سوریا...یاریگاكە

بۆچوون / بیروڕا :: 29/08/2016

سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
 
نە قسەیەكی تازەیە و نە گومان لەو قسەیەدا هەیە كە دەڵێت سوریا - لەوكاتەوەی جەنگی ناوخۆی تێدا بەرپابووە- لە یاریزانێكی كارا و كاریگەری هاوكێشەكانی ململانێ و جەنگەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە گۆڕاوە بۆ یاریگایەكی كراوە كە گەورە و بچوك بە هەموو ئامڕازەكانی جەنگ و دیپلۆماسیەتی رەوا و ناڕەواوە زۆرانبازیی تێدا دەكەن، ئەمە بێجگە لە هەرسێ‌ ئیرادە ناوخۆییەكەی: دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن، گروپگەلی توندڕەو و تیرۆر. ئەمەیش بە هەموو مانایەكی كارەسات كارەساتە و هەموان زۆریان پێوەچەشت و سوریەكانیش دەوڵەتەكەیان و زیاتر لە یەك ملیۆن كوژراویان تێدا دا. دەورووبەریش كەوتنە زنجیرەیەك گوناهـ و هەوڵی سەرنەكەوتووەوە بۆ جێپێكردنەوەیەكی ئارام بۆ خۆیان. گرنگیش ئەوەیە (وەك سەرەنجام واشنتۆن و مۆسكۆ پێیگەیشتن) هیچ ئاماژەیەك دەرنەكەوت بۆ یەكلاییكردنەوەی جەنگەكە لە بەرژەوەندیی لایەنێك لە شەڕكەرەكان، بۆیە سووتەمەنیكردن بەم ئاگرەدا بێ‌ سوود و بێ‌ ئەنجام دەبێت. لەمەیش گرنگتر، زیابوونی ئەو هەستەیە كە چارەسەری تەواو و مسۆگەر بۆ راگرتنی جەنگەكە، خۆی لە دانوستانی حكومەت و ئۆپۆزیسیۆندا دەبینێتەوە كە واشنتۆن و مۆسكۆ-یشی لە پشتەوە بێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەت و سیستمێكی حوكمڕانیی تازە كە رێگربێت لەبەردەم گروپە تیرۆریستەكان و پرۆژە تاوانكاریەكەیان لە گۆڕبنێت. 

خۆ ئەگەر وەلید موعەلیم، وەزیرەكەی سوریا، كۆتایی بە وتوێژەكانی لە بەغدا هێنابێت بۆ پێداچوونەوەی نەخشەی هەڵوێستە نوێكان و زانینی ئاستی هاوكاریی نێوان هەردوو وڵاتەكە و رێ و رێبازەكانی ئەم هاوكارییانە، ئەوا تێڕوانینەكان بەرە و جنێڤ وەرچەرخان كە هەردوو وەزیرەكەی روسیا لاڤرۆڤ و ئەمریكا كیری لێی كۆبوونەوە و نوێنەری روسیا لە نەتەوەیەكگرتووەكان، چۆركین، وتی"كۆبوونەوەیەكی گرنگ بووە، بەڵام نابێت پەلە بكەین لە دەرەنجامەكانی". هەر دەربارەی ئەو كۆبوونەوەیە، دی مستۆرا نێردەی نێودەوڵەتی بۆ سوریا گەشبینانەتر لەسەری دوا و وتی"كۆبوونەوەكە كاریگەریی باشی دەبێت لەسەر دەستپێشخەریە سیاسیەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پێناو دووبارە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە سوریادا".

بە گوێرەی شرۆڤەكارانی ناو ئەنقەرەیش، كاردانەوەكانی توركیا بەو شێوە خێرا و وریاییەوە، ناكۆك بوو لەگەڵ ئامادەكردنی هەڵمەتی سەربازیی دژی گیرفانەكانی رێكخراوی داعش لە سەر سنوورە هاوبەشەكانی لەگەڵ سوریا و ویستی توركیا بۆ هەڵكشانی (هەڵمەتەكانی تەمێكردن) بۆ سەر ناوچە كوردیەكان. ئەمە ئەو كارەیە كە بەلای شیكەرەوانەوە درێژكراوەی هەماهەنگیی پێشوەختەی نێوان ئەنقەرە و داعشە بۆ رووبەڕووبوونەوەی (دەسەڵات)ی خۆجێیی كورد. ئەمەیش لە بنەڕەتەوە هۆكار و پاڵنەری رێككەوتنی نێوان هێزەكانی حكومەت و كورد بوو بۆ ئاگربەستی كاتیی نێوان هەردوولا. بەمانایەكی تر، بۆ رێگرتن لەوەی توركیا ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە كە لە شەڕكردنی نێوان هەردوولایەنی حكومەت و كورددا دروست دەبێت.

پوختەیەكی واقیعیانەی دیدارەكەی جنێڤ دەڵێت كە هەردوو لایەنی روسی و ئەمریكی نەبزی یەكتریان گرتووە لەبەرامبەر بەڕاستگرتنی پرۆژەی چارەسەری قۆناغی گواستنەوەی نێوان حكومەت و نەیارەكانی و قەلاچۆكردنی گروپە تیرۆریستەكان. ئەمەیش گرنگە بۆ هەنگاوەكانی دادێت لە كەش و ژینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكاندا، وەك ئەوەی كەش و دۆخی شەڕی سارد و دیپلۆماتیەتی گەمەكردن بە ماوەی مەرجەكان گەڕابێتەوە. بەڵام چاودێر پلە جیاوازەكانی حەماسەت ئاشكرا دەكات بۆ دەستبەرداربوون لە خەیاڵی (سەركەوتن)ی پێشوەختە لە نێوان ئەوەی كە كێ‌ لەم جەنگەدا بە كەمترین زیان دەردەچێت و كێیش بە لەدەستدانی هەموو شتێكیەوە لێی دەردەچێت و كێی تریش لێی دەردەچێت و چاویشی لەسەر شەڕێكی دیكەیە كە كەمتری تێبچێت.
حەسەن بن عەلی بن ئەبی تالیب-یش دەڵێت (پەلە مەكە لە سزادانی تاوانباردا و دەرفەتێك بۆ داوای لێبوردن بهێڵەوە). 





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure