شتی‌ غه‌ربییشی‌ تیایه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 05/09/2016

(ده‌نگی‌ ده‌ره‌وه‌: خڕڕڕ .. خڕڕڕ .. خڕڕڕ .. خڕڕڕ).
+  شاهی‌ نه‌قشبه‌ند هاوار .. چی‌ بوو رۆڵه‌ ئه‌و ناڵه‌یه‌؟.
-  هیچ نییه‌ بابه‌. دوو تراكتۆرن، هاتوون شت رۆئه‌كه‌نه‌ كه‌لاوه‌كه‌ی‌ ئه‌ودیو.
 + شتی‌ چی‌ رۆئه‌كه‌ن؟ مه‌هێڵه‌.. بڕۆ بڵێ‌ ساحێبه‌كه‌ی‌ قبوڵ‌ ناكا.
-  وابزانم كوڕێكی‌ ماڵه‌كه‌شیان له‌گه‌ڵه‌.. وه‌ره‌ بزانه‌ ئه‌وه‌.
+  یا ئه‌ڵڵا .. كامیانه‌؟.
-  نایناسمه‌وه‌، پشتی‌ له‌ منه‌..
 + ئاده‌ی‌ .. حه‌و؟! ئه‌وه‌ چییه‌؟! ئه‌و هه‌موو نیوه‌ خشت‌و بلۆكه‌ شكاوانه‌ چین؟! راكه‌ بڵێ‌ كاكه‌ گیان ئه‌و شتانه‌ لێرا فڕێ‌ مه‌ده‌ن.. وه‌ڵـڵا ته‌واومان كرد.. سه‌یری‌ ئه‌و ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ كۆنانه‌!! به‌ فه‌خری‌ عاله‌م نیازیان وایه‌ بیكه‌ن به‌ سكرابخانه‌.
-  نا .. له‌وانه‌یه‌ خانووی‌ تازه‌ی‌ پێ‌ دروست بكه‌ن.
 + هه‌تیو قه‌له‌مون خانووی‌ تازه‌ به‌ له‌ته‌ بلۆك‌و خشتی‌ قوڕ چۆن دروست ئه‌كرێ‌؟ نه‌ختێ‌ ئه‌قڵت بێ‌.
-  تۆ هه‌قت چییه‌ به‌سه‌ره‌وه‌؟ ئه‌وان وا حه‌زیان لێیه‌.
-  حای‌ حای‌ حای‌ .. ئه‌و تێڵا باریكانه‌ چییه‌ ئه‌ڵێی‌ داری‌ چیغن؟!.
-  ره‌نگه‌ بۆ داره‌ڕای‌ خانووه‌كه‌ ئیستیفاده‌ی‌ لێ‌ بكه‌ن.
 + داره‌ڕا؟! .. به‌زیای‌ خێرم نه‌كرد، یه‌عنی‌ تازه‌ به‌تازه‌ خانووی‌ كۆنی‌ شه‌رقی‌ دروست ئه‌كه‌ن؟!.
-  هه‌مووی‌ هه‌ر شه‌رقی‌ نییه‌ بابه‌.. شتی‌ غه‌ربییشی‌ تیایه‌.. ئه‌ها ته‌ماشاكه‌.
 + ته‌ماشای‌ چی‌؟.
 - ته‌ماشای‌ ئه‌و ئاوده‌سته‌ كۆنه‌ غه‌ربییه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure