یانەی بەهێزەکان

بۆچوون / بیروڕا :: 05/09/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وه‌رگێڕانى: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

با بەشێوەیەکی کاتی واز لە نوسین بهێنین دەربارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ترسناک. شەڕەکانی ئەم ناوچەیە ڕەگیان لە مێژوودا داکوتاوە. چەندین میللەتی ئاوارە و بێوەژن و هەتیو بەرهەمدەهێنن. وڵاتەکان دەکەن بە ڕەشماڵی دڕاو. هەژاری و بێکاری و توندڕەوی چەند بەرابەر دەکەن. پەنجەرەکان دادەخەن بەڕووی منداڵان و نەوەکانیاندا. لەم گەڕەکە بەدبەختەی گوندە گەردوونییەکەدا ئەشکەوتەکان باڵیان بەسەر ئەقڵدا کێشاوە.
خەڵکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەخەیاڵ وادەزانن ناوجەرگەی جیهانن. وادەزانن ئەنجامی جەنگەکانی ئەمان ڕوخساری جیهان دیاری دەکەن. نوقم دەبن لە دڕاندنی نەخشەکان و سەپاندنی ناسنامە و سڕینەوەی ناسنامەکای دیکە. لە پێشبڕکێکەی سەردەمدا ئەم جەنگانە جەنگی دۆڕاوەکانن. سەرکەوتنە فریودەرەکان مەستیان دەکەن و تەماشای کاتژمێرەکانیان ناکەن. گەڕەکەکانی دیکەی گوندەکە دەڕۆن بۆ ئایندە و ئەمان لە زەلکاوەکانی مێژوودا بەجێدەهێڵن.
تۆی رۆڵەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تەماشای شاری (هانگچۆ)ی چینی بکە. ئەمە لوتکەی ٢٠ وڵاتە بەهێزەکەی جیهانە. وڵاتە دەوڵەمەندەکان و هەرە بەهێزەکان و ئابوورییە هەرە پێشکەوتووەکان لە دەوری مێزەکەی کۆبوونەتەوە. ئەو حکومەتانەی کە مزگێنی ئایندەیەکی باشتر دەکەن بە بەڵێن بۆ گەلەکانیان. پەروەردە و فێرکردنی هاوچەرخ. دەرفەتی کار و دروستکردنی ئابوورییەکی داهێنەر و پێکەوەگرێدراو و زیندوو. هاندانی بازرگانی و وەبەرهێنانی جیهانی و پەرەپێدانی بەرفراوان و پێکەوەدراو. ئەمانە لانی کەم قسەکانی سەرۆکی چین بوون کە وڵاتەکەی خانەخوێی ئەو لوتکەیەیە. ئەگەر میراتگرەکانی (ماو) دوای ئەو کاربەدەستانە بکەوتنایە کە لە قوڕ و چڵپاوی ڕابردوودا چەقیون ئەوا تا ئێستاش وڵاتەکەیان هەر ئەنبارێکی گەورەی هەژاری و توندوتیژی و هەر تەڵەیەک دەبوو بۆ خۆی و بۆ جیهان. ئەمان بەو چاوە سەیری کەشتیوانە مەزنەکەیان کرد کە لاپەڕەیەکە لە لاپەڕەکانی مێژوویان. گٶڕەکەیان هەڵنەدایەوە بەڵام نەشبوونە کۆیلەی ڕەچەتەکانی (کتێبە سوورەکە). بڕیاریاندا فریای سەردەمەکە بکەون. ئاستی ژیانی سەدان ملیۆن کەسیان گۆڕی. هەژاری و بێکارییان قەلاچۆ کرد و ژمارەیان لە شوێنی دوعا و نوشتە و خەرافات دانا. ئەمان بەرەو ئایندە پێشڕەوییان کرد لەکاتێکدا کە یەکێتی سۆڤیەت تەقیەوە و لەناوچوو.
ئەم قسانە زیادەڕەویی نین. لەساڵی ٢٠٠٧دا ئابووری چین ئابوورییەکەی ئەڵمانیای تێپەڕاند. ساڵی دواتریش ئابوورییەکەی ژاپۆنی بەجێهێشت. هەندێکیش باوەڕیان وایە ڕەنگە لە ساڵی ٢٠٣٠دا ئابووری ویلایەتە یەکگرتووەکان تێپەڕێنێت کە ئێستا لە پێگەی یەکەمدایە. هەندێکیش لەو بڕوایەدان کە ڤلادیمیری ترسناک نەیتوانیوە ئابووری وڵاتەکەی بەڕاستی وەربچەرخێنێت و بەوهۆیەشەوە ناتوانێت شکستی خۆی لە کێبڕکێکەدا بە مانەوەی هێزەکانی لە بنکەی (حومەیمیم)ی سوریا بشارێتەوە. پێشبڕکێ گەورەکە واتە پێشبڕکێی ئابووری کە پێشبڕکێیەکی یەکلاکەرەوەیە چونکە بەبێ ئابوورییەکی بەهێز رۆڵت بچووک دەبێتەوە و سوپاکەت پاشەکشە دەکات. هەیە دەڵێت باراک ئۆباما پێی وایە پێشڕەوییەکانی سوریا و ئێران لە خۆررهەڵاتی ناوەڕاستدا جۆرێکن لە شەڕەکانی ڕابردوو، ئەویش خۆی لە زەلکاوە سورییەکە پاراستووە بۆئەوەی وڵاتەکەی بپارێزێت لە خوێنبەربوونێکی تازە کە زیاتر بێت لە توانای بەرگەگرتنی ئابوورییەکەی و لەکاتێکدا کە ئاسیا لە هەڵکشاندایە و چەقی کێشی جیهانیش گویزراوەتەوە.
نموونەیەکی تری پڕ لەواتا ئەوەیە کە ئەگەر حوکمدارەکانی کۆریای باشور لاسایی بەشەکەی باکوریان بکردایەتەوە ئەمڕۆ نەیاندەتوانی لەو سەر مێزی لوتکەیە دابنیشن. ڕاستە کوڕەزاکەی (کیم ئیڵ سۆنگ) چێژ دەبینێت لەبێزارکردنی ئەوانی دیکە بە موشەک و چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە جبەخانەکەی نوقم بووە لە حەشاماتی برسی و خەڵکی ترساودا. ئەو هێزەی کە لەسەر حسابی نان و کەرامەتی خەڵک دروست دەکرێت چەند درێژەش بکێشێت دواجار هەر هەرەس دەهێنێت. ئەمە یانەی بەهێزەکانە کە مەراقەکانی لە کێشەکانی ژینگە و ئابوورییەوە پەل دەهاوێت بۆ سەقامگیرکردنە پێویستەکەی وەبەرهێنان و گەشەکردن. زۆرجار ئەوەی لە دیدارە لابەلاکاندا بڕیاریان لەسەر دەدرێت هیچ کەمتر نین لەوەی لەخودی هۆڵەکەدا دروست دەکرێن.
ئەمە جیهانی بەهێزەکانە. دیارە پێوەرەکانی هێز گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. ئێستا ئابووری چەک و کلیلە. بۆئەوەی بەهێز بیت پێویستە توانا و ویست و ئابوورییەکی هاوچەرخ و پەروەردەیەکی هاوچەرخت هەبێت و بتوانیت شۆڕشە تەکنەلۆجیا یەک لەدوای یەکەکان لەخۆبگریت. پێویستە تێڕوانین و کارگێڕییەکی باش و داینامیکیت هەبێت پێویستە باوەڕپێکراو و بەتوانا بیت لە دروستکردنی هاوبەشی و پەیوەندی ستراتیجیدا.
سعودیە تاقە ئەندامی عەرەبە لە لوتکەی بیستدا. دیارە سعودیە درکی بە قەبارەی گۆڕانکارییەکان کردووە کە لە بوارەکانی ئابووری و سیاسەتدا بەسەر شانۆ نێودەوڵەتییەکەدا هاتووە. ئەو بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی داوە کە ئابوورییەکەی ئامادەبکات بۆ قۆناغی داهاتوو. هەر لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین تێی بگەین گەشتەکانی جینشینی جێنشین لەپێناوی چیدان. چونکە سەرکەوتنی پرۆژە ئابوورییەکەی سعودیە ئابووری ئەو وڵاتە دەخاتە قۆناغێکی دیکەوە و ئاستی ژیانی ملیۆنەها کەس چاک دەکات و سەنگی سعودیە لەسەر ئاستی عەرەبی و ئیسلامی نێودەوڵەتیدا دەچەسپێنێت.
ئەمە جیهانی ئابووری و ژمارە و پێشکەوتن و خۆڕاهێنانە. ئیتر کاتی ئەوەیە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تەماشای کاتژمێرەکانیان بکەن. مەحاڵە بتوانیت بچینە سەردەمەکەوە ئەگەر پشتێنی تەقینەوە و میلیشیا و خەنجەری ڕق و کینەکانی کۆنمان هەڵگرتبێت. ئەمە سەردەمی ژمارەیە نەک سەردەمی وەهم و خەیاڵ.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure