تێچوونه‌ راسته‌قینه‌كانى پیسبوونى هه‌وا

بۆچوون / بیروڕا :: 19/09/2016

سه‌رچاوه‌: ئه‌لسه‌باح ئه‌لجه‌دید
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

پیسبوونى هه‌وا چه‌ندین ساڵ له‌ته‌مه‌نى خه‌ڵك به‌فیڕۆ ده‌دات و ده‌بێته‌هۆى چه‌ندین ئازار و مه‌ینه‌تى بۆ خه‌ڵكانى به‌ته‌مه‌ن و منداڵیش وه‌ك یه‌ك. زیان به‌ به‌رهه‌مه‌ خۆراكییه‌كانیش ده‌گه‌یه‌نێت له‌م كاته‌دا كه‌ له‌ هه‌موو كات زیاتر پێویستمان به‌ خۆراكى زیاتره‌ بۆ ژماره‌یه‌كى زیاترى خه‌ڵك. ئه‌مه‌یش ته‌نیا مه‌سه‌له‌یه‌كى ئابورى نییه‌ و به‌س به‌ڵكو مه‌سه‌له‌یه‌كى ئه‌خلاقییشه‌.

هه‌وا له‌ ناو ماڵه‌كان و له‌ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌كانیشدا پیس ده‌بێت. ئه‌و هێس و سوتووه‌ى كه‌ له‌ ئاماده‌كردنى خۆراك به‌ سووتاندنى خه‌ڵووز و ته‌پاڵه‌ له‌ ناو ماڵه‌كاندا دروست ده‌بێت، مه‌ترسیه‌كى ترسناكن بۆ خێزانه‌ هه‌ژاره‌كان. له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنى ئابورى و پشتبه‌ستنیشى به‌ كاره‌با و بزوێنه‌ره‌كان و بڵاوبوونه‌وه‌یاندا، پیسبوونى ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌كانیش ده‌بێته‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى گه‌وره‌تر.

له‌ڕاستیدا ئه‌و ته‌كنۆلۆژیایه‌ى كه‌ پاكتره‌ هه‌یه‌ و له‌به‌رده‌ستدایه‌ و ده‌توانێت تا راده‌یه‌كى زۆر جۆرى هه‌وا باشتر بكات، به‌ڵام پیشه‌كارانى سیاسه‌ت حه‌ز به‌وه‌ ده‌كه‌ن ته‌ركیز بكه‌نه‌ سه‌ر كورتبینى له‌ تێچوونى كاردا نه‌ك تێچوونى كه‌مته‌رخه‌مى له‌ كاردا. له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ى ئابورى و زیادبوونى داواكارى له‌سه‌ر وزه‌ بۆ زیادبوونى به‌رده‌وامى ئاستى بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه‌ هه‌وا پیس ده‌كه‌ن و توانه‌وه‌ زۆر خێراكانى ماده‌ گه‌ردیله‌یه‌كان و ئۆزۆن له‌ ده‌یه‌كانى داهاتوودا، وا ده‌كات كه‌ نه‌توانرێت ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ (ئه‌م رێگه‌یه‌) درێژه‌ى پێبدرێت و به‌رده‌وام بێت.

خه‌مڵاندنه‌كانى راپۆرتى نوێى رێكخراوى هاریكاریى ئابورى و گه‌شه‌پێدان، كه‌ به‌ ناونیشانى (ئه‌و ئاكامه‌ ئابورییانه‌ى له‌ پیسبوونى هه‌واى ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌كان په‌یدا ده‌بن) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ پیسبوونى هه‌واى ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌كان، ساڵانه‌ ده‌بێته‌ هۆى مردنى پێشوه‌خته‌ى نزیكه‌ى 6 بۆ 9 ملیۆن كه‌س هه‌تا ساڵى 2060، به‌راورد به‌ نزیكه‌ى سێ ملیۆن كه‌س له‌ ساڵى 2010 دا. ئه‌مه‌یش به‌تێكڕایى مردنى كه‌سێكه‌ له‌ماوه‌ى 4 بۆ 5 چركه‌دا. به‌كۆى گشتى له‌ماوه‌ى چل و پێنج ساڵى داهاتوودا زیاتر له‌ 200 ملیۆن كه‌س به‌هۆى پیسبوونى هه‌واوه‌ ده‌مرن.

هه‌روه‌ها نه‌خۆشیه‌كانى په‌یوه‌ندیدار به‌ پیسبوونه‌وه‌ زیاد ده‌بن. پێشبینى ده‌كرێت حاڵه‌ته‌كانى تووشبون به‌ هه‌وكردنى بۆریچكه‌ هه‌واییه‌كان له‌نێو ئه‌و منداڵانه‌ى كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 6 بۆ 12 ساڵاندایه‌ بگاته‌ 36 ملیۆن حاڵه‌تى ساڵانه‌ هه‌تا ساڵى 2060 كه‌ ئێستا 12 ملیۆن حاڵه‌ته‌. له‌ نێوان پێگه‌یشتوانیشدا بگاته‌ 10 ملیۆن حاڵه‌تى تازه‌ى ساڵانه‌ هه‌تا ساڵى 2060 كه‌ ئێستا 3 ملیۆن و 500 هه‌زار حاڵه‌ته‌. هه‌روه‌ها منداڵانى زیاتریش تووشى ره‌بۆ و ته‌نگه‌نه‌فه‌سى ده‌بن. هه‌موو ئه‌مانه‌یش واده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌هۆى پیسبوونه‌وه‌ داخڵى نه‌خۆشخانه‌كان ده‌بن زیاد ببن، به‌جۆرێك پێشبینى ده‌كرێت هه‌تا ساڵى 2060 ژماره‌یان به‌رزببێته‌وه‌ بۆ 11 ملیۆن كه‌ له‌ ساڵى 2010 دا 3 ملیۆن و 600 هه‌زاركه‌س بووه‌. 

ئه‌م كێشه‌ ته‌ندروستیانه‌ زیاتر له‌ناوچه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كاندا تۆخ ده‌بنه‌وه‌ كه‌ توانه‌وه‌ى ماده‌ ته‌نۆلكه‌یه‌كانى تێدا زیاتره‌، به‌تایبه‌ت شاره‌كانى چین و هند. له‌ به‌هه‌ند وه‌رگرتنى پشكى هه‌ر تاكێكدا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئاستى مردن له‌ ئه‌وروپاى خۆرهه‌ڵاتیش زیاد بكات، هه‌روه‌ها ناوچه‌ى قه‌وقاز و به‌شى دیكه‌ى ئاسیا، وه‌ك كۆریاى باشور كه‌ كه‌سانى به‌ته‌مه‌ن توند و خراپتر تووشى مه‌ترسیه‌كانى پیسبوونى هه‌وا ده‌بن. عاده‌ته‌ن كاریگه‌ریه‌كانى پیسبوونى هه‌وا به‌ ئیعتیبارى به‌ها دۆلاریه‌كه‌ى گفتوگۆى ده‌رباره‌ ده‌كرێت. لێره‌دا، هه‌تا ساڵى 2060 بڕى 3 ملیار و 750 ملیۆن دۆلارى ساڵانه‌ به‌هه‌ده‌ر ده‌ڕوات به‌هۆى كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانى ته‌ندروستییه‌وه‌ كه‌ ده‌رهاویشته‌ى هه‌واى پیسن- ئه‌وه‌ى پسپۆرانى ئابوورى پێى ده‌ڵێن (نه‌خۆشیى دیارینه‌كراو/نه‌زانراو). ده‌یشكرێت كاریگه‌ریى راسته‌وخۆى بازاڕى ئه‌م پیسبوونه‌ تێپه‌ڕێنرێت به‌هۆى نزمبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مى كرێكار و به‌رزبوونه‌وه‌ى تێچووى ته‌ندروستى و كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رووبوومه‌ كشتوكاڵیه‌كان به‌ڕێژه‌ى 1% ى كۆى ساڵانه‌ى به‌رهه‌مى ناوخۆ، یاخود 2 ترلیۆن و 600 ملیار دۆلارى ئه‌مریكى هه‌تا ساڵى 2060.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى گه‌وره‌یى ژماره‌كان به‌دۆلار، هێشتا ره‌نگدانه‌وه‌ى تێچوونه‌ راسته‌قینه‌كانى پیسبوونى هه‌وا نییه‌. چونكه‌ مردنى پێشوه‌خته‌ به‌هۆى هه‌ڵمژینى ته‌نۆلكه‌ ورده‌كان و غازه‌ ژه‌هراویه‌كانه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و ئازار و چه‌رمه‌سه‌ریه‌ى كه‌ به‌ده‌ست نه‌خۆشیه‌كانى كۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌دان و دڵ و ده‌ماره‌كانى خوێنه‌وه‌ ده‌چێژرێن، ناكرێت نرخى بازاڕیان بۆ دابنرێت. نایشكرێت نرخ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ى هه‌ڵمژینى به‌رده‌وامى هه‌واى پیس و بۆگه‌ن دیارى بكرێت، یان منداڵه‌كانت ناچار بكه‌یت كه‌ ده‌مامك بكه‌ن ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى ماڵدا یارى بكه‌ن. بۆیه‌ ئه‌م مه‌ترسیانه‌ زۆر قورسترن له‌وه‌ى مرۆڤ بتوانێت به‌هیچ جۆرێك ته‌عبیر له‌ نرخیان بكات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا راستیه‌ك هه‌یه‌ و ناوه‌رۆكه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پیشه‌كارانى سیاسه‌ت حه‌زیان له‌ به‌ده‌نگه‌وه‌چوونى زیاترى ژماره‌ مه‌لموسه‌كانه‌ نه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ رووت و ئه‌بستراكته‌كان. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ رێكخراوى هاریكاریى ئابورى و گه‌شه‌پێدان ژماره‌یه‌كى بێشوومار توێژینه‌وه‌ى ئابوریى پشكنیوه‌ كه‌ باسیان له‌ پیسبوونى هه‌وا كردووه‌، له‌پێناو گه‌یشتن به‌ خه‌مڵاندنێكى چه‌ندایه‌تی بۆ به‌هاى ته‌ندروستیى خه‌ڵكى  له‌دیدى خۆیانه‌وه‌.
ره‌نگه‌ تاكه‌كه‌س ئاماده‌یى ئه‌وه‌ى هه‌بێت كه‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ى 30 دۆلار بدات بۆ سنوورداركردنى مه‌ترسیه‌كانى مردنى پێشوه‌خت به‌ تێكڕایى یه‌ك بۆ هه‌ر سه‌د هه‌زار كه‌سێك. به‌ به‌كارهێنانى شێوازه‌ چه‌سپاوه‌كان، ئه‌و ژمارانه‌ى كه‌ گوزارشت له‌ (ئاره‌زووى پاره‌دان) ده‌كه‌ن، گۆڕدران بۆ به‌هاى كۆى مردنى پێشوه‌ختى ده‌ره‌نجامى پیسبوونى هه‌واى ده‌ره‌وه‌، وه‌ك روونده‌بێته‌وه‌ بۆ نموونه‌ له‌ راپۆرتى هه‌ڵسه‌نگاندنى مه‌ترسیه‌كانى مردن له‌ سیاسه‌ته‌كانى ژینگه‌ و ته‌ندروستى و گواستنه‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوى هاریكاریى ئابورى و گه‌شه‌پێدانه‌وه‌ ده‌رچووه‌.
به‌م پێوه‌ره‌، ره‌نگه‌ تێچووى جیهانیى مردنى پێشوه‌خته‌ به‌هۆى پیسبوونى هه‌واى ده‌ره‌وه‌ى ماڵان بگاته‌ 18 بۆ 25 ترلیۆن دۆلارى ساڵانه‌ هه‌تا ساڵى 2060. ره‌نگه‌ بتوانین بڵێین ئه‌مه‌ پاره‌ى (راسته‌قینه‌) نییه‌، چونكه‌ تێچوونه‌كان په‌یوه‌ست نین به‌ هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كى بازاڕه‌وه‌. به‌ڵام ره‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌و به‌هایه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكى دیاریى ده‌كه‌ن بۆ ژیانى راسته‌قینه‌یان و ئه‌و به‌هایه‌ى كه‌ دیاریى ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و سیاسه‌تانه‌ى كه‌ ره‌نگه‌ یاریده‌ده‌ربێت له‌ دواخستنى مه‌رگى راسته‌قینه‌یاندا. 

ئێستا ئیتر كاتى ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ته‌كان وازبێنن له‌ ورووژاندنى ژاوه‌ژاو ده‌رباره‌ى تێچوونى ئه‌و هه‌وڵانه‌ى كه‌ بۆ سنوورداركردنى پیسبوونى هه‌وا ده‌درێن و ده‌ستبكرێت به‌ بایه‌خپێدان و گرنگیدان به‌ تێچوونى زۆر زیاتر كه‌ ده‌ره‌نجامى بواردانه‌ به‌ پیسبوونى به‌رده‌وامى هه‌وا به‌بێ هیچ پره‌نسیپ و په‌یوه‌سبوونێك.
پێویسته‌ له‌سه‌ریان ئه‌وه‌بزانن كه‌ ژیانى هاووڵاتیه‌كانیان وا له‌ده‌ستى ئه‌واندا.

*نوسه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى ژینگه‌یه‌ له‌ رێكخراوى هاریكاریى ئابورى و گه‌شه‌پێدان.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە