شەرم دەکەم بیرم بکەوێتەوە

بۆچوون / بیروڕا :: 19/09/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

(تۆ ڕۆژنامەنووسیت و بەدوای بابەتێکی سەرنجڕاکێشدا دەگەڕێیت. پێداگری و پشوودرێژییەکەتم لەلا بەڕێزە. لێت ناشارمەوە کە پیریی سەخت و ترسناکە. بەتەنیا جێتدەهێڵێت لەگەڵ بیرەوەرییەکانتدا بە چاک و خراپیانەوە. نکۆڵی لەوە ناکەم کە ڕەنگە مرۆڤ سەبووری بێت کاتێک چیرۆکەکەی خۆی دەبینێت لە ڕۆژنامەیەکی بەڕێزدا بڵاوکراوەتەوە بۆئەوەی دواتر لەناو کتێبێکدا بخەوێت. مرۆڤ هەر پلەو پایە و رۆڵێکی هەبێت، لەکۆتاییدا هیچی لێنامێنێتەوە جگە لە چەند دێڕێک. ئەمە ئەگەر شتێک بمێنێتەوە. چونکە بیرچوونەوە سەرکردەی هەموو نەوەکانە). هەروەها گوتی: (زۆر بیرم لە مەسەلەکە کردووەتەوە. ئەمڕۆ هەر بیرەوەرییەک کە عەرەب بینوسێت تەنیا ددان پیادانانە بە شکستدا. ئەگەر سەرکەوتنمان بەدەست بهێنایە ئەوا بەدڵنیاییەوە هیچ ڕۆژنامەنووسێکی وەکو تۆ بەدوای بیرەوەرییەکانماندا نەدەگەڕا. ئەوکاتە کەمتر سەرنجڕاکیش دەبوون. بیرەوەرییەکانی منیش لەوە زیاتر نین کە ددان پیادانان بن بە شکستهێنانی ئەو تەمەنەی کە بەختم کرد بۆ بەرگریکردن لە بیرۆکەیەک. ددان پیادانانێکی دیکەشە بە شکستهێنانی وڵاتەکەم، لەکاتێکدا کە نەتەوەکەم ئەمڕۆ خوێنی حەڵاڵ کراوە لەسەر دەستی رۆڵە توندڕەوەکانی و لەسەر دەستی تەماعە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان).

(ئەوەی ڕێگریم لێدەکات بیرەوەرییەکان بڵاوبکەمەوە ترس نییە. شەرمە. دەترسم ڕووبەڕووی هاوتەمەنانی رۆڵەکانم و کوڕەزا و کچەزاکانم ببمەوە. ئێمە هیچمان بۆ بەجێنەهێشتن. نە دەوڵەتێک کە بۆ ژیان باش بێت. نە دام و دەزگایەکی بەڕێز. وێنەکەشمان لای ئەوان پەیوەست کراوە بە خۆسەپاندن و چاوچنۆکی و زوڵم و کوشتن و بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان. وێنەکەمان لای ئەوان تێکەڵە لەگەڵ خوێن و زیندان و پاکتاوەکاندا پاشان بەکردنەوەی دەروازەی وڵاتەکانمان بەڕووی ئەو هێزانەدا کە ئێمە لافی ڕووبەڕووبوونەوەیان و تێکشکاندنی نەخشەکانیانمان لێدەدا).

(قسەی زۆرم پێیە بیکەم. من لەناوجەرگەی شەڕەکان و ڕووداوەکاندا بووم. زانیاری زۆرم هەیە لەسەر عەبدولسەلام عارف و براکەی. هەروەها لەسەر ئەحمەد حەسەن بەکر و سەدام حسێن و عەلی ساڵح ئەلسەعدی. زۆر شتیش دەزانم دەربارەی سەڵاح جەدید و حافز ئەسەد. ئەمانە هەموویان لەگەڵیاندا ژیاوم و کارم کردووە. هاوڕابووین و ناکۆکیشمان هەبووە لەگەڵ یەکتریدا. پێش هەمووشیان میشال ئەفلەق دەناسم کە بەعسێکی نەدەویست لایەنگری کودەتا سەربازییەکان بێت بەڵام ڕووداوەکان لەو بەهێزتر بوون).

(ئایا دەتەوێت چیرۆکی ئەزموونی هاوڕێکانت لە عێراقدا بۆ بگێڕمەوە، چیرۆکی دەستکەوتەکانیان و هەڵەکانیان؟ دڵم ژان دەکات کە ناوی عێراق دەهێنم. ئێمە باسی چ عێراقێک دەکەین؟ کامەتا یەکپارچەییەکەی و سەروەرییەکەی و عروبەکەی؟ بەشێکی عێراق ئێستا دیلی دەستی داعش و بەغدادییە، بەشەکەی دیکەشی پڕە لەو میلیشیا مەزهەبییانەی کە چاوەڕێی فەرمانەکانی جەنەراڵ قاسم سلەیمانین. من چیتر نە بەعسم بەلاوە گرنگە و نە سەدام. بەڵام گەورەکردنی هەڵە و تاوانەکانیان، کە لەڕاستیدا بچووک نەبوون، بەکارهێنرا بۆ کۆتایی هێنان بە وڵاتێکی عەرەبی ئەویش عێراقە. با ئەمە بۆ مێژوو تۆماربکەم. سەدام ستەمکار و دڵڕەق بوو، بەڵام عێراقی و عەرەب بوو، مەزهەبی نەبوو).

(ئایا دەتەوێت باسی سەڵاح جەدید و ئەمین حافز و حافز ئەسەدت بۆ بکەم؟ ئەوەی ئەوان کردیان هیچ پەیوەندییەکی نییە بە بیروباوەڕی بەعسەوە. هەندێک کەس لە بەغداد و دیمەشق دەستیان بەسەر حیزبەکەدا گرت. ئەفسەرەکانی ئاسایش حیزب و کارگێڕی و وڵاتیان قوتدا. وڵات هیچی تێدا نەما کە پەیوەندی هەبێت بە وەحدە و حوڕییە و ئیشتراکییەوە. حیزبەکە بوو بە سەرپۆشێک بۆ تاوانەکان لە هەردوو وڵاتدا. ئێمە بە خەیاڵ وامان دەزانی کە شەڕەکەمان ئەوەڵ و ئەخیر لەگەڵ بێگانەدایە. نەمانتوانی ئابووری و دام و دەزگایەک دابمەزرێنین کە فراوان ببن و نەمانتوانی جۆرە زانکۆیەک دابمەزرێنین کە شایستەی ئەو ناوە بێت. کاتێکیش کە زریانەکان هەڵیان کرد ئێمە میللەتەکانی خۆمانمان بەجێهێشت بۆ ڕەحمەتی هێزەکانی تاریکی و میلیشیاکانی داگیرکاریی و پرۆژەکانی تیرۆرکردنی عروبە و گۆڕینی ناسنامەکە. ئەمڕۆ بڕیاربەدەست لە بەغداد کێیە؟ کێ ئەمڕۆ لە دیمەشقدا خاوەن بڕیارە؟ ئێمە تەمەنی خۆمان و وڵاتەکانی خۆمانمان بەفیڕۆ خەسار کرد؟).

(من نکۆڵی لە بەرپرسیارییەتی هەردوو بەعسەکەی عێراق و سوریا ناکەم. بەڵگەکەش ڕووداوەکانی ئەنبار و حەڵەبن. بەڵام هەڵەکانی بەعس و تۆ بڵێ تاوانەکانیشی بەتەنیا هەرگیز ناتوانن پاساو بن بۆئەوەی دەوڵەتێکی عەرەبی بەهێز لەلایەکەوە بکەوێتەوە دەستی تەکفیرییەکانەوە و لەلایەکی دیکەوە بکەوێتە چنگی هێرشە فراوانەکەی ئێران لە ناوچەکەدا. ئەو پاکسازی و گۆڕینی دیمۆگرافییەی کە ئێستا لەئارادان نوقڵانەی ئەوەیان لێدەکرێت کە ئەو عێراقەی دەیناسین تەنیا هەر بیرەوەرییەکی لێ بمێنێتەوە. هەمان چارەنووسیش چاوەڕێی سوریایە و من لوبنان و یەمەنیشم هەر لە خەیاڵە).

(کێشەکە ڕابردوو نییە هەرچەندە زۆر قورسە. کێشەکە ئایندەیە کە تاریک دێتە بەرچاو. ئێمە پێویستمان بە هزرێکی تازەیە. پێویستمان بەوەیە سەرلەنوێ بیرۆکەی عروبە بێداربکەینەوە لەسەر بناغەی ئازادی و دام و دەزگا و یەکتر قبوڵکردن و ئاشتبوونەوە لەگەڵ سەردەمەکەدا. هەڵکۆڵین لە ڕابردوودا سوودێکی نییە. شکستمان هێنا. ددانمان بەو شکستەشدا نا. پێویستە بۆ بێداری عەرەب بیرۆکەیەکی نوێ لەدایک ببێت. بۆئەوەی بێنە دەرەوە لە سەنگەرە مەزهەبییەکانیان و لەژێر چنگی توندڕەوەکان. سەیرەکە لەوەدایە کە ئەگەر بڵێی من عەرەبم و نەتەوەکەم شایستەی ئەوەیە وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە بژی، ئەگەر وابڵێیت کەسانێک هەن بە دەمارگیر و کۆنەپەرست تۆمەتبارت دەکەن).

(تۆ بیرەوەرییەکانی منت دەوێت و منیش شەرم دەکەم هیچم بیربکەوێتەوە. بەمافی خۆمی نازانم باسی رۆڵی خۆم و رۆڵی هاوڕێکانم بکەم لەکاتێکدا کە دەبینم نە بەغداد بەغدادەکەی جارانە و نە دیمەشق دیمەشقەکەی ئەوسایە).

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure