فیلمی هندی

بۆچوون / بیروڕا :: 01/09/2016

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید



 Gabar Singh بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە چەند هەنگاوێك دەچێتە پێشەوە.  لە ناوەڕاستی شەقامێكی شارۆچكەیەكی هەژارنشینی هنددا دەوەستێت و رووبەڕووی سەرۆكی باندەكە و نزیكەی سەد كەس لە پیاوەكانی دەبێتەوە. بەڵام سەرۆكی باندەكە دڵنیایە لەوەی كە ئەم Gabar ە، بەرگەی تاقە هێرشێكی چەند كەسێكی كەمی پیاوەكانیشی ناگرێت. هەردەبێت هەندێك گفتوگۆیش بكەن. Gabar سەركۆنەی ئەو زۆردارییە دەكات كە جوتیارەكان بەدەست پیاوانی باندەكەوە دەیچێژن، ئەو پیاوانەی كە سەرانەیان لێدەسێنن و دەستدرێژی دەكەنە سەر خەڵكەكە و سەروەت و سامانیان لەناودەبەن. سەرۆكی باندەكە هەڕەشەی سەربڕینی لێدەكات. پاشان، سەرۆكی باندەكە ئاماژە بۆ دوو لە پیاوە شمشێربەدەستەكانی خۆی دەكات و پەلاماری Gabar دەدەن. ئەمیش لەقەیەك  لە پارچە دارێكی فڕێدراوی سەر زەویەكە دەدات كە دەمە تەورێكی پێوەیە. تەورەكە وەك ئەوەی هەڵبفڕێت بەرز دەبێتەوە و Gabar یش دەیگرێتەوە و هەردووكیانی پێكەوە پێ دەكوژێت.
سەرۆكی باندەكە ئاماژەیەك بۆ نزیكەی دە كەسێك دەكات:"پەلاماریدەن"، پەلاماری دەدەن.Gabar  تەورەكەی دەستی فڕێدەدات و چەكێكی (دوو لوولە) بەدەستەوە دەگرێت، جۆرە چەكێكی راوكردنە و تەنیا دوو فیشەك دەخوات، كەچی سێ‌ گولـلەی لێوە دەتەقێنێت و سێ‌ كەس دەپێكێت. ئینجا دەیكاتە داردەست و پێی دەكەوێتە گیانی ئەوانی دیكە و لەناویان دەبات. سەرۆكی باندەكە فەرمان دەدات بە باقی پیاوەكانی و ئەوانیش بێ‌ دوودڵی هێرش دەبەن. ئایا پاڵەوانەكە لەزۆریی ژمارەیان دەترسێت؟ بێگومان نەخێر. بەڵام گەرچی هەموو پیاوەكان پێكەوە هێرش دەبەن كەچی تاك تاك پێیدەگەن. چارەنووسی ئەمانیش لە چارەنووسی ئەوانی پێش خۆیان باشتر نەبوو. هەموویان بەئاسماندا فڕێدران، بۆكسێك لێرە و لەقەیەك لەوێ‌، بە باڵبادان و لەناوگەڵهەڵدان هەموویان تارومار دەكات. Gabar  نابێت ببەزێت. بێ‌ پلان و بەشێوەیەكی هەڕەمەكی هەموو هونەرەكانی شەڕ بەكاردێنێت. هەمووی بە (سلۆموشن) تێكەڵ و مۆنتاژ و جێبەجێ‌ كراوە.
ئەمەی سەرەوە لە فیلمێكی هندیی بەرهەمهێنراوی ئەمساڵدا هاتووە، بەڵام لە هەموو مانگێك و هەفتەیەكدا لە زۆربەی فیلمەكانی بۆلیوودا دووبارە دەبێتەوە. ئایا (داهێنان)ە تازەكانی هۆلیوودت بینیوە؟ جیاوازیەكی ئەوتۆیان نییە گەرچی تاڕادەیەك باشتر دروستكراون.
كەسێك نییە نەزانێت كە ئەم فیلمانە خورافاتن و جێی باوەڕپێكردن نین. كەچی ئەمەیش رێگر نییە لەوەی ملیۆنەها كەس چاونەبڕنە ئەم فیلمانەی كە نیشانەی نەزۆكیی فیكر و مایەپووچیی هونەریین. بەڵام بۆچی؟
لەوباوەڕەدام كە حەز و ئارەزوو لە گەورەكردنی وێنەی واقیعیدا سنوورە زانراوەكان و پێشبینیكراوەكان تێدەپەڕێنێت. پێویستیی ئەوەی كە مرۆڤ ئەو ئەگەرە قبوڵ بكات كە كەسێكی دیكەی وەك خۆی هەیە و دەتوانێت ئەوە بەدەستبێنێت كە ئەم خۆی نەیتوانیوە بەدەستی بێنێت. هەموو ئەوەی كە بۆ ئەمەیش پێویستە هەر ئەوەیە كە سیفەتی تێكۆشەرێكی كۆمەڵایەتی یاخود بەرگریكارێكی یاسا و دادوەریی بدەیتێ‌.
سوپەرمانەكە لە خەیاڵی مرۆڤی لاواز و خەوبینی دۆڕاو و ئەو كەسەی كە بەخۆڕسك پاڵنەری خەفەكراوی تۆڵەی هەیە (خۆیەتی/ئەوە). ئەمەیش ئەو چارەسەرەیە كە حیكایەتە جیاوازەكان ئارەزووی دەكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی شكستی گروپەكان لە بەدیهێنانی دادوەریدا. چونكە هەموان شكستدەخۆن و تەنیا پاڵەوانەكە سەركەوتوو دەبێت.
خووەكە بۆ سەردەمە دێرینەكان دەگەڕێتەوە و هیچ بەڵگەگەلێكی وایش لەبەردەستدانین تا بزانرێت لە كوێوە دەستی پێكردووە و بۆ چ پێویستیەك هاتووەتە بوون. بەڵام لە باووباپیرانمانەوە بیستوومانە كە حیكایەتخوانەكان بەدرێژایی كاتەكان ئەمجۆرە زیادەڕۆییەیان گێڕاوەتەوە. ئەوەتا عەنتەرە شەڕی سەد جەنگاوەر دەكات و ئەبو زەیدی هیلالی سێ‌ شێر دەكوژێت و چوارەمیان بەپەلە لەدەستی رادەكات و خۆی دەرباز دەكات.
زۆرینەی خەڵك (زۆربەی گەلان خاوەن كلتور و رۆشنبیریەكی سنووردارن) حەزیان لە زیادەڕۆییە و ئارەزووی ئەوەدەكەن كە یەكێك قسەیان بۆ بكات و دڵنیاییان بداتێ‌ ئیتر ئەگەر بەدرۆیشەوە بێت. ئەو كەسەیش دەزانێت ئەوان چییان دەوێت بۆیە بۆیان هەڵدەڕێژێت، لەهەمانكاتیشدا ئەوەیش دەزانێت كە ئەوەی لای ئەمان پەسەندە و گوێی بۆ دەگرن، لای كەسانی رۆشنبیر و لە ژینگەیەكی شارستانیدا بایەخێكی نییە.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure