بته‌كانی‌ ئێمه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 20/09/2016

 + ئێ‌ .. فه‌رمووت مواسه‌فاتی‌ چیتری‌ هه‌یه‌ ئه‌و براده‌ره‌؟

 - ئه‌عسابی‌ زۆر عه‌جایه‌به‌ قوربان .. رۆژی‌ یه‌ك ملیۆن ته‌علیقی‌ لێ‌ بده‌ی‌ هه‌ر به‌ خه‌یاڵیشیا نایه‌ت.

 + ئه‌وه‌ مواسه‌فات نییه‌ .. هه‌موو مه‌سئولێك وایه‌ .. مواسه‌فاتێكم پێ‌ بڵێ‌ كه‌سی‌ تر نه‌یبێ‌ بێجگه‌ له‌ خۆی‌.

-  مواسه‌فاتی‌ تر.. مواسه‌فاتی‌ تر.. ئا.. بیرم كه‌وته‌وه‌.. زۆر زۆر حه‌ز ئه‌كات رای‌ خه‌ڵك وه‌رگرێ‌.

 + رای‌ خه‌ڵك وه‌رگرێ‌! وه‌ڵڵاهی‌ ئه‌وه‌ موهیمه‌ .. یه‌عنی‌ ئه‌وه‌نده‌ دیموكراته‌ شوكور؟!.

 - به‌ڵێ‌ له‌سه‌ر بچووكترین شت رای‌ ده‌ورووبه‌ر وه‌رئه‌گرێ‌, به‌ڵام دوایی‌ رێك ئه‌چێ‌ به‌ عه‌كسه‌وه‌ ئیشه‌كه‌ ئه‌كات.

 + ئه‌ی‌ به‌خێر نه‌یه‌ته‌وه‌ یاخوا.. ئه‌وه‌ چۆن مه‌سئولێكه.

-  به‌گم تۆ نایزانی‌ مه‌سئولی‌ ناجیح ئه‌بێ‌ وابێ‌.. له‌وه‌ته‌ی‌ ته‌ئریخ ته‌ئریخه‌ هه‌ر وابووه‌.

+  له‌وه‌ته‌ی‌ ته‌ئریخ ته‌ئریخه‌؟.!

-  ئه‌رێ‌ وه‌ڵڵا.. له‌ زه‌مانی‌ جاهیلییه‌وه‌ هه‌تا رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ی‌ داهاتوو كه‌ قه‌راره‌ مه‌عاشی‌ هین پاشه‌كه‌وت بكرێ‌ مه‌سئولی‌ گه‌وره‌ هه‌ر وای‌ كردووه‌.

+  فه‌رمووت له‌ كه‌یه‌وه‌؟.

 - له‌ زه‌مانی‌ جاهلییه‌وه‌.
 + ئه‌رێ‌ بیل موناسه‌به‌ كوڕم، بۆچی‌ به‌و زه‌مانه‌ ئه‌ڵێن سه‌رده‌می‌ جاهیلی‌؟.

 - له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ بێ‌ ئه‌قڵ بوون. ئه‌چون له‌ خورما و ته‌مرهندی‌‌و شتی‌ وا بتیان دروست ئه‌كرد و ئه‌یانپه‌رست، دواییش ئه‌یانخوارد.

+  بته‌كه‌یان ئه‌خوارد؟.

-  به‌ڵێ‌.

+  ده‌كه‌واته‌ ئه‌وان له‌ ئێمه‌ ئاقڵترن، چونكه‌ ئه‌زانی‌ بۆ.. ئێمه‌ خۆمان به‌ده‌ستی‌ خۆمان بته‌كه‌ دروست ئه‌كه‌ین ‌و كڕنوشی‌ بۆ ئه‌به‌ین، كه‌چی‌ دوایی‌ ئه‌مانخوات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure