قسەكردن لە لوتكەی بیستدا ئاسانترە لە جێبەجێكردنی

بۆچوون / بیروڕا :: 07/09/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


لوتكەی بیست یان كۆبوونەوەی خاوەن 20 گەورەترین ئابورییەكەی جیهان، زۆر گرنگە و گاڵتە هەڵناگرێت. منیش لایخۆمەوە بەدیار هەموو كۆبوونەوەكەوە دانیشتم و ئەو گۆرانیە كۆنە بەسەرمدا زاڵ بوو كە دەڵێت: هەركەس گۆرانی بۆ لەیلای خۆی دەڵێت و منیش بۆ لەیلاكەی خۆم گۆرانی دەڵێم...

زی جینپینگ هەموو ئەوانەی لە میوانەكانەوە بیست كە پێیخۆش بوو.
سەرۆك باراك ئۆباما لە دوا سەردانیدا وەك سەرۆك بۆ خۆرهەڵاتی دوور، لە دوای چین بەشداریی كرد لە كۆبوونەوەی باڵای خۆرهەڵاتی ئاسیا لە لاوس, باوەڕناكەم توانیبێتی سەركەوتوو بووبێت لە رەواندنەوەی نیگەرانیی وڵاتانی خۆرهەڵاتی دوور دەربارەی هەڵوێستەكانی كاندیدی كۆمارییەكان بۆ سەرۆكایەتیی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ، كە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتی وڵاتەكەی دەكات لەگەڵ ژاپۆن و كۆریای باشوردا. بەڵكو رەنگە نیگەرانیەكانیانی زیاتریش كردبێت بە قسەكردنی لەسەر تیرۆری چاوەڕوانكراوی ئەتۆمی كە وەك دەزانین هەموو دنیا وێران دەكات.
ئەنجێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا وتی كە دەخوازێت لوتكەی بیست تەركیز بخاتە سەر ئۆكرانیا و سوریا و پەنابەران. 
تێریزا مای سەرەك وەزیرانی بریتانیا وتی پاشەڕۆژی بریتانیا لەدوای راپرسیەكەی دەرچوونی لە یەكێتی ئەوروپا، پرشنگدارە و ئامادەیە بۆ درێژەدان بە  رۆڵی خۆی لە میوانداریی (بزنس)دا. هەروەك لەگەڵ ئۆبامایشدا رێككەوتن لەسەر بایەخ و گرنگێتیی بەردەوامبوونی هاوپەیمانیی نێوان بریتانیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان.
عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر زنجیرەیەك كۆبوونەوەی كرد و ئامانجیشی دڵنیاكردنەوەی وەبەرهێنەران بوو لەسەر ئەوەی كە بارودۆخی میسر جێگیر و ئاساییە. تێریزا مای قسەی لەسەر یەمەنیش كرد كە دەبوا قسەی لەسەر ئێرانیش بكردایە. 
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا داوای جەنگی جیهانیی لەدژی تیرۆر كرد، بەڵام ئەوەی ئەردۆغان بە تیرۆری دەزانێت زۆر كەس وەك ئەو نایبینن چونكە ئەو رۆژێك شەڕی داعش دەكات و رۆژێك هودنەی لەگەڵ دەكات و شەڕی كوردەكانی وڵاتەكەی خۆی و سوریایش دەكات و بە تیرۆریستیان دادەنێت، ئەم هەڵوێستەیش زۆربەی وڵاتان رەتیدەكەنەوە. بەلای منیشەوە لەسەر حەقن و سەركۆنەی تیرۆری هەندێكیان دەكەم.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا وتی پەیوەندیەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكاندا (سڕن) یاخود (سڕبوون) و لەكاتێكدا روسیا و ئەمریكا لە دانوستاندان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ سوریا، بەڵام لە راستیدا روسیا لەگەڵ مانەوەی بەشار ئەسەد-دایە و دژی لاچوونیەتی، ویلایەتە یەكگرتووەكانیش سوورە لەسەر ئەوەی كە دەبێت بڕوات.
پەیوەندیەكانی روسیا لەگەڵ سعودیەدا باشترن لەوەی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكاندا هەیەتی و سەرۆك پوتین زۆر ستایشی ئەمیر محەمەد بن سەلمان-ی كرد و وتی جێی متمانەیە. جێنشینی جێنشینی سعودیەیش لەگەڵ هەمویان دیداری كرد و قسەكانیشی سیاسی و ئینجا ئابورییانە بوو.

جارێكی تریش دەیڵێمەوە (هەر یەكە گۆرانی بۆ لەیلای خۆی دەڵێت) و ئینجا هەندێك (باكگراوند)ی ئەوەی لە چیند روویدا بۆ خوێنەر دەخەمەڕوو. ئۆباما و جینپینگ لە تشرینی دووەمی 2014 دا رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی ئەو غازی كاربۆنەی كە بڵاویدەكەنەوە، دوای ساڵێكیش وڵاتانی جیهان لە پاریس رێككەوتن لەسەر پارێزگاریكردنی كەشوهەوا بە كەمكردنەوە و دابەزاندنی بڵاوكردنەوەی غاز و پاشان هاوپەیمانییەكی ئەتڵەسی  لە تشرینی یەكەمی 2005 دا كە 12 دەوڵەت لەخۆدەگرێت. 

هێشتا هەر لە (باكگراوند)ەكەدا دەمێنمەوە، رێككەوتنی پاریس دەڵێت دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئەگەر 50 دەوڵەت واژۆی بكەن كە پێكەوە 55% ی غازە جۆراوجۆرەكان لە جیهاندا بڵاوبكەنەوە. ویلایەتە یەكگرتووەكان و چین بەتەنیا گەورەترین دوو وڵاتێكن كە كاربۆن و غازە جۆراوجۆرەكانی دیكە بڵاودەكەنەوە كە زیانیان بۆ مۆرڤایەتی هەیە، ئەو دوانە 38%ی كۆی غازی جیهان فڕێدەدەنە هەواوە.
باشترین شتێك لە لوتكەی بیست دەرچووە ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان و چین چوونە رێككەوتننامەی پاریس-ەوە و دۆسیەی ئەندامێتیی خۆیان لە رێككەوتنەكەدا دایە بانكی مۆن ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان. ئەمە كارێكی باشە، بەڵام دانبەوەدادەنێم كە من هەر لە بنەڕەتەوە لەگەڵ گوماندا لەدایكبووم، بۆیە من باوەڕ ناكەم كە ویلایەتە یەكگرتووەكان و چین بیانەوێت بەرهەمی پیشەسازیی خۆیان بگۆڕن یاخود بتوانن ئەوەندەی دەستكاری بكەن كە ببێتە هۆی كەمبوونەوەی بڵاوكردنەوەی غاز بۆ ئاستێكی گونجاو. 
قسەكە جوانە بەڵام جێبەجێكردنەكەی قورسە و (هەركەسە و گۆرانی بۆ لەیلای خۆی دەڵێت). 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure