عروبە چووەتە مێژووەوە

بۆچوون / بیروڕا :: 27/08/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
 (ئەى باشترین سوپا/ ئەى باشترین عەسکەر/ تۆ شێریت/ لە دەریاى سەرکەوتندا/ دەستێک بە قەڵغان/ دەستێک بە خەنجەر/ بەرەو دوژمنان/ ئەى باشترین عەسکەر/ ئەگەر هەموو شتێک/ لەدەریادا سەرکەوێت/ ئێمە بانگەواز دەکەین/ ئەڵـڵاهو ئەکبەر ئەڵـڵاهو ئەکبەرئەڵـڵاهو ئەکبەر/ سوپامان با هەمیشە سەرکەوتوو بێت)

بەو دروشمەى عوسمانیەکانەوە کە ئەردۆغان هێناویەتەوە ولە دواى دەیان ساڵ لابردنى لەسەردەمى کۆماریدا، سوپاى تورکیا باکورى سوریاى داگیرکرد بۆ ئازادکردنى لە (داعش) و لە کوردیش، هەروەها بۆ ئەوەیش کە جەنگى ئەهلى نەگاتە ئەنقەرە و ئەستانبوڵ. سەرۆکى سوڵتان سەروەرییەکانى پیاوە نەخۆشەکەى هێنایەوە کە لە تەندروستییەکى باشدا بوو. هێزەکانى چوونە ئەو (ویلایەت)ەوە کە لێى یاخى بوو، بۆ تەمێکردنى دانیشتوانەکەى و حاکمەکەى، لەمەیشدا پشتى بەست بە رۆڵە عوسمانیەکانى، بەتەواوەتى وەک چۆن ئەوانەى پێش خۆى کردیان.


تێگەیشتنى دیمەنى سوریا بەلاى ئەنقەرەوە گران نەبوو. لەشکرکێشیەکەى تورکیا ئەوەى دەرخست کە (هاوپەیمانان)ى رژێم و هاوپەیمانانى (ئۆپۆزیسیۆن) بە تیرۆریست و میانڕەوەوە، بە کورد و عەرەبەوە،چییان دەوێت.


ئەردۆغان ئەوەى بەدیهێنا کە لە رۆژى یەکەمى کوشتارە پێنج ساڵیەکەیەوە دەیەوێت بیکات لەسایەى ئەم کوشتارەیدا. چیدى مانەوە یان رۆیشتنى ئەسەدى بەلاوە گرنگ نییە، چونکە ئەوەى دەستکەوت کە بەرگریى لە بەرژەوەندیەکانى بکات. ئەرکى ئێستاى پشتیوانیکردنى (سوپا) فرە ناوەکانیەتى لە سوریا: نورەدین زەنگى، سوڵتان مورادى چوارەم، ئەحرارولشام، جەیشولحوڕ، ێقورولجەبەل هەتادوایى لە ناوى (سوپاکانى) خۆى و سەربەخۆى. 


ئەردۆغان تەماعى لە خاکى سوریادا نییە. هەموو خەمێکى ئەو، یەکێتیەکەیەتى، وەک خۆى وتى. بەڵگەکەیش ئەوەیە کە سنوورێکى بۆ (رۆژئاڤا- کوردستانى خۆرهەڵات) دانا. بەڵگەیەکى دیکەیش ئەوەیە کە جرابلوس-ى بە هاواهەنگى لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا داگیرکرد. هاوکاتیش بوو لەگەڵ ئامادەبوونى جۆ بایدن کە پێشتر کارى بۆ یەکخستنەوەى عێراق کردووە. لەهەموو ئەمانەیش گرنگتر ئەوەیە کە (داعش)ى دەرپەڕاند بێ ئەوەى تاقە یەک فیشەک بتەقێنێت.


ئایا بیرتانە، کاتێک شارۆن لەشکرکێشى کردە سەر لوبنان وتى چاوم لە بستێک خاکیدا نییە و ئامانجىدەرپەڕاندنى (تێکدەرە فەلەستینەیەکان) و گێڕانەوەى سەروەرییە بۆ لوبنان؟ ئەى (سوپاى باشورى لوبنان) بەسەرکردایەتى سەعد حەداد و پاشان ئەنتوان لەحد-تان لەبیرە؟ ئەم (سوپا)یە لوبنانى بوو، ئیسرائیل (خۆبەخشانە) پێکیهێنا بۆ پاراستنى هێڵە سنووریەکان (ناوچەى ئارام بە زمانى ئەردۆغان) و بە سەرپەرشتى (هاوڕێیان)؟. لەبیرتانە کە چۆن (سوپاى بەرگرى) بەهاوکاریى میلیشیا سەربەخۆخوازەکان بەیروت-ى داگیرکرد؟. ئەوکاتە لەشکرکێشیەکەى ئیسرائیل بە پشتیوانیى تەواوىئەمریکا بوو. واشنتۆن هێزى خۆیى نارد بۆ پاراستنى دەستکەوتە سەربازییەکانى ئیسرائیل و پاشان کردیە سیاسى. جەنگى ناوخۆى لوبنانیش زیاتر لە 15 ساڵ درێژەى کێشا. ئەمڕۆیش تورکیا لەشکرکێشیى کردە سەر سوریا بە پشتگیریى سەربازى و سیاسیى ئەمریکا و بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ تاران و مۆسکۆ و تەلئەبیب کە بۆخۆیشى پرۆژەى دامەزراندنى ناوچەى ئارام یاخود دابڕێنراو(هەرچیەکى ناو دەنێیت)ى هەیە لە سنوورى باشورەوە  و هەر لەسەرەتاى جەنگەکانى سوریاوە ئامادەکاریى بۆ کردووە. ئەمیش وەک تورکیا میلیشیا هەیە کە هاوکاریى بکات.


سوریەکان لە ناوەوە گەمارۆى وڵاتەکەى خۆیان داوە، خێڵە ئیسرائیلیەکانیش لە باشورەوە گەمارۆیان داوە، نیوعوسمانیەکانیش لە باکورەوە. بەڵام لە خۆرهەڵاتەوە عێراق بەسەرپەرشتى ئەمریکا دابەش بووە و تایەفەگەرى حوکمى دەکات. هەرچى دروشمەکانى عروبە و وەحدە و حوڕیە و ئیشتراکیە و ئوممەى خاوەن ریسالە خالیدە-یشە، ئەوە چوونەتە مێژووەوە و کەس پرسیار لە گیانى نیشتمانى و نەتەوەیى ناکات و هەمووى بووەتە رابردوو.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure