دۆزینەوەی ئاسەوارەكان بە رێكەوت

بۆچوون / بیروڕا :: 17/09/2016

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

 
هەمیشە ئاسەوارە دۆزراوەكان ناوی دۆزەرەوەكانیان نەمر دەكەن و دەرگای ناوبانگیان لێدەكاتەوە و مێژوو لە ریزی دۆزەرەوە گەورەكاندا ناویان دێنێت. بەڵام پێویست نییە كە دۆزەرەوەكە مرۆڤ بێت!! لەڕاستیدا ئاژەڵیش ركابەریی گەورە دۆزەرەوەكانی كردووە و ئاسەواری سەرنجڕاكێشی دۆزیوەتەوە. رەنگە بەناوبانگترینیان بزنەكەی ئەحمەد عەبدولڕەسوڵ بێت كە ساڵی 1871 لە شاخی الدیر البحری El Dayr al- Bahri  لە مێگەلەكەی یاخی بوو، كاتێكیش خاوەنەكەی بەدوایدا دەگەڕا ئەو بیر-ەی دۆزیەوە كە دواتر بووە هۆی ئاشكرابوونی مۆمیا و كەلوپەلی ناشتنی زیاتر لە پەنجا فیرعەونی میسری، بەمەیش گەورەترین ئاسەواری لەسەدەی نۆزدەدا دۆزیەوە و ناونرا شارراوەكەی دیر بەحری.
دوای دۆزینەوەی شارراوەكە و بەدیاریكراوییش لە ساڵی 1898 دا، كاتێك هێوارد كارتەر شوێنەوارناسی بەناوبانگی ئینگلیز، بە سواریی ئەسپەكەی بە دیر بەحردا دەگەڕێت، كە لە حەوشە كراوەكەی پەرستگای ناشتنەكەی منتوحۆتپ-ی دووەم Mentuhotep II، دامەزرێنەری خێزانی یازدە، نزیك دەبێتەوە، ئەسپەكەی سەرسمێك دەدات و هێوارد كارتەر دەكەوێتەخوارەوە، دواتر ئەو بیرە دەدۆزێتەوە كە دەچێتەوە سەر گۆڕە رەمزیەكەی فیرعەون منتوحۆتپی دووەم، بەمەیش یەكێك لە هەرە جوانترین پەیكەرە فیرعەونیەكان بە ساغی (نەشكاوی) دەدۆزێتەوە كە بە كەتان پێچراوەتەوە و زیاتر لە مۆمیا دەچێت نەك پەیكەرێكی لە بەردی لمینی سوور دروستكراو. دۆزراوەكە پەیكەرێكی فیرعەونە بەدانیشتنانەوە و جلوبەرگی ئەو ئاهەنگانەی پۆشیوە كە بە نوێبوونەوەی وزە  Heb-Sed ناسراوە. ئەم دۆزراوەیەیش لە كتێبەكانی مێژوودا بە ناوی پەیكەی دەرگای ئەسپ-ەوە تۆمار كراوە.
پەیوەندیی هێوارد كارتەر بە دۆزینەوەی ئاسەوارەكانەوە كە ئاژەڵ رۆڵی تێدا ببینێت، بەمە كۆتایی نەهات، ئەوەبوو لە 4 ی تشرینی دووەمی ساڵی 1922 یشدا ئەم كارتەر-ە ژوانی هەبووە لەگەڵ گرنگترین دۆزینەوەی ئاسەواریی سەدەی بیستدا، ئەویش دۆزینەوەی گۆڕستانی زێرینی فیرعەونی توت عەنخ ئامون بوو بە سەلامەتی و بێ‌ ئەوەی دەستی لێدرابێت، لەگەڵ گەنجینە نایابەكانیدا كە لە جێگەی خۆیان نەجوڵێنراون لەوكاتەوەی كاهینەكان بەدەستەكانی خۆیان و لە پێش زیاتر لە سێ‌ هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە دایانناوە. بەڵام دەربارەی رۆڵی ئاژەڵ لەم دۆزینەوەیەدا، ئەمەیان دەگەڕێتەوە بۆ گوێدرێژەكەی حسێن عەبدولڕەسوڵ-ی مێردمنداڵ لەهەمان ئەو خێزانەی كە شارراوەكەی دیر بەحری دۆزیەوە. ئەم گوێدرێژە گۆزە ئاوی پێدەگوازرایەوە بۆ كرێكاران. لەو رۆژەدا گوێدرێژەكە بە گۆزە ئاوەكانەوە دەچێتە دۆڵەكەوە و مێرمنداڵەكەیش بەدوایەوە دەڕوات. گوێدرێژەكە لە تاو دەنگەدەنگ و تەپوتۆز، لەو شوێنە دووردەكەوێتەوە كە كرێكارەكان كاری تێدادەكەن و دەڕوات لە پەنا سێبەرێكدا دەوەستێت. لەوكاتەدا كە حسێن عەبدولڕەسوڵ-ی مێردمنداڵ خەریكی تەختكردنی زەویەكە دەبێت بۆ ئەوەی جێگەی دانانی گۆزە ئاوەكان خۆش بكات، یەكەم پلیكانەی ئەو پلیكانانە دەدۆزێتەوە كە هێوارد كارتەر-ی برد و گەیاندیە دۆزینەوەی گۆڕستانی توت عەنخ ئامون.
رۆژی هەینی رێكەوتی 28 ی ئەیلولی ساڵی 1900 یش، گوێدرێژەكەی سەید مەنسور سەید ون دەبێت لە كاتێكدا خۆی خەریكی باركردنی عەرەبانە تەختە بێ‌ چوارچێوەكەی بوو لەو بەردە پەرت و بڵاوانەی كە بەناوچەی كۆم شۆقافەی Kom el Shoqafa شوێنەواریی لە ئەسكەندەریەدا بڵاوبوبوونەوە، گوێدرێژی بەستەزمانیش دەكەوێتە بیر-ێكی قووڵەوە و قوربانیی بە ژیانی خۆی دەدا بۆ ئەوەی ناوازەترین ئاسەواری ئەسكەندەریە بۆ ئێمە بدۆزێتەوە كە بە گۆڕستانی كەتاكۆمبی كۆم ئەلشۆقافە  Catacombs of Kom el Shoqafa دەناسرێت.
لە هاوینی ساڵی 1997 یشدا زۆنگاوەكانی بەحریە Bahariya Oasis ژوانێكی دەبێت لەگەڵ دۆزینەوەی ئاسەوارێكی سەرسوڕهێندا. ئەوكاتە شێخ عەبدولمەوجود پاسەوانی پەرستگای (ئەسكەندەری گەورە)، دوای تەواوبوونی نۆبەی حەرەسیاتەكەی بەرەو ماڵەوە دەگەڕێتەوە، سەیر دەكات گوێدرێژەكەی وەك جاران نایەت بۆ لای و بەترسەوە لەجێی خۆیدا دێت و دەچێت! كاتێك لێی نزیك دەبێتەوە بزانێت چییەتی، دەبینێت قاچێكی چووە بە چاڵێكدا، كە دەریدەهێنێتەوە و تەماشی چاڵەكە دەكات دەبینێت دەموچاوێكی زێڕین بە زەردەخەنەوە سەیری دەكات، ئەمە سەرەتای دۆزینەوەی دۆڵی مۆمیا ئاڵتونیەكانی زۆنگاوەكانی بەحریە بووە. 
لە هەرەمەكانی جیزەیشدا قاچی ئەسپێك سەرسمێك دەدات و بەهۆیەوە گۆڕستانی ئەو كرێكارانە دەدۆزرێتەوە كە هەرەمەكانیان دروستكردووە. هەموو دۆزینەوەكانی گوێدرێژ و وشتر و بزن تەنیا لە ئاسەوارە فیرعەونیەكاندا نەبووە، چونكە چیرۆكێك هەیە دەربارەی ئەحمەد بن تولون-ی دامەزرێنەری دەوڵەتی تولونی Tulunids لە میسر كە پایتەختەكەی قەتایع Al-Qata'i بووە لە نزیك شاری فستات. دەگێڕنەوە ئەسپەكەی چاڵێكی لە بیابانی مەمالیكدا دۆزیووەتەوە كە گەنجینەیەك ئاڵتوونی تێدا بووە و ئیبن تولون ئەو مزگەوتە و منارە پێچاوپێچە بەناوبانگەكەیی پێدروستكردووە كە تا ئەمڕۆیش هەر بەناوی خۆیەوەیەتی.





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە