شانۆی عێراق لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

بۆچوون / بیروڕا :: 18/09/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

ئێستا تیپە ئەهلییەکان نەماون، ئەو تیپانەی کە شانۆی عێراق شانازی دەکرد بە بەرهەمەکانیانەوە و کێبڕکێیان دەکر لەگەڵ بەرهەمەکانی تیمەکەی دەوڵەت. چالاکییەکانی ئەو تیپانە وەستان و ئەندامەکانیشیان پەرش و بڵاو بوونەوە کە هەندێکیان چوونە دەرەوەی وڵات وهەندێکیان خانەنشین بوون یان لە نائومێدی یا دەستیان لە کاری هونەری هەڵگرت و هەندێکی دیکەشیان هێندە هەژار و نەدار بوون کە نەیانتوانی وەک جاری جاران کارێکی شانۆی بەرهەمبهێنن. وەزارەتی ڕۆشنبیرییش چیتر بیر لە بوژاندنەوەی ئەو تیمانە و پشتیوانیکردنیان ناکات. ئەوەی کە ماوەتەوە تەنها (تیپی نیشتمانی بۆ نواندن)ە و ئەوانەی لەژێر ناوەکەیدا کاردەکەن ئەندامی هەمیشەیی تیمەکە نین بەڵکو لە دەرەوەی تیمەکەن و خۆیان خستووەتە ژێر سێبەرەکەی. هەروەها ئێستا وەک جاران هیچ تیمێک نابینیت سەر بە ڕێکخراوە پیشەییەکان بێت وەکو جاران و لە پەیمانگا و کۆلێجەکانی هونەریشدا چیتر وەکو جاران بەرهەمی هونەری وا پێشکەش ناکەن کە لە ئاستێکی فکری و هونەری بەرزدا بێت. تەنانەت ئەو کۆمەڵانەش کە دەتوانرێت بخرێنە چوارچێوەی شانۆی بازرگانییەوە زۆربەیان بەپێی یاسای تیمەکانی نمایشکردن مۆڵەت پێدراو نین. لێرەدا دەبێت سوپاسی گرووپە شانۆییەکانی ئەو پارێزگایانەی وڵات بین کە هێشتا بەردەوامن لە کار و چالاکی جیاجیادا و هەندێک جار فیستیڤاڵی شانۆیی ڕێکدەخەن چ لەسەر ئاستی عێراق و چ  لەسەر ئاستی عەرەبی. ئەگەر پێداگری شانۆکارە ڕاستەقینەکانی عێراق نەبوایە کە سوورن لەسەر بەشداریکردن لەسەر گۆڕەپانی شانۆی عەرەبی و هەندێکجار نێودەوڵەتی و بەشداریکردن لە فیستیڤاڵەکانی دەرەوەی وڵاتدا ئەوا حکومەت نە ئاوڕی لە شانۆ دەدایەوە و نە هیچ بایەخێکی دەدا بەو بەشداریکردنانە. خاڵێکی دیکەی شایستەی تێبینیکردن بریتییە لە گەڕانەوەی چالاکییەکانی گرووپ و تاقمەکانی شانۆی بازرگانی کە خەڵکانێک سپۆنسەری دەکەن لە دەرەوەی ناوەندە هونەرییەکەن. سەیرەکە لەوەدایە کە تیمە ڕەسمییەکەی دەوڵەت خۆیشی کەوتووەتە ئەو جۆرە چالاکییانە و لە دابینکردنی خەرجی و بەرهەمەکانیدا پشت بەوجۆرە کەسانە دەبەستێت، بەتایبەت ئێستا کە بودجەی فەرمانگەی سینەما و شانۆ بەتەواوی کەمکراوەتەوە و بەڕێوەبەرایەتی ئەو فەرمانگەیەی ناچارکردووە پشت بە سپۆنسەری دەرەکی ببەستێت. ئەمڕۆ تێببینی دەکرێت کە زیاتر لە چوار شانۆگەری بازرگانی پێشکەشی ئەو جەماوەرە دەکرێت کە بە پەرۆشەوە بەدوای شوێنێکی حەوانەوە و کات بەسەربردنی دڵخۆش دەبات بۆ ڕزگاربوون لە ماندوێتی و نیگەرانی و خەمە زۆرەکانی وڵات. لێرەدا پێویستە ئاماژە بکەین بەوەی کە خاڵی هاوبەشی ئەو نمایشانە بریتین لە گۆرانی و سەمای ساویلکانە و نوکتەی بێمانا و قسەی ناشیرین و پشت بەستن بە دایالۆگ و دوورکەوتنەوە لە وێنە شانۆییە هونەرییەکان. دیارە سەرەڕای نەبوونی دەسەڵاتێکی چاودێری بەسەر دەق و نمایشە شانۆگەرییەکاندا هێشتا دەسەڵاتێکی دیکەی چاودێری هەیە کە دەسەڵاتێکی نهێنییە و دابونەریتەکان دەیسەپێنن. لێرەدا پێویستە رۆڵی شانۆکارە لاوەکان ستایش بکرێت کە ئەگەر بەردەوامی ئەوان نەبوایە و چالاکییە شانۆییەکانیان بەخوێنی تازە چالاک نەکردایەتەوە ئەوا دەمێک بوو شانۆی عێراقی کۆتایی هاتبوو. ڕەنگە خوێنەری بەڕێز پرسیار بکات و بڵێت: کەواتە چیبکەین بۆئەوەی مەسەلەکان بگەڕێنەوە بۆ ڕەوتە ڕاستەکەی خۆیان؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ پێودانگەکانی دوێنێ. ڕەنگە خوێنەر وەڵامبداتەوە بڵێت دوێنێ تەواو، دەڵێم بەڵێ ڕاستە دوێنێ ڕۆیشت و پێویستە بە تێڕوانینێکی تازەوە دوێنێ بگێڕینەوە. ئەگەر بمانەوێت عێراق بە وڵاتێکی شارستانی بمێنێتەوە نەک پاشەکشە بکات بەرەو دواوە و بەرەو نەزۆکی، ئەوا پێویستە هەموومان شانۆیەکی ڕەسەنی عێراقی بهێنینە ئاراوە. شانۆیەک کە خەڵکەکە هەموویان بەلایانەوە گرنگ بێت. شانۆیەکی پابەند بە مەسەلەکانی ئەم گەلە زۆرلێکراوە مەحرومەوە، شانۆیەک کە لە ئاستێکی هونەری بەرزدا بێت و هەموو توخمە درامی و هونەری و شانۆییەکانی تێدا خەمڵیبن. شانۆیەک تەم و مژ و ئاڵۆزی تێدا نەبێت و داوای گٶڕینی کۆمەڵگا بکات بەرەو باشتر.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure