ده‌رباره‌ى یه‌كێتى دیموكراتى كوردى

بۆچوون / بیروڕا :: 30/08/2016

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ئه‌زموونى (پارتى یه‌كێتى دیموكرات)ى كوردى – و په‌یوه‌ندییان به‌ (یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل)ه‌وه‌ و (ئیداره‌ى خۆسه‌رى) له‌ناو شۆڕشى سوریادا جێى سه‌رنجه‌، له‌ رێكخراوه‌یى و له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریدا و هه‌روه‌ها له‌ دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌و شۆڕشه‌ له‌ ئیسلامیبوونى وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌وڵى بۆ ده‌درێت. ئه‌م ئه‌زموونه‌ ماركسى و له‌هه‌مانكاتدا نه‌ته‌وه‌ییه‌، خه‌ریكى رێكخستنى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى له‌شكركێشیه‌كه‌ى توركیایه‌ كه‌ چووه‌ته‌ جرابلوسه‌وه‌. ئه‌م (ستایشكردنه‌) رێگه‌ى ئه‌وه‌م لێناگرێت كه‌ به‌ راشكاوانه‌ ره‌خنه‌یان لێ بگرم له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌ك.


(یه‌كێتى دیموكرات) یه‌كێكه‌ له‌و لایه‌نه‌ سوریانه‌ى كه‌ زۆرترین ده‌سته‌واژه‌ى (پێكهاته‌كان) به‌كاردێنێت و پێكهاته‌ تایه‌فى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هاوشان و یه‌كسان ده‌كات ته‌نانه‌ت له‌ لێدوانه‌كانى ساڵح موسلیم-ى سه‌رۆكیشیدا, بێ ئه‌وه‌ى بزانین كه‌ ئاخۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ مه‌رجه‌عیه‌تى ئه‌مانه‌یه‌ یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ یه‌كلابووبێته‌وه‌ كه‌ ئایا هه‌ریه‌ك له‌م پێكهاتانه‌ مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ قه‌واره‌ى سه‌ربه‌خۆ بۆخۆى دامه‌زرێنێت یاخود مه‌به‌سته‌كه‌ تاكه‌ ئیداره‌یه‌كى خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریى دیموكراسیانه‌یه‌ بۆ ئیداره‌دانى هه‌موو ئه‌و جۆراوجۆریه‌ى كه‌ هه‌یه‌. لێدوانه‌كانى هه‌ندێك له‌لایه‌نگره‌كانى ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ (هیچ چاره‌سه‌رێك له‌ سوریادا نییه‌ جگه‌ له‌ دامه‌زراندنى قه‌واره‌یه‌ك بۆ سوننه‌ و یه‌كێك بۆ كورد و سێیه‌م بۆ عه‌له‌ویه‌كان و چواره‌م بۆ مه‌سیحیه‌كان و پێنجه‌م بۆ دروز و.... ده‌یشكرێت له‌ كۆتاییدا ئه‌م قه‌وارانه‌ فیدرالیزمه‌ بكرێن). پێیانوایه‌ له‌ تێكه‌ڵاوكردنێكى توندى كورد له‌گه‌ڵ مه‌زهه‌به‌ ئایینیه‌كان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ هیچ دۆزێكى نه‌ته‌وه‌ییان نه‌بێت و وه‌ك كورد نه‌ته‌وه‌ نابن، به‌ڵكو ته‌نیا ده‌بنه‌ تایه‌فه‌یه‌ك و هیچى تر.

لێره‌دا گومان و  ره‌نگه‌ جیاوازییش هه‌بێت له‌نێوان بیرۆكه‌ى (ده‌وڵه‌تى دیموكراتى) لاى ئۆجه‌لان سه‌رۆكى مێژوویى ئه‌م هێڵه‌ و هه‌مان ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتى هه‌ڤاڵه‌كانى و لێدوانه‌كانیاندا. ئه‌وه‌ روونه‌ كه‌ به‌لاى ئۆجه‌لانه‌وه‌ سه‌رده‌مى (ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌یى) تێپه‌ڕى و سه‌رده‌مى یه‌كێتى دیموكراتى گه‌لان جێگه‌ى گرتووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌یش واده‌خوێنرێته‌وه‌ كه‌ چیدى به‌سه‌ بانگه‌وازكردن بۆ ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌یى كوردى و ده‌بێت بچنه‌ خه‌باتى هاوبه‌شه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ پێشكه‌وتووخوازه‌كانى دیكه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ كوردیان تێدایه‌، بۆ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى دیموكراتى كه‌ چاودێریى نه‌ك هه‌ر ته‌نیا مافى تاكى هاووڵاتیان بكات به‌ڵكو مافى كۆمه‌ڵه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و گروپ و نه‌ژاده‌ جیاوازه‌كانیش بپارێزێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ وتارى هه‌ڤاڵه‌كانی و هه‌ڵسوكه‌وتیاندا هه‌یه‌ مه‌به‌ست دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێكى نه‌ته‌وه‌یى كوردییه‌ كه‌ چاودێریى مافه‌كانى ئه‌و كه‌س و كۆمه‌ڵانه‌یش بكات.

هۆشداریمان بۆ ئه‌و گومانه‌ى سه‌ره‌وه‌، دژى پێدانى (مافى چاره‌ى خۆنووسین) نییه‌ بۆ كورد. به‌ڵام ته‌نانه‌ت لێره‌یشدا ره‌هه‌ندێك هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵسوكه‌وتى (یه‌كێتى) و لێدوانه‌كانى ده‌یوروژێنێت. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و (مافى چاره‌نووسه‌) بۆ جیابوونه‌وه‌ بێت  یاخود بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌، ده‌بێت به‌ راپرسیه‌كى دانیشتوانى ناوچه‌كه‌ یه‌كلایى بكرێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یه‌ك نه‌ته‌وه‌یش بن و له‌ حاڵه‌تى یه‌كگرتنه‌وه‌دا دانیشتوانى دیكه‌یش له‌ وڵاته‌كه‌دا په‌یوه‌ست ده‌بن به‌ یه‌كێتی و جێ و رێكانیه‌وه‌، ئیتر به‌ په‌سه‌ندكردنى بێت یاخود ره‌تكردنه‌وه‌ى. له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌یشدا هیچ شتێك ناسه‌پێنرێت به‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و خستنه‌پاڵ ـ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ هه‌وڵى دامه‌زراندنى كۆریدۆر/ رێڕه‌وه‌كه‌ى نێوان كۆبانى و عفریندا ده‌ستى پێكرد ـ ئه‌گه‌رچى ئه‌وه‌یان له‌ میانه‌ى له‌ناوبردنى تیرۆردا بوو.

ئه‌م گومانه‌، گومانى گره‌وى (یه‌كێتى) یش له‌سه‌ر ئه‌مریكا زیاد ده‌كات له‌ چاره‌سه‌ركردنى مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ دیموكراسیه‌كه‌یدا. ئه‌وه‌یش ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه‌ كه‌ دروستكردن و شوێنه‌كه‌ى گۆڕاوه‌ بێ ئه‌وه‌ى هیچ خێرێكى له‌م مه‌سلانه‌دا لێ بكه‌وێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یش بوایه‌. ئه‌مه‌یش ئه‌و وه‌همه‌ مه‌ترسیداره‌ به‌ باش ده‌زانێت كه‌ ئۆپۆزسیۆنى عه‌ره‌ب و سوریه‌كان هه‌یانبوو: وه‌همى قۆستنه‌وه‌ى ئه‌مریكا و خستنه‌ خزمه‌تى خۆوه‌. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكیه‌كان بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ پێنج ساڵ درێژه‌یان به‌ خه‌ڵه‌تاندنى ئۆپۆزیسیۆنى سوریا دابێت، ئه‌وا وه‌همه‌كانى (یه‌كێتى) و لایه‌نگره‌ به‌په‌رۆشه‌كانى له‌سه‌ر تۆڕى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان تا دوو رۆژ پێش رازى بوونه‌كه‌ى ئه‌مریكا له‌سه‌ر چوونه‌ ناوه‌وه‌ى توركه‌كان بۆ ناو خاكى سوریا به‌رده‌وام بوون بۆ دامه‌زراندنى قه‌واره‌یه‌كى كوردى. 

چاره‌نووسى كورد هه‌ر به‌كاره‌ستبارى ده‌مێنێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆده‌نگیى رژێمه‌ ئیقلیمیه‌كان بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ى قه‌واره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆى كوردى. كاره‌ساتبارتریش ده‌بێت به‌ گره‌وكردن له‌سه‌ر دڕنده‌ییه‌تى جیهان. ته‌نیا چوارچێوه‌یه‌كى ئومێدبه‌خش بریتییه‌ له‌ چوارچێوه‌ى دیموكراتیى گه‌لان ئیتر چه‌ندى مابێت بێته‌دى.
سه‌رچاوه‌: ئه‌لسه‌فیر

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure