بەهێزترین دەنگدەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا

بۆچوون / بیروڕا :: 28/08/2016

نوسینی: زوهێر ماجید*
سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

ئەوانەی (داعش)یان دروست کرد، تەمەنێکیشیان بۆ دیاریکرد هەروەکو دەرمان. چونکە مەحاڵە ڕێکخراوێک بەو ئاستەوە لە بۆشاییەوە لەدایکبووبێت. بەڵکو دایک و باوک و مێژووی لەدایکبوون و مێژووی مردنیشی هەیە... جا بۆئەوەی گەورە ببێت و گەشە بکات پێویستە پشتیوانی ئیعلامی پێشکەش بکەن بۆئەوەی وەک دڕندەیەکی ترسناک دەربکەوێت کە کەرەستەکانی بریتین لە سەربڕین و ڕێگا جۆراوجۆرەکانی کوشتن و پاکتاوکردنی جەستەیی. ئەمە جگە لە نمایشە سەربازییە وێنەگیراوەکان بەجۆرەها ئۆتۆمبێل و کەرەستەی جەنگەوە. هەرەوەها کۆمەڵکوژییە جۆراوجۆرەکان کە زۆر شارەزایانە وێنەکانیان دەگیران. هەموو ئەمانە بە تەکنیکی زۆر بەرز کە لە پشتییەوە ئەقڵێکی ڕاگەیاندکاری پێشکەوتوو وەستاوە.
ڕەنگە سەرکەوتنی داعش لە موسڵدا گەورەترین ڕووداو بێت کە ناوبانگ و ئامادەیی و سامی بەخشی بەم ڕێکخراوە. ئەگەر داگیرکردنی ڕەققە و بەشێک لە لیبیای بخەینە سەر، بێجگە لە زەبرە دەرەکییەکانی لەجیهاندا ئەوا کەرەستەیەکی تۆقێنەر دەبینین کە وەکو ئەفسانەیەکی وای لێهاتووە کەس نەتوانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە.
واپێدەچێت ئێستا کاتی دروێنە بێت، و پاش چەند مانگێکی کەم دەزانین کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا. جا بۆئەوەی پاڵێوراوە دیموکراتەکە، واتە هیلاری کلینتۆن بگاتە کورسی سەرۆکایەتی، ئەوا پێویستە دیارییەکی گەورە پێشکەشی دەنگدەری ئەمریکی بکرێت بۆئەوەی بە لێشاو دەنگ بەو پاڵێوراوە بدات... دیارییەکەش بریتییە لە سەری داعش و بنکە سەربازییەکەی و پێگەکانی. لەمەوە تێدەگەین بۆچی ئەمریکا زۆر مەبەستییەتی شەڕەکانی موسڵ و ڕەققە دیاریبکات. ئەم شەڕانە گەورەترین کاریگەر دەبن لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکاندا. بەڵام هەتاکو ئێستا لەم دوو شارەدا ئەڵتەرناتیڤی بۆ داعش نەدۆزیوەتەوە. ماقوڵیش نییە ئەمریکا خۆی لە شەڕدا بێت دژی دەوڵەتی سووریا و لەولاوە شاری ڕەققە بە دیاری پێشکەشی سوپای عەرەبی سووری بکات. بەهەمان شێوەش حەز ناکات موسڵ بەنسیبی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ببێت.
خەڵکی ئەمریکا دەزانن کە پانتایی دەسەڵاتی داعش بەتەواوی کەمبووەتەوە. ئەوەتا لە عێراق و هەروەها لە سووریاشدا شەڕەکان دەدۆڕێنێت و تەنانەت لە شاری جەرابلوسی سووریدا هیچ شەڕی نەکرد بەرامبەر پێشڕەوی تورکیادا. هەروەها پێشتر شاری کۆبانی لەکیس چوو لەبەرامبەر هێزی کوردەکان. لە هەر شوێنێک شەڕی داعش کرابێت نە قازانجی کردووە و نە توانیویەتی پێشڕەویی بکات. ئاشکرایە کە هەتا بەشداریکردنە ئەمریکییەکە لە شەڕدا ئاشکراتربێت ئەو زیاتر تێکدەشکێت وەک لە شەڕەکەی سرت-ی لیبیا و لە شەڕەکەی جەرابلوس-ی سووریادا بینیمان. جگە لەمانەش داعش دەریخست هێندەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و سوپای سووریا شارەزای شەڕ و مەسەلە سەربازییەکان نییە. تێبینی دەکرێت کە کەمبوونەوەی شوێنە داگیرکراوەکان لەلایەن ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستەوە بووەتە هۆی پاشەکشێی گەورەی دەزگا ئیعلامییەکانیشی. جا بۆئەوەی بگەڕێتەوە دۆخی جارانی، ئەوا پێویستی بە چەند هێرشێکی جیهانی هەیە کە لەڕووی ئیعلامییەوە جارێکی دیکە دەربکەوێتەوە... ئەگەر کاری واش بکات ئەوا ڕووبەڕووی زیانی زیاتر دەبێتەوە کە دەچێتە پاڵ ئەو زیانانەی لە ئاکامی کردەوە تیرۆریستییەکانیدا لە ئەوروپا و ئەمریکا لێی کەوتن و لەبری ئەوەی سوودی پێبگەیەنن، هەموو جیهانیان کردە دوژمنی داعش.
کەواتە داعش دەبێتە دەنگدەرێکی بەهێز لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا لەو چرکە ساتەدا کە سەرۆک ئۆباما هەڵی دەبژێرێت بۆئەوەی سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕادەستی هیلاری بکات. جا وەک چۆن لەناوبردنی ئوسامە بن لادن لە چرکە ساتێکی هەستیاردا خزمەتی ئۆبامای کرد، هەمان شێوەش دەبینین کە لەمێژوودا دووبارە دەبێتەوە بۆئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە بەرژەوەندی هیلاری کلینتۆندا یەکلایی بکاتەوە.

*نوسەرێکی لوبنانی-یه‌

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure