کوردەکانی سوریا لەنێوان دەوڵەتەکانمان و شۆڕشەکانماندا

بۆچوون / بیروڕا :: 27/08/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگیڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
دەوڵەتە نەتەوەییەکان لە ناوچەکەماندا کە کوردەکان دەچەوسێننەوە هەر لەوکاتەدا دەبنە تەواو نەتەوەیی. کوردەکانیش هەتا لەو دەوڵەتانە ڕانەپەڕن هەست بە کوردبوونی خۆیان ناکەن. لەبەرئەوە جۆرە ناماقوڵییەک باڵی کێشابوو بەسەر قۆناغەکانی ئاگربەستدا کە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا دروست دەبوو. بۆ نموونە دۆخی عێراق لە دوو ساڵی پاش کودەتای ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ و لە ساڵی پاش ڕێککەوتنەکەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ دۆخێکی نامۆ بووە. چونکە ئەو وڵاتە، وەک دەیناسین، یەکێک لە خەسڵەتە قووڵەکانی بریتییە لە هێرشکردنە سەر کورد بەرلەوەی ببێتە گٶڕەپانێکی کراوەی یەکتر سەربڕینی سوننە و شیعە.
بەڵام لە سوریادا، مەسەلەکە لە نامۆبوون زیاتریشی تێپەڕاند، چونکە لەوێ خولی هاوکارییەکی هەندێک جار ئاشکرا لەنێوان کوردەکان و دەسەڵاتی ئەسەددا دروست بوو، ئەو دەسەڵاتەی کە دەیان ساڵ بەزۆری دەزانی ڕەگەزنامەیان پێببەخشێت. ئەم هاوکارییە تەنیا لەم چەند ساڵەی دواییدا وەستا.حاڵەتەکە نائاساییبوونی هەردوو لایەنەکەی دەرخست و تەواو پێچەوانەی تیڕوانینمان بوو لە شۆڕشێک کە هەموو گەل بچێتە ژێر ئاڵاکەیەوە و ڕژێمێک کە هەموو گەل سەرکوت دەکات.

 
بەڵام کوردەکانی سوریا ئەوپەڕی نامۆییان نواند کە تەنانەت هەلپەرستیشی تێدا بەدی دەکرا، چونکە دەیانزانی ئەو تێڕوانینە لە شۆڕش مەسەلەیەکە واقیع نایسەلمێنێت. ئەوان پێش لایەنەکانی دیکە تێگەیشتن کە هەڵوەرینی دەوڵەت لە سوریادا هەڵوەرینی کۆمەڵگای لێدەکەوێتەوە. نەک لەبەرئەوەی ئەم دەوڵەتە سەرچاوەی کۆدەنگییەکی تەندروستە، بەڵکو لەبەرئەوەی سەرچاوەی کۆدەنگییەکی قەدەغەکراو و دەستبەسەرداگیراوە. کوردەکان بۆیان دەرکەوت کە مادام مەسەلەکان بەوجۆرەن، پێویستە ئەمانیش دەرفەتەکە بقۆزنەوە و لە ماڵی گوێرایەڵی بچنە دەرەوە. بەپێی ئەم تێڕوانینە، ئەمانە هەلپەرستییان وەک تەکتیکێک بەکارهێناوە بۆ خزمەتکردنی جۆرە ستراتیجێک، لەکاتیکدا کە ئامانجە ستراتیجییەکە بریتییە لەوەی کە شتێکیان دەستبکەوێت لەنێوان فیدرالیزم و سەربەخۆییدا. گومانی تێدا نییە ڕژێمی ئەسەد، کە لە خراپەکاریدا دەستێکی باڵای هەیە، بە تیرۆرکردنی (موشعل تەمۆ)ی سەرۆکی حیزبی ئایندەی کوردی بلیمەتییەکی تری نواند کە چەند مانگێک پاش دەستپێکردنی شۆڕشەکە تیرۆرکرا. تیرۆرکردنی تەمۆ ئەو لایەنانەی لاوازکرد کە گرەویان دەکرد لەسەر شۆڕشێک کە هەموو سوورییەکان بگرێتەخۆ. بەڵام  ئەوانەی گومانیان هەبوو کە بتوانرێت شۆڕشێکی لەوجۆرە بەرپابکرێت، بەخێرایی هەزاران بەڵگەیان هێنایە گۆڕێ سەبارەت بەوەی کە مەرج نییە هەموو سوورییەکان پێکەوە بچنە ڕیزی شۆڕشەوە، هەر لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٨٢ی شاری (حەما) هەتا ڕاپەڕینەکەی ساڵی ٢٠٠٤ی قامیشلو. کوردەکان دەتوانن بارودۆخی حەڵەب بەنموونە بهێننەوە کە پەلاماردان و ئابڵوقەدانی ئەو شارە لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە کارێکی کردووە شارەکە وەکو دوو شاری دژ بەیەک دەربکەوێت. هاوکات لەگەڵ ئەم بێهیواییەی کورد کە مەسەلەکە بگاتە چارەسەرێکی نیشتمانی گەورەتر لە نەتەوە و ناوچە و مەزهەبەکان، رۆڵی تورکیا دێتە پێشەوە وەک پشتیوانێکی شۆڕشەکە. داواکردن لە کورد کە بچێتە شۆڕشێکەوە تورکیا پشتگیری لێبکات وەک ئەوە وایە داوا لە عەرەب بکرێت بچێتە شۆڕشێکەوە کە ئیسرائیل پشتیوانی لێبکات. ئەمەش لەخۆڕا نییە چونکە ئەنقەرە، وەک هەموومان دەیزانین هەڵوێستی بەرامبەر هەموو یاریزانەکان گۆڕی، تەنانەت بەرامبەر ئەسەد و داعشیش بەڵام بەرامبەر بە کورد هەڵوێستەکەی نەگۆڕە و وەکو جاری جارانە. هەروەها هێزە شۆڕشگێڕەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە لەڕێی نوێنەرە ناکۆکەکانیانەوە قسەیەکی کۆتایی و یەکلاکەرەوە بکەن سەبارەت بەو کۆمارەی کە نیاز وابوو دابمەزرێنرێت و ئایا تەنیا هەر سووری دەبێت بەبێ وشەی عەرەبی. هەروەها لەبەرامبەریشدا قسەی کۆتایی و یەکلاکەرەوە سەبارەت بە مافی چارەی خۆنوسینی کوردەکان نەکراوە. ڕاستت دەوێت ئەو کەسە هەر بوونیشی نییە کە بتوانێت قسە یەکلاکەرەوەکە بکات چونکە هێز و ناوەندەکان بە ژمارە زۆرن و بەتایبەت هەرە بەهێزەکانیان بریتیین لە هێزە ئیسلامی و سەلەفییەکان کە خاڵێکی هاوبەش نییە لەگەڵ کوردەکاندا کۆیان بکاتەوە، چ لەمەسەلەی مافی چارەنووسدا چ لە تێڕوانینێکی یەکگرتوودا لە جیهان و ئایندە. ئەوە ڕاستە کە گەورەترین شۆڕشەکانی جیهان بەهەردوو شۆڕشی فەرەنسی و ڕووسیشەوە شەڕی ناوخۆ و دەستوەردانی دەرەکیشیان هاتە ڕێ. بەڵام ناخۆشەکەی لە سووریادا ئەوەیە کە ئەو شەڕ و دەستوەردانانە بەجۆرێک شۆڕشیان قوتدا کە کوردەکان ئێستا لە دووڕیانێکی سەختدان: ئایا دەبنە ئەو ئاشقە تاقانەیەی کە گرەو لەسەر شۆڕشێکی کۆکەرەوە دەکات یاخود تەنیا بیر لە ڕزگارکردنی خۆیان دەکەنەوە پاش ئەوەی ڕزگارکردنی سوورییەکانی دیکە بووەتە شتێکی مەحاڵ؟ ڕەنگە بگوترێت کوردەکانی سوریا ئەو خەسڵەتەیان نییە کە کوردەکانی عێراق و تورکیا  هەیانن، ئەمەش ڕاستییەکە کە پاشەکشێکردنیان بۆ خۆرهەڵاتی فورات ئاشکرای کرد و دەرکەوت کە ئەمریکای هاوپەیمان لەبەرخاتری کورد قوربانی نادات بە هاوپەیمانە تورکییەکە کە لە کورد گرنگترە. ئەمەش هێندەی تر ئەو مەودایە درێژدەکاتەوە کە کوردەکان ناچاردەبن پیایدا تێبپەڕن و بریتییە لە بیابانێک ئازار و کوێرەوەری. بەڵام کورد چارەی نییە و هەر دەبێت هەنگاو هەنگاو بەم ڕێگە سەختەدا بڕوات.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure