گەورەترین ستەم

بۆچوون / بیروڕا :: 06/09/2016

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

هەرچەندە یۆنانییەکان و ڕۆمانییە کۆنەکان و پێش ئەوانیش فینیقییەکان پێگەی ژنیان تا ئاستی پیرۆزی بەرزکردەوە و پەیکەر و مۆنۆمێنتیان بۆ دروست دەکردن و خەریک بوو جوانییەکەیان دەپەرست بەناوی (عەشتەروت) و (ڤینیس)ەوە، بەڵام ئازادی ژن لەلایان هەر لە سنوورێكی دیاریکراودا مایەوە. من لە کتێبی سەنگینەوە بۆم دەرکەوت کە مافی هەڵبژاردن و بڕیاردان لە ئافرەت حەرام کراوە، كاتێك کە لە ماڵی باوکیدا بووە لەژێر ویستی ئەودا بووە و لە ماڵی مێردەکەشیدا گوێڕایەڵی فەرمانی مێردەکەی بووە. کاتێکیش کە مێردەکەی دەمرد شوبراکەی یاخود یەکێک لە خزمەکانی دەبوو بە بەرپرسیاری. هەندێک خێڵیش ئەو ژنەیان دەکوشت کە کوڕی بەهێزی نەدەبوو بە دەردی سەربازی بخوات. لای بێزەنتییەکانیش ئەو ژنەی کە منداڵی زۆری دەبوو بە قەرز وەردەگیرا بۆئەوەی لەپیاوی دیکە منداڵی ببێت بۆ نیشتمان. لە نووسینە کۆنەکانی هیندیشدا دەقێک هەیە دەڵێت :(تاعون و مەرگ و دۆزەخ و ژەهر و مار و ئاگر لەژن باشترن)، تەوراتیش لەوە خراپتری تێدایە، چونکە لە یەکێک لە سفرەکاندا دەڵێت :(من و دڵم گەڕاین بۆ فێربوون و لێکۆڵینەوە و بەدەستهێنانی ئەقڵ و ژیری، هەروەها بۆئەوەی تێبگەم کە خراپەکاری لە نەزانینەوەیە و بێئەقڵیش شێتییە. بۆم دەرکەوت لە مەرگ ناخۆشتریش هەیە: بۆم دەرکەوت ژن تەڵەیە و دڵی فاقەیە و دەستەکانیشی کەلەپچەن)، چەند نموونەیەکی دیکەش هەن سەبارەت بەم سنووردارکردنەی ئازادی ژنان، ئەواتا پەندێکی چینی دەڵێت :(گوێ لە ژنەکەت بگرە بەڵام بڕوای پێمەکە)، پەندێکی ڕووسیش دەڵێت :(مووی سەری هەموو ژنی دنیا یەک ڕۆحی تێدایە)، پەندێکی ئیتاڵیش دەڵێت :(زین بۆ ئەسپ و ماینە و داریش بۆ ژنی باش و خراپە). پەندێکی یابانیش دەڵێت :(سڵ لە ژنی خراپ بکەرەوە و لەلای ژنی باش دامەنیشە). یاساکانی هیندستانی کۆن ژن دەخاتە ڕیزی منداڵ و کەمئەقڵانەوە و دەڵێت :(نابێت مەسەلەی ژن بدرێتە دەست خۆی). ڕۆمانەکانیش دەسەڵاتی ڕەهایان دابوو بە پیاو بەسەر ژنەکەیەوە، مافی ژیان و مردنی لای ئەو بوو. یاساکانی یۆنانی کۆنیش هیچ مافێکی ژنی نەسەلماندووە، تەنانەت مافی میراتیش.
خێڵێکی عەرەبی هەیە کۆرپەی مێیینە زیندەبەچاڵ دەکات، لە هیندستانیشدا جاران ژنیان پاش مردنی مێردەکەی دەسوتێندرا.
لەسەر ئاستی خەرافاتیش: لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر ٢٠٠ چیرۆکی جنۆکەی برایان (گریم) دەبینین جیاوازی گەورە هەیە لەنێوان ڕەفتاری پیاو و ڕەفتاری ژندا. لەو کتێبانەدا ١٣ خەسووی خراپ و شەڕانی دەبینین بەرامبەر ٣ خەزوری خراپ، هەروەها ٢٣ ژنە سیحربازی خراپ لەبەرامبەر ٢ پیاوی سیحربازی خراپدا. ١٣ ژن مێردەکانیان دەکوژن کە خۆشیان دەوێن، بەڵام تەنیا یەک پیاو ئازاری ژنەکەی دەدات.
ئایا لەمێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ ستەمێک هەیە خراپتر لەم ستەمەی دژ بە ژن کە هیچ دەسەڵاتێکی نییە؟






created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە