لە قۆشمەكانی سیاسەتی بریتانیا.. چەرچڵ لە بەرەی جەنگدا

بۆچوون / بیروڕا :: 26/08/2016

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
لە وتارەكەی پێشوومدا باسی قۆشمە و گاڵتەكانی وینستۆن چەرچڵ-م كرد. لەوەیاندا هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران گۆڕەپانی یەكەمی بوو بۆ قسە بەتوێكڵەكانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆندا. بەڵام گۆڕەپانی دووەمی كە نوكتە و گاڵتەی زۆری تێدا بینراوە یان بیستراوە، گۆڕەپانەكانی جەنگی دووەمی جیهانی بووە.
ئەو (چەرچڵ) لەبەر ئەوەی سەرەك وەزیران و وەزیری بەرگرییش بووە، دەبوو ئەو مەیدانانەیش بەسەر بكاتەوە و گوێبیستی وتە و قسەی سەربازەكان بوایە و لەهەمانكاتدا ئەمیش وتە و قسەی بۆ بكردنایە تا ورە و توانایانی بەرز بكردایەتەوە. بەشێكی زۆری ئەو قسانە چوونەتە ئەدەبی بریتانی و تۆمارەكانی جەنگ و كتێبەكانی قۆشمە و گاڵتەی ئینگلیزەوە.
جارێكیان فەوجێكی سەربازە سكۆتلەندیەكان بەسەردەكاتەوە و ستایشی گیانی شەڕكردن و ئازایەتی و سەركەوتنەكانیان دەكات لە دوا رووبەڕووبوونەوەیاندا، پاشان لادەداتەوە و دەڵێت:"بەڵام كوڕینە ئێوە عەیبێكی خراپتان تیایە نازانین چۆن چارەسەری بكەین". هەرچی سەرباز و ئەفسەری ئامادەبووە هەموویان بە دڵەڕاوكێوە هەناسە لەخۆیان دەبڕن. دەبێت چییان پێ‌ بڵێت؟ ئیتر چەرچڵ درێژەبە قسەكانی دەدات و دەڵێت:"دەتانەوێت پێتان بڵێم؟ بەڵێ‌! ئەو عەیبە خراپە ئەوەیە كە خەڵی وەك ئێوەمان كەمە!".
ئامادەبوان هەناسەیەكی ئارامیان دایەوە و دەستیانكرد بە پێكەنین و خۆهەڵكێشان و چەپڵەلێدان. پێكەوە گۆرانیە لەخۆڕازیبوونە تەقلیدیەكەیان دەوتەوە كە دەڵێت: ئەو پیاوێكی باش و چاكە، كەسیش گومانی لێ‌ ناكا-(He is a jolly good fellow that no one can doubt).
ونستۆن چەرچڵ زۆر بایەخی بە بەرگریی ژێراوگەڕە ئەڵمانیەكان (غەواصە) دەدا. كاتێك پێیان راگەیاند كە سەربازە دەریاییەكانی بریتانیا جۆرە بۆمبێكیان دەستكەوتووە دەچێتە قووڵایی دەریاوە و ژێراوگەڕەكان لە قووڵایی دەریادا تێكدەشكێنێت، چوو بۆ ئەو ناوچەیەی كە بۆمبەكەیان لێ‌ تاقیدەكردەوە. ئەفسەرانی مارێنزی مەلەكی ریزیان بەستووە و ئەوە رووندەكەنەوە كە چۆن بەم بۆمبە، ژێراوگەڕەكە دەدۆزنەوە. بۆمبێكیان وەك نموونە هێنا بۆ ئەوەی قسەی لەسەر بكەن. چەرچڵ-یش داوای لێكردن كە تاقیكردنەوەكە بە پراكتیكی بكەن و دانەیەكیان هەڵدەنە دەریاوە. سەربازەكان فەرمانەكەیان جێبەجێكرد و دانەیەكیان لە دەریادا تاقیكردەوە و هەڵیاندایە قووڵاییەوە و ئامانجەكەی پێكا و پارچەكانی بەسەر دەریادا پەرتوبڵاو بووەوە. دوای چاوەڕوانیەكی كەم یەكێك لە دەرگاكانی بەسەر رووی ئاوەكەوە بەرەو لای ئەمان دەهات، كە نزیكبووەوە سەیریانكرد دوو پیتی WC ی لەسەر نوسراوە، ئەم دوو پیتەیش ئاماژەن بۆ دەرگای ئاودەستخانە/تەوالێت. لە هەمانكاتدا دوو پیتی ئاماژەدەریشن بە ناوی ونستۆن چەرچڵ Winston Churchil. پێیوتن:" تەماشاكەن دەریاییەكان چۆن منیان ناسیەوە، ئەها هاتوون بۆ پێشوازی و بەخێرهاتنم".
لەبەسەركردنەوەیەكی بەرەی جەنگی ئەفریقیدا واڕێكەوت لەگەڵ ژەنراڵ مۆنتگمری-دا شێو بكات. چەرچڵ ئەم نانخواردنەی زۆر بەلاوە ناخۆش بوو چونكە مۆنتگمری رووەكی بوو (رووەكخۆر/نەباتی). 
لە رووداوێكی ئەم بەرەی جەنگەدا ئەفسەرێكی ئەڵمان بە دیلی دەكەوێتە دەستی هێزەكەی بریتانیاوە. ئەفسەرێكی پلە بەرز دەبێت. مۆنتگمری بانگی دەكات پێكەوە شێو بكەن و هەندێك قسەیشی لەگەڵدا بكات. رۆژنامەكانی بریتانیا هەواڵی ئەو نانخواردنی ئێوارەیە بڵاودەكەنە و بابەتەكە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا دەورووژێنرێت. ئەندامێكی ئەنجومەن بە تووڕەییەوە سەركۆنەی ئەم  رەفتارەی مۆنتگمری، قارەمانی شەڕی عەلەمەین دەكات كە ژەنراڵێكی نازیی شوێنكەوتەی هیتلەری دەعوەت كردووە لەگەڵیدا نانبخوات. دەربارەی ئەم كارە پرسیار لە چەرچڵ-ی سەرۆكی حكومەت دەكرێت. دوای گوێگرتن، هەڵدەستێتە سەرپێ‌ و دەڵێت:" گەورەترین سزادانی ژەنراڵە ئەڵمانیەكە ئەوەیە كە لەگەڵ مۆنتگمری-دا شێو بكات و لە خواردنەكەی ئەو بخوات. بەڕاستی من گریانم بۆی دێت!".  


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure