هونەری درۆکردن

بۆچوون / بیروڕا :: 11/09/2016

سەرچاوە: ئیکۆنۆمیست
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
سیاسییەکان هەمیشە درۆیان کردووە. ئایا کێشەیە ئەگەر بەتەواوی واز لە ڕاستی بهێنین؟
بزانە دۆناڵد ترامپ چەند دوورە لەڕاستییەوە. ئەو کاتێک کە وتی بڕوانامەکەی لەدایکبوونی باراک ئۆباما ساختەیە و گوایە سەرۆک ئۆباما ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دروستکردووە و کلینتۆنەکان پیاوکوژن و باوکی ڕکابەرێک لەگەڵ لی هارڤی-دا بوو پێش ئەوەی تەقە لە جۆن ئێف کێنێدی بکات، خۆی خستە دنیایەکی خەیاڵییەوە.
بەڕێز ترامپ ڕابەرێکی بەتوانای سیاسەتی (پاش- ڕاستی)یە - پشتبەستن بە جەختکردنە سەر ئەو شتەی (کە لەڕاست دەچێت) بەڵام هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە. ئەم ڕوو قایمییە سزا نادرێت، بەڵکو وەکو نیشانەیەک وەردەگیرێت کە ئەم پیاوە دەیەوێت ڕووبەڕووی دەستەبژێری دەسەڵاتدار ببێتەوە. تەنهاش نییە. ئەندامانی حکومەتی پۆڵەندا جەختدەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە سەرۆکی پێشووی وڵات، کە لە ڕووداوێکی سەرنگونبوونی فڕۆکەدا مرد، لەلایەن ڕووسیاوە تیرۆرکراوە. سیاسییەکانی تورکیاش دەڵێن گوایە تاوانبارانی کودەتا ناشییەکەی ئەم دواییە لەژێر فەرمانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکادا ئەو کارەیان کردووە. هەروەها هەڵمەتە سەرکەوتووەکەی بریتانیا بۆ چوونەدەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا هۆشداری دا لەوەی کە لێشاوی پەنابەران ڕوودەکەنە ئەوروپا ئەگەر تورکیا ببێتە ئەندام لەو یەکێتییەدا.
ئەگەر تۆ، وەک ئەم ڕۆژنامەیە، پێت وابێت پێویستە سیاسەت پشت بە بەڵگە ببەستێت، ئەمە شتێکە مایەی نیگەرانییە. دیموکراسییە بەهێزەکان دەتوانن پشت بەو بەڵگانە ببەستن کە لە ناوەڕۆکیاندا فاکتەریان تێدایە دژی پاش- ڕاستی. وڵاتە ئۆتۆکراسییەکان لەمڕووەوە لاوازترن.
پادشاکانی درۆ
ئەوەی کە سیاسییەکان هەندێکجار درۆ دەفرۆشن هەواڵێکی تازە نییە: بیر لە درۆکەی ڕۆناڵد ڕیگان بکەرەوە کە گوتی حکومەتەکەی ئەو مامەڵەی بازرگانی چەکی لەگەڵ ئێراندا نەکردووە بۆ زامنکردنی ئازادبوونی بارمتەکان و هەروەها بۆ دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ چەکدارە یاخیبووەکان لە نیکاراگوا. دیکتاتۆرەکانیش و دیموکراتەکانیش لەپێناو کەمکردنەوەی سەرزەنشتکردنیان بەهۆی بێتوانایی و شکستهێنانیانەوە، هەمیشە ڕاستییان دەستکاری کردووە؛ دۆڕاوە بێزارەکان هەمیشە ئەوانەی بەرامبەریان بەدرۆکردن تۆمەتبارکردووە.
بەڵام سیاسەتی پاش- ڕاستی لەوە زیاترە کە تەنیا داهێنانی هەڵبژاردەیەکی مشەخۆر بێت کە لەدەست دەرچووە. ئەم زاراوەیە کاکڵەی شتە تازەکە وەردەگرێت: ڕاستی تەزویر ناکرێت، شەڕی لەسەر ناکرێت بەڵام بایەخی سەرەکیی نییە. سەردەمێک مەبەست لە درۆی سیاسی خوڵقاندنی تێڕوانینێکی درۆ بوو لە جیهان. بەڵام درۆکانی خەڵکی وەکو بەڕێز ترامپ بەمشێوەیە نییە. مەبەست لێیان قەناعەتپێکردنی دەستەبژێرەکان نییە، ئەوانەی کە دەنگدەران بەهیچ شێوەیەک نە خۆشیان دەوێن نە متمانەیان پێدەکەن، بەڵکو مەبەست بەهێزکردنی دەمارگیرییەکانە.
هەستەکان، نەک ڕاستییەکان، لەمجۆرە هەڵمەتانەدا گرنگن. کفری ڕکابەرەکانیان پاساوە بۆ ئەقڵیەتی ئێمە- بەرامبەر- ئەوان کە پاڵێوراوە دەرەکییەکان گەشەی پێدەکەن. ئەگەر ڕکابەرەکانت هەوڵدەدەن بیسەلمێنن کە ڕاستییەکانی تۆ هەڵەن، پێویستە لەو گۆڕەپانەدا شەڕ بکەن کە تۆ هەڵتبژاردووە. هەتا لایەنگرانی مانەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا زیاتر هێرشیان بکردایەتە سەر لایەنگرانی چوونە دەرەوەی بریتانیا سەبارەت بەو قسەیەی کە گوایە ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپادا هەفتەی ٣٥٠ ملیۆن یورۆ لەسەر بریتانیا دەکەوێت، زیاتر کاریگەری ئەو زانیارییە لە ڕووناکیدا دەمایەوە.
سیاسەتی پاش- ڕاستی گەلێک دایک و باوکی هەیە. هەندێکیان جوامێرن. پرسیارکردن لە دامەزراوەکان و ئەو حیکمەتەی کە ڕای گشتی قبوڵیەتی خەسڵەتێکی باشی دیموکراسییە نەبوونییەکی گومانلێکراوی ڕێز بەرامبەر بە سەرکردەکان یەکەمین هەنگاوە بەرەو چاکسازی. هەرەسهێنانی کۆمۆنیزم کاتێک بەخێرایی ڕوویدا کە خەڵکە ئازاکە ئامادەکرابوون بۆ تەحەداکردنی پڕوپاگەندە ڕەسمییەکان. بەڵام هۆکارە لەناوبەرەکانیش لەکاردان. یەکێکیان توڕەییە. زۆرێک لە دەنگدەران هەستدەکەن فێڵیان لێکراوە و بەجێهێڵراون، لەکاتێکدا دەستەبژێرەکەی کە پلەوپۆستیان هەیە گەشەیان کردووە. ئەوان زۆر بێزارن لەو تەکنۆکراتانەی کە هەر خزمەتی خۆیان دەکرد و دەیانگوت یورۆ ژیانیان چاک دەکات و سەدام حسێن  چەکی کۆمەڵکوژی هەیە. متمانەی ڕای گشتی بە بیروڕای پسپۆڕان و دەزگا دامەزراوەکان لە سەرتاسەری دیموکراسییەکانی خۆرئاوادا پاشەکشێی کردووە.
هۆکارێکی دیکەی سەرهەڵدانی پاش- ڕاستی دروستبوونی میدیایە. پارچەپارچەبوونی سەرچاوەکانی هەواڵ جیهانێکی ئەتۆمیزەکراوی خوڵقاندووە کە تیایدا درۆ و پڕوپاگەندە و بوختان زۆر بەخێرایی بڵاودەبنەوە. ئەو درۆیانەی کە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە ئینتەرنێتدا ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت و ئەندامەکانی متمانە بەیەکتری دەکەن زۆر زیاتر لەو متمانەیەی کە بە سەرچاوە سەرەکییەکانی هەواڵ هەیانە، زۆر بەخێرایی دەتوانن وەکو ڕاستی دەربکەون. بەنیشاندانی بەبەڵگەوەی ئەو شتانەی کە دژی بیروباوەڕە بەنرخەکانن، وایکردووە خەڵکەکە لەپلەی یەکەمدا هەوڵبدەن ڕاستییەکان لەکۆڵبکەنەوە. نیازپاکی پیشەی ڕۆژنامەگەرییش بەشێکی ئەم لۆمەیەی بەر دەکەوێت. بەدواداچوونکردن بۆ دۆزینەوەی ڕاستی و دادپەروەری لە ڕاپۆرتەکاندا هەندێکجار هاوسەنگییەکی ساختە دەخوڵقێنێت لەسەر حسابی ڕاستی. زاناکانی ناسا دەڵێن مەریخ ڕەنگە ژیانی تێدا نەبێت، پڕۆفیسۆر سنوکس دەڵێت پڕە لە بێگانە. لەڕاستیدا مەسەلەکە مەسەلەی بیروبۆچوونە.
کاتێک کە سیاسەت وەک زۆرانبازی لێدێت، کۆمەڵگا باجەکەی دەدات. بەڕێز ترامپ سوورە لەسەر ئەوەی کە بەڕێز ئۆباما داعشی دروستکردووە ئەمەش ڕێگری لە وتووێژێکی جدی دەکات سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ توندڕەوە توندوتیژەکاندا. ڕاستە سیاسەت شتێکی ئاڵۆزە بەڵام سیاسەتی پاش- ڕاستی ئەم  ئاڵۆزییە هێندەی تر نەفرەتیی دەکات چونکە دەستی سیحراوی شارەزایان بەکاریدەهێنێت بۆ خەڵەتاندنی هەموو کەسێکی دیکە. لەبەرئەوە پێشنیارەکانی هیلاری کلینتۆن سەبارەت بە مۆڵەتی دایکایەتی بە مووچەوە بێ هیچ مشتومڕێک تێپەڕ دەبێت و مەسەلەی ئازادکردنی بازرگانی بەبیانووی پاراستنی کاڵا خۆماڵییەکانەوە دەخرێتە لاوە.
شتێکی سەرنجڕاکیشە پێمان وابێت لایەنگرانی درۆ هەست بەهەڵەبوونی ڕێبازەکەیان دەکەن کاتێک کە سیاسەتی فرۆشراو بەپێی ڕەچەتە ئیتر وردە وردە باوی نامێنێت. خراپترین بەشی سیاسەتی پاش- ڕاستی، ئەوەیە کە ناتوانین متمانە بەم خۆڕاستکردنەوەیە بکەین. کاتێک کە درۆ شکست بە سیستمە ڕاستییەکان دەهینێت، ئەنجامە خراپەکانی دەبنە مایەی بەهێزبوونی گۆشەگیری و نەبوونی متمانە بەو دام و دەزگایانەی کە یەکەمجار ئەم پاش- ڕاستییەیان هێنایە ئاراوە.
لایەنگرانی ڕاستی دەتوانن بەرگە بگرن
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمە، سیاسییەکانی ڕەوتە باوەکە پێویستە زمانێک بدۆزنەوە بۆ وەڵامدانەوە (ڕەنگە زاراوەی لایەنگرانی ڕاستی گونجاو بێت). بێفیزی و هەستکردن بە ستەمەکانی ڕابردوو لەمڕووەوە یارمەتیدەرن. ڕاستی بەش بەحاڵی خۆی توانایەکی زۆری هەیە. هەر سیاسییەک پەیمانی دژ بەیەک بدات بۆ جەماوەری جیاجیا هێندەی پێناچێت لە فەیسبووک و یوتیوبدا ئاشکرا دەبێت. ئەگەر کاربەدەستێک درۆ بکات سەبارەت بە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی دیاریکراودا یاخود لە کەمپینێکدا ئەوا نامە ئەلیکترۆنییەکان دەتوانن بەدرۆی بخەنەوە.
دیموکراسییەکانیش لای خۆیانەوە دام و دەزگای یارمەتیدەریان هەیە. سیستمە یاساییە سەربەخۆکان میکانیزمیان هەیە بۆ دامەزراندنی ڕاستی (میلانیا ترامپ ڕووی کردە دادگا بۆ خۆچاککردن سەبارەت بەو درۆیانەی کە دەربارەی ڕابردووەی خۆی کردبوونی). پێکهاتە سەربەخۆکانی دیکەش لەبواری ڕاگەیاندن و سیاسەتدا هەمان کار دەکەن- بەتایبەت ئەوانەی کە پشتیان بە زانست بەستووە.
ئەگەر دۆنالد ترامپ لە مانگی تشرینی دووەمدا شکست بخوات، سیاسەتی پاش- ڕاستی کەمتر زیانبەخش دەبێت، هەرچەندە ئەو زۆر سەرکەوتوو بووە لە بڵاوکردنەوەیدا. بەڵام نیگەرانییە گەورەکە سەبارەت بە وڵاتانی وەکو ڕووسیا و تورکیایە کە ئۆتۆکراتەکان تەکنیکەکانی پاش- ڕاستی بەکاردەهێنن بۆ بێدەنگکردنی نەیارەکان. لەناو شەپۆلانی ئۆقیانووسی درۆدا خەڵکەکە هیچ شتێکیان نییە خۆیانی پێوە ڕابگرن. سیاسەتی پاش- درۆ هەرچەندە بۆ ئەوان شتێکی تازەیە بەڵام ڕەنگە ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی ستەمکارییە دێرینەکە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure