گەمە مەزنەکەی باکوری سوریا

بۆچوون / بیروڕا :: 31/08/2016

سەرچاوە: تایمپ
وەرگێڕان: هەناسە شێركۆ
تەواو پاش ساڵێک لە لەشکرکێشیەکەی ڕوسیا بۆ ناو خاکی سوریا و هاوکاریکردنی ڕژێمەکەی ئەسەد، ڕۆژی سێ شەممە، تانکەکانی تورکیا بەرەو شاری سنوریی سوریا (جەرابلوس) کەوتنە جووڵە بە مەبەستی هاوکاریکردنی شۆڕشگێڕە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو وڵاتە و توانیان ڕیکخراوی تیرۆریستی داعش لەو ناوچە ستراتیژیە وەدەربنێن. ئۆپراسیۆنەکە، کە لە ماوەی ٦ کاتژمێردا توانی ناوچەکە لە هێزی میلیشیاکان پاکبکاتەوە، بەشێکە لە سیاسەتی نوێی تورکیا لە باکوری سوریادا، کە ناوچەیەکی تەواو ئاڵۆز و پڕ کێشمەکێشمی سیاسی و سەربازییە. 
شیواز و سروشتی دەستێوەردانی تورکیا لە بارودۆخی ئەو ناوچەیە بە ناڕوونی ماوەتەوە. زۆربەی دەسەڵاتدارەکانی تورکیا بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان-یشەوە دەڵێن کە مەبەستی ئەم ئۆپەراسیۆنە پاککردنەوەی جەرابلوس و ناوچەکانی دەورووبەریەتی لە گروپە تیرۆریستییەکان و کورد، لە کاتێکدا کوردەکان خۆیشیان دژی تیرۆر دەجەنگن.  
دوو ڕۆژ پاش ئازادکردنەوەی جەڕابلوس، یەکینەکەنی پاراستنی گەل (یە پە گە) کشانەوەی خۆیان لە ناوچەی مەنبەج ڕاگەیاند کە ئەوێش حەشارگەیەکی بەهێزی ڕیکخراوی تیرۆریستی داعش بوو و پێش دوو هەفتە لەو گرووپە پاککرایەوە. 
گەشەی بەرچاو و خێرای ئامانجی سیاسەتە نوێیەکەی تورکیا لە باکوری سوریا ئاماژەیە بۆ دەستپێکی گەمەیەکی نوێ لەو وڵاتەدا. کشانەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ناوچەی مەنبەج دوای دوو ڕۆژ لە ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا، کە دەکرێت بوترێت کوردەکان لە دوای کۆبانی زۆرترین قوربانیان داوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو شارە، هێمایەکی تاڵە بۆ داهاتووی ئەو گرووپە کوردانە لە ناوچەکەدا. جەنگەکانی یەپەگە لە ساڵی ٢٠١٤ دا پەیوەندیی ئەو گروپە و واشنتۆنی لەسەر بەگژداچوونەوەی تیرۆر لە سوریادا بەهێزتر کرد کە ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر وڵاتی تورکیا جێهێشت کە وڵاتێکی بەشداری ناتۆیە. 

پلانی پێشوەخت
سەرهەڵدانی بیرۆکەی دەستوەردان لە کاروباری سوریادا لە لایەن تورکیاوە دەگەڕێتەوە بۆ تەموزی ٢٠١٥، ئەو کاتەی کە ئەنقەرە ناوچەیەکی ئازادی لە باکوری سوریادا بۆ ڕێکخراوی داعش فەراهەم کرد.  ناوچەکە لە خۆرئاوای کۆبانیەوە دەستی پێدەکرد و درێژ دەبووەوە بەرەوە ناوچەی ئەعزاز-ی نزیک حەلەب. ئەو ناوچەیە تەواو ئەو شوێنانەی لە خۆیدەگرت کە کوردەکان بە خاکی مێژوویی خۆیانیان دەزانی، تورکیا بەم شیوازە ڕێگەی لە دروستبوونی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی کورد گرت لە باکوری سوریادا.
 گرژی و ناکۆکیەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە لەسەر چۆنیەتی بەگژداچوونەوەی ڕیکخراوی داعش لە باکوری سوریادا بەرەو ئاستی باڵاتر هەڵدەکشان. تورکیا پێیوابوو کە ناکرێت ئەمریکا پاڵپشتی یەپەگە بکات بۆ بەگژداچوونەوەی داعش چونکە یەپەگە درووستکراوی دەستی پەکەکە (پارتی کرێکارانی کوردستان)ە کە ئەو گروپەیش لە لایەن ئەمریکا و تورکیاوە وەک گروپێکی تیرۆریستی ناسێنراوە. بە واتایەکی تر؛ تورکیا ڕازی نابێت بە پاڵپشتیکردنی ڕیکخراوێکی تیرۆریستی دژی ڕێکخراوێکی تری تیرۆریستی.
لە تەموز ٢٠١٥ دا، دوو وڵاتە هاوپەیمانەکە، ئەمریکا و تورکیا، لە خاڵیکدا ڕیکكەوتن کە بریتی بوو لەوەی ئەمریکا پاڵپشتیەکانی بۆ یەپەگە لە ناوچەکانی خۆرئاوای فورات ڕابگرێت ئەمەش بە شیوازێکی کاریگەر چالاکیەکانی ئەو گروپە لە ناوچەکەدا لاواز دەکات. هەر بۆیە تورکیا دەستیهەڵگرت لەو پلانەی کە هەیبوو بۆ لەشکرکێشی بۆ ناو ئەو ناوچانە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە چەند هێزێکی شۆڕشگێری ناوچەکەی دژی ڕیکخراوی تیرۆریستی داعش خستە جووڵە و ڕیکخراوی بەرەی نوسرەی سەر با قاعیدەش (کە بەم دواییە ناوەكەی گۆڕدرا بە بەرەی فتحولشام)  لە ناوچەکە کشانەوە تا ڕێخۆشکەر بن بۆ شۆڕشگێڕانی سەر بە تورکیا. 
لە تشرینی یەکەمدا، ئەمریکا هەوڵی دروستکرنی هاوپەیمانیەتێکی کورد و عەرەبی دا کە پێکەوە لە ژێر دەسەڵاتی سوپای سوریای دیموکراتدا کار بکەن، ئەمریکا دەیویست بەمە دڵی تورکیا ڕابگرێت و وێنای ئەوە دروست بکات کە جەنگی دژی داعش گەشەی کردووە بەرەو ناوچە عەرەبنشینەکانی خۆرهەڵات و باکوری سوریا. دواتر و پاش دەستێوەردانەکەی ڕوسیا، یەپەگە ڕێکەوتنەکەی ئەمریکا و تورکیای بێ نرخ کرد و دەستی کردەوە بە چالاکی لە ڕۆژئاوای فورات و هاوکاری ڕوسیا و سوپای ڕژێمەکەی بەشاری کرد لە دژی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و ئەو هێزانەش کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی و پڕچەک کرابوون کەوتنە جەنگ. ئەم ڕووداوانە شکست و بێئەنجامیی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە نیشان دەدات: هاوپەیمانێکی ئەمریکا کە لە لایەن هاوپەیمانێکی ناتۆوە بە تیرۆریست دەناسێنرێت جەنگ دژی هاوپەیمانەکانی تری ئەمریکا دەکات کە لە لایەن هەمان هاوپەیمانی ناتۆوە پاڵپشتی دەکرێن. 
هێما دیبلۆماسیە ئاڵۆزەکان
دوابەدوای کاریگەرییە دیپلۆماسیە سەرنجڕاکێشەکان، تورکیا بڕیاری زیندووکردنەوەی پلانەکانی دا. لە ناوەڕاستی تەموزی ٢٠١٦دا. سەرەک وەزیرانی تورکیا؛ بیناڵی یەڵدریم ئەوەی خستەڕوو کە ئەنقەرە بە پێویستی دەزانێت پەیوەندیی لەگەڵ دیمەشدا ببەستێت. دواتر و لە ٩ ی ئابدا،  کە دەکاتە سێ هەفتە دوای کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیا، ئەردۆغان سەردانی پێتەرسبێرگی ڕوسیای کرد و هەینیی ڕابردوویش وەزیری دەرەوەی ئێران؛ جواد زەریف سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ ئەردۆغاندا کۆبووەوە. 
هەفتەی ڕابردوو، هەردوو هێزی یەپەگە و سوپای ڕژێمی سوریا گرنگترین و خوێناویترین بەرەنگاربوونەوەیان لە حەسەکە تۆمارکرد، تێیدا فڕۆکەکانی ئەمریکا ڕێگریان لە فڕۆکەکانی سوپای سوریا دەکرد کە ناوچەکانی یەپەگە بۆردومان بکەن. سەرەڕای ئەم پێکدادانە، جێی تێڕامانە کە هەردوو وڵاتی ڕوسیا و ئێران لێدوانی نەرمیان لە بارەی لەشکرکێشیەکەی تورکیا بۆ ناو خاکی سوریا داوە. لێدوانەکان ئەوە نیشاندەدەن کە هەردوو وڵاتی ڕوسیا و ئێران پشتگیریی لە هەوڵەکانی تورکیا دەکەن بۆ نەهێشتنی باڵا دەستی ڕیکخراوی داعش و کوردەکان لە ناوچەکانی نزیکی جەرابلوس. هەرچەندە هاوپەیمانیبەستن لەگەڵ یەپەگە دەتوانێت خزمەتێکی تاکتیکی بکات بە پەیوەندییەکانی تاران و دیمەشق، بەڵام فراوانبوونی ئەجێندای ئەو گروپە لە خاکی سوریادا دەتوانێت ببێتە مەترسی بۆ سەر ئێران کە ئەو وڵاتە خۆیشی کێشەی کوردی تێدا زاڵە. لەگەڵ ئەمانەشدا، پێشنیاری ڕوسیا بۆ پەیمانبەستن لەگەڵ یەپەگە و دوورخستنەوەیان لە ئەمریکا، لە لایەن یەپەگەوە ڕەتکرایەوە چونکە یەپەگە پێیوابوو دەتوانێت پەیوەندییەکی پڕبەرهەمتری لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت.
گرنگتر لەمانە، هۆکاری پشتگیرییەکان دەگەڕێنەوە بۆ سیاسەتی دیپلۆماسیی تورکیا  کە وا دەکات لەشکرکێشیەکەی تورکیا بۆ ناو سوریا بەرز بنرخێنرێت وکاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر کێشە و ئاڵۆزییەکانی سوریا. تەنانەت ئەگەر ئێران و ڕوسیایش یەپەگە وەک هاوپەیمانێک تەماشا بکەن، لە ئەگەری زیاتر لێکنزیکبوونەوەی ڕوسیا و ئێران و تورکیا (بە بێ ئەمریکا) کار و چالاکییەکانی ئەو گروپە کاریگەرییان بەسەر کۆی پڕۆسەکانی سوریاوە نامێنێت. لەگەڵ ئەوەدا کە یەپەگە لە ئێستادا خاکێکی کەمتر لە باکوری سوریادا کۆنترۆڵ دەکات،  بەڵام هێشتا ڕووداوەکان ڕێگە نادەن یەپەگە وەلابنرێت چونکە هێشتا ڕۆڵێکی دیار لە ناوچەکەدا دەگێڕێت. 
پەسەندکردنی لەشکرکێشیەکەی تورکیا بۆ ناو سوریا لە لایەن واشنتۆنەوە نابێت بە ئاسایی وەربگیرێت. لەلایەکەوە لەبەرئەوەی ساڵێک لەمەوبەر ئەمریکا هەمان بیرۆکەی ڕەتکردەوە کە لەو کاتەدا زیاتر پێویستیان بە هێز بوو لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، لەلایەکی تریشەوە چونکە ئاڵۆزییەکانی تورکیا و ئەمریکا لە ئێستادا لە لوتکەدان.
ئەمریکا زۆر سووربوو لەسەر ئەوەی کە دەبێت شۆڕشگێڕەکانی سوریا شان بە شانی یەپەگە دژی ڕێکخراوی داعش بجەنگن و هەروەها واشنتۆن پشتگیریی هیچ گروپ و هەوڵێکی تر ناکات کە یەپەگە وەک دوژمن سەیر بکەن تەنها لەبەرئەوەی یەپەگە هاوکاریی ڕژێمی سوریا دەکات. بەم دواییانە و نزیکی دوو هەفتە لەمەوبەر، نێردەی ئەمریکای تایبەت بە کاروباری سوریا؛ مایکڵ ڕاتنی پەیامێکی هاوشێوەی دا لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا، بەڵام هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان ڕەتیانکردەوە کە ئامادە بن بۆ بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ یەپەگە. دەکرێت بڵێین ئەمجارە بەرپەرچی هەوڵەکانی ئەمریکا درایەوە. لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا بە تایبەت لەسەر فەتحوڵا گویلەن، کە ئەردۆغان بە دەستی پشتی کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیای دەزانێت، گفتوگۆکانی نێوان ئەنقەرە ومۆسکۆ و تاران پێگەی تورکیای بەهێز کردەوە. 
 لە کاتی سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا؛ جۆ بایدن، بۆ ئەنقەرە کە لە ڕۆژی لەشکرکێشیەکەی تورکیا بۆ ناو خاکی سوریادا بوو، ئەمریکا نەک بە تەنیا ئەو هەنگاوەی تورکیای پەسەند کرد بەڵکو هاوکاریی کردن بەوەی بەڵێنی پێدان کە داوا لە یەپەگە بکات لە ڕۆژئاوای فوڕات بکشێتەوە. ئەمریکا بەم هەنگاوە ڕێگەی لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوانیانی گرت و ئەگەری بەکارهێنانی سوپای بۆ ئەو مەبەستە دوورخستەوە. 
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا تەواو دژی ئەو دیدە بوو کە تورکەکان لە سەر سەردانەکەی کانونی دووەمی بریت مێکگێرت (نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانێتی دژی داعش) بۆ باکوری سوریا لایان درووست ببوو کە تێیدا سەرکردەی دیاری پەکەکە؛ پۆڵات جاندار خەڵاتی مەدالیای شەرەفی بەخشیە نێردەی ئەمریکا. ئەم وێنایە بووە هۆی توڕەکردنی تورکەکان چونکە بە بڕاوی ئەوان یەپەگە بووەتە هۆی تێکدانی لێکتێگەیشتنەکەی تورکیا و ئەمریکا، بەهۆی چالاکییەکانی ئەو گروپە لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات.

بەرئەنجام 
گەشەی ئەم دیدەی ئەمریکا دەتوانێت ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا کەمبکاتەوە و ئەو دوو وڵاتە لە جەنگی دژ بە داعشدا زیاتر لێک نزیک بکاتەوە. ئەگەر تورکیا بە نیاز بێت ستراتیژێکی درێژخایەن بۆ باکوری سوریا دابڕێژێت و جارێکی تر ڕیگە بە باڵا دەستی داعش و کوردەکان نەدات لە ناوچەکەدا، ئەوا وا دەردەکەوێت کە تورکیا دەیەوێت باکوری سوریا جێگیرتر بێت. بوونی ڕۆڵی گرنگی ڕوسیا لە حەلەب بە تایبەت دوای لەشکرکێشیەکەی ڕوسیا بۆ سوریا و لەشکرکێشی تورکیایش بۆ هەمان ئەو ناوچانە وا دەکات کە ئەم دوو وڵاتە فۆرمۆلایەکی هاوبەش پێکبهێنن بۆ بەڕێوەبردنی باکوری سوریا لە کاتێکدا کە ئەمریکا زۆر گرنگی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو وڵاتە نادات.  
لەلایەکی ترەوە، ئەم هەنگاوانە دەتوانرێت بارودۆخی ئەمریکیەکان لە ناوچەکەدا سەختتر بکات، بە تایبەت لە کاتێکدا کە تورکیا بە نیازی جێبەجێکردنی پلانەکانیەتی بۆ جەنگ کردن دژی بەرەی فتحولشام پێش ئەوەی بارودۆخی سوریا یەکلا ببێتەوە. تورکیا ئەوەی نیشاندا کە دەتوانێت بە خێرایی هێزە شۆڕشگێڕەکانی سوریا دژی داعش بخاتە جەنگەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەمریکا لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەو بوارەدا شکستیهێنا. جووڵاندنی هێزە شۆڕشگێڕەکان ئەوان زیاتر بەهێز دەکات و لە کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی دەورووبەری حەلەب و تەنانەت کۆنترۆڵکردنەوەی ڕەققە (پایتەختی تیرۆر) ڕۆڵی گرنگیان پێ دەبەخشێت. 
دەستێوەردانەکەی تورکیا ئەوەمان نیشاندەدات کە دەتوانرێت هێزە شۆڕشگێڕەکان بە ئاڕاستەیەک بجووڵێنرێن کە بەرئەنجامێکی باشی هەبێت، بۆ ڕووبەڕووکردنەوەیان لەگەڵ هێزە جیهادییەکاندا. بۆ نموونە، پەرەسەندنەکانی دەستیوەردانەکەی تورکیا وتوێژی نێوان لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانیان سەبارەت بە یەکگرتنیان لەگەل بەرەی فتحولشام-ی تازە ناوگۆڕدراو دواخستووە، ئەگەر بە تەواوەتی تێکینەدابێت. ئەم وتوێژانە چەند هەفتەیەک دوای ئەو تەجنیدکردنە توندڕەوانەییە دێت کە ئەو بەرەیە لە باکوری سوریا دەستیانپێکرد. هەندێک لەو گروپانەی بەشدار بوون لە گفتوگۆکاندا، لە ناکاو پشتیوانییان لە تورکیا دەربڕی و بڕیاری جەنگی دژی داعش دا لە ژێر چاودێری و هاوکاریی فڕۆکە ئەمریکیەکاندا. 
بەشداریکردنی گروپە شۆڕشگێڕەکان لە ئۆپراسیۆنەکەی تورکیادا، پێگەی یەپەگە وەک تاکە هێزێکی کاریگەر دژی داعش لاواز دەکات. متمانە بەخۆبوونی یەپەگە و پشتبەستنی کورد بە هاوکاریی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی سیستمێکی فیدراڵی لە باکوری سوریادا، سیاسەتێکی لاوازی هەبوو. دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی داعش و گروپە شۆڕشگێڕەکان یەپەگەیان وەک هاوپەیمانی ڕژێمی سوریا تەماشا دەکرد، بە تایبەت دوای ئەوەی یەپەگە لە ساڵی ٢٠١٢ دا ڕێگەی لە شۆڕشگێڕان گرت کە دەست بەسەر بنکە سەربازییەکانی ڕژێمدا بگرن. بێ گوێدانە دەرئەنجامەکان، ئەوەی لە ئێستادا هەیە زیانێکی گەورەیە کە بەر یەپەگە دەکەوێت، چیتر ئەوان تاکە گروپ نین کە دژی داعش دەجەنگن و ئەگەری ئەوەش دوورە کە یەپەگە وەک هێزی سەرەکی کۆنترۆڵکردنەوەی ڕەققە بەشداری پێبکرێت.
لە کۆتاییدا، دەستێوەردانەکەی تورکیا دەرفەتێکی نوێیە. دەتوانێت هێز و توانای شۆڕشگێڕەکان بەکاربهێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ناوچەکانی دەورووبەری حەلەب وخۆرهەڵاتی سوریا و دەشتوانێت ببێتە دەستپێکێکی نوێ لە ناوچەکەدا کە تێیدا تورکیا و ڕوسیا بەشداریی ڕاستەوخۆیان هەیە. 




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure