ئایا عەرەب هیچی هەیە شانازیی پێوە بكات؟

بۆچوون / بیروڕا :: 16/09/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید 


ئەوەتا ئەو ئەوروپایەی كە سنوورەكانی كردبووەوە بۆ پێشوازیكردن لە ئاوارەی وڵات و نیشتمانەكانیان، بە حساباتی خۆیدا دەچێتەوە. هەموو جیهان بەحساباتی خۆیدا دەچێتەوە و سەرقاڵی ئەم مەسەلەیەیە. لێرەدا جێی ئاماژەیە، ئەوە بەتەنیا هەر عەرەب و موسڵمانان نین كە وڵاتانی خۆیان جێدێڵن و داوای پەنابەرێتی دەكەن لە (وڵاتانی كوفر) وەك ئەوەی لە ئەدەبیات و كلتوریاندا وای پێدەڵێن، زۆر نەتەوەی تری ئەوەی كە پێیدەوترێت جیهانی سێیەمی داماو، بە سیستمە جیاوازەكانیەوە، ئەوانیش هاوشێوەی عەرەب و ئیسلام، هەموو جیهانیان پڕكردووە لە شەپۆلی یەك لەدوای یەكی راكردوو و هەڵاتوان كە بەدوای كار و پاروە نانێكدا دەربەدەر دەبن.
ئەوەی كە لەم كاتەدا دەبێت خەو لە چاوی عەرەب بتارێنێت، ئەم بارودۆخەیە كە خۆیی تێدا دەبینێتەوە. كەچی گوتاری باوی عەرەب لەبری ئەوەی بیرێك لە حاڵی خۆی بكاتەوە، دەبینین خواربووتەوە بەلای لۆمەكردنی هەموو ئەو (كێ‌) و (چی)یانەدا كە لە دەرەوەی خۆیدان. ئەوەتا كاتێك ئەو تیرۆرەی كە موسڵمانەكان لە وڵاتانی خۆرئاوادا ئەنجامی دەدەن و تێیدا تەڕ و وشك و بەرد و مرۆڤ پێكەوە دەكوژن، زۆرجار هەردوو گوتاری نەتەوەیی عەرەب و ئیسلامی پاساو بۆ ئەم تیرۆرە دێننەوە و لە بیانووەكانیشیاندا تاوانەكانی ئیستیعمار لە رابردوودا، دەكەنە بەڵگە. هەندێك جاریش پەراوێزخستنی ئەو گروپانە و لە ناویشیاندا گروپە ئەنجامدەرەكانی تیرۆر، لەژیانی وڵاتانی خۆرئاوادا دەكەنە بیانوو بۆ ئەو كارانە. ئیتر ئاوا بەم پاساوە ئامادانە كە لەوەناچێت بۆ ماوەیەكی درێژ كاریگەرییان بمێنێت، پاساوهێنەران بێخەم دەخەون و ئەو گەل و وڵاتانەیش كە پاروویەكی ئامادەیان هەیە و هەموو كەسێك دەتوانێت بیخوات، بەهەموو عەرەبێكی جێبەخۆنەگر و جوێنفرۆش و زمانشڕەوە، بەتەنیا جێدێڵن. ئەمە لەكاتێكدایە كە لای خودی ئەو عەرەبانەیش ئەوە ئاشكرایە كە ئەوە تەنیا عەرەب و موسڵمان نەبوون كەوتنە ژێر دەسەڵاتی ئیستیعماری سەردەمەكانی رابردووەوە. بالێرەدا لایەك لەو راستیەیش بكەینەوە كە عەرەب و موسڵمانەكانیش لە رابردوودا لەم پێناسەیە جیاوازنەبوون، ئەگەرچی ئەوان جەنگە ئیستیعماریەكانی خۆیان ناونابوو (الفتوحات). با جارێ‌ واز لەمەیان بێنین چونكە لەم وتارەدا جێینابێتەوە.
ئەوەی جێی مەبەستی ئێمەیە ئەوەیە كە بەستنەوەی هوكارەكانی تیرۆر بە تاوان و ستەمی مێژوویی ئیستیعمارەوە لێكدانەوەیەك بۆ حەقیقەتی نەبوونی ئەمجۆرە تیرۆرە ناكات لەلای گەلانی غەیرە عەرەب و غەیرە موسڵمان كە ئەوانیش لەسەردەمانێكدا كەوتبوونە ژێر دەستی ئیستیعمارەوە. خۆ ئەگەر تاوانەكانی ئیستیعمار هۆكارێك بوونایە بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی، ئەوكاتە تیرۆری ڤێتنامی و هندی و ئەوانی دیكەی لەوجۆرەمان دەبینینی نەك تەنیا و تایبەت بێت. بەهەمان شێوە لەسەر پەراوێزخستنیش، چونكە ئەوە تەنیا عەرەب و موسڵمان نین كە پەراوێز و نامۆبن لەو وڵاتانەی كۆچیان بۆكردووە، كەچی چینیەك یان هندیەك یاخود ڤێتنامیەك نابینین كە بە بیانووی تاوانەكانی رابردووی ئیستیعمارەوە پەنا بباتە بەر كارێكی تیرۆریستی لەو وڵاتەی كە كۆچی بۆكردووە.
كەواتە و بەم حاڵەوە ئەوەی پێویستە بیكەین هەوڵدانە بۆ گەڕان بە خۆمان و بەناخی خۆماندا بەدوای رەگی ئەو بەڵایەدا كە لە ئێمەیە و لەخۆمانە. هەروەها هەر ئەوەیش بەس نییە كە گۆرانی بە باڵای شكۆی ئەو رابردووەماندا بڵێینەوە كە تەواو بوو كۆتاییهات و نوقم بوو لە متبوونێكی قووڵدا. هێندە بەسە كە یەكێكمان تەماشایەكی ئاستی خوێندن بكەین لە هەموو وڵاتە عەرەبیەكاندا، لە قوتابخانە سەرەتاییەكانەوە بیگرە تا زانكۆكان. راپۆرتە نێودەوڵەتیە
بڵاوكراوەكان دەربارەی باشترین زانكۆكانی جیهان ناوی هیچ زانكۆیەكی عەرەبی ناهێنن، تۆ بڵێت ئەمەیش هەر خەتای ئیستیعمار بێت؟ ئەی ئەگەر مرۆڤ بیرێك بكاتەوە لەوەی كە ئایا عەرەب چی پێشكەش بە جیهان كردووە، چی دەدۆزێتەوە؟ هیچی دەستناكەوێت، نەوت و غاز نەبێت. تەنانەت ئەم سەرچاوانەیش لەلایەن عەرەبەوە دەرناهێنرێن و پاڵفتە ناكرێن بە ئامێرگەلێك كە بە زانست و تەكنۆلۆژیای عەرەب دروستكرابن. عەرەب هیچ نییە تەنیا ئەوە نەبێت كە خاوەنیەتی. ئەم هەموو سەردەمە درێژانەی سەربەخۆیی (نیشتمانی) هیچی دروستنەكرد تەنیا پێكهێنانی رژێمگەلێك نەبێت كە لە كۆتاییدا ئەوانیش بوونە مشەخۆر بەسەر جیهانەوە.  
بەم جۆرە، عەرەب وەك گاڵتەجاڕی ئەم سەردەمە دەركەوت و بووە تەختەی رزیوی سەر شەپۆلی پڕ لە گێژاوی دەریا. عەرەبی راستگۆ لەگەڵ خۆیدا، ئەم راستیە دەزانێت. بەڵام نایەوێت بەردەوامبێت لە خۆبەزلزانین و گۆرانیووتن بۆ بۆ شكۆی دێرین كارەساتەكانی خۆی دەخاتە ئەستۆی تاوانەكانی كەسانی دیكە، بێ‌ ئەوەی ئازایەتی ئەوەی تیابێت كە رووبەڕووی حەقیقەتی تاڵی شاراوەی ناو سیستمە كۆمەڵایەتی و ئایینی و كلتوری و سیاسیەكانی ببێتەوە.
مادام دۆخەكە بەم شێوەیەیە، كەواتە مژدە بدەن بە درێژیی زەلیلی.

 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure