وانەکانی لاوس، ئامانجی ئۆباما لە لاوس

بۆچوون / بیروڕا :: 07/09/2016

نوسینی: برێت داکن.

سەرچاوە: گۆڤاری  FA
ئەم هەفتەیە باراک ئۆباما بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە سەردانی لاوس بکات. بەشێک لە سەردانەکەی بۆ ئامادەبون بوو لە لوتکەی نەتەوەکانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا ناسراو بە (ئاسیان). هەروەها ئەمە یانزدەهەمین سەردانی ئۆبامایە بۆ کیشوەری ئاسیا لەوەتەی لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە بۆتە سەرۆکی ئەمریکا.
بەهەرحاڵ سەرانەکەی ئۆباما بۆ لاوس تەنیا بۆ ئەو مەبەستە نیە و گوزارشت زۆر لەوە زیاتر دەکات. هەلێک دەڕەخسێنێت بۆ سەرۆکی ئەمریکا باس لە میراتی دەستوەردانی ئەمریکا لە لاوس لەکاتی جەنگی ڤێتنام بکات و شێوازێکی نوێ بۆ پەیوەندیەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەو وڵآتەدا داڕێژێت.

ئۆباما یەوانەیە یەکەم سەرۆکی ئەمریکابێت سەردانی لاوس بکات، بەڵام ئەم وڵاتە بچوکە سەرۆکەکانی پێشوی ئەمریکای لەسەردەمی جەنگی سارددا بەتەواوی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو. دوایت ئایزناوەر لەو بڕوایەدابوو کە مسۆگەرکردنی لاوس زۆر گرنگبێت بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی کۆمۆنیزم لە باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا. جۆن کەنەدیش لە سەرەتای ئیدارەکەیدا قەناعەتی بەوە بوو کە دەبێت گرنگیەکی زیاتر بدرێت بەو وڵاتە لەچاو هەر مەسەلەیەکی دیکەی سیاسەتی دەرەکی و هەڵمەتێکی نهێنیی دژە کۆمۆنیستی موخابەراتی ئەمریکا لەو وڵاتە دەستی پێکرد.

ئەنجامەکانی بەناو جەنگە نهێنیەکە لە لاوس کە نە بۆ گەلی ئەمریکا ئاشکرا کرا و نە رێگەش بە نوێنەرەکان درا لە کۆنگرێس زۆر وێرانکەر بوون. نزیکەی ١٠ ساڵ درێژەی کیشا، بوە هۆی مردنی ٢٠٠ هەزار کەس کە دەیکردە نزیکەی ١٠%ی تێکڕای دەنیشتوانی وڵاتەکە. نزیکەی دوو هێندەش برینداربوون، زیاتر لەیەک ملیۆن کەسیش لە وڵاتەکەدا ئاوارەبوون. لە مێژودا لاوس بوو بە وڵاتێک کە زۆرترین بۆردومان کراوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٤ و ١٩٧٣ ئەمریکا رۆژانە هەموو هەشت خولەکێک هێندەی باری یەک فڕۆکە بۆمبی بەسەر وڵاتەکەدا باراند و هەر پیاو و ژن و منداڵێک یەک تۆن بۆمبی بەسەردا بارێندراوە. دوای تەواوبونی هەڵمەتەکەش ٢٠ هەزار کەس بەهۆی بۆمبە نەتەقیوەکانەوە کوژراون و کەم ئەندام بوون. تا ئەمڕۆش پاکردنەوەی وڵآتەکە لە بۆمبە نەتەقیوەکان بەردەوامە.
هەرچەندە لەدوای دەستبەکاربوونی حکومەتە کۆمۆنیستەکەی لاوسەوە لە ساڵی ١٩٧٥ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڤیانتیانی پایتەخت کراوە بووە بەڵام لە سەرەتای ١٩٩٠ەکاندا بوونی ئەمریکا لە کۆماری دیموکراتیی گەلیی لاوس دابەزێندرا بۆ هەڵسورێنەری کاروبارەکان. پەیوەندیەکانی ئەمریکا لەگەڵ لاوس ئاسایی نەونەوە تا دەست بەکاربونی ئیدارەکەی جۆرج بوش کە لەو ماوەیەدا پەیوەندیە ئابوریەکانی نێوان هەردوو وڵات مسۆگەر کرا و دواتر گفتۆگۆکان لەبواری بەرگری ئەنجام دران.

ماوەی ساڵێکە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڤیانتیان سەرقاڵی سەردانە باڵاکەی ئۆبامان بۆ لاوس. هەر لەو ماویەداو وەک ئامادەکاریەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ، جۆن کێری دووجار سەردانی لاوسی کردوە. گرنگترین چاوەڕوانیەکان لە سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا راگەیاندنی زیادکردنی هاوکاریەکانی ئەمریکایە بۆ هەڵگرتنەوەی بۆمبەکانی ئەمریکا لە لاوس.

ئۆباما لە مانگی نیسانی رابردودا بە گۆڤاری ئەتڵەنتیکی ووت " ئێمە زۆر زیاتر بۆمبمان باراند بەسەر کەمبۆدیا و لاوس وەک لە ئەوروپا لە جەنگی جیهانی دووەمدا... کاتێک دەچم بۆ ئەو وڵاتانە هەوڵ دەدەم نیشانی بەدەم کە چۆن دەتوانین هاوکاری بکەین لە هەڵگرتنەوەی ئەو بۆمبانە کە بە قاچی منداڵاندا دەتەقێتەوە". سەردەمانێک ئەمریکا سوربوو لەسەر نکوڵی کردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە لاوس، بەڵام ئێستا بە ئاشکرا دان بە نەهامەتیەکانی گەلی لاوسدا دەنێت کە بەهۆی بۆمبەکانیەوە توشی دەبێت.

لە راستیدا کاتی سەردانەکەی ئۆباما جێگەی خۆشحاڵیە چونکە لەوەتەی جەنگ کۆتایی هاتوە هیچ کاتێک هێندەی ئێستا حکومەتی لاوس پێشوازی لە بەشداری ئەمریکا نەکردوە. لە دە ساڵی رابردوودا و پێشتریش حکومەتی لاوس دەرگای لەبەردەم وڵاتی چین واڵا کردبوو کە ئێستا بۆتە گەورەترین وەبەرهێنی بیانی لە وڵاتەکەدا.

لە سەرەتای ئەمساڵدا لاوس سەرەک وەزیرێکی هەڵبژارد کە ناسراوە بەوەی دەیەوێت هاوپەیمانێتیەکانی وڵاتەکەی فرەچەشن بکات بەتایبەتیش کە نیگەرانیەکانی ڤیانتیان لەبارەی زیاد لە پێویست پشتبەستن بە وەبەرهێنانەکانی چین زۆر بووە.

جگە لە هاوکاریکردنی لاواس لەوەی کە تەنیا پشت بەیەک هاوپەیمان ببەستێت، بەستنی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵیدا رێگە بۆ ئەمریکا خۆش دەکات بەهاکانی خۆی لە ناوچەکە برەو پیبدات بەتیابەتیش لە بوارەکانی ژنگە و مافی مرۆڤدا. دیارترین نمونەش سەردانەکەی هیلاری کلنتن بوو کە توانی حکومەتی لاوس رازی بکات بەوەی دروستکردنی بەنداوێک بەبڕی 3.6 ملیار دۆلار لەسەر روباری (مێکۆنگ) کە وڵاتانی دراوسێی نیگەران کردوە.

بەم جۆرە بەستنی پەیوەندی ئاسایی دووقۆڵی لەسەر بنەمای دانپیادانانی راسگۆیانە بە روداوەکانی رابردوو، ئەوە مسۆگەر دەکات کە دەنگی ئەمریکا لەلایەن سەرکردایەتی لاوسەوە ببیسترێت.

وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد               

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure