وڵاتی قیڕەقیڕ

بۆچوون / بیروڕا :: 06/09/2016

سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

عێراق شایستەی ئەوەیە بچێتە كتێبی گینتس بۆ ژمارەی پێوانەی-یەوە لە پشتگوێخستنی ئاشكراكردن و راگەیاندنی ئەنجامی لێژنەكانی لێكۆڵینەوەدا. چونكە دوای هەر رووداوێكی ئەمنی كە دەیان قوربانیی لێدەكەوێتەوە، لایەنە رەسمیەكان پێكهێنانی لجنەی لێكۆڵینەوە رادەگەیەنن بۆ روونكردنەوەی وردەكاریەكانی رووداوەكە. ئاخۆ هاووڵاتیی عێراقی پێویستی بە گێڕانەوەی ئەو رووداوانە هەیە كە بەسەریهاتووە و تێیدا ژیاوە و باجەكەی داوە؟. هەموو رۆژێك پێكهێنانی لیجنەیەكی لێكۆڵینەوە لە وڵاتی (قیڕەقیڕ) رادەگەیەنرێت. مەسەلەكە پەیوەندیی بە رووداوی ئەمنیەوە نییە، بەڵكو لیجنەگەلێك بۆ بەدواداچوونی مەسەلە زۆر گرنگەكانیش پێكهێنراوە، لە نموونەی كۆنترۆڵكردنی شاری موسڵ لەلایەن رێكخراوی داعش-ەوە لە ساڵی 2014 دا، بەڵام كەوتە كەمتەرخەمی و پشتگوێخستنەوە. لە دۆخی كوڵانی كێشمەكێشی سیاسیدا، لایەنێكی بەشداربووی ئەم حكومەتەی ئێستا، دۆسیەی موسڵ-ی بیردەكەوێتەوە و داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەكات رێوشوێنەكانی خۆی توندوتۆڵ بكاتەوە بۆ لێپرسینەوەی بەرپرسە تۆمەتبارەكانی ئەو دۆسیەیە، داواكاریەكە دەگاتە میدیاكان و دواییش وەك پەڵە هەوری هاوین لە ئاسماندا ون دەبێت. هەرچی لایەنی پەیوەندیداری مەسەلەكەیشە هیچی بۆ نامێنێتەوە تەنیا بێدەنگی نەبێت و ئەویش هەر چاوەڕێی رەوینەوەی هەورەكەیە.

وڵاتی قیڕەقیڕ، سایشتەی ئەوەیە بچێتە كتێبی گینتس-ەوە چونكە لەناو هەموو سەرگۆی زەویدا تاقە وڵاتێكە وێرانەیی زیاترە لە ئاوەدانیی، گروپە چەكدارەكانی بە ژمارە و بە تفاقیش لەژوور دامەزراوە فەرمیە سەربازیەكانیەوەیەتی، زاڵگە ئەمنیەكانی لەهەموو شوێنێكی ناوەوە و دەروەی ناوچە نیشتەجێبوونەكانیدا هەیە، بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان و سەروماڵیان بە پێی لێدوانی بەرپرسە ئەمنیەكانیان كە پرسیاریان دەربارەی پێوێستیی ئەم بڵاوبوونەوە ئەمنیەیان لێدەكرێت. كەچی كاتێك كە پێشێلكارییەك لە نزیك خاڵە پشكنینەكانەوە روودەدات، كەسێك ناچێت بەلایدا و لەجێی خۆیان دەمێننەوە چونكە لە سنووری بەرپرسیارێتیی ئەودا نییە!!.

دەزگا رەسمیە ئەمنیەكان لە بایەخی رووداوی تەقینەوەكەی كۆگای كاتوێشا و هاوەنەكانی رۆژی هەینیی رابردووی ناوچەی عوبێدی-یان كەمكردەوە و وتیان "بەداخەوەین كە تەقینەوەی تەقەمەنیە هەڵگیراوەكان بووە هۆی زیان گەیاندن بە ماڵی هاووڵاتیان و لیجنەی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە بۆ زانینی وردەكاریەكانی رووداوەكە و لێپرسینەوەی لایەنی (كەمتەرخەم)". ئاوا بەم شێوە رەسمیە ساردییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوێكی لەم شێوەیەدا دەكەن بۆ بێ‌ بایەخكردنی. ئەگەرچی قوربانیی لێكەوتووەتەوە و دەیان خانووی هاووڵاتیانی وێرانكردووە.  
لە وڵاتی قیڕەقیڕدا بەرپرسەكان داوای لێبووردن لە لایەنە چەكدارەكان دەكەن كە زەخیرە و تفاقە جەنگیەكانیان لەناو گەڕەكی نیشتەجێبواندا هەڵگرتووە. هەرچی ئەنجامەكانی لیجنەی لێكۆڵینەوەیشە وەك هەموو جارێكی تر دەخرێنە پشتگوێوە. لەسەر ئەو بنەمایەیش زەمەن كەفیلی ئەوەیە كە هاووڵاتیان ئومێدبڕ دەبن لە قەرەبووكردنەوەیان بە پارە بۆ چاككردنەوەی وێرانەكانیان.

لە وڵاتی قیڕەقیڕدا ئەو كەسانەی لە كردەوە تیرۆریستیەكان و ئەوانەی لە رووداوەكانی تەقینەوە و دەستدرێژییە تیرۆریستیەكانی ساڵانی پێشوودا زەرەرمەند بوون، چاوەڕێی رێكارە رەسمیەكانی پەیوەست بە قەرەبووكردنەوەیانن بە بڕە پارەیەك، لجنەكانی ئەو بوارە زیانەكانی خەمڵاندووە و بڕی پارەكەیشی دیاریكردووە، بەڵام جێبەجێكردنەكەی كێشاویەتی بە بەربەستی كەمیی سەرچاوە داراییەكاندا.

  
زیانپێگەیشتوانی رووداوەكەی عوبێدی، رەنگە وەرگرتنی قەربووەكەیان بكەوێتە دوای دەركەوتنی كلكداری هالی-یەوە، ئەگەرچی ئەم ئەستێرەیە كە لایخۆمان بە "ئوم زوێل" ناودەبرێت، عێراقیەكان لە نیوەڕۆی هەموو رۆژێكدا دەیبینن. سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە سیفەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و لە رێی بەیاننامەیەكی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانەوە رایگەیاند كە جەردی ئەمبار و كۆگاكانی چەك و تەقەمەنیی و كارگەكانی دروستكردنیان دەكەن و دەیانبەنە دەرەوەی شارەكان و لە چوارچێوەی سەربازگەكانی ناو بەغدا و پارێزگاكاندا كۆنترۆڵیان دەكەن. یەكێكیان گوێی لەم بەیاننامەیە دەبێت و ئەو گۆرانیەی بیركەوتەوە كە دەڵێت: (توە ارتاح دلالی) وەك خۆشیدەربڕینێكی گەلی وڵاتی (قیڕەقیڕ).

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە