڵی بەسەر بەشێکی زۆری وڵاتدا نەما. لەو هەردوو نموونەیەدا، هاوشێوەی عێراق، دەستوەردانی بیانيی تاڕادەیەکی گرنگ بەرپرسیار بوو لە هەرەسهێنانی دەوڵەتدا.
لە نموونەکەی لیبیايشدا، ڕێکخراوی ناتۆ وەک هێزی ئاسمانی لایەنەکانی دژە قەزافی کاریکرد و پشتیوانییەکی گرنگی بۆ دەستەبەر کردن کە توانییان ڕژێمە کۆنەکە بڕوخێنن و ئیتر لیبیا بەرەو نشێوی و بێسەروبەری خل بووەوە. زەحمەت بوو بە بێ پشتیوانی ئاشکرا و بێ سنووری ناتۆ لە هێزە نەیارەکانی قەزافی، ئەو ڕژێمە بڕووخایە. شایەتی ئەم قسەیەشمان کەس نییە جگە لە وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، واتە هیلاری کلینتۆن، کە کاتێک هەواڵی کوژرانی قەزافی-یان پێڕاگەیاند، بە ئاشکرا وتى:"ئێمە هاتین و ئێمە بینیمان، ئەو مرد". 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure