سوریا کوا؟

بۆچوون / بیروڕا :: 29/08/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

ئەوەی سوریای بیست سی ساڵی ڕابردووی ناسیبێت واقی وڕدەمێنێت لەوەی کە ئەو وڵاتە توشی بووە چونکە سوریا هاوپەیمانی مۆسکۆ بوو بێئەوەی ببێتە نوێنەرێکی سۆڤیەتی. لاساری لەگەڵ واشنتۆندا دەکرد بێئەوەی دەرگاکەی بەڕوودا دابخات. لە ئێران نزیک بوو بێئەوەی ئەو باوەشە عەرەبییە فەرامۆش بکات کە سێگۆشە-عەرەبی- سعودی- میسری- سوریەکە بۆی دابین دەکرد.
سوریا یاریزانێکی هەڵکەوتوو بوو لەسەر شانۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ گەڕان بەدوای چارەنووسی لوبنان و ئاسایشی ئوردن و سەرکێشییەکانی عێراق و هەوڵەکانی ئاشتی لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا دیمەشق هەمیشە پێویست بووە.
سوریا هەمیشە گرێکە بووە و زۆرجاریش کلیلەکە. کۆبوونەوەکانی لوتکەی سوری- ئەمریکی لەڕیزی ڕووداوە مەزنەکاندا دادەنرا. سوریای پێشوو کارتەکانی خۆی ڕادەستی هیچ هاوپەیمان و هاوڕێیەک نەدەکرد. نهێنی هێزەکەی سوریا لەوەدا بوو کە دەرەوە نەیدەتوانی ئەو کارتانە بەدەستبهێنێت تا گوشار بخاتە سەر خاوەن بڕیار لە سوریادا.
با واز لە ڕابردوو بهێنین چونکە ڕۆیشتووە. هەروەها لەبەرئەوەی کە ئێستا دوور و نزیک لەو سوریایەی ئەوسا ناچێت و گێڕانەوەیشی شتێکە نزیکە لە مەحاڵەوە. ئەمە یەکەمینجارە لە مێژووی سوریای نوێدا چاودێر بۆی هەیە بپرسێت سوریا عەرەبییەکە کوا؟ کۆکردنەوەی پارچەکانی شکۆ و هەژموونی سوریا لەژێر ڕاگەیاندن و دادپەروەریدا کاتێکی زۆری دەوێت. سادەنین ئەو دیمەنانەی کە دەیانبینین. تانکەکانی تورکیا لە جەرابلوسدا دەگەڕێن. ئەنقەرە ڕایدەگەیەنێت کە هێرشەکانی ئەو، ٢٥ تیرۆریستی لە پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی یەکێتی دیموکراسی کوشتووە. هەروەها ئاسانیش نییە ئێران بە ئاشکرا پرسە بۆ ئەو جەنەڕاڵانەی خۆی دابنێت کە لە بەرەکانی شەڕی حەڵەبدا کوژراون. یان ئۆپۆزسیۆنی سوریا بڵێت پێداگریکردن لەسەر چۆڵکردنی (داریا) لە خەڵکی مەدەنی ئاماژەیەکە بۆ بەرنامەی گۆڕانکارە دیمۆگرافییەکان. هەروەها ئاسان نییە گوندە گەمارۆدراوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان گفتوگۆ لەگەڵ جەنەڕاڵێکی ڕووسی یان ئێرانیدا بکەن. یاخود جەنەڕاڵەکەی (حومەیمیم) بۆ سەپاندنی ئاگربەست لە حەسەکەدا نوێنەرانی ڕژێم و کوردەکان بانگ بکات.
عەرەب دڵی ژان دەکات کاتێک کە لە دیمەنە سورییەکە ورددەبێتەوە. لە خۆرهەڵاتی فوراتدا ئەمریکا سێ خاڵی گرتووەتە دەست کە زیاتر لە بنکەی سەربازیی بچکۆلە دەچن. شارەزا فرەنسییەکان لە کۆبانین. خۆرئاوای فورات ڕووسی و تورکی لێیە. لە کەنارەکانی سوریادا دوو بنکەی کراوەی ڕووسی هەن لە (لازقیە) و لە (تەڕتووس). لە خاڵی پەڕینەوەی نێوان سوریا و عێراقیشدا ئەمریکی و بریتانییەکان مەشق و ڕاهێنان دەکەن بە سوپای سوریای نوێ. لە بەرەی باشوریش (سی ئای ئەی) سەرپەرشتی سوپای سوریای ئازاد دەکات. لە حەڵەبدا ١٨ گرووپ شانبەشانی ڕژێم شەڕ دەکەن کە ئەندامەکانیان لە عێراق و لوبنان و ئێران و پاکستان و ئەفغانستانەوە هاتوون. لەناو ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکەشدا دەتوانین بەدڵنیاییەوە باسی دەیان ڕێکخراو بکەین. لەڕیزەکانی داعشیشدا تیرۆریستەکان لە ٨٠ ڕەگەزنامەوە هاتوون.
ئەمە دیمەنێکی نائاساییە لە دنیای پاش جەنگی دووەمی جیهانی. کەس چاوەڕوانی نەدەکرد گەڕەکە سورییەکەی گوندە نێودەوڵەتییەکە ببێتە گۆڕەپانی قەسابخانەیەکی وا گەورە. شەڕی وردوخاشکردن و ئاوارەکردن و هەڵکەندن لە سەردەمی جیهانگیری و تەلەفۆنە زیرەکەکان و وێنە ترسناکەکاندا بەخێرایی دەگەنە شاشەکان. سەدان هەزار کەس کوژران و ملیۆنەهاش ئاوارە کران کەچی هێشتا جۆن کیری هەر دێت و دەچێت و ناشتوانێت تەنانەت هاوکاری و دەرمان بهێنێتە ناوەوە. سوریا خەریکە لەسەر نەخشە ناهێڵرێت کەچی لاڤرۆڤ لە دەریاچەی خوێندا بە خۆشحاڵییەوە خەریکی ڕاوە. دی میستۆرا هێندە ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە دەچێتە کتێبی (گینیس)ەوە. لە سەردەمی ئەودا دەریایەک ئاوارە دروست بوون و سوپایەک لەمنداڵ کوژران. غەمبارییەکەی بان کی مۆن ئەو شەرمەزارییە ناشواتەوە کە ڕێز دەبەخشێت بە ڕێکخراوی ناتەواویی نێودەوڵەتی.
بۆ ئەم دارستانە بوو کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان تانکەکانی نارد. هەمیشە لەو باوەڕەدا بووە کە کورد لە داعش ترسناکترە. قبوڵناکات وڵاتەکەی بە پشتێنەی کوردی و ئێرانی گەمارۆ بدرێت. دەیەوێت لەسەر خاکی پیاوە نەخۆشەکە بەکردەوە بوونی هەبێت بۆئەوەی دواتر لەسەر مێزی گفتوگۆکان ئامادەبێت. گەمەکەی ئەردۆغان فرە ڕەهەندە. نینۆککردنی داعش و بڕینی پەنجەکانی کورد. ئەو ڕووسیا و ئێران و ئیسرائیلی دڵنیاکردووە، بەڵام زەحمەتە رژێمەکەی سوریا هەست بەدڵنیایی بکات. جوڵەکەی تورکیا ناوچەیەکی ئارامی بۆ سوپای ئازادی سوریا مسۆگەر کرد کە لەگەڵیدا هات.
هیچ شتێک پێمان ناڵێت کە ئەمە دوایین بەشی گەمەکەیە. ئامادەبوون بە کردەوە لە گۆڕەپانە سورییەکەدا چەکێکی دوو دەمە. کارتێکت پێشکەش دەکات، بەڵام ئەگەر مانەوەکەت درێژەبکێشێت ئەوا خوێنێکی زۆرت لەبەر دەڕوا. پێشبینی دەکرێت بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەستوەردانەکان زیاتر و قووڵتر ببن. ئێستا زۆر کەس لەبەر خۆیانەوە دەڵێن سوریا سورییەکە کوژراوە و چارەسەرەکە ئەوەیە سوریا دابەشبکرێت لەنێوان پێکهێنەرەکاندا، تەنانەت ئەگەر لەژێر ناونیشانی شەرمنیشدا بێت. هەروەها چارەسەرەکە ئەوەیە ناوچەکانی دەسەڵات دابەشبکرێن بەسەر هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا. دیارە ئەمەش مەسەلەیەکی زۆر ترسناکە هەم بۆ سوریا و هەم بۆ ناوچەکەش.
سورییەکان توڕەدەبن ئەگەر باسی کوشتنی سوریای سوری ببیستن، بەڵام لەناخی خۆیاندا دەزانن کە قەسابخانەکە هەموو شتێکی گۆڕیوە و مافی هەموو عەرەبێکی دڵسۆزی سوریایە پرسیارێکی سادە و بەمەبەست بکات و بڵێت: کوا سوریا؟

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure