چۆن ئایین دەتوانێ ببێتە هۆی توندوتیژی

بۆچوون / بیروڕا :: 30/08/2016

دواڕۆژ

سەرچاوە: نیۆرک تایمز  
وەرگێڕان: نەبەز سەمەد

دوا قوربانی قەشەیەکی فەڕەنسی بوو، کە لە کڵێساکەی خۆیدا کوژرا، بکوژەکان لەکاتی کوشتنەکەدا هاواری ''ئەڵـڵاهو ئەكبەر ''یان دەکرد! دوای ئەم هێرشانە، ڕێبەرانی موسڵمان ئێمە دڵنیا دەکەنەوە کە، وەک تاریق ڕەمەزان دوای کۆمەڵکوژییەکی پاریس گوتی، بکوژەکان ''خیانەت لە ئایینەکەمان دەکەن.'' دوای کوشتنەکانی بڕۆکسل، زانکۆی ئەلئەزهەر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، دەبێژێ ''ئەو تاوانە خراپانە پێشێلی رێنماییە لێبوردەییەکانی ئیسلام دەکەن.'' هەمان وەڵاممان دوای هێرشەکانی ئۆرلاندۆ و نیس بیست. دەگوترێ ئەو گروپە دەمارگیرانە کە ئەو شتە خراپانە دەکەن، نامۆن بە کرۆکی ئاشتی و خۆشەویستیی ئیسلام. من لە هۆکاری ئەو چەشنە وەڵامانە تێدەگەم، بەڵام ئەوان پەیوەندیی نێوان ئایین و نالێبوردەیی و ئەو توندوتیژیانەی کە بەهۆی ئایینەوە دێنەگۆڕێ زۆر سادە دەکەنەوە. 


هەردوو ئایینی ئیسلام و مەسیحی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئایینی وەحی و قسەی یەزدانن، رێنماییەکانیان هەقیقەتن و خوا خۆی بۆ ئێمەی گواستۆتەوە و داوای کردووە هەموومان قبووڵی بکەین. ئیسلام و مەسیحی، هەر لە سەرەتاوە، ئایینی بانگخوازیی بوون. ئایینێک بەرپرسیار بێ لە هێنانی هەقیقەتی خوا بۆ جیهان، ئەوا ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبێتەوە، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو خەڵکانە دەکا کە نایانەوێ‌ ئەو هەقیقەتەی خوا قبووڵ بکەن؟. تاکو چ ڕادەیەک ئەو ئایینە پێویستە لێبوردە بێ بەرانبەر هەڵەی ئایینی؟ لە چەند پنتێکی دیاریکراوی مێژووی خۆیاندا، ئیسلام و مەسیحیەت بەرانبەر بە ئایینەکانی دیکە نالێبوردە بوونە، بەتایبەتی بەرانبەر بە یەکدی، تاکو ڕادەی توندوتیژی. 

ئەمە شیاوی لێ دەربازبوون نییە، بەڵام هاوکات ئەمە ڕێکەوتیش نییە. شیمانەی نالێبوردەیی لەنێو لۆژیکی ئایینی وەک مەسیحی و ئیسلامدایە، ئاخر ئەوان دەڵێن کە رێنماییەکانیان لە وەحییەکی ئاسمانی و خواوەندییەوە هاتووە. بۆ ئەوان، ئەو هەقیقەتەی کە خوا ناردوویەتی گرنگترین هەقیقەتە؛ لەبەر ئەوە ڕەتکردنەوە یان گومانکردن لەو هەقیقەتە خوایییە زۆر مەترسیدارە، بۆ هەردوو بێباوەڕان کە ئەو هەقیقەتە کرۆکییەیان نییە و بۆ باوەڕدارانیش کە ڕەنگە بەهۆی گومان و ڕەتکردنەوەکانی بێباوەڕانەوە بەهەڵەدا ببردرێن. لەم جۆرە بیرکردنەوەیەوە، ئاسانە ئەو دەرنجامە بەریتەوە کە تەنانەت هەنگاوی توندڕەویش بۆ نەهێشتنی بێباوەڕی گەرەنتی کراوە.

ڕەنگە تۆ بڵێی کە بە بیرکردنەوەی مۆڕاڵیمان پێویستە دژایەتیمان بۆ بێباوەڕی سنووردار بکا. ئایا خەڵک مافی ئەوەیان نییە کە پەیڕەوی ویژدان و پەرستنی خۆیان بکەن وەک ئەوەی کە خۆیان پێیانوایە پێویستە بیکەن؟ لێرەدا ئێمە دەگەین بە کرۆکی کێشەکە لەگەڵ ئەوانەدا کە باوەڕیان بە ئایینی وەحی هەیە. ئەوان ناتوانن نە ستانداردە ئاسایییەکانی مرۆڤ بۆ مۆڕاڵیتی قبووڵ بکەن کە چۆن ئەوان رێنماییەکانی خوا ڕاڤەدەکەن، نە دەتوانن مکووڕبن لەسەر ناکاریگەریی تۆتاڵی ئەوەی کە وەک وەحی خوا دەیبینن، تەنانەت کاتێک کە پێچەوانەی ستانداردە ئاسایییەکانی مرۆڤیشە. ئەوانەی کە پەیڕەوی ڕوانگەی دووەم دەکەن سوورن لەسەر ئەوە کە هەقیقەتی خواوەندی لە سەروو تێگەیشتنی مرۆڤەوەیە، بۆیە مرۆڤ هیچ پێگەیەکی نییە تاکو بڕیاری بەسەردا بدا. خوا شتەکان بۆ ئێمە دەنێرێ و ئاشکرا دەکا بەتەواوی لەبەرئەوەی ئەو شتانە هەقیقەتن و ئێمە هەرگیز ناتوانین بەهۆی ڕوناکی سروشتییەوە پێی بگەین. کاتێک خوا قسەدەکا، ئێمە تەنیا دەتوانین گوێڕایەڵ بین. 

بۆ ئەو کەسانەی کە هەڵگری ئەو بیروباوەڕەن، بیرکردنەوەی سێکیولارانە ڕێگەی پێنەدراوە، تەنانەت داواکاری ڕێککەوتنی مۆڕاڵیش یان هەستی هاوبەشی پراکتیکی، ئەمانە وەک تاوانی ئایینی سەیریان دەکرێ و بیروباوەڕی هەڵەیش ناشێ لێی ببوردرێ. مەسیحیەت خۆی مێژووییەکی درێژی لەگەڵ ئەو جۆرە نالێبوردەیییانەدا هەیە، لەوانە چەوساندنەوەی جوولەکەکان، جەنگ دژی موسڵمانەکان، هەروەها شەڕی سی ساڵە، کە ململانێی ئاینییەکان و ناسیۆنالیستەکان بووە هۆی تێکشکاندنی ئەوروپا. ئەم تێکشکاندنە، سەرەتا بزووتنەوەیەک بوو ڕووەو لێبوردەیی ئەو نەتەوانەی کە هەوڵیاندەدا ئایینەکەیان بەسەر بێگانەکاندا بسەپێنن. بەڵام نالێبوردەبوون بەرانبەر بە ناوخۆی خۆیان-بۆ نموونە، بەرانبەر کاسۆلیکەکان، جوولەکەکان، پرۆتستانتەکان-ئەمە تەنانەت تاکو سەدەی نۆزدەیەمیش بڕدەکات. (شایەنی ئاماژەپێدانە لەو سەردەمەدا موسڵمانەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەزۆر شێواز لە زۆر ڕووەوە لە زۆر لە وڵاتە مەسیحییەکان لێبوردەتر بوون.) بەڵام لە کۆتاییدا، مەسیحییەت لە ڕێگەی پرۆسەیەکی ئاڵۆز و درێژخایەنی مێژوویییەوە لێبوردەیی قبووڵکرد. 

ڕەخنەکردنی مەسحییەت لەلایەن فەیلەسوفان و هزرڤانانی ڕۆشنگەرییەوە وەک ڤۆڵتێر، ڕۆسۆ و هیوم، زنجیرەیەک پرسیاری جدیی لەسەر ئایینی مەسیحی هێنایەگۆڕێ، تەنانەت لە کۆتاییدا بووە هۆی ڕەتکردنەوەی ئایینیش. گۆڕانی ئابوری و کۆمەڵایەتی-وەک ئابوریی سەرمایەداری، داهێنانە تەکنۆلۆژییەکان و بزووتنەوە سیاسیە دیموکراتەکان-بوونە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو پایانەی کە ئایینی ترادیسیۆنی لەسەری وەستابوو.

دوا دەرەنجام بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی لێبوردەیی ئایینی بوو لە ئەوروپا و ئەمریکا. ئەم بیروباوەڕە گەشەکردنێکی ئێتیکی پیشاندەدا، ئاخر هەقیقەتی ئایینی هیچی دیکە وەها گرنگ نەبوو کە ڕەتکردنەوەی ببێتە هۆی نالێبوردەیی. باوەڕ و پراکتیکە ئایینیەکان وایان لێهات کە تەنیا وەک دەربڕینێکی کەسەکی سەیربکرێن، نەک لەلایەن دەسەڵاتی دەوڵەتەوە بەزۆر بسەپێندرێ. بەهۆی ئەمەوە کاریگەریی بەهای ئایینی باوەڕ، نزمتر بووەوە لە بەهای ئاشتی، لە کۆمەڵگەیەکی سێکیولاردا. ئەمڕۆ، نزیکەی سەرجەم مەسیحییەکان لەگەڵ ئەم وەرچەرخانەدا کۆکن، هەندێک تەنانەت دەڵێن کە ئەمە واتای ڕاستەقینەی بە ئایینەکەیان داوە. 

هەمان ئەم شتە بۆ موسڵمانەکان ڕاست نییە. ژمارەیەکی کەم نەتەوەی موسڵمان ئاستێکی بەرزی لێوردەیی ئایینی هەیە؛ بۆ نموونە، ئەلبانیا، کۆسۆڤۆ، سەنیگال و سیرالیۆن. بەڵام زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی-لەوانە سعودیە، ئێران، پاکستان، عێراق و مالیزیا-زۆر توندوتیژن بەرانبەر بە بیروباوەڕ و پەرستنەکانی نا-موسڵمانەکان (هەروەها بەرانبەر بە موسڵمانە بێباوەڕەکانیش). هەرچەندە زۆر لە موسڵمانان باوەڕیان وایە کە خوا داوای لێبوردەیی بەرانبەر بە ڕوانگە ئاینییە هەڵەکان دەکا، بەڵام زۆربەیان باوەڕیان وا نییە کە خوا داوای ئەوەی کردبێ.

سەنتەری لێکۆڵینەوەی پۆل لە ساڵی ٢٠١٣دا ئامارێکی بڵاوکردۆتەوە کە لە عێراق، مالیزیا، پاکستان و ئەو وڵاتانەی کە ئیسلام ئایینی فەرمییە، زۆرینەی موسڵمانان باوەڕیان وایە کە دەبێ شەریعە سەرچاوەی یاسادانانی وڵاتەکانیان بێ. هەروەها %٧٦ ی موسڵمانان لە باشوری ئاسیا و %٥٦ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا داوای لە سێدارەدان و کوشتنی ئەو کەسانە دەکەن کە واز لە ئیسلام دەهێنن و ئاینی خۆیان دەگۆڕن. هەروەها لە ١٠ وڵاتی ئیسلامیدا لانیکەم %٤٠ ی موسڵمانان داوای ئەوە دەکەن کە شەریعەی ئیسلامی بەسەر نا-موسڵمانەکانیشدا جێبەجێ بکرێ. ئەمە ئەوە پیشاندەدا، کە بۆ زۆرینەی موسڵمانان هەقیقەتی وەحی ئیسلام تەنیا پەیوەست نییە بە تاکەکانەوە بەڵکو دەبێ ڕۆڵێکی سەرەکی هەبێ لە کایەی گشتیدا و لە ڕێکخستنی کۆمەڵگە و دەوڵەتدا. 

نالێبوردەیی پێویست نییە ببێتە هۆی توندوتیژی بەرانبەر بە بێباوەڕان؛ بەڵام وەک ئێمە دەبینین، لۆژیکی هەقیقەتی خواوەندیی یەکسەر بەخێرایی ڕووەو ئاڕاستەی ڕاڤەکردنی دەقە پیرۆزەکان دەڕوا تاکو بێباوەڕان بچەوسێندرێنەوە. هزرڤانانی ئیسلامی وەک ئیبن سینا، لێبوردەییان قبووڵکردبوو، ئاخر لە سەدەکانی ناوەڕاستدا موسڵمانەکان زۆر لە مەسیحییەکان لێبوردەتر بوون. بەڵام رێگەی مۆدێرنی لێبوردەیی ئەوەی سەلماند کە بۆ موسڵمانەکان زۆر قورسترە لە مەسیحییەکان، لێبوردەیی قبووڵ بکەن. زۆرینەی موسڵمانان تاکو ئێستاش سنوورە ئێتیکییەکان بۆ داواکاریی لێبوردەیی ئایینی قبووڵ ناکەن، هەروەها کەمینەی گرنگ توندوتیژی دژی بێباوەڕان وەک ئەرکێکی خواوەندی دەبینن. ڕەنگە بەلامانەوە قورس بێ باوەڕ بکەین کە بیروباوەڕی ئایینی بتوانێ ببێتە هۆی کوشتن و سووریبین لەسەر ئەوەی کە توندوتیژی لە نەخۆشی مێشک و دەمارگیریی سیاسیەوە سەرچاوەدەگرێ. بەڵام لۆژیک و مێژووی ئایینەکان شتێکی پێچەوانەی ئەو ڕوانگەیەمان پێدەڵێن. 

داخۆ ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێ کە ئیسلام خراپە؟ نەخێر، بەڵام ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێ کە  ئیسلام تاکو ئێستاش بە ڕادەی مەسیحییەت کۆنتڕۆڵنەکراوە و ڕامنەکراوە، مەترسی لەنێو هەر ئایینێکدا خۆی شاردۆتەوە کە بانگەشەی ئەوە بکا ئەو هەقیقەتی خواوەندی هەڵگرتووە. ڕاستگۆیانە بێژین، ئیسلام وەک سەرجەم نەیتوانیوە ڕێگە بە بەها سێکیولارەکان بدا و قبووڵیان بکا وەک مەسیحییەت کردوویەتی. وەک سەرۆک ئۆباما ماوەیەک لەمەوبەر گوتی''ئیسلام بە قۆناغی ڕیفۆرم و چاکسازیی ئایینیدا نەڕۆیشتووە، تاکو یارمەتیی خەڵک بدا باوەڕە ئاینییەکانیان لەگەڵ مۆدێرنێتی بگونجێنن.''  ئەم گونجاندنە درێژخایەن و قورس دەبێ و داوای گۆڕانکاریی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و ئابوری دەکات، كە هەندێکی لەلایەن هێزی دەرەکییەوە بەرهەمدەهێنرێن و ئەوانی دیکەیش لە سەرهەڵدان و زیادبوونی دەسەڵاتی رێنماییەکانی ئیسلام لەبارەی لێبوردەیی و خۆشەویستییەوە دێنەئاراوە. بەڵام هەتاکو بەدەستهێنانی ئەو چەشنە گۆڕان و گۆڕانکارییانە، هەڵە دەبێ بگوترێ نالێبوردەیی و توندوتیژی ''خیانەتی پەتی''یە لە ئیسلام و پەیوەندیی بە ئیسلامەوە نییە. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure