ئەردۆغان و گێڕانەوەی پەنابەران بۆ سوریا

بۆچوون / بیروڕا :: 05/09/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


رەنگە هەڵە بم، تەنانەت هیوادارم هەڵە بم، بەڵام ئەوەندە هۆكارەم لا گەڵاڵە بووە تا قەناعەتی ئەوەم پێ‌ بهێنێت كە (سوڵتان) ئەردۆغان دەیەوێت دانیشتوانی ناوچەی باكوری سوریای نزیك سنووری توركیا دەربكات و ئەو پەنابەرە سورییایانەی لێ‌ دابنێت كە لە ناو توركیادان و زۆرینەیشیان لە باشوریدان لە نزیك سنووری وڵاتەكەیان.


دوای جرابلوس، هێزەكانی توركیا بۆ كوێ‌ دەچن؟ كیلیس (Kilis) نزیكە و بەدووریشی نازانم ئامانجیان مەنبەج و دەیان شارۆچكە و گوندی ناوچەكە بێت.

توركیا جیاوازیی سیاسی و سەربازیی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكاندا هەیە و سەردانەكەی جۆ بایدن-ی جێگری سەرۆك و دانوستانەكانی لە توركیا هیچی چارەسەر نەكرد. حكومەتی ئەمریكا رەخنەی لە هێرشی سوپای توركیا گرت بۆ سەر هاوپەیمانەكانی لە هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد. حكومەتی توركیایش وەك ناڕەزاییەك باڵیۆزی ئەمریكای لە ئەنقەرە بانگهێشت كرد و پێیگوت رەخنەكەی (قابیلی قبوڵ نییە).
روسیایش لایخۆیەوە داوای لە توركیا كرد كە خۆی دووربگرێت لە هێرشكردنە سەر هێزە نەیارە لۆكاڵەكان و كوردەكانیش، بنالی یەڵدرم سەرەك وەزیرانی توركیا وەڵامی دایەوە بەوەی كە (پرۆسە سەربازییەكان بەردەوام دەبن هەتا تیرۆر شكستدێنێت... و هێزەكانی توركیا گرەنتیی ئەمنی هاووڵاتیەكانی دەوێت لە ناوچە سنووریەكاندا).

رێككەوتنێك لە نێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپادا هەیە بۆ رێگری لە لێشاوی پەنابەران لە توركیاوە بۆ ئەوروپا،  بەڵام ئێستا رێككەوتنەكە بووەتە تۆزی بەربا و سەرۆكایەتیی یەكێتیەكەیش توركیا بە پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ تۆمەتبار دەكات، توركیایش دەڵێت ئەوروپا كۆتوبەندی سەر ڤیزەی توركەكانی بۆ چوونە ئەوروپاوە لانەبردووە. كریستیان كیرن راوێژكاری نەمسایش دەڵێت توركیا بەرەو دیكتاتۆریەت دەڕوات و توركیایش بە كێشانەوەی باڵیۆزی خۆی وەڵامی دایەوە بە بیانووی (گفتوگۆكردن) لەگەڵیدا.
دوای ویلایەتە یەكگرتووەكان و روسیا و یەكێتی ئەوروپا، حكومەتی سوریایش ناڕەزایی لە پرۆسەكانی توركیا دەربڕی و وتی دەبوو حكومەتی توركیا هاوئاهەنگیی لەگەڵ حكومەت و سوپای سوریادا بكردایە.

لەم چوارچێوەیەدا نەتەوەیەكگرتووەكان رژێمی سوریا بەوە تۆمەتبار دەكات كە هەوڵدەدات بۆ چۆڵكردنی شار و گوندەكان لە دانیشتوانەكەی و راگواستنیان، بۆ سەلماندنی ئەمەیش ئاماژەی بە شاری داریا داوە كە 30 كیلۆمەتر لە دیمەشق-ەوە دوورە و چوار هەزار هاووڵاتی و نزیكەی 700 چەكدار چۆڵیان كردووە و جێیانهێشتووە. هەروەها موعزەمیەی شام-یش كە بۆ سێ‌ ساڵ دەچێت گەمارۆدراوە و 28 هەزار هاووڵاتیی تێدایە. ئەمە بێجگە لە لیستێكی شار و گوندی تر كە دانیشتوانەكەی راگوێزراون، وەك ناوچەی وەعر لە حمس. بەهیچ جۆرێك بەرگریی لە رژێمی سوریا ناكەم، بەڵام لەوەدەچێت نەتەوە یەكگرتووەكان كوێرایی داهاتبێت، چونكە دەبوو هێرش بكاتە سەر (داعش) ئینجا ئەو رێوشوێنانەی كە حكومەتی سوریا پەیڕەویان دەكات، كەچی لەم چەند مانگەی دواییدا گوێم لە هەندێك لە لێدوانەكانی بانكی مۆن ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بووە، وەك فەرمانبەرێكی دەوڵەتە گەورەكان دواوە، ئەمە لەكاتێكدا كە ماوەی مانەوەی لە پۆستەكەیدا بەرەو كۆتایی دەچێت و دەیتوانی بە ویژدانەوە قسەی بكردایە و خەڵكی وەك میراتێكی سیاسیی ئەو باسیان بكردایە. 

جەنگی ناوخۆی سوریا دەچێتە شەشەم ساڵیەوە و 13 ملیۆن سوری دەربەدەرن، لەوانە حەوت ملیۆنیان لە ناوخۆی وڵاتەكەیاندا و نزیكەی شەش ملیۆنیشیان لەدەرەوەی وڵاتدان. بەشی توركیا دوو ملیۆن و 500 هەزار پەنابەری سورییە و لوبنانیش زیاتر لە ملیۆنێك و ئوردنیش نزیكەی ملیۆنێك. لێرەدا ستایشی بڕیارەكەی ئوردن دەكەم دەربارەی قبوڵكردنی خوێندكارە سوریەكان لە خوێندنگاكانی ئوردندا، ئەمە بڕیارێكی جوانی مرۆییانەیە.

جارێكی تریش ئومێدەوارم هەڵەبم لە دیاریكردنی نیەتەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەڵام من لەم دوو ساڵەی دواییدا بڕوا و متمانەم پێی نەماوە، دوای ئەوەی لە نیویۆرك و داڤۆس و هەروەها لە هەڵوێستەكانی سەبارەت بە گەمارۆكەی سەر كەرتی غەزە ستایشم كرد. ئەردۆغان لە دووی تەموزی رابردوودا بەڵێنیدا رێگە بە پەنابەرە سوریەكان بدات بۆ بەدەستهێنانی رەگەزنامەی توركی، بەڵام ئەو قسەی شتێكە و كردەوەكانی شتێكی تری دژی قسەكانین، ئەمەیش پەندێكی میسری-م بیردەخاتەوە كە دەڵێت (قسەكانتم بەدڵە بەڵام كردەوەكانت تووشی سەرسوڕمانم دەكەن).
بەهیچ شتێكی (سوڵتان) ئەردۆغان تووشی سەرسوڕمان نابم، چونكە ئەو دەیەوێت سەڵتەنەتی عوسمانی زیندوو بكاتەوە دوای سەد ساڵ لە تیاچوونی.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure