منداڵه‌كانی داعش

بۆچوون / بیروڕا :: 05/09/2016

ن: نه‌وزاد خاڵۆبازیانی
 ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، زۆربه‌ی كاره‌ تیرۆریستیه‌كانی خۆی به‌ منداڵان ئه‌نجام ده‌دات. هه‌موو حزب و ڕێكخراوێك كه‌ ئامانجی گه‌وره‌بوون و ده‌سه‌ڵاتوه‌رگرتن بێت، زۆر گرنگی به‌ منداڵان ده‌دات تا بیانكات به‌ نه‌وه‌ی داهاتووی حزبه‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌مه‌ی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان و به‌تایبه‌تیش داعش ده‌یكات و ده‌ستیداوه‌تێ‌ ترسناكترین كاره‌ كه‌ پێی هه‌ستابێ.
به‌پێی هه‌ندێ زانیاریی ئاژانسه‌ ده‌ولییه‌كان و ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و چه‌ندین پسپۆڕ و كه‌سایه‌تیی بواری مافی مرۆڤ و مناڵان، داعش چه‌ن هه‌زار مناڵێكی خستووه‌ته‌ ژێر مه‌شقی فیكری و مێشك شۆرینه‌وه‌وه‌. له‌لایه‌ك مه‌شقی به‌كارهێنانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و پشتوێنی خۆكوژیی و لێخوڕینی مۆتۆڕسكیل و ئۆتۆمبێل، له‌لایه‌كیتریش مه‌شق و فێركردنی به‌رنامه‌كانی ئایتی و كۆمپیوته‌ر و مۆبایل و ئه‌و ته‌كنۆلۆژییانه‌ی كه‌ سوودی بۆ ئه‌وان هه‌یه‌ له‌كاری تیرۆردا.
 له‌راستیدا پشتبه‌ستن به‌ مناڵان بۆ كاری تیرۆریستی، له‌ سه‌رده‌می (ابو مصعب الزرقاوی) زیاتر سه‌ریهه‌ڵدا و دواتر له‌سه‌ر ده‌ستی ڕێكخراوی داعش گه‌شه‌ی پێدرا له‌ سوریا وعێراق. داعش هه‌زاران منداڵی خوار 17 ساڵی له‌ (ڕه‌قه‌ - حه‌له‌ب - منبه‌ج – موسڵ- فه‌لوجه‌ - ئه‌نبار و چه‌ندین شوێنی تر) رفاندووه‌ بۆناو سه‌ربازگه‌كانی خۆی، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ڕفاندنی سه‌دان منداڵی ئێزیدی و شه‌نگالی، ئه‌م منداڵانه‌ سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی پسپۆڕه‌وه‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ده‌كرێن و دواتر به‌پێی ته‌مه‌ن جیایان ده‌كه‌نه‌وه ‌و به‌ تازه‌ترین به‌رنامه‌ی مۆد و (پله‌ی سته‌یشن و ئێكس بۆكس ) و وه‌رزش و خواردنی شیرینی و حه‌ڵوا و شتی له‌و بابه‌تانه‌ سه‌رنجیان ڕاده‌كێشن و فێری مانه‌وه‌یان ده‌كه‌ن له‌و كه‌شه‌ تیرۆریستییه‌دا. وه‌كو له‌پێشتر ئاماژه‌ی پێكرا، به‌چه‌ند قۆناغێك مه‌شق و ڕاهێنان ده‌یانكه‌ن به‌و جه‌نگاوه‌ره‌ تیرۆریسته‌ی كه‌ خۆیانده‌یانه‌وێت. كوژرانی زیاتر له‌ 30 منداڵی داعش له‌شه‌ڕی (كۆبانی) و به‌كارهێنانی ده‌یان منداڵ بۆ شه‌هیدكردنی پیشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكانی دیكه‌ به‌ تفه‌نگ وده‌مانچه‌ و سه‌ربڕین به‌ چه‌قۆی گه‌وره‌ له‌به‌ر چاوی كامێرا ڤیدیۆییه‌كان، هه‌روه‌ها خۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی چه‌ندین منداڵ به‌پشتێن و ئۆتۆمبێل و بۆمبی له‌زگه‌یی، نیشانه ‌و به‌ڵگه‌ن كه‌ داعش زۆر سنووری به‌زاندووه‌ له‌ به‌كارهێنانی منداڵ له‌ هه‌موو بواره‌ نامرۆڤایه‌تییه‌كاندا، ته‌نانه‌ت له‌بواری سێكسی و هاوكاریی هه‌ڵگرتنی نان و خواردن و ئاو بۆ شه‌ڕكه‌ره‌كانیان. سه‌دان نموونه‌ی تۆماركراو ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌ داعش له‌ كوێ بۆی ڕیكبكه‌وێت منداڵ ده‌ڕفێنێت یان به‌كاریدێنێت، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موومان به‌چاوكراوه‌ییه‌وه‌ ئه‌مانه‌ په‌یڕه‌و بكه‌ین:
1-هه‌موو خێزانێك ئاگاداری منداڵی خۆی بێت و نه‌یخاته‌ به‌رخوێندن له‌ هیچ خوێندنگه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌.
2- پێویسته‌ پسپۆڕانی بواری ده‌روونی و كۆمه‌ڵناسی، به‌رده‌وام له‌ قوتابخانه ‌و خوێدنگاكان ڕێنماییه‌ راسته‌كان بگه‌یه‌نن به‌ مامۆستا و قوتابی تا نه‌خه‌ڵه‌تێنرێن.
3- گرنگیدان به‌ هه‌ستی هاووڵاتیبوون و ئینتمای نیشتمانی له‌ هه‌موو فه‌رمانگه ‌و شوێنه‌ گشتییه‌كان و ته‌نانه‌ت له‌ناو زیندانه‌ چاكسازییه‌كانیش، به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی یه‌ك تیم بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و تیرۆریستانه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure