سەردانێك بۆ چین

بۆچوون / بیروڕا :: 06/09/2016

بە بانگهێشتی میستەر رێن، دامەزرێنەری کۆمپانیای هواوی چینی وسەرکردەی ئەم کۆمپانیا گەورەیە، لەگەڵ عومەر حسێن وهاوڕێ دارۆ لە رۆژی ١٠/٨/٢٠١٦ دا بەرەو وڵاتی چین کەوتینە ڕێ. لە سلێمانییەوە بۆ دۆحەی پایتەختی وڵاتی قەتەر و لەوێوە بە هەشت سەعات بۆ فڕۆکەخانەی شاری کوانجو، ئینجا بە چەند سەعاتێك گەیشتینە شاری شینزن؛ ئەو شارەی کە بارەگای سەرەکی کۆمپانیای هواوی تێدایە و سیانزە ساڵ لەمەوپێش یەکەم سەردانمان کرد بۆی.

لە سلێمانییەوە هەردوو هاوڕێی چینی Guau و Joe مان لەگەڵدا هاتن وتا گەڕانەوەمان بۆ سلێمانیش یاوەرمان بوون. ئەم سەردانەمان تامێکی تایبەتی هەبوو.

ئەم سەردانە پاش سیانزە ساڵ هات بۆ لای هاوڕێ رێن و هاوڕێکانی. سیانزە ساڵی پەیوەندی سەرکەوتووی دوولایەن کە هەر یەکە لە وڵاتی خۆیدا گرنگ وبەكەڵك و سەرکەوتووە. ئەو هاوڕێیانەی سیانزە ساڵە باوەشی دۆستایەتییەکی پڕ لە تێگەیشتن و ڕاستگۆیی و بەشداریبوونیان بۆ کردینەوە لە ڕێڕەوی دامەزراندنی قەوارەیەکی نوێی تەکنەلۆژی و ئابوری و بازرگانی کە ڕۆڵێکی دیاری هەبووە و هەیەتی لە پێشخستنی کۆمەڵگاکەماندا لە هەموو ڕوویەکەوە.

ئەو بەرزی و خۆبەزلنەزانییەی دامەزرێنەری هواوی کە کەسایەتیەکی سیاسی و ئابووری ناسراوی هەموو چینی میللییە وتی "بەخێرهاتنتان ئەکەم و سوپاستان ئەکەم بۆ هاوکاریتان لەگەڵماندا "کاکە فاروق تۆ بوویتە هۆی فراوانبونمان لە عێراق و دنیاشدا ..... سیانزە ساڵ لەمەوبەر کە یەکمان دی ئێمە کۆمپانیایەکی بچووک بووین لە چین و جیهاندا، ئێستا ژمارە (یەک) ین لە جیهاندا."

ئەمجارەی بینینی چین وپەیوەندی کردنمان بە چەندەها کۆمپانیای گرنگی چینی جیهانییەوە، وایکرد کە بەرەو پێشچوونی گەورەی چینی میللی ببینین و بە سەرکەوتنی ئەو ڕێگا تایبەتمەندەی سۆشیالیزمی چینی ئاشنا ببین. ئەم گەشتە هیوا و ئاواتی ئه‌وه‌ی خسته‌ به‌رده‌ممان که‌ گه‌یشتنی گه‌لانی دنیا به‌ ئامانجیان له‌ پێشکه‌وتن و سه‌رکه‌وتندا کارێکی زۆر گران نیه‌, ئه‌ڵێم: ئه‌گه‌ر سه‌رکرده ‌و سه‌رکردایه‌تی به‌ توانا و زانا و پاک رابه‌ریان بێت.

چینی میللی لە سەرکردایەتی ماوتسی تۆنگه‌وه‌ بۆ دینگ سیاوپینگ و له‌ویشه‌وه‌ بۆ شی جینپینگ جێگای سه‌ربه‌رزی و خۆشه‌ویستی ئه‌و گه‌له‌یه‌ که‌ ژماره‌یان 1,600,000,000 (ملیارێک و شه‌ش سه‌د ملیۆن) که‌سه‌.

چینی میللی ده‌ستی کردوه‌ به‌ کار بۆ گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ی جیهان که‌ له‌ مێژه‌وه‌ باس ده‌کرێ و ناوی "رێگای ئاوریشم"ی لێ نراوه.

پرۆژه‌ی رێگای ئاوریشم ئه‌هێنێ له‌ وتارێکی تایبه‌تیدا پێشکه‌شی ئێوە و خوێنه‌ران و گوێگرانی سایت و رادیۆی دوارۆژی بکه‌م.

هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ئه‌م نامه‌یه‌م نارد بۆ هاوڕێ ڕێن:

هاوڕێی خۆشەویستم بەڕێز رێن ژێنگفەی:
دوای سڵاو و هیوای تەندروستی باش بۆ ئێوە، زۆر سوپاسی بەرێزتان ئەکەم بۆ ئەو میوانداری وبەخێرهاتنە گەورەیەی کە لەماوەی چەند رۆژی پێشوو لە خۆم و هاورێکانمتان کرد. لە ماوەی ١٣ ساڵی پەیوەندی بەردەواممان لەگەڵتان رۆژ دوای رۆژ خۆشەویستی و دۆستایەتی برایانەی ئێوەمان بۆ دووپات دەبێتەوە. هەر ئەو پەیوەندییانەش بوون کە بوونە هۆی سەرەکی پێشکەوتن و پێشەنگیمان لە بواری کاری پەیوەندی و تەکنەلۆجیادا لە (کوردستان ) و عیراق. ئێمە هەموو کاتێک خۆمان بە سوپاسگوزاری ئێوە و ستافە لێهاتووەکەتان دەزانین کە بە کۆشش وهاوکاری بەردەوامی ئەوان توانیمان تیمێکی ئەندازیاری زۆر پێشکەوتوو لە بواری پەیوەندییەکان لە عێراق پێبگەیەنین بۆ خزمەتی بوارەکە لە عیراق و ناوچەکە بە گشتی.

سوپاسێکی بێ پایان بۆ ئەو کۆبوونەوانەی بۆتان رێکخستین لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی چین لە هەموو بوارە جیاوازەکان بە تایبەتی بانکی چین و چەندەها کۆمپانیای گەورەی بواری بیناسازی و پیشەسازی و وزە بە مەبەستی زیاتر ناساندنی ئێمە بەوان و دروستکردنی ئەگەری پێکەوەکارکردن و وەبەرهێنان لە کوردستان و عیراق، بە تایبەتی لەم بارودۆخەی ئێستای عیراق و ناوچەکە کە بە دڵنیاییەوە پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ دروستکردنی پڕۆژە و کاری نوێ بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ سەدەها هەزار گەنجی بێکار و بۆ هەوڵی سەرلەنوێ بووژانەوەی بازاڕ و ئابووری لە کوردستان و عیراق. 
بە هیوای ئەوەی ئەم پڕۆژانەی دواڕۆژ ببێتە مایەی سوودی گەورە بۆ هەردوو گەلی عیراق و چین. دوای گەڕانەوەمان بۆ کوردستان و دیراسەکردنی ئەو پڕۆژانەی رووبەڕوو و دواتر لە رێی ئیمەیلەوە باسمان لێوەکرد، بە خۆشحاڵییەوە پێتان رائەگەیەنم کە گروپەکەمان لەوپەڕی ئامادەییە بۆ دەستپێکردن بەو پڕۆژە ستراتیژییانە و زیاتر خۆشحاڵ ئەبم کە بەڕێزتان بە شەخسی ببن بە هاوکارمان لەو کارانەی دواڕۆژدا. 

لە کۆتاییدا جارێکی تر سوپاسی زۆری خۆم و هاوڕێکانم بە ئێوە دەگەیەنم کە دەرفەتی ئەوەتان بۆ رێکخستین ئاشنا بین بەو هەموو پێشکەوتنە گەورەیەی لە بواری تەکنەلۆجیا و بیناسازی و پیشەسازی و زانستدا ئەنجامتان داوە لەم ٨ ساڵەی دواییدا کە سەردانی چینم تیانەکردبوو. 

پێشکەوتنی چین پێشکەوتنە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.

براتان، فاروق مستەفا رەسوڵ

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure